د. نەرمین مەعرووف ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: بڕی تەمویلكراو بۆ مووچەی هەرێم لەساڵی ٢٠٢٤ كەمترە لە كۆی تەرخانكراو بۆ مووچەی هەرێم لە بوودجە
وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوامە لەسەر پێشێلكردنی یاسای بوودجە و بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی و نەناردنی مووچە و شایستە داراییەكانی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، ئەمەش لەژێر پاساو و بیانووی خەرجی كرداری (الانفاق الفعلی)، ئەو پێشێلكارییانە بەردەوامن. گۆڤاری گوڵان لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەری دیكەی پەیوەندیدار دیدارێكی لەگەڵ د.نەرمین مەعرووف ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پسپۆڕ و شارەزا لەبواری دارایی و ئابووری ساز دا.
* وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق بۆ پرسی پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەپێی بوودجە و بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی مامەڵەی نەكردووە. وەكو ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پسپۆڕێكی ئابووری، تێڕوانین و بۆچوونتان لەسەر ئەم كێشەیە چۆنە؟
- بەپێی یاسای بوودجە پارە تەرخان كراوە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران و سەرجەم چین و توێژەكانی دیكەی وەكو خانەنشینان و تۆڕی چاودێریی كۆمەڵایەتی، تەنانەت لە بڕیاری دادگای فیدڕاڵیدا بە ڕوونی و ئاشكرا هاتووە، كە جگە لەبابەتی تەوتینی مووچە، هیچ مەرج و ئیلتزاماتێكی دیكە دانەنراوە لەسەر حكومەتی فیدڕاڵی بۆ دابینكردن و ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان. بەداخەوە نەدەبوو بۆ مووچەی ساڵی 2024 كێشە دروست بكرایە، چونكە بڕەكەی لەناو بودجە تەرخانكراوەو بڕیاری دادگای فیدراڵیش هەیە. ئەم كێشەیە خودی لێكدانەوەی حكومەتی فیدڕاڵی عێراقە، بەتایبەتی وەزیری دارایی بۆ ئەم دەقەی بوودجە كە دووبارە دەمانباتەوە بۆ ناو خەرجی كرداری (الانفاق الفعلی)، بەمەش وەزارەتی دارایی حكومەتی ئیتحادی نەك هەر پابەند نەبووە بە بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵییەوە، بەڵكو دادپەروەرانەش مامەڵەی لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێم نەكردووە. ئێمە وەكو پەرلەمانتارانی كورد لە هەوڵداین بۆ ئەوەی هەمواری یاسای بوودجە و بوودجەی ئەمساڵیش بە جۆرێك بێت، بابەتی خەرجی كرداری بە شێوەیەكی یاسایی چارەسەر بكەین و بە تەواوەتی لەناو تێكستەكانی بوودجە دەریبهێنین و نەیهێڵین. پێشتریش لەگەڵ هەریەك لە پەرلەمانتاران دكتۆر خەلیل غازی و سۆران عومەر، سەردانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵیمان كرد و لەگەڵ هەر دوو بەڕێوەبەری گشتیی ژمێركاری و بەڕێوەبەری گشتیی بوودجە كۆبووینەوە و بەدواداچوونمان بۆ شایستە داراییەكانی هەرێم و بوودجەی گشتی بەتایبەتی مووچەی مانگی دوانزدەی مووچەخۆرانی هەرێم كرد، بەڵام وا دیارە ئەوان لەسەر جێبەجێكردنی خەرجیی كرداری سوورن.
* لەو دیدار و كۆبوونەوانەتان، تاچەند دەركەوتووە كە بڕی تەمویلكراو بۆ مووچەی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٤ كەمترە لە كۆی تەرخانكراو بۆ مووچەی هەرێم، ئەگەر ئەم بابەتە بە ڕوونی بۆ هەمووان دەركەوتووە، ڕێگای چارەسەر چییە؟
- جگە لە پسپۆرایەتییەكەم لەبواری دارایی گشتی و وەكو پەرلەمانتارێكیش لە لێژنەی دارایی پەرلەمان بەردەوام لە نزیكەوە بەدواداچوون و بەشداریی هەموو ئەو گفتوگۆ و دیدارانەشم كردووە، كە تایبەت بوون بە بابەتی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و شایستە داراییەكانی هەرێم، لەدوا دیداریشماندا لە لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەكانی (بوودجە و قەرزی گشتی و ژمێركاری) لە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بە چڕی گفتوگۆمان كرد، لەسەر بڕ و ڕێژەی جێبەجێكردنی بوودجەی ساڵی ڕابردوو و تەمویلكردنی پڕۆژە نوێ و بەردەوامەكانی وەبەرهێنان و كورتهێنانی بوودجە و هەمواری یاسای بوودجە و چەندین بابەتی دیكەی دارایی، بەتایبەتی بابەتی پشكی هەرێم لەناو بوودجە و مووچە.
بەپێی داتاكانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دەركەوتووە تاكۆتایی مانگی ١٢ی ٢٠٢٤ لە كۆی زیاتر لە ٨٩ تریلیۆن و ٧٤٣ملیار و ٢٠٣ ملیۆن دینار بۆ مووچە لە عێراق نزیكەی ١٠ تریلیۆن و ٧٣٨ ملیار و ٦٢٩ ملیۆن دینار بۆ تەمویلی مووچەخۆرانی هەرێم (فەرمانبەران + خانەنشینان+ چاودێریی كۆمەڵایەتی) خەرج كراوە، كە دەكاتە ڕێژەی (١١،٩٦٪) كۆی خەرجكراو بۆ مووچەی عێراق و (٦،٨٦٪) كۆی خەرجكراوی كرداریی بوودجە كە نزیكەی ١٥٦ تریلیۆن و ٥١٠ ملیار دینار بووە. بەم پێیەش بڕی تەمویلكراو بۆ مووچەی هەرێم لەساڵی ٢٠٢٤ كەمترە لە كۆی تەرخانكراو بۆ مووچەی هەرێم لە بوودجەی ٢٠٢٤ كە بە ١١ تریلیۆن و ٥٧٦ ملیار و ٥٢١ ملیۆن ٣٣٥ هەزار دینار خەمڵێنرا بوو لە كۆی زیاتر لە ٩٥ تریلیۆن دینار تەرخانكراوی بوودجە بۆ مووچەی هەموو مووچەخۆرانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٤.
* ئەوەی بەلای مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانەوە گرنگە. ئەوەیە چیتر مووچەكانیان دوا نەكەوێت و مووچەی مانگی 12یان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵەوە نەفەوتێت. ئایا ئەم لێژنەكاری و گفتوگۆ و دانوستاندنانە هیچ دەرئەنجامێكی دەبێت؟
- ئەمە پرسیاری نوێنەرانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بوو لە پەرلەمانی عێراق و تەئكیدمان لەسەر ناردنی مووچەی مانگی 12 كردەوە بەوەی دواكەوتووە، كەچی وەزیری دارایی عێراق دیسانەوە مەسەلەی ئینفاقی فیعلی بۆ هێناینەوە و پێی گوتین، ئەو بڕە پارەیەی لەچوارچێوەی بوودجە و شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان ناردوویانە، بەڵام بەپێی ئینفاقی فیعلیی حكومەتی فیدڕاڵی عێراق ناردوویانە، ئەمەش هەمان پاساو و كێشەی بەربەستی ساڵانێكە كە ئەوەی دیاری كراوە و لەناو خشتەكاندا هەیە هەمووی نانێردرێت، چونكە عێراق لەكۆی 211 تریلیۆن دینار تەنیا 156 تریلیۆن دیناری خەرج كردووە، بەمەش ئەوەی نێردراوە بۆ هەرێمی كوردستان تەنیا 7%ی بودجەكە بووە، لەكاتێكدا پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە لە 12،67%ـە. وەزارەتی دارایی عێراق بابەتی مووچەی بەدەرنەكردووە لە بابەتی ئینفاقی فعلی و پابەندی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی نەبووە. لەو كۆبوونەوەیەشدا لەگەڵ وەزیری دارایی نەگەیشتینە ئەنجام و تەنیا لێژنەیەك پێكهێنرا بۆ بەدواداچوونی بابەتی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.
* ئەگەر هەمواركردنەوەی ماددەی 12 لە بوودجەی گشتیی عێراق بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە تێچوونی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، بە شێوەیەكی ڕێكوپێك دەستكاریی بكرێت، تاچەند چارەسەری كێشەكانی بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان دەكات، بەتایبەتی كە بەشێك لە بەرپرسان و پەرلەمانتارانی نەیارانی كورد لە بەغدا، نەناردنی نەوتی هەرێمیان كردووەتە پاساو بۆ نەناردنی تەواوی مووچە و بوودجەی هەرێم؟
- رۆژی دووشەممە ڕێكەوتی ٢٠٢٥/١/١٣ بەپێی كارنامەی دانیشتنی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە وەرزی یەكەمی یاسادانانی ساڵی چوارەم خوێندنەوەی دووەم كرا بۆ هەمواری یاسای بوودجەی فیدڕاڵی ساڵی ٢٠٢٣ مادەی ١٢ بڕگەی دووەم/ج، كە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم. هەمواركردنەوەی ئەم ماددەیە گرنگیی زۆری هەیە، چونكە كۆتایی بەو كێشەیە دەهێنێت كە لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدڕاڵ و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان هەیە، كە دواجار كۆتایی بەو پاساو و بیانوویانەش دەهێنێت كە هەرێم بەشدار نییە لە داهاتی نەوتی. ئاشكرایە لەو بوودجە سێ ساڵەی كە لەساڵی 2023 لەپەرلەمانی عێراق پەسەند كرا و بە تێكڕا شەش دۆلار بۆ تێچوونی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق و هەرێمی كوردستان دانرا، هەرێمی كوردستانیش پابەند كرا بە بەرهەمهێنانی 400 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، كە دەبووایە لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی دەرەوە بكرایە، یان ئەو بڕە نەوتە بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ بەكار بێت. كێشەكە پێشتر لەوەوە دەستی پێكرد كە دیاریكردنی شەش دۆلار بۆ تێچوونی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەرێمی كوردستان لەلایەن كۆمپانیاكانی هەرێمەوە، جێگای ڕەزامەندی نەبوو، بۆیە كۆمپانیاكان ئامادە نەبوون بەو تێچوونە كەمە نەوت ڕادەست بكەن و هەناردەكردنەوە دەست پێ بكەنەوە، ئەمەش دوای ڕاوەستانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەساڵی 2023 كە زیانێكی گەورەی بە داهاتی عێراق و هەرێمی كوردستان گەیاندووە، تەنانەت ڕاوەستانی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن زۆر پەرلەمانتار و لایەنی سیاسی و هەر دوو وەزارەتی دارایی و نەوتی فیدڕاڵییەوە كرابووە پاساو و بیانوویەك بۆ دروستبوونی كێشەكان، گوایە ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت، بەڵام هەرێم هیچ بەشدارییەكی لە داهاتی گشتیی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵی نییە. لەم ڕوانگەیەوە بە هەمواركردنەوەی ئەو ماددەیەی ناو بوودجە لەپەرمانی عێراق و بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و دیاریكردنی 16 دۆلار وەكو تێچوونێكی سەرەتایی بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم تا ئەو كاتەی كۆمپانیایەكی بێلایەن لەماوەی دوو مانگدا تێچوونی ڕاستەقینەی كێڵگە نەوتییەكان لەهەرێمی كوردستان دیاری دەكات، ئەو كات ڕەنگە چیتر بیانوو بە هەرێمی كوردستان نەگیرێت و هەرێمیش بتوانێت لە داهاتە نەوتییەكانی بەشدار بێت لە داهاتی نەوتی فیدڕاڵی و گلەیی و گازندەكانیش لەسەر پشكی هەرێم نەمێنێت.
* وەكو پسپۆڕ و شارەزایەك كە لە نزیكەوە لە پرسەكانی ناكۆكیی نێوان هەرێم و بەغدا ئاگاداریت، ئایا ڕێگای چارەسەری ئەم پرسەی نەناردنی تەواوی مووچە و بوودجە چییە؟
- بێگومان چارەسەركردنی كێشەكان پێویستی بە یەكڕیزیی نێوماڵی كورد هەیە. چەند كورد یەكڕیز بووە، ئەوەندە لە بەغدا و لەلای نەیارانی بەهێز بووە و بەهێز دەبێت، ئەم یەكڕیزییەش بۆ گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن و ڕێككەوتنی نوێ لەگەڵ بەغدا زۆر گرنگە، تاوەكو لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا، كورد هەموو ماف و شایستە داراییەكانی خۆی بەدەست بهێنێت.