ئەرێنی بەو گرفتەکان چارەسەربکە

ئەرێنی بەو گرفتەکان چارەسەربکە

(ونستون چەرچەل) نوسەر و سەرباز و سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە كاتی جەنگی جیهانی دووەم و لە سەرەتای پەنجاكان دەڵێ كەسی ڕەش بین و نەرێنی سەختی و دژواری دەبینێ لە هەموو دەرفەتێك، بەڵام كەسی گەشبین و ئەرێنی دەرفەت دەبینی لە هەموو سەختی و دژوارییەك ".
مرۆڤ بۆ ئەوەی لە ژیانی ڕۆژانەیدا كەسێكی ئەرێنی و گەش بین وسەركەوتوو بێت، پێویستە قسە و كرداری یەك بێت. واتە یەكتر بەستنەوە و پەیوەندییەكی بە هێزی هەبێت لە نێوان قسە و گوفتار و كردار و هەڵسوكەوتەكانی. هەمیشە كردار و كردەوەكانی بناغە و بنچینە و دەرئەنجام بن. نەك تەنها لە چوار چێوەی قسەی باق و بریق و دروشمدا خۆی ببینێتەوە. لەوەش گرنگتر دەبێ لای هەموومان كردار و كردەوەكان ببنە پێوەری ماندوو بوون و دڵسۆزی بۆ كەسەكان، نەك پرتە و بۆڵە و قسە و دروشم و هات و هاوار، چونكە ئەنجامەكان هەمیشە دەرخەری ماندوو بوونی هەوڵەكانن، بۆیە پێویستە كەسەكان هان بدرێن لە سەر زەوی شەڕی دەرئەنجام بكەن و بەردەوام كەسی گەشبین و ئەرێنی بن و چاویان لە پاشە ڕۆژ بێت و هەرگیز دەستبەرداری خەونەكان و هەوڵەكانیان نەبن و خۆیان بە خاوەنی بارودۆخەكان بزانن و لە بەری ڕانەكەن، بەردەوام ڕووبەڕووی كێشە و ئاستەنگ و سەختی ودژوارییەكان ببنەوە و هەوڵ بدەن لە هەموو سەختی وقورسییەك دەرفەتی دەرچوون و سەركەوتن بەدەست بهێنن، هەر گیز بەرامبەر دژواری و قورسییەكان لاواز و بێ هێز و دەستەوەستان نەبن. ڕووبەڕووی هەموو ناخۆشییەك ببنەوە بە پشوو درێژی ودانایی و ئازایی و دڵسۆزی هەمیشە بەهێز و ئەرێنی بن و چارەسەریان هەبێت بۆ هەموو گرفتێك و خۆیان دوورنەگرن، بەڵكو خۆیان بە خاوەن و دڵسۆز بزانن. هەروەكو دەگێڕنەوە " یەكێك لە پادشاكانی چین فەرمانی كرد بەردێكی گەورە لە سەر ڕێگایەكی سەرەكی دابنێن و ڕێگاكە دابخرێت و پاسەوانێكی دانا بۆ دیقەتدان و سەرنجدان لە پەنای دارێكی گەورە تابزانێ‌ كردار و كردەوەی خەڵكی چۆنە و ئاگاداری پادشا بكاتەوە . بینی یەكەم كەس ڕەت بوو بازرگانێكی گەورەی شار بوو تەماشای بەردەكەی كرد و بە بێزاری و قێزلێ بوونەوە رەخنەی گرت كەوا كێ ئەو بەردەی لە سەر ئەو ڕێگایە داناوە بێ ئەوەی بزانێ‌ پادشای شار دایناوە، دوو جار لە دەوری بەردەكە سوڕایەوە و بە دەنگی بەرز گوتی دەبێ بچم و شكایەت بكەم و ئەو كەسە سزا بدرێ كە ئەو بەردەی داناوە، بەڵام شكاتی نەكرد تەنها قسە بوو. دواتر كەسی دووەم ڕەت بوو كە لە بیناسازی كاری دەكردو هەروەكو بازرگانەكەی كرد و، بەڵام دەنگی نزمتر بوو، چونكە پلە و پایەی كەمتر بوو لە بازرگانەكە لە ووڵات. دواتر سێ گەنج كە هاوڕێی یەكتر بوون ڕەت بوون لەو گەنجانە بوون كە هێشتا هەستیان بە بەرپرسیاریەتی نەكرد بوو واتە بەدوای ئیش و ناسنامە و گوزەران دەگەڕان لە ژیانی خۆیان لە لای بەردەكە وەستان و گلەییان لە ووڵات و شار كرد و ئەو كەسەیان وا پێناسە كرد كەوا كەسێكی ئاژاوە گێڕ و گەمژەیە كە ئەو بەردەی لە سەر ئەو ڕێگایە دانایە، دواتر چوونەوە ماڵەوە بێ ئەوەی هیچ هەوڵێك بدەن و بەردەكە لا بدەن لە سەر ڕێگاكە. دواتر دوای دوو ڕۆژ جوتیارێكی هەژار بە ڕێگاكەدا ڕەت بووكە دەچووە لای كێلگەكەی بینی ئەو بەردە ڕێگاكەی گرتیە هەوڵیدا بەردەكە لا بدات، بەڵام بێ سوود بوو بێ ئەوەی هیچ قسەیەك بكات و داوای یارمەتی لەو كەسانە كرد كە بەو ڕێگایە دا ڕەت دەبوون هانی دان یارمەتی بدەن و ڕێگاكە بكەنەوە و بەردەكە لا بدەن و ئەوە بوو دوو كەسی تر یارمەتیان دا و بەردەكەیان لادا لە سەر ڕێگاكە، دوو كەسەكەی تر زوو ڕۆیشتن و جوتیارەكە وردە وردە بەردی سەر ڕێگاكەشی پاك كردەوە بینی سندوقێكی بچووك كە چەند لیرەی زێری تێدایە لەگەڵ نامەیەك لە ژێر بەردەكە دانرابوو لێ نوسرابوو لە پادشاوە بۆ ئەو كەسەی ئەو بەردە لە سەر ڕیگاكە لادەدات ئەوە پادداشتەكەیەتی بۆ خۆت، چونكە تۆ كەسێكی ئەرێنی و گەشبینی و هەوڵت دا و دەست پێشخەریت كرد بۆ چارەسەركردنی گیروگرفتێك لە جیاتی ئەوەی پرتە و بۆڵە و گلەیی و هات و هاوار بكەی.
بۆیە گەر سەیر بكەین هەر یەكێك لە ئێمە بە چەندین گرفت دەناڵێنێ‌ دەتوانین بە ئاسانی چارەسەریان بكات، ئەگەر دەستمان كرد بە هەنگاوەكانی چارەسەركردن لە بڕی بۆڵە بۆڵ و گلەیی وبێزاری، بۆیە گرنگە لە هەر سەختییەك دەرفەت بدۆزینەوە وهەرگیز نا ئومێد و دەستەوەستان نەبین و هەردەم سەیری پێشەوە بكەین و هەنگاو بنێین بەدوای چارەسەر بگەڕێن بۆ هەر گرفتێك.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top