لە دوێنێدا هەمیشە دەرگام واڵابووە، لە ئایندەشدا هەر لە خزمەت ئازیزاندا دەبم

لە دوێنێدا هەمیشە دەرگام واڵابووە، لە ئایندەشدا هەر لە خزمەت ئازیزاندا دەبم

فەرهەنگ غەفور

من بەو ئەزموونەی چەندین ساڵە لە بواری ئیداری و كارگێڕی و هونەریدا كارم كردووە، بۆم دەركەوتووە كە ژینگە بۆ كار و خزمەت لە بواری ئەدەبی و ڕۆشنبیری و هونەریدا زۆر لەبارە و ئەكرێ كەسێك كە لە ناو ئەو چوارچێوەیەدا بووبێت و ڕۆڵی تێدا بینیبێت، باشتر گۆشەكان ببینێ و چاكتر كارەكان بكات و زیاتر خزمەت بكات. لەسەر ئەو بنەمایە، ویستوومە وەك نوێنەری ئەو توێژانە بچمە شوێن و پێگەیەك لە پەرلەمان، كە باشتر دەتوانم خزمەتیان بكەم. 

لە دوێنێدا هەمیشە دەرگام واڵابووە، لە ئایندەشدا هەر لە خزمەت ئازیزاندا دەبم

هونەرمەند خاوەن كەسایەتییەكی گەورەیە، هونەرمەند سەركردە و پێشەنگە و دەتوانێت چەندین ڕۆڵ ببینێ و كاریگەرییشی لەسەر هەواداران و دەوروبەر هەبێت، هونەرمەند تەنیا ئەوە نییە كە لە بواری پیشەكەی خۆیدا كارا و زیندوو بێ، بەڵكو ژینگەیەكی فراوانتر و لەبارتری لە بەردەمدایە و دەتوانێت هێز و تواناكانی خۆی تێدا بخاتە گەڕ و كاریگەرییەكی باش دروست بكات. بۆیە ئەمە هەر بەڵێن نییە و بیدەم، ئەمە پێشتریش كردوومە و ئەگەر متمانەی هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و ئەدیبان و چین و توێژە جیاجیاكانم بەدەست هێنا، زیاتر لە جاران و باشتر لە جاران ئەو كارانە دەكەم، كە تا ئێستا دەرفەت نەبووە لە بواری ئەدەبی و ڕۆشنبیری و هونەریدا بۆ ئەو توێژانەی بكەم.

ئەگەر متمانەی ئێوەم بەدەست هێنا و بە نوێنەری خۆتان هەڵتانبژاردم، ئەوا لە بواری یاسای خانەنشینیی هونەرمەندان و ئەدیبان و ڕۆشنبیراندا هەوڵی بێوچان دەدەم، كە ئەو یاسایە بە قازانجی توێژەكانتان دەربكەین، بۆ ئەوەی شكۆمەندانەتر بژین و هەست بە دڵنیایی تەواو بكەن.

ئەگەر بە دەنگی ئێوە چووم بۆ پەرلەمان، هەوڵی بێ پسانەوە دەدەم، كە بیمەی دڵنیایی بۆ ڕۆشنبیران و ئەدیبان و هونەرمەندان و پەروەردەكاران بە یاسا دەستەبەر بكەین، كە خزمەتێكی زۆریان كردووە، چونكە هەموو ئەوانە تەواوی هێز و تواناكانی خۆیان لە خزمەتی گەلدا بردەسەر و ئێستا ڕۆژی ئەوە هاتووە، كە دوای ساڵەهای خزمەت و شەونخوونی، بیمە بكرێن و دڵنیایی ژیان و بژێویان پێ بدرێت، ئەمەش لە ڕێی یاساوە دەكرێ و منیش لەو ڕێیەوە هەموو هەوڵ و توانای خۆم دەخەمە گەڕ.

لە بواری پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییدا پێكهاتەكانی كوردستان، وەك چۆن پێشتر ئێمە و هەولێر بەگشتی پێشەنگ بووین، لە ناو پەرلەمانیشدا و لە ناو دەقە یاساییەكاندا ئەو گیانی تەبایی و پێكەوەژیانە زیاتر پەرەی پێ دەدەین و مۆزایكێكی زۆر جوانتر و تۆكمەتر لەو كۆمەڵگە فرەڕەنگ و دەنگە دروست دەكەین و، بە جوانترین شێوە لە یەكتریان نزیك دەكەینەوە و باشتر ئاوێتەی یەكتریان دەكەین، ئەگەرچی ئەم پرەنسیپە بۆ ئێمەی هەولێری بووە بە بنەما و كلتوور و میراتێكی جوان، بەڵام بۆ لەمەودواش كاری باشتری لەسەر دەكەین و ئەو نموونە باڵایە دەكەینە سەرمەشقی سەقامگیری و ئاشتیی كۆمەڵایەتی.

منداڵان و بەهرەداران توێژی بەنرخ و سامانی ئێمەن، ئێستا و داهاتووی گەلەكەمانن، هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین لە بواری جیاجیادا خزمەتیان بكەین و پێیان بگەیەنین و دونیایەكی ڕازاوەتر و ئارامتر و پڕ دڵنیاییان بۆ دەستەبەر بكەین، كە ئەوە ئەركی ئێمەیە وەك پەروەردەكار و وەك دایك و باوكان و وەك خزمەتكاری ڕۆڵەكانمان. ژینگەی پەرلەمانیش كە شوێنی یاسادانانە، باشترین مەیدان و ژینگەیە، كە بتوانین لەو ڕێیەوە خزمەت بە مندڵان و بەهرەدارانمان بكەین، منیش وەك خۆم، ئەگەرچی تەمەنێكە لەو بوارەدا خزمەتم كردووە، بۆ لەمەودواش هەر بە هەمان گوڕ و توانا بەردەوام دەبم.

لە بواری پەروەردەدا، ئێمە تا سەرپەرشتیاری پەروەردەیی تەمەنێك كارمان كردووە، ئەزموونمان كۆ كردووەتەوە و چەند نەوەیەكمان پێگەیاندووە، ئەمجارە دەمەوێ لە ڕێی پەرلەمانەوە و بە یاسا لەگەڵ هاوكارانمدا هەوڵی دروستكردنی یەكەیەكی بەهێز بدەین، بۆ گەشەكردنی زیاتری بواری پەروەردە و پڕكردنەوەی هەموو ئەو كەلێن و درزانەی شك ببەین كە تیادا هەبن.

Top