د. حەیدەر ئەللامی سەركردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بۆ گوڵان: كاریزمایەكی وەك بارزانی دەتوانێت ڕۆڵی باوكایەتی بۆ هەموو عێراق بگێڕێت و كێشەكان چارەسەر بكرێن

د. حەیدەر ئەللامی  سەركردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بۆ گوڵان:  كاریزمایەكی وەك بارزانی دەتوانێت ڕۆڵی باوكایەتی بۆ هەموو عێراق بگێڕێت و كێشەكان چارەسەر بكرێن

 

د.حەیدەرئەللامی، یەكێكە لە سەكردەكانی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، كە بەشێكە لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت كە حكومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی پێكی هێناوە، بۆ قسەكردن لەسەر سەردانە مێژووییەكەی ئەم جارەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ كۆی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە و بەشداربوونی لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و تەواوی لایەنەكانی سوننەش، ئەم دیدارەمان لەگەڵ د.حەیدەر ئەللامی سەركردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئەنجام دا.

 

* سەردانی ئەم جارەی سەرۆك بارزانی بە سەردانێكی گرنگ و مێژوویی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە لەقەڵەم درا، ئایا بایەخ و گرنگیی ئەم سەردانە لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟

- بایەخ و گرنگیی سەردانەكە لە بایەخ و گرنگی خاوەنەكەیەوە سەرچاوە دەگرێت، كە ئەویش بەڕێز مسعود بارزانییە، كە كەسایەتییەكی شۆڕشگێری زۆر گەورەیە و لەناو مێژوویەكی شەرەفمەند و پرشنگداردا لەدایك بووە، ئەم كەسایەتییە یەكێكە لەو كاریزمایانەی هەر لە سەردەمی ڕژێمی پێشووەوە هەتا ئێستاش كاریگەریی لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق هەبووە و هەیە.

ئەم سەردانە مێژوویی بوو، لەبەر ئەوەی خاوەنی سەردانەكە لە تەمەنی 16 ساڵییەوە چەكی كردووەتە شانی، تەمەنی هێندە لاو بووە وێنەكانی پیشانی دەدەن كاتێك بەڕێز مسعود بارزانی بووەتە پێشمەرگە، بڕنەوەكەی شانی لە باڵای خۆی درێژترە، بۆیە ئەم كەسایەتییە كارێزمایەكی گەورەی بۆ دروست بووە لەبەر ئەوەی هەموو ژیانی خۆی لە پێناوی ئازادكردنی عێراق و داكۆكیكردنی لە مافی گەلەكەی لە عێراق و جیهان تەرخان كردووە.

كارێزمای بەڕێز مسعود بارزانی كە كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر عێراق و ناوچەكە هەیە، لە ناو سیاسەتی جیهانیدا ڕێزێكی گەورەی بۆ خۆی مسۆگەر كردووە، ئەوجا سەردانی ئەمریكا بكات، یان كۆماری ئیسلامیی ئێران بەو پەڕی ڕێز و شكۆوە پێشوازی لێ دەكرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە كەسایەتی و كاریزمای بەڕێز مسعود بارزانی لەلای دوو دژ (ئەمریكا و كۆماری ئیسلامیی ئێران) وەك یەك ڕێزی لێ دەگرن، ئەمەش مانای ئەوەیە كاریزماكەی كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر عێراق و ناوچەكە هەیە.

* سەرۆك بارزانی دوای شەش ساڵ ئەمە یەكەمین جارە سەردانی بەغدا دەكات، ئایا ئەمە هەر سەردانێكی ئاسایی بوو، یان بارودۆخی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی پێویستی بەوە بوو، بارزانی لەم كاتەدا لە بەغدا ئامادەیی هەبێت؟

- هاتنی بۆ بەغدا لە دوای شەش ساڵ، من لە چەند پرسێكدا بەرجەستەی دەكەم:

1- بەڕێز بارزانی بارودۆخی ئێستای عێراق بەو شێوەیە سەیر دەكات كە لە ئێستادا گۆڕانگارییەكی فیسیۆلۆژی لە سیاسەتی عێراقیدا هاتووەتە ئاراوە و، ئەم گۆڕانكارییەش بووەتە هۆكاری ئەوەی كە كەسایەتی و سەركردەی تازە لە ماوەی ئەم شەش ساڵەی ڕابردوو لە ناو پرۆسەی سیاسیدا دەركەوتوون و ئێستا بڕیاربەدەستن، هەر بۆ نموونە لە ناوماڵی سوننەدا سەركردەی وەك (محەمەد حەلبوسی، خەمیس خەنجەر، ئەبومازن) ئەم سەركردانە كە تازە دەركەوتوون و ئێستا لە بڕیاری سیاسیی پێكهاتەی سوننەدا كاریگەرییان هەیە.

2- لە ناو ماڵی شیعەدا كۆمەڵێك كەسایەتی و سەركردەی تازە دەركەوتوون كە ئێستا پۆستی گرنگیان هەیە و پێش شەش ساڵ كاریگەریی ئێستایان نەبووە، بۆ نموونە بەڕێز موحسین مەندەلاوی كە جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانە و لە ئێستا بە وەكالەت سەرۆكی پەرلەمانە، هەروەها كۆمەڵێك پارێزگاری تازە دەركەوتوون وەك پارێزگارەكانی (بەسرە، كوت، كەربەلا) كە ئەمانەش پێش شەش ساڵ لە پرۆسە سیاسییەكەدا نەبووە.

3- خاڵێكی دیكە كە پەیوەندیدارە بە سەردانەكەی بەڕێز مسعود بارزانی، ئەو بارودۆخەیە كە ئێستا ناوچەكەی گرتووەتەوە، هەموو لایەك دەزانن عێراق لە ناو جەرگەی ئەو گەردەلوولەدایە كە ئێستا لە نێوان قەوارەی ئیسرائیل و كۆماری ئیسلامیدا بەڕێوە دەچێت، كە بە ڕۆكێت و درۆن لە یەكتری دەدەن، تۆمەتی گەورەش هەیە كە پەیوەندیدارە بە كوشتنی سەرۆك كۆماری ئێرانەوە، هەروەها ئەو وێرانكارییەی لەسەر دەستی قەوارەی ئیسرائیلی بەسەر غەززەدا هاتووە، لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە مقاوەمەی ئیسلامیی عێراقی بەشداریی كردووە لە كێشەی غەززەدا، هەموو ئەم ڕووداوانە سێبەری خۆی بەسەر عێراقدا سەپاندووە، بۆیە لەم بارودۆخەدا، بەتایبەتی كە بەڕێز موقتەدا سەدر خاوەنی 73 نوێنەر بوو لە پەرلەمانی عێراق لە پرۆسە سیاسییەكە دوور كەوتووەتەوە، بۆیە بارودۆخەكە پێوستی بەوە بوو، كاریزمایەك هەبێت بۆ ئەوەی كە ڕۆژگار خراپی كردووە تا بیهێنێتەوە سەر ڕێچكەی خۆی، ئەو كاریزمایەش بەڕێز بارزانی بوو بۆ ئەوەی ئامادەیی هەبێت و جووڵەیەك لە پرۆسەكەدا دروست بكات بۆ ئەوەی چارەسەرێك بۆ كێشە هەڵواسراوەكان بدۆزرێتەوە، بێگومان كۆمەڵێك كێشەی ئایندەیمان هەیە.

* دوای ئەم سەردانەی سەرۆك بارزانی، ئایا چارەسەر بۆ كێشەكان دۆزرانەوە، یان هەندێك كێشە هەر بە هەڵواسراوی ماونەتەوە؟

- ئەوەی بە هەڵواسراوی ماوەتەوە دوو پرسە، یەكەمیان نەبوونی سەرۆك پەرلەمانێكی سوننە كە دەبێت ئەمە چارەسەر بكرێت، دووەمیان ئەوەیە دوای هەڵبژاردنی پارێزگاكان هەتا ئێستا نەتوانراوە پارێزگاری كەركووك و دیالە دابنرێن.

* لەسەر ئاستی ناوچەكە كۆماری ئیسلامی هەڵبژاردنی ئەنجام دا و سەرۆكێكی نوێی لە جێی سەرۆكی پێشوو دانا، هەروەها لە چەند مانگی داهاتوودا لە ئەمریكا هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەڕێوە دەچێت، ئایا تاچەند ئەم پرسانە لە كۆبوونەكاندا بایەخیان پێ درا؟

- ئەمانە و چەند پرسی دیكە بە بایەخەوە هەڵوێستەیان لەسەر كرا، بەو حیسابەی ڕەهەندی ئەم پرسانە لە ئایندەدا كاریگەرییان دەبێت، بێگومان هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ كۆماری ئیسلامی و هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا كاریگەریی دەبێت و جارێ نازانرێ سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا (كۆماری یان دیموكراتی) دەبێت، هەروەها هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و لە ئێستا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە (كە لە وەرەقە سیاسییەكەی پێكهێنانی حكومەتی سوودانی) هاتووە، هەموو ئەمانەش پرسی گرنگن، بۆیە ئەم پرسانە هەموویان پێویستیی بە بەشداریی كاریگەری بەڕێز بارزانی هەبوو كە لەو كۆبوونەوەدا ئامادە بێت.

* تا چەند دید و تێڕوانینی سەرۆك بارزانی وەك نەخشەیەكی ڕێگە بۆ چارەسەری كێشەكانی عێراق، لایەنە سیاسییە جیاوازەكانی عێراقی لە دیدێكی هاوبەشدا بۆ هەنگاوهەڵگرتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان كۆ كردەوە؟

- بەڕێز بارزانی بە جیا لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و سەركردەكانی سوننە كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەكانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا جارێكی دیكە لەسەر جێبەجێكردنی ئەو وەرەقە سیاسییە جەخت كرایەوە، كە حكومەتی ئێستای عێراقی لەسەر پێك هاتووە، هەروەها لەگەڵ سەركردەكانی مقاوەمەی ئیسلامیی عێراقی كۆبووەوە، كە ئەمەیە لۆژیك و كاریزمای بارزانی بە گەورەیی وێنا دەكات. لێرەدا دەخوازم ئاماژە بە دیدارێك بكەم كە خۆم لەگەڵ بەڕێز بارزانی هەمبووە، جارێك لەگەڵ بەڕێز بارزانی گفتوگۆمان دەكرد سەبارەت بە سەرخستنی پرۆسەی سیاسیی عێراق و وەلانانی ڕق و كینەی ڕابردوو بۆ تۆڵەسەندنەوە، بەڕێز بارزانی بە دەق پێی گوتم: «لە سەرەتای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی بەعس، پێم گوتن كێ لە هەمووان زیاتر دوژمنایەتیی كورد و بارزانییەكانی كردووە، پێیان گوت فڵان كەس، ئەوە یەكێك بوو لە ئەمنەكانی سەدام، بەڕێز بارزانی پێی گوتم: «من چووم سەردانی ئەو كەسەم كرد لە ماڵەكەی خۆی و لە ناو ماڵەكەی نانم خوارد و لەسەر نانەكە پێم گوت: ئەم نانەی لەم ماڵەدا دەیخۆم، وەك ئەوەیە گۆشتی نەتەوەكەی خۆم بخۆم، بەڵام من دەمەوێت هاوسەنگی ڕابگرم، تا هەموومان پێكەوە بتوانین بە ئاشتی لەم نیشتمانەدا بژین». سەیری گەورەیی ئەم لۆژیك و لێبوردەییەی بەڕێز بارزانی بكەین، ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە ئەمە دید و تێڕوانینی ڕابەرێكە كە متمانەی بە خۆی هەیە. دید و تێڕوانیی كاریزمایەكە كە توانای ئەوەی هەیە گەلەكەی پێكەوە كۆ بكاتەوە، هەر بۆیە كاتێك لەگەڵ سەركردەكانی مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق كۆ بووەوە، سەرباری ئەوەی مقاوەمەی ئیسلامی پێشتر بە ڕۆكێت و درۆن هێرشیان كردبووە سەر هەرێمی كوردستان، ئەم لێبوردەییەی بەڕێز بارزانی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەم ڕابەرە توانای كۆكردنەوەی هەمووانی هەیە، بۆیە كاتێك كاریزمایەكی وەك بەڕێز بارزانی هەبێت، ئەوا كێشەكان بەبێ چارەسەر نامێننەوە، ئەوەی باسم كرد تەنیا پوختەیەكی سەردانەكەی بەڕێزیان بوو. لەم سەردانەدا بەڕێز بارزانی توانی بارودۆخەكە بە جۆرێك وەربچەرخێنێت كە تەنانەت دید و تێڕوانینی ئەو خەڵكانەش بگۆڕێت كە پێشتر بە نەرێنی قسەیان لەسەر دەكرد، ئەوان لەم سەردانەدا وێنەی ڕاستەقینەی بەڕێز بارزانییان بینی كە چ توانایەكی كۆكردنەوە و دید و تێڕوانینێكی باوكانەی هەیە بۆ كۆكردنەوەی هەمووان، ئێمە گەیشتینە ئەو قەناعەتەی كە ئەم كەسایەتییە دەشێت ببێتە باوكی عێراق و ناوچەكە.

* ئایا دوای ئەم سەردانە، ئومێدێك دروست بووە كە هەموو عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بەرەو قۆناغێكی نوێ هەنگاو هەڵبگرن و ئاستەنگەكان نەمێنن؟

- ئەوەی پێی دەڵێن ئاستەنگ، من بە جۆرێكی دیكە دەڵێم كە پێشتر سەرەتایەكمان نەبوو بۆ دەستپێكردنی چارەسەركردنی هەموو كێشەكان، بەتایبەتی لە (جێبەجێكردنی ماددەی 140، ڕێككەوتنی شنگال، پرسی تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، پرسی نەوت وگاز و...هتد) ئەم پرسانە كێشەی ڕاستەقینە نین و، هەریەك لەم پرسانە چەندین چارەسەریان هەیە، چارەسەركردنی ئەم كێشانە پێویستی بە لێژنەیە، بەڵام گرنگە ئەوەی سەرۆكایەتیی ئەم لێژنەیە دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان جێگەی متمانەی بەڕێز بارزانی و هەرێم بێت، هەروەها جێگەی متمانەی حكومەت و پەرلەمانی عێراقی بێت و، بتوانێت بە شێوەیەكی ئاسان ئەم كێشانە چارەسەر بكات و چارەسەركردنی ئەم كێشانەش هەمووی خزمەتی بەرژوەندیی گەلانی عێراق دەكات.

لەلایەكی دیكە خەمەكانی بارزانی تەنیا دابینكردنی مافەكانی گەلی كوردستان نییە، بەڵكو لە دیدارێكمدا لەگەڵ بەڕێزیان هەستم كرد یەكێك لە خەمە گەورەكانی نەبوونی ئەو خزمەتگوزارییانەیە لە باشووری عێراق و هاووڵاتیان بەدەست نەبوونی ئەو خزمەتگوزارییانەوە دەناڵێنن، بۆیە دیدوتێڕوانینی بەڕێز بارزانی دیدوتێروانینێكی باوكانەیە بۆ هەموو عێراق و دەیەوێت برایەتیی نێوان كورد و عەرەب پتەوتر بكات، ڕیفۆرم لە هەموو عێراقدا سەركەوتوو بێت و ژیانێكی شایستە بۆ گەلەكەمان دابین بكەین، مێژووش ئەمەی سەلماندووە كە بەڕێز بارزانی لە زۆر پرسی هەستیاری عێراقدا جێ پەنجە و كاریگەریی خۆی جێ هێشتووە.

Top