خەلیل كۆبانێ ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان: چەكدارانی پەكەكە زۆر گرووپ و كەسانی مەشقپێكراویان بۆ كاری تیرۆریستی و كوشتن و ڕفاندن و و ئاگركەوتنەوە هەیە

خەلیل كۆبانێ  ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:  چەكدارانی پەكەكە زۆر گرووپ و كەسانی مەشقپێكراویان بۆ كاری تیرۆریستی و كوشتن و ڕفاندن و و ئاگركەوتنەوە هەیە

 

 

پەكەكە لە دامەزراندنییەوە لە بیری نەتەوەیی و كوردایەتی دوور كەوتووەتەوە، دوای شكستەكانی لە باكووری كوردستان و لەدەستدانی جەماوەرەكەی، چەندین ساڵە بەسەر دانیشتووانی هەرێمی كوردستان و گوندنشینەكانی سەر سنوورەوە بوونەتە بەڵا و خاكی كوردستانیان داگیر كردووە، بەردەوامیش هێرش دەكەنە سەر خەڵكی سڤیل و پێشمەرگ. پەكەكە لە جیهاندا وەكو تیرۆریست پێناسە كراوە، لەمەش مەترسیدارتر ئەوەیە بوونەتە هۆكاری پەلكێشكردنی سوپای توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان. لەسەر ئەم پرسە گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ خەلیل كۆبانێ ئەندامی پێشووی پەكەكە ئەنجام دا.

 

* پەكەكە بۆچی باكووری كوردستانی بەجێ هێشتووە كە شوێنی ڕاستەقینەی خۆیەتی و هاتووەتە باشووری كوردستان، ئایا ئەمە نانەوەی كێشە نییە بۆ هەرێمی كوردستان؟

- پەكەكە لە سەرەتادا بۆ ئەوەی سۆزی گەلی كورد و جەماوەر بۆ خۆی ڕابكێشێت (بەتایبەتی كوردانی باكوور) هەموو قسە و گفتوگۆ و ڕاگەیاندنەكانی لەسەر بنەمای نەتەوەیی و بە ناوی كوردایەتی بوو، كەچی پاش ئەوەی بنكەی ڕێكخستنەكانی و ژمارەی چەكدارانی زیادی كرد، كار و كردەوەكانی دژی هێڵی نەتەوەیی و كوردایەتی بوون، تا ئەو ئاستەی سەركردەكان قسە و هەڵسوكەوتی وایان دەكرد، كە لای ئێمەش جێگەی گومان و نامۆ و دوور بوو لە بیر و هەستی كوردایەتییەوە. ئەوان كاریان لەسەر ئەوە كرد كە كوڕ و كچانی كورد و نەتەوەكانی دیكەش هەڵخەڵەتێنن، تا ئاستی ڕفاندنیشیان، ئەو كچ و كوڕانەش بەشی زۆریان لە خوار تەمەنی هەژدە ساڵیدا بوون، لە هەموو شەڕ و پەلاماردانەكانیاندا شكستیان هێنا و زیانێكی كاریگەریان بە سوپای توركیا نەگەیاند. ئەوان تەنیا گوند و شار و شارۆچكە كوردییەكانیان وێران كرد، بگرە چەندین ڕەفتاری دیكەی قێزەوەنیان ئەنجام دا، تا دەگاتە كردەوەی تێرۆریستی و نانەوەی ئاژاوە و كێشە لە نێوان هۆز و تیرە كوردییەكاندا، هەموو ئەمانە وایان كرد گەلی كوردستانی باكوور و چەندین كەس لە ڕێكخستن و ئەندامانی وەكو ئێمەی كوردپەروەر لێیان دوور بكەوینەوە، لە ناو گەریلا و ڕێكخستنەكاندا گفتوگۆی جددی و یەكلاكەرەوە ڕوویان دا، كە دواجار زۆربەمان ئەو ڕاستییەمان بۆ دەركەوت كە سەرانی قەندیل بە فەرمانی هێزی داگیركەر و ناحەزانی كورد دەجووڵێنەوە، بەتایبەتی پاش دەستگیركردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان جەماوەرێكی زۆر بەتایبەتی ڕێكخستنەكانمان لێمان دوور كەوتنەوە، هەموو ئەوانە و نەبوونی بیری كوردایەتی و نەتەوایەتی وای كرد، جەماوەری پەكەكە زۆر كەم ببێتەوە، ئەمە یەكێك بوو لەو هۆكارانەی كە چەكدارانی پەكەكە نەیانتوانی لە باكوور بمێننەوە و هاتن لە قەندیل و چەند شوێنێكی باشووری كوردستان جێگیر بوون، بەمەشەوە ڕانەوەستان، بەڵكو هاتن دژی قەوارە و دەستكەوتەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان ڕاوەستان و شەڕێكی خوێناوییان دژی پێشمەرگە هەڵگیرساند، سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمەكەیان تێكدا و خەڵكی سڤیل و پێشمەرگەی ڕۆڵەی ئەم نەتەوە مەزڵوومەیان شەهید كرد. بۆ جێبەجێكردنی مەرامە قێزەوەنەكەشیان چەكدارانی پەكەكە بە ئاشكرا بوونەتە داردەستی داگیركەرانی كوردستان لەگەڵ موخابەراتی ڕژێمی سووریا و ئێران، دەبێت ئاماژە بەوەش بكەین مەرام و داخوازیی توركیاشیان بە جۆرێكی دیكە لە دژی هەرێمی كوردستان جێبەجێ كردووە، ئەویش بە هاتنیان بۆ قەندیل كە وایان كرد سوپای توركیا پەلكێش بكەن بۆ ناو خاكی باشووری كوردستان و لە ئەنجامی شەڕ و بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیا لە دژی پەكەكە، زیاتر لە 600 گوندی سنوورەكان لە باشووری كوردستان چۆڵ كراون، لە ئێستاشدا بە هۆی ئۆپەراسیۆنەی بەم دواییانە سوپای توركیا ئەنجامی داوە، تەنیا لە بەرواریی باڵا و ناوچەی قەزای ئامێدی زیاتر لە 150 گوندی دیكە چۆڵ كراون و هەڕەشەی ئاوارەبوون و لەناوچوونیان لەسەرە.

هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن چەكدارانی پەكەكە هۆكاری پشێوی و خراپیی بارودۆخێكی ناسەقامیگری نەخوازراون لە باشووری كوردستان، مەبەست و مەرامی ڕاستەقینەی پەكەكەش وەكو ئێمە دەیانناسین دژی ئەو قەوارە جوان و ئازاد و خاوەن یاسا و ڕێسا سەقامگیرەیە، كە لە هەرێمی كوردستان لەلایەن پەرلەمان و حكومەتی كوردستانەوە بەدی هاتووە، بەمەش پەكەكە دوژمنێكی سەرسەختی كورد و كوردستانە بەتایبەتی باشووری كوردستان.

* بۆچی چەكدارانی پەكەكە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ دەبێت جموجووڵەكانیان لەناو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان زیادی كردووە، بەتایبەتی لە چەندین دەڤەری سلێمانی؟

- ئەم جۆرە كارانە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی پەكەكەوە هەبووە، بەڵام لە كاتی پێویستیی مەرام و پیلانەكاندا بەكاریان دەهێنن، بەداخەوە پەكەكە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سلێمانی و بەتایبەتیش چەند سەركردەیەكی یەكێتییەوە پاڵپشتییەكی ڕاستەوخۆیان دەكرێت، ئەمەش وای كرد، پەكەكە بە شێوەی گرووپی چەكداری لە چەندین ناوچەی وەكو ڕاپەڕین و چەمچەماڵ و قەرەداغ و گەرمیان و ناو سلێمانی و دەوروبەری دەربكەون، هەر ئەمەشە وای كردووە، درۆنەكانی سوپای توركیا ڕابكێشنە ناو قووڵایی خاكی كوردستان و چەندین كارەساتی ناخۆش و جەرگبڕ ڕوو بدات، لەوانە مەشقی چەكدارانی پەكەكە لە فڕۆكەخانەی عەربەت وای كرد بە درۆن بۆردومان بكرێت و چەندین كەس بكوژرێن و بریندار ببن، لە ماوەت و چەمچەماڵ و چیای هەیبەت سوڵتان و كۆیە و چەند شوێنی دیكە ڕووداوی ناخۆش ڕوو بدەن، هەموو ئەو كردەوانەش زیاتر بۆ تێكدان و شێواندنی سەقامگیریی هەرێمی كوردستانە، بە پاڵپشتی حەشدی شەعبی و ئێران.

* ئایا ئەو كارە تێكدەرانەی چەكدارنی پەكەكە ئەنجامی دەدەن، بووەتە هۆكاری ئەوەی كوردانی باكووری كوردستان و ڕێكخستنەكانیان زیاتر باوەڕیان پێیان نەمێنێت؟

-  پەكەكە داردەستی داگیركەران و دوژمنانی كورد و كوردستانن و لەگەڵ هاتن و داگیركردنی قەندیل و نانەوەی ئاژاوە و ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ چەند جارێك و تا ئێستاش، هەر كار و مەرام و هەوڵیان بۆ دژایەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، ئەوەتا مانەوەیان لە شنگاڵ و ئەو بارودۆخە ناخۆشەی لەو ناوچەیە دروستیان كردووە، بەڵگەیەكی دیكەیە بۆ هەموو كورد و كوردستانییەك كە پەكەكە تا سەر ئێسقان ناحەز و دوژمنی ئێمەی كوردانە، ئەم تاقمە چەتەیە وەكو گرووپ و كەتیبە كەسانی تایبەتمەندیان هەیە بۆ كاری تیرۆریستی بە هەموو جۆرێك، هەر لە لەناوبردنی كەسایەتییە كوردییەكان و سیاسەتمەداری گەلەكەمان تا ڕفاندن و كوشتنی ئەوانەشی كە لە ناو ڕیزەكانی خۆیان ڕادەكەن، لە هەر شوێن و دەرفەتێك بۆیان بگونجێت بە دڕەندەترین شێوە دەیانكوژن تا ئاستی خنكاندن، بەڵگە زۆرە، لە باشووری كوردستان هەستاون بە دانانەوەی تەقەمەنی و كردەوەی تیرۆریستی لە شوێن و شەقام و مەڵبەندی سڤیل، ناشیرنترین ڕەفتار و كردەوەی پەكەكە سووتاندنی بازاڕ و ماركێت و دووكان و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان بووە، بۆ ئەوەی لە لایەك زیان بە ئاسایش و ئارامی بگەیەنن و لە لایەكی دیكەش لە ڕێگەی میدیاكانیشیانەوە خەڵكە زیانلێكەوتووەكە لە دژی حكومەت هان بدەن. ئەمە پیلانی دەزگای موخابەراتی دژ بە كوردە و ئەوان بەوەكالەت و پارە جێبەجێی دەكەن، ئەوەتا لەم چەند مانگەی ڕابردوو هیچیان لە دەست نەما لە دژی هەرێم و حكومەتی كوردستان ئەنجامی بدەن، لە ڕێگەی ئەو گرووپ و كەتیبانەی كە ئامادە كراون هەڵسان بە سووتاندنی بازاڕی لەنگە و قەیسەریی شوێنەوار و كەلتووری هەولێر و قەیسەریی كۆنی كەركووك و بازاڕی كاسبیی ناو سەنتەری شاری دهۆك، ئەم كارە ناڕەوا و تیرۆریستییانەیان ئەنجام دا تەنیا بۆ تەپاندنی ئابووری و زیادكردنی بێكاری و لەناوبردنی سیمای شارستانیی ئەو شوێنانە بوو.

* كەواتە چەكدارانی پەكەكە بوونەتە داردەستی ئەو گرووپانەی دژی هەرێمی كوردستانن، ئایا ئەمە دژ بە بیر و بەرنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی نییە؟

- چەكدارانی پەكەكە بۆ دوژمنایەتیی كورد و كوردستان دامەزراون و لە هەمووشی ترسناكتر دوژمنی ئەو لایەن و حزبە سیاسیەشن كە كوردپەروەر و ئازادیخوازن و داوای سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، كە پارتی دیموكراتی كوردستان و ماڵباتی بارزانیی كوردپەروەر و شۆڕشگێڕە، هەموو ئەوانەش لە ڕووی دارایی و لۆجستێكی پاڵپشتی دەكرێن بۆ لاوازكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كیانەكەیەتی كە بە خوێنی سەدان شەهید و ڕۆڵەی كوردستانی باشوور و ئەوانی دیكە هاتووەتەدی بە سەرۆكایەتی جەنابی مسعود بارزانی، كە مەرجەعی گەلی كورد و كوردستان و ڕابەرێكی سەركەوتوو و نیشتمانپەروەر و مرۆڤدۆستە. لە ئێستادا سەركردەكانی پەكەكە لە پێناو مانەوەی خۆیان و بەرژەوەندییە شەخسییەكانی خۆیاندا هەموو ڕەفتار و جووڵە و كارێكی دژ بە كوردایەتی و كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، بە تەئكید لە ناو پەیڕەو و پڕۆگرامی پەكەكەدا بەش و خەڵكی ئامادەكراوی تێدایە لە ڕووی دەستكەوتنی زانیاری و داتا و هەواڵگرییەوە، ماوەی چەندین ساڵیشە كاریان لەسەر زۆر زانیاری كردووە و گەیاندوویانەتە دەست دوژمنانی گەلەكەمان، ڕێگەی تێدەچێت هەندێ زانیاریی گرنگ هەیە لە ڕووی سیاسی و سەربازی و دارایی و ئابووری، بەتایبەتی لەسەر باشووری كوردستان، دابێتیان بەو شوێنانەشی كە پەیوەندییان لەگەڵیاندا هەیە.

* ئایا چەكدارانی پەكەكە بۆچی هەوڵ و پڕۆسەی ئاشتییان لەبار برد، كە جەنابی سەرۆك بارزانی هەموو هەوڵ و توانای خۆی بۆ تەرخان كردبوو؟

- پەكەكە هیچ كاتێك باوەڕی بە گفتوگۆ و ئاشتی نییە، چونكە لە ئاشتیدا بەرژەوەندییەكانیان دەكەوێتە مەترسییەوە و ئەو دەسەڵاتەیان نامێنێت كە ئێستا هەڵسوكەوتی پێ دەكەن، لە لایەكی دیكەوە ئەو چەكدارە دوژمن و خۆفرۆشانە لە مێژە ڕایانگەیاندووە كە دوژمنی پارتی و بارزانین و ئەو پڕۆژە گرنگ و مرۆڤدۆستییەش كە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی هەنگاوی گەورە و بوێری بۆ هاوێشت، بووە هۆی ئەوەی لەباری ببەن و، هەستان شەڕی خوێناوی و سەختی خەندەقیان هەڵبژارد، كە بووە هۆی ئەوەی گەلی باكووری كوردستان زیانێكی زۆری دارایی و مرۆییان تووش ببێت، ئەگینا ئەو پڕۆژەیەی جەنابی سەرۆك چارەنووسساز بوو بۆ گەیشتنی گەلی باكووری كوردستان بە ماف و ژیان و سەقامگیرییەكی خۆشبەختی بەڵام پەكەكە لەباری برد. پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوەش بكەین كە ئەو ئۆپەراسیۆنەی ئێستا كراوەتە سەر چەكدارانی پەكەكە لەلایەن سوپای توركیا لە ناو خاك و سنووری باشووری كوردستاندا، ئەوە هۆكاری سەرەكی و نانەوەی ئاژاوەكە هەر چەكدارانی پەكەكە و سەركردەكانیانە و دەیانەوێت كێشە و ناسەقامگیریی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستانی دروست بكەن .

 

Top