پڕۆفیسۆر دان وێناوی فای دەیڤید بۆ گوڵان: زۆربەی وڵاتانی ئەفریقا بەدەست حوكمڕانیی خراپەوە دەناڵێنن

پڕۆفیسۆر دان وێناوی فای دەیڤید بۆ گوڵان:  زۆربەی وڵاتانی ئەفریقا بەدەست حوكمڕانیی خراپەوە دەناڵێنن

 

دان وێناوی فای دەیڤید، پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی نەیجەر دەلتا لە وڵاتی نەیجیریا، توێژەر و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك ئابووری سیاسیی نێودەوڵەتی، حوكمڕانی، ئاشتی و ناكۆكی، دیراساتی ستراتیژی و یاسای نێودەوڵەتی، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا بۆ تاوتوێكردن و شرۆڤەكردنی چەند پرسێكی تایبەت بە پرسی حوكمڕانی، بەتایبەتی ئەوەی پێی دەگوترێت حوكمڕانیی خراپ، كە بۆچی زۆربەی وڵاتانی ئەفریقا بەدەست ئەم جۆرە حوكمڕانییەوە دەناڵێنن و چۆن دەكرێت كار بۆ تێپەڕاندن و چارەسەركردنی بكرێت و، ئایا لەم ڕووەوە چ ئایندەیەك چاوەڕوانی ئەم كێشوەرە دەكات؟

 

* وەك ئاشكرایە زۆربەی وڵاتانی ئەفریقا گرفتارن بەدەست چەندین كێشە و قەیرانەوە، كە زۆربەی ئەم كێشانەش لە نەبوونی حوكمڕانییەكی باشەوە سەرچاوەیان گرتووە، ئێوەش لەم ڕووەوە توێژینەوەیەكتان ئەنجام داوە، كە باس لە بوونی حوكمڕانیی بەد، یان خراپ دەكەن، سەرەتا دەمانەوێت بزانین ئێوە چۆن پێناسەی ئەم جۆرە حوكمڕانییە دەكەن و ئایا خەسڵەتەكانی چین؟

-  بە تێڕوانینی من، ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی لە پرس و بابەتی حوكمڕانی بڕوانین لە كیشوەری ئەفریقادا، ئەوا دەكرێت بە حوكمڕانییەكی بەد، یان خراپ یانیش باش وەسف بكرێت، كە ئەمەش بەندە بەوەی ئێمە لە چ گۆشەنیگایەكەوە لەم مەسەلەیە دەڕوانین. بۆ نموونە، من لە یەكێك لە توێژینەوەكانمدا ئاماژەم بەوە كردووە، یان بەو شێوەیە پێناسەی حوكمڕانیی بەد، یان خراپم كردووە كە هۆكاری سەرەكییە بۆ سەرهەڵدانی چەندین ئاریشە و ئالنگاری، وەك ناكۆكیی نێوان پێكهاتە نەتەوەییەكان و هاتنەئارای نائارامی و ناسەقامگیریی وەك تیرۆریزمی ناوخۆیی، چەتەگەری، ڕفاندن، بێكاری، نەبوونی ئاسایشی خۆراك، دروستبوونی حوكمڕانی سەربازی و چەندین كێشە و تەنگژەی دیكە كە كیشوەری ئەفریقا بەدەستیانەوە دەناڵێنێت و گرفتارە.

* ئەگەر پرسی حوكمڕانیی خراپ گرێ بدەینەوە بە بابەتی یان مەسەلەی شكستی دەوڵەتەوە، ئەوا دەبینین كە دەوڵەتانی ئەفریقا لە ڕووی ددانپێدانانی نێودەوڵەتییەوە كێشەیان نییە و وەك دەوڵەتی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری ناسراون، بەڵام ئەم دەوڵەتانە نەیانتوانیوە لەسەر ئاستی ناوخۆ لە ئاست ئەركەكانیاندا بن و شكستیان هێناوە لەوەی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان بۆ هاووڵاتییەكانیان دابین بكەن، ئێوە چۆن لە پەیوەندیی نێوان حوكمڕانیی خراپ و دەوڵەت دەڕوانن؟

- لە ڕاستیدا حوكمڕانیی بەد، یان خراپ لە زۆربەی وڵاتانی كیشوەری ئەفریقا هەلومەرجێكی نالەبار و نەخوازراو دەخوڵقێنێت بۆ پەیوەندیی نێوان هەڵسووڕێنەری دەوڵەت (كە مەبەستم حكومەتە) و چین و توێژەكانی نێو كۆمەڵگە، ئەویش لە پەیوەندی بە دەركردن و جێبەجێكردنی بڕیارەكانەوە، واتە بوونی ئەم چەشنە حوكمڕانییە خراپە هەلومەرجێكی هێناوەتەوە ئاراوە كە بووەتە هۆكار و سەرچاوەی شكستهێنان، یان داڕووخانی دەسەڵاتی دەوڵەت، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەست بێت بە بونیاد و دامەزراوە دیموكراتییەكانەوە.

* كەواتە ئەگەر بوونی حوكمڕانیی خراپ ببێتە هۆی شكستپێهێنان و داڕووخاندنی دەسەڵات و دامەزراوە دیموكراتییەكان، دەكرێت بڵێین ئەمە دۆخێك دەخوڵقێنێت، یان دەرئەنجام و دەرهاویشتەیەكی لێ دەكەوێتەوە كە لە كۆتاییدا هاووڵاتییان باجەكەی دەدەن و ئەوان ڕووبەڕووی قورسایی نەبوونی ئارامی و سەقامگیری و بێكاری دەبنەوە، دید و بۆچونی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

- من پێشتریش ئاماژەم بەوە كرد كە حوكمڕانیی خراپ ناسەقامگیری بۆ ڕژێمە سیاسییەكە دروست دەكات و ئەم ناسەقامگیرییەش بە چەندین شێوە بەرجەستە دەبێت و دێتە ئاراوە. دەكرێت لەم ڕووەوە ئاماژە بە نموونەیەك بكەین بۆ زیاتر ڕوونكردنەوەی وەڵامەكە، ئەویش ئەوەیە كاتێك هەڵسوڕێنەری دەوڵەت (واتە حكومەت) ڕەتی دەكاتەوە پابەند بێت بە جێبەجێكردنی و بەدیهێنانی سەروەریی یاساوە لە بواری حوكمڕانیكردندا، یان بەرپرسیارێتی كار و كردەوە و بڕیارەكانی لە ئاست هاووڵاتییەكانیدا لە ئەستۆ ناگرێت، یان ئامادە نییە لە ئەستۆی بگرێت، ئەوا ئەو دەرئەنجامەی دێتە ئاراوە بریتی دەبێت لە دروستبوونی تەنگژەی نێوان كۆمەڵگە و ڕژێمە دەسەڵاتدارەكە، واتە بێ متمانەیی و بەدگومانی لە نێوانیاندا دروست دەبێت و دێتە ئاراوە.

* كەواتە ئێوە چۆن وەسفی دەوڵەتەكە دەكەن كاتێك حوكمڕانییەكی خراپ لە ئارادا دەبێت، ئایا دەكرێت ئەمە بە دەوڵەتێكی ناكارا، یان شكستخواردوو لە قەڵەم بدەین، بەتایبەتی ئەوەی كە لە وڵاتانی ئەفریقادا بەدی دەكەین؟

- حوكمڕانیی بەد، یان خراپ دەبێتە هۆی بنكۆڵكردن و تێكشكاندنی توانای دەوڵەت، بە شێوەیەك كە دەوڵەتەكە لە بارێكدا دەبێت كە نەتوانێت بە چەشنێكی كارا دەستتێوەردان لە دۆخەكە بكات و بارە نالەبار و ناهەموارەكە ڕاست بكاتەوە، واتە توانای ڕاستكردنەوەی دۆخەكە لەدەست دەدات، بەتایبەتی لەو بوارانەی كە پەیوەستن بە پاراستنی ئاشتی و بەدیهێنانی ئاسایش و برەودان بە گەشە و بەرەوپێشچوونی ئابووری و هێنانەئارای پەرەسەندنێك، كە لە كۆتاییدا ببێتە هۆی چارەسەركردنی كێشە و تەنگژەكانی وەك هەژاری، بێكاری، نەبوونی ئاسایشی خۆراك و چەندین كێشەی دیكە، كە ئەم وڵاتانە بە دەستیانەوە دەناڵێنن.

* زۆر باشە، تا ئێستا باسی دەرئەنجامی حوكمڕانیی خراپمان كردووە، بەڵام ئەگەر بێینە سەر باسی هۆكارەكانی دروستبوونی ئەم حوكمڕانییە، ئەوا پرسیارەكە ئەوەیە كە هۆكارەكانی سەرهەڵدانی حوكمڕانیی خراپ چین؟ ئایا دەتوانین بیگەڕێنینەوە بۆ شكستهێنان لە بونیادنانی دامەزراوەی بەهێز و پتەودا، یان دەكرێت بڵێین حوكمڕانیی خراپ ڕیشەیەكی كەلتووریی هەیە و چارەسەركردنیشی پێویستی بە هاتنەئارای ئاڵوگۆڕێكی قووڵە لە تێڕوانینی و بیركردنەوەی خەڵكدا؟

- من پێم وایە دروستبوون و بەردەوامبوونی حوكمڕانیی خراپ لە ئەفریقا دوای ئەو قۆناغە هات كە سەركردەی ئەم وڵاتانە سەربەخۆیی و ڕزگاربوونیان بەدەست هێنا، لە ڕاستیدا چەندین لێكدانەوە و ڕاڤەكاری هەن بۆ سەرهەڵدانی حوكمڕانیی خراپ، وەك نەبوونی دامەزراوەی بەهێز و پتەو، هەروەها هۆكارێكی كەلتوورییش هەیە كە پەیوەستە بە بیركردنەوە و تێڕوانینی خەڵكەوە، كە هەروەك ئێوە لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەتان پێ كردووە. هەرچۆنێك بێت، من دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە ڕەنگە هەڵە تێگەیشتنێكیش لە نێو ئەفریقادا هەبێت كاتێك باسی دامەزراوەی بەهێز و پتەو دەكرێت، كە بۆی هەیە ئەمە وەك بوونی دیكتاتۆرییەت لێك بدرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوە بڵێین كە چەندین یاسا و ستاندارد و بەها هەن كە دەبێت هەر كۆمەڵگەیەك پێیانەوە پابەند بن و پارێزگاری لێ بكەن. بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەكە پوخت بكەمەوە، ئەوا بە تێڕوانینی من حوكمڕانیی خراپ پەردە لەسەر وێنە ڕاستەقینەكە لا دەدات، هەم لە پەیوەندی بە دامەزراوەكانەوە و هەمیش لە پەیوەندی بە دید و بیركردنەوەی خەڵكەكەشەوە.

* ئەوەی نكۆڵی لێ ناكرێت، ئەوەیە كە گەندەڵی و حوكمڕانی دووانەیەكی لێك دانەبڕاون، واتە هەر كاتێك حوكمڕانیی خراپ لە ئارادا بوو، ئەوا گەندەڵییش تەشەنە دەكات و بەربڵاو دەبێت، كە ئەمە بە چەشنێكی زەق لە وڵاتانی ئەفریقادا بەدی دەكرێت و دەبینرێت، تێڕوانینی ئێوە چییە لەبارەی پەتای گەندەڵی لە سایەی حوكمڕانیی خراپدا لە ڕووی هۆكار و دەرئەنجامەكانیەوە؟

- لە ڕاستیدا یەكێك لە ئاماژە و دەرهاویشتە دیار و گەورەكانی حوكمڕانیی خراپ تەشەنەكردنی گەندەڵی و بەربڵاوبوونیەتی لە تێكڕای ناوەند و جومگەكانی دەوڵەتەكەدا، واتە دەكرێت بڵێین لە سایەی حوكمڕانیی خراپدا گەندەڵی لە هەموو شوێنێكدا بەدی دەكرێت، واتە هەم لەسەر ئاستی دەوڵەت (ئاستە سیاسییەكە) و هەم لەسەر ئاستی دامەزراوەیی و بیرۆكراتییش. هەروەها گەندەڵی سەردەكێشێت بۆ سەرهەڵدانی چەندین كێشە، وەك هەژاری و بێكاری و نەبوونی گەشەكردن، كە هەموو ئەمانە دەبنەهۆی لە ناوبردن و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی نیشتمانی، یان ئەوەتا تەنیا كەسە گەندەڵكارەكان سوود لەم سەروەت و سامانە وەردەگرن، كە ئەمە لە وڵاتانی ئەفریقادا بەدی دەكرێت، كە تەنیا كەسانی نێو حكومەت یان ئەوانەی پەیوەندییەكی بەتینیان هەیە لەگەڵ كەسانی نێو حكومەتدا بەهرەمەندن لەم سامانە و لێی سوودمەند دەبن.

* باشە بۆچی سەرەڕای چەندین هەوڵ و دەستپشخەری، كەچی هێشتا وڵاتانی ئەفریقا نەیانتوانیوە خۆیان لە دەستی كێشەكانی پەیوەست بە هەژاری و نایەكسانی و حوكمڕانیی ناكارا ڕزگار بكەن؟ ئایا دەكرێت بڵێین هۆكارەكە ناوخۆییە، یان ئەوەتا كاریگەری و دەستتێوەردانی دەرەكی ڕێگە نادەن كاروبارەكانی ڕێڕەوی دروستی خۆیان بگرنەبەر؟

- لە ڕاستیدا ئەوەی دەكرێت بیڵێین، وەڵامە ڕاستەخۆ و دەستبەجێیەكە ئەوەیە كە ئەم وڵاتانە بەدەست حوكمڕانیی بەد، یان خراپەوە دەناڵێنن.

Top