ئەم یارییە گرفتی زۆرە

ئەم یارییە گرفتی زۆرە

بنار عەباس یاریزانی بەرزكردنەوەی قورسایی گەرمیان

ئەم یارییە گرفتی زۆرە
لە ناحیە و قەزا و ئیدارە سەربەخۆییەكانی كوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاستی یارییە جۆراوجۆرەكانی وەرزشی خواستی لە سەر زیاتر دەبێت، یارییەكانی هێزی لەش و و لەشجوانی و زوومبا و ئایۆبیك بۆتە یەكێك لەو یارییانەی كە خانمان بە رێژەیەكی بەرچاو ڕوو لەم یارییە دەكەن. بۆ ئەوەی هەم حەز و خولیاكانیان بەجێ بهێنن، هەمیش ببنە خاوەن لەش ولارێكی رێك، جگە لەوەی یاری هێزی لەش كە یارییەكی زیاتر بەرزكردنەوەی قورساییە لە ئێستادا لە پەرەسەندن دایە و ئافرەتانیش بە شێوە یەكی زیاتر لە جاران ڕوو لە وەرزشەكە دەكەن، لە قەزای كەلاری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆیی گەرمیانیش كۆمەلێك كچە یاریزان خولیای بەرزكردنەوەی قورسایی دەكەن و دەیانەوێ ڕكابەری سەرجەم تیپەكانی كوردستان بكەن، چەندین یاریزانی بەتواناش چاوەڕوانی پاشەڕۆژێكی باشیان لێ دەكرێت، یەكێك لەم كچە یاریزانانەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لە سەر ئاستی ئیدارەی سەربەخۆیی گەرمیان ئەویش بنار عەباس-ە ،ناوبراو توانی پلەی یەكەمی لە سەر گەرمیان بەدەست بهێنێت لە پاڵەوانیەتی یان و هۆڵەكانی گەرمیان ، ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2008ی كەلارە و ئێستا بۆ هیچ یانەیەك یاری ناكات تەنیا وەكو یاریزان بۆ هۆڵ بەشداری پاڵەوانیەتیەكان دەكات، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان لێكرد سەبارەت بەم وەرزشە، ئەویش وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
*چۆن بوو بڕیارت دا بێتە نێو دونیای هێزی لەش و هەڵگرتنی قورسایی؟
- خولیا و ئارەزووی خۆم بوو، خەونێكی منداڵیم بووە ئەم یارییە.
*هەست ناكەی وەرزشێكی قورست هەڵبژاردوە كە ئاسنە؟
- نەخێر هیچ هەست بە قورسایی ناكەم بە پشتگیری كاپتنەكەم زیاتریش دەڕۆمە پێش
*بۆچی یاری هێزی لەش لە ئاستی پێویستدا نییە؟
- چونكە بەشێك لە خانمان گرنگی بەم وەرزشە نادەن و بە پێویستی نازانن.
*هەست ناكەی ئەم وەرزشە بە شێوەیەكی باش پێشوازی لێ نەكراوە بە تایبەت بۆ كچان؟
-بەدڵنیاییەوە ڕاستە، چونكە هیچ بەرەوپێشچوونێك نەبووە، ئەگەر هەوڵیش بدرێ و كاری بۆ بكرێ بەدڵنیاییەوە باشتر دەبێت.
*ئاستی ئەم یارییە چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- لە ئێستادا باشە و ئەگەر كاری لەسەر بكرێ هەم لەلایەن وەرزشوانان و یەكێتی بەرزركردنەوەی قورسایی بە شێوەیەكی باش ژمارەیەكی زۆر خەڵكیش ڕوو لەم یارییە دەكەن، پێویستە لەلایەن بەرپرسانی وەرزشی كاری جدی بۆ بكرێت.
*چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی ئافرەتی وەرزشكار بۆ نێو ئەم یارییە؟
- پەرەپێدانی زیاتر و گرنگیدانی زیاتر بۆ ئەم یارییە دەبێتە هۆكار بۆ ئەوەی بەشێكی دیكەی خەڵكی جۆراو جۆر ڕوو لەم وەرزشە.
*بەرنامەت چیە وەكو كچە یاریزانێك بۆ داهاتوو؟
- هەوڵ دەدەم زیاتر پەرە بەتواناكانی خۆم بدەم و ئاستی خۆم بەرز بكەمەوە و لە پاڵەوانیەتیەكانی داهاتوودا ئەنجامی دڵخۆشكەر بەدەست بهێنم.
*بۆچی بۆ هیچ یانەیەك یاری ناكەی؟
-تەنها بۆ هۆڵەكەی خۆمان یاری دەكەم، لە ئێستادا توانیومانە تیپێكی بچووك و بەهێز دروست بكەین.
*گرفتی ئەم وەرزشە لە چی دەبینی؟
- ئەم یارییە گرفتی زۆرە، چونكە یاریزان پێویستی بە توانای دارایی و مەشقی بەردەوام و شوێنی شیاو هەیە.
*خەونی وەرزشیت چیە؟
- بتوانم لە هەموو یارییەكانی بەرزكردنەوەی قورسایی سەركەوتووبم و بگەمە ئاستێكی باشتر.
*یانەكان گرێبەستیان پێشكەش نەكردووی؟
- بەلێ بۆم هاتووە لە چەند یانەیەك.
*بڕیارت نەادوە بەشداری پاڵەوانێتیەكی نێودەوڵەتی بكەی؟
- ئامادەكاری دەكەم بۆ ئەوەی لە پاڵەوانێتیەكی گەورە بەشداری بكەم.
*هەوڵی گەیشتنت بە هەڵبژاردەی عێراق نەداوە؟
-هەموو هەولێك دەدەم بۆ ئەوەی بگەمە ریزی هەڵبژاردەی خانمانی عێراقی، لە سەر ئاستی ئیدارەی سەربەخۆیی گەرمیانیش پلەی یەكەمم بەدەست هێناوە لە داهاتوو هەوڵی جدی تر دەدەم.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ پاڵپشتی وەرزشكاران لە تەواوی كوردستان، بەهیوای ئەوەم بتوانم ئەنجامی باشتر بەدەست بهێنم.

Top