پ.د.غالب ئەلدەعمی توێژەر لە بواری سیاسی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی:   مسعود بارزانی سەلماندوویەتی كە سەركردەیەكی هاوسەنگ و ڕاستگۆیە و لە ناو هێزە سیاسییە عەرەبییەكانی عێراقدا شكۆ و ڕێزێكی گەورەی هەیە

پ.د.غالب ئەلدەعمی  توێژەر لە بواری سیاسی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی:     مسعود بارزانی سەلماندوویەتی كە سەركردەیەكی هاوسەنگ و ڕاستگۆیە و لە ناو هێزە سیاسییە عەرەبییەكانی عێراقدا شكۆ و ڕێزێكی گەورەی هەیە

 

پ.د.غالب ئەلدەعمی، مامۆستایە لە كۆلێژی ڕاگەیاندنی زانكۆی (ئەهل ئەلبەیت) لە كەربەلا و توێژە و لێكۆڵەرە لە بواری سیاسی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و، ماوەی زیاتر لە سێ دەیەیە لە بواری ڕۆژنامەوانیدا كار دەكات، لەسەر پرسە هەستیارەكانی عێراق بەردەوام لە كەناڵە عێراقی و عەرەبییەكان دیداری ڕۆژنامەیی لەگەڵ دەكرێت، سەبارەت بە سەردانە گرنگەكەی ئەم جارەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و كۆبوونەوە چڕ و هەمەلایەنەكانی لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقییە جیاوازەكان گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ ئەنجامدا.

 

* بەشێكی زۆر لە میدیا عێراقی و عەرەبییەكان و هەروەها سەكردە سیاسییە عێراقییەكان، سەردانی ئەم جارەی سەرۆك بارزانیان زۆر بە گرنگ وەسف كرد، ئایا گرنگیی ئەم سەردانە لە چیدا بوو؟

- من وەك هاووڵاتییەك و چاودێرێكی سیاسی بەم جۆرە سەیری سەردانەكەی بەڕێز بارزانی بۆ بەغدا دەكەم:

یەكەم: ئەم سەردانە دوای نزیكبوونەوەیەكی گەورە لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتەكەی بەڕێز محەمەد شیاع سودانی بوو، بەڕێز بارزانی سەردانی بەغدای كرد بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بەو لێك نزیكبوونەوەی نێوان هەولێر و بەغدا بدات.

دووەم: سیمایەكی پێوە دیار بوو كە بەڕێز بارزانی مەبەستێتی بەشداری لە چارەسەكردنی كۆی كێشەكانی عێراقدا بكات، ئەمەش جیاوازە لەو سەردانانەی كە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و بەڕێز مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا ئەنجامی دەدەن، ڕاشكاوانەتر ئەوەی لە دۆسێی سەردانەكەی بەڕێز بارزانیدا هەبوو، تەنیا تایبەت بە هەرێمی كوردستان نەبوو، بەڵكو بۆ هەموو كێشەكانی عێراق بوو.

سێیەم: بەڕێز مسعود بارزانی سەلماندوویەتی كە سەركردەیەكی هاوسەنگە، ڕاستگۆیە و كەم لێدوان دەدات، لە ناو هێزە سیاسییە عەرەبییەكانی عێراقدا و شكۆ و ڕێزێكی گەورەی هەیە، ئەمە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لێرە و لەوێ دەنگێك هەیە ڕەخنەی لێ دەگرن كە پێدەچێت دەستیان لە پشت بدرێ، بەڵام سەرەنجام من مەزندە دەكەم، ئەم سەردانە لە كاتێكی زۆر باشدا بوو، دەبێتە هۆكاری ئەوەی كەشێكی ئەرێنی دروست بكات، ئەمەش نەك تەنیا لەگەڵ لایەنە شیعەكان و حكومەتی عێراق، بەڵكو لەسەر ئاستی هەموو پرۆسەی سیاسیی عێراق.

* بەرنامەی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی هەمەلایەن بوو، كۆبوونەوەكانیشی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق بوو بە شیعە و سوننەوە، ئایا ئەمە مانای ئەوەنیە كە نییەتێك هەیە بۆ ڕاستكردنەوەی كۆی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا؟

- سەردانەكە زیاتر لە ڕەهەندێكی هەبوو، ڕەهەندی یەكەمی پەیوەندیدار بوو بە شێوازی چارەسەركردنی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی سوننە بۆ پەرلەمانی عێراق، ئەمەش واتە دەستنیشانكردنی كەسایەتییەك كە نوێنەرایەتی پێكهاتەی سوننە بكات لە عێراقدا و ببێتە سەرۆكی پەرلەمان.

ڕەهەندی دووەمی سەردانەكەی پەیوەندیدار بوو بە چارەسەركردنی گرفتە هەڵواسراوەكانی هەڵبژاردن، بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی، بەشداریكردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردن پاش وەڵامدانەوەی داواكارییەكانی.

ڕەهەندی سێیەم: كۆبوونەوەكانی بەڕێز بارزانی لەگەڵ هەردوو لایەنی (شیعە و سوننە) وەك وەرشەیەك بۆ لێكتێگەیشتنی نێوان لایەنە سیاسییە عێراقییەكان خۆی وێنا كردبوو، بۆیە هەست دەكرا كە ڕایەڵەی پێكەوە سازان لە چوارچێوەی ناوكۆكییەكان پتەوترە و خاڵی هاوبەش لە خاڵی ناكۆك زۆر زیاتر بوو.

* ئەم خوێندنەوەتان بۆ ئاراستەی كۆبوونەوەكان ئەوەمان پێ دەڵێت، دەرچەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكان دوزراوەتەوە، ئایا مەبەستتان ئەمە بوو؟

- چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا دەستی پێ كردووە و لە چارەسەری تەواو نزیك بووەتەوە، بەتایبەتیش پرسی «مووچەی فەرمانبەران، ناردنی شایستەی داریی، پرسی نەوت و هەندێك پرسی دیكەش وەك پرسی باج و دەروازە سنوورییەكان»، ئەمانە هەمووی بەرەو چارەسەری كۆتایی دەڕۆن، بۆیە دەكرێت بڵێین، ئەم سەردانەی بەڕێز بارزانی زەمینەسازی بۆ بارودۆخێك سازكرد كە بتوانرێت ڕێككەوتن لەسەر كۆمەڵێك بڕیاری تازە بكرێت و، لێكتێگەیشتنی زیاتر دروست ببێت و بارودۆخە سیاسییەكە بە شێوەیەكی گشتی هێور بكرێتەوە، بۆیە ئێستا ژینگەیەك دروست بووە، هەست دەكرێت ئامادەباشیی دروست بووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، كە پێشتر ئەم ئامادەباشییە نەدەبینرا، پێشتر ئامادەسازی هەبوو بۆ یەكتری ڕەتكردنەوە، بەڵام ئێستا ئەم بارودۆخە تەواوی گۆڕاوە و ئامادەباشی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و، ئەو قۆناغە كۆتایی هات كوردستان بڵێت بەغدا بە شێوازێكی شۆڤێنییانە مامەڵەمان لەگەڵ دەكات، لە بەرانبەریشدا دەنگێك هەبوو كە كەم نەبوون دەیانگوت كوردستان بە پارەی نەوتی بەسرا ئاوەدان دەكرێتەوە، نەمانی ئەو تێڕوانینانە جێگەی خۆشحاڵییە و وەرچەرخانێكی گەورەشە.

* لەوەتەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕاوەستاوە، هەرێمی كوردستان كێشەی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی بۆ دروست بووە و باری حكومەتی فیدڕاڵی قورستر بووە، ئایا بۆ حكومەتی فیدڕاڵی پەلە لە هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان ناكات؟

- ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوت، پێش ئەوەی زیانێك بێت بۆ هەرێمی كوردستان، زیانە بۆ حكومەتی فیدڕاڵی لە بەغدا، ئەمە سەرباری ئەوەی كۆمپانیاكان شایستەكانی خۆیان وەردرەگرن، زیانێكی گەورەشە بۆ بودجەی عێراق بە شێوەیەكی گشتی، بۆیە چارەسەركردنی كێشەی دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرژەوەندیی هەموو عێراقە، كەمكردنەوەی بارقوورسی داراییە لەسەر حكومەتی فیدڕاڵی و، دەتوانرێت بە داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم شایستە داراییەكانی حكومەتی هەرێم لە بودجەی عێراق زامن بكرێت.

ئەگەر سەرنج بدەین لەسەردەمی حكومەتی مستەفا كازمی كاتێك هەرێم نەوتی هەناردەی دەرەوە دەكرد، حكومەتی فیدڕاڵی مانگانە تەنیا 200 ملیاری بۆ هەرێم دەنارد، بەڵام دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوت گەیشتە 700 ملیار دینار، ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە 900 ملیار دینار، هەموو ئەم جیاوازییە زۆرانە دەكرێت كەم بكرێنەوە ئەگەر نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەندەری جیهانی توركییەوە بفرۆشرێت.

* لە سەرەتای وەرزی هاوینەوە لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان بەگشتی و كارەبا بەتایبەتی، بارودۆخێكی گران لەسەر شانی هاووڵاتیان دروست بووە، ئایا لە ئێستادا عێراق لە هەموو كاتێكی دیكە زیاتر پێویستی بە سەقامگیری نییە بۆ ئەوەی بپرژێتە سەر بونیادنانەوە و ڕاكێشانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ ئەوەی كێشەكانی چارەسەر بكات؟

- بێگومان لێكتێگەیشتنی نێوان حكومەتی بەغدا و حكومەتی هەولێر، هەروەها لیكتێگەیشتنی نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و پارێزگاكانی ڕۆژئاوا (مەبەست پارێزگاكانی سوننەیە)، فاكتەری سەرەكیی گرنگن بۆ هێوربوونەوەی بارودۆخەكە و دابینكردنی سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراقدا، كە ئەم سەقامگیرییە دەبێتە فاكتەرێكی باش بۆ ئەوەی حكومەتی فیدڕاڵی بپەرژێتە سەر دووبارە بونیادنانەوەی ژێرخانی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان، ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر هاندانی وەبەرهێنەرانی جیهانی بۆ ئەوەی بێنە عێراق و دەست بە پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی بكەن.

ئەو گفتوگۆ و كۆبوونەوانە كە لە سەردانەكەی بەڕێز بارزانی ئەنجام دران، ئاكامەكەی بۆ ئەوەیە كە عێراق سەقامگیر بێت، ئەوەی پێویستە لێرەدا بیڵێم، ئەوەیە كە سەردانەكانی بەڕێز بارزانی زۆر كەمن، ئەم جارەش دوای شەش ساڵ سەردانی بەغدای كردەوە، بۆیە مەزندە دەكرێت تەنیا سەردانێكی ئاسایی نەبووبێت و بەرنامەی سەردانەكەی چەندین دۆسێی گرنگی لەخۆی گرتووە و، ئەو دۆسێیانە دەخاتە بەردەم حكومەتی عێراق، بە مەزندەی من هەریەك لەو دۆسێیانە ئامانج لێی سەقامگیریی عێراقە، لەبەر ئەوەی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان خەمی سەرەكیی بەڕێز بارزانییە، سەقامگیریی هەرێمیش بەبێ سەقامگیریی عێراق مسۆگەر نابێت، ئەگەر كێشەیەك لە بەغدا هەبێت، هیچ دوور نییە ئەم كێشەیە بگوازرێتەوە بۆ كوردستان و بەپێچەوانەشەوە، بۆیە سەقامگیریی عێراق و سەقامگیری هەرێم پێكەوە گرێ دراون.

ئەو پێشوازییە گەورەیەشی لەم سەردانەی بەڕێز بارزانی كرا، جەخت كردنەوەیە لەسەر ئەوەی كە ئامادەباشیی تەواو لەلایەن سەركردە سیاسییەكانی بەغدا هەیە، ئەوجا چ سەركردە سیاسییەكان، یان بەرپرسانی جێبەجێكار لە حكومەتدا، بۆ ئەوەی كۆتایی بە هەموو كێشەكانی ڕابردوو بهێنرێن، بە كێشەی دانانی پارێزگاری هەردوو پارێزگای كەركووك و دیالەشەوە، سەبارەت لە چارەسەركردنی كێشەی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكانیش، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە هەردوو سەرۆك وەزیران بەڕێز محەمەد شیاع سودانی و بەڕێز مسرور بارزانی یەك تێڕوانینیان بۆ چارەسەركردنی كێشەی شنگال هەیە، كە ئەویش پێویستیی دەرچوونی هێزەكانی پەكەكەیە لە ناو شنگال و، گێڕانەوەی سەقامگیرییە لەژێر سایەی هێزەكانی عێراقدا بۆ ناوچەی شنگال، ئەگەر پەكەكە لە شنگال بێت، بەردەوام كێشەمان لەگەڵ دەوڵەتی توركیا دەبێت، ئەمەش لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە وەك دەوڵەت.

 

Top