سەرۆک بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکات

سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق كرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرک و کاری تازەیدا.
ئەمڕۆ سێشەممە 15/10/2024 لە سەلاحەدین، سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە د. محەمەد ئەلحەسسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد، لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە د. محەممەد ئەلحەسسان کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرک و کاری تازەیدا.
هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە، هەڕەشەکانی بەردەم سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە، ڕۆڵی یونامی لە چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدیهاتنی سەقامگیری ئاڵوگۆڕ کرا.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێویستیی بەڕێوەچوونی لە کەشێکی ئارام و شەفاف، چەند تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوون.