١٦ی ئۆكتۆبه‌ر له‌ هیچه‌وه‌ بۆ هیچ

١٦ی ئۆكتۆبه‌ر له‌ هیچه‌وه‌ بۆ هیچ



شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ‌ هێزه‌كانی دژه‌ كوردستان له‌پێناوی هیچ یه‌كێكه‌ له‌ خیانه‌ته‌ گه‌وره‌كان؛ به‌و هۆیه‌وه‌ گه‌لی كوردستان تووشی نه‌هامه‌تی بوو ٥١٪ خاكی له‌ ده‌ستدا، ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه‌یان خسته ژێرده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌نجامی سه‌ربه‌خۆییان خسته‌ بن پێی هێزه‌ بیانییه‌كان واته‌ به‌رژه‌وندی گشتیان ژێرپێ خست بۆ خواستی تایبه‌ت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م: به‌ڵێنیان پێدرابوو پارێزگارێكی نوێ بۆ كه‌ركوك دابنرێت خۆیان ناوی‌ كه‌سێك پێشنیاربكه‌ن، دووه‌م: بڕیاربوو ‌هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای پاسداران كێڵگه‌نه‌وته‌كانی كه‌ركوك، بای حه‌سه‌ن و هاڤانا ئه‌وكات له‌بنده‌ستی حكوومه‌تی هه‌رێم بوون ده‌ربێنن و به‌ یه‌كێتیی بدرێن.
به‌ڵام نه‌پارێزگار ئه‌وان دایاننا و نه‌كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی كه‌ركوكیش به‌یه‌كێتی درا، ئه‌وه‌ی بۆیان مایه‌وه‌ ته‌نها ده‌ڵاڵی و خیانه‌ت بوو. ئه‌وكاره‌ی یه‌كێتیی نیگه‌رانی ناوخۆیی لێكه‌وته‌وه‌ بووه‌ هۆی دووباره‌ داگیركردنی خاكی كوردستان به‌هاوكاری كورد خۆی، ڕاسته‌ ١٦ئۆكتۆبه‌ر توانی خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی گه‌لی كوردستان شكه‌ست پێبهێنیت، به‌ڵام ناتوانێت خۆڕاگری خه‌ڵكی كوردستان ساردبكاته‌وه‌ به‌ڵكو ڕژدترن له‌سه‌ر داواكانیا، په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌شی له‌مێژووی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان دروستكرد.
١٦ی ئۆكتۆبه‌ر بووه‌ هۆی ماڵوێرانكردنی خه‌ڵكی كه‌ركوك، دوزخورماتوو و ناوچه‌كانی تر، ئاسه‌واره‌كانی تادێت تۆختر ده‌بنه‌وه‌، زیاتر له‌ ١٠٠خانووی كورد له‌ دوزخورماتوو سوتان، ٨٤٠مه‌تر زه‌وی به‌دیاری به‌وه‌قفی شیعی درا، كاریگه‌رییه‌كانی شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ر نابڕێنه‌وه‌ بووه‌ هۆی له‌ناوبردنی ده‌وڵه‌تی كوردستان. پیلان ئه‌وه‌بوو قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ناوببه‌ن، به‌ڵام نه‌ك نه‌یاتوانی بگره‌ تووشی واقوڕمان بوون، له‌ هێڕشه‌كانی بۆسه‌ر پردێ و سحێلا هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان شكه‌ستیان پێهێنان گه‌ڕانه‌وه‌ قاوغی خۆیان. ده‌توانم بڵێم ١٦ئۆكتۆبه‌ر له‌ پێناو هیچ بوو هیچیشی پێوه‌نه‌هات بۆ ئه‌وانه‌ی خیانه‌تیانكرد، تا ئێستاش خه‌ڵكی كوردستان گیرۆده‌ی ئاسه‌واره‌كانی دوای شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ره‌.

Top