سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا: تاکە چارەسەر جێبەجێکردنی دەستوورە

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان  لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا: تاکە چارەسەر جێبەجێکردنی دەستوورە

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، 2024/10/15، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازيى له‌ د. محەممه‌د ئه‌لحه‌سسان، نوێنه‌رى تايبه‌تى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق و به‌رپرسى نوێى تيمى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق (يوونامى) كرد.

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا نێچيرڤان بارزانى، پيرۆزباييى ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ ئه‌لحه‌سسان كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها هه‌موو پشتگيرييه‌كى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركى يوونامى، دووپات كرده‌وه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ ئه‌لحه‌سسان، "وێڕاى نيشاندانى خۆشحاڵى به‌ سه‌ردانى بۆ هه‌رێمى كوردستان، سوپاسى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى كرد بۆ هاوكارييان له‌گه‌ڵ تيمى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كاندا له‌ عێراق."

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، هه‌ردوولا هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و دۆخى پێكهاته‌كان، به‌تايبه‌تى ئێزدييه‌كانيان خسته‌ به‌ر باس. "له‌مباره‌يه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سوپاسى هاوكاريى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كانى بۆ كۆمسيۆنى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان كرد."

لەبارەی كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غداش، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان "دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ تاقه‌ چاره‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى ته‌واوه‌تيى ده‌ستوور و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى عێراقه‌‌، هه‌روه‌ها باشكردنى دۆخى ئێزدييان و گێڕانه‌وه‌ى ئارامى بۆ ناوچه‌كانيان و گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كانيان بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵى خۆيان، به‌ پێويست و گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا."

چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

Top