شێخ عەبدولڕەحمان ئەلجزائیری ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا: ڕەوت و حزبی عێراقی هەن كە ئێستا لە دەسەڵاتدان، لەوانەیە سیاسەتیان لە سیاسەتی دەوڵەتانی دراوسێ جیاواز نەبێت
شێخ عەبدولڕەحمان ئەلجەزائیری ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایە، كە ئەم هاوپەیمانییە بەشێكی گرنگە لە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە و هەروەها بەشێكی گرنگیشە لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت كە كابینەكەی محەمەد شیاع سوودانیی پێكهێناوە. ئەم سیاسەتمەدارە عێراقییە پێشتر سەرۆكی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا بووە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و یەكێكە لەو كەسایەتییە دیارانە كە قسەكانی هەڵوەستەی لەسەر دەكرێت، بەردەوامیش لە ڕێگەی كەناڵە ئاسمانییە عەرەبی و عێراقی و كەناڵەكانی هەرێمی كوردستان ڕا و بۆچوونەكانی بڵاو دەكرێتەوە. لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆ (مامەڵەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕووداوەكانی عێراق و ناوچەكە) بەم جۆرە بیرو بۆچوون و پێشنیار و ڕاسپاردەكانی خۆی و هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی خستە ڕوو».
بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان
برا خۆشەویستەكانی نیشتمان، بە ناوی خۆم و سەرجەم سەركردەكانی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا سڵاوی بەڕێز نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاساتان پێ ڕادەگەیەنم و زۆر سوپاس بۆ بانگهێشتەكەتان بۆ ئەم كۆنگرەیە.
ناونیشانی ئەم گفتوگۆیە «مامەڵەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕووداوەكانی عێراق و ناوچەكە» ناونیشانێكی سەركەوتووە. ئەم ناونیشانە ماناكەی چەمكی دیموكراتی لەخۆی دەگرێت لە كوردستانی خۆشەویست و هەروەها ماناكەی دیموكراتی بۆ هەموو عێراق لەخۆی دەگرێت.
لە ڕاستیدا ئەوەی ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان هەنگاوی بۆ هەڵگرتووە بۆ گوێگرتن لەڕای بەرانبەر، دەبێتە ئاراستەیەك و سوودێكی گەورەی دەبێت، ئەمە باشترین بەڵگەیە بۆ ئەم كرانەوە پێگەیشتووەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان بەخۆیەوە دەبینێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی و جێگەی ڕەزامەندی گەلی كوردستان دەبێت، كە لە ڕاستیدا لەوانەیە پێشتر لەم كارەدا سەركەوتوو نەبووبێت.
من زۆر ڕاشكاوانە قسەكانی خۆم دەكەم، ئەمەش بەو مانایەی سیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو حزبانەی هاوبەشن لەگەڵی جیاواز بووە، ئەمەش ئاماژەی زۆر گەورەمان پێ دەدات، تێبینیمان كردووە، جارێك لەگەڵ ستراتیژیەتی دەرەوە و گۆڕانكارییەكان لەناو تەنگژە لە ناكاوەكانی واقیعی عێراقدا، پاشان دەرهاویشتە و هەڵسەنگاندن و دیراسەكردن.
ئەمڕۆ ئێمە لەم دانیشتنەدا كە گفتوگۆی ئەم بابەتە دەكەین لەگەڵ كەسوكاری خۆمان، بە دانیشتنێكی مێژوویی لە قەڵەم دەدەم. سوپاسی خۆم بۆ برایانم لە مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دووبارە دەكەمەوە، لەبەر ئەوەی بوونی ئێمە لێرە مانای ئەوەیە مەبەستیانە سوود لە بیروبۆچوونەكانمان وەربگرن كە دەیخەینە ڕوو، كە ئەمەش ڕاستییەكی قووڵ و خەمی هاوبەشمانە بۆ ئەوەی ئەو بیروبۆچوونانە بخەینە ڕوو كە خزمەتی ڕەهەندەكانی نەتەوەیی، هەرێمی، ئاسایش و ئابووری دەكات، ئەمە سەرباری ئەوەی خزمەتی سیاسەتی پەیوەندیدار بە كوردستانی عێراق دەكات.
ئێمە سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بە سەقامگیریی عێراق دەزانین، هەرگیز پێمان وا نییە پێچەوانەكەی ڕاست بێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هەرگیز سەقامگیری لە عێراقدا بوونی نابێت هەتا حكومەتی هەرێمی كوردستان سەقامگیر نەبێت، ئەم سەقامگیرییەی هەرێمی كوردستان لەژێر سایەی پارتی دیموكراتی كوردستان دێتەدی كە بە سەركەوتوویی هەنگاو هەڵدەگرێت، بە بەڵگەی ئەوەی سیاسەتێكی پێشكەوتووی بەرز پیادە دەكات، كە ئەویش ستراتیژیەتی هزری میانڕەوە، ئەم هزرە میانڕەوییە ئێستا لە سیاسەتی ئەم پارتە بەرانبەر بە جەماوەرەكەی بوونی هەیە، ئەمەش كاریگەرییەكەی زۆر بەرچاوە لەسەر تمووحی هاووڵاتیانی كورد، هەروەها بە ڕووی ئاسۆكانی ئازادی و فرەیی ئایینی كراوەتەوە كە زۆر دوورە لە ئایدیۆلۆژیەتی حزبایەتی.
هەر لە ساڵی 2003وە كە پەیوەندییەكان سەقامگیرییان بە خۆیەوە بینی، وێڕای ئەوەی هەندێك هەڵوێست بوونە هۆكاری دروستبوونی كێشە و، سەرجەم ئەو ئالنگارییانەی ڕووبەڕووی سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق بوونەوە، بەڵام بە درێژایی ئەم مێژووە، ئێمە توێژینەوە و ڕاپرسیمان كردووە، لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق چاودێریی توێژینەوەی سەنتەرە ئەوروپی و جیهانییەكانیشمان كردووە، هەموو ئەمانە دەریانخستووە كە:
- هەرێمی كوردستان بەراورد بە ڕابردوو زۆر زۆر گۆڕاوە.
- ئەم گۆڕانكارییە بەرهەمی پیادەكردنی دێپلۆماتیەتێكی بەرزە لەم هەرێمە لەسەر ئاستەكانی ژیاری و بنەڕەتی كە بووەتە هۆی دامەزراندنی بناغەیەكی پتەو لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا.
- هاوكاری و تێگەیشتنە سیاسییەكانی سەركردایەتیی پارتی، هێزی بەخشیوە بە هاووڵاتیانی كورد كە لەژێر سایەی حكومەتێكی بەهێزدا ژیان بەسەر دەبەن و، ئامانجەكانی ئەم حكومەتە بووەتە هاندەر بۆ پەرەپێدانی ئابووری و ژیانێكی كامەران.
- نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت كە «هێزی نەرم» بە زانست و ڕۆشنبیریی جیهانی دروست دەكرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بایەخێكی هێجگار گەورەی بەم بوارە داوە. ئەمە بە دیپلۆماتیەتێكی بەرز لە قەڵەم دەدرێت. من لە بەرواری 3ی تشرینی دووەمی 2021 و لە مەراسیمی دەرچووانی زانكۆی كوردستان لە هەولێر بووم. بەڕێز مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گوتارەكەیدا گوتی «دەبێت لاوەكانمان ڕۆڵێكی پێشەنگ لە بەدیهێنانی پلانە ستراتیژییەكان و بەرنامەكانی حكومەت بگێڕن، لەبەر ئەوەی ئەوان بزوێنەر و خاوەنی ئەم نیشتمانەن. ئەم بایەخدانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بەرزكردنەوەی ئاستی زانكۆكان و فرەكردنی پسپۆڕییەكان، بایەخدانێكی دیپلۆماتیی بەرزە، كارێكی زۆر پێویستە و وێنەی كوردستان جوانتر دەكات.
سەبارەت بە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی كە دكتۆر كەمال كەركووكی ئاماژەی پێكرد، بەتایبەتیش ئەو كێشانەی كە هەرێم بە دەستیانەوە گرفتارە، بەڕاستی دەمەوێت ئەوەتان پێ بڵێم، لەوانەیە ستراتیژیەتێك هەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و من ئەو هەوڵانە دەبینم، بەڵام گرفتی سەرەكیی هەرێم ئەوەیە كە لەم هەرێمە نووسینگەیەك نییە بۆ چارەسەری تەنگژەكان هاوكاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات. ئەمەش خاڵە گەوهەرییەكەیە.
لە ئێستا لەوانەیە هەرێم چەندین كێشەی بە هەڵواسراوی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی مابێت، ڕۆژانە ئەم كێشانە لە ڕاگەیاندن و لەلایەن سیاسەتمەدارنەوە دەخرێنەڕوو، گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت، بەڵام دەمەوێت پێتان بڵێم، من ئێستا بەشێكم لە پرۆسەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە، لەڕاستیدا پێش بێم بۆ ئەم كۆنگرەیە، من لەگەڵ بەشێك لە سەركردەكان قسەم كردووە، دەزانم میكانیزم و پێشوازی لەو هەوڵانە دەكرێت كە مەبەستیانە ئەم بەستەڵەكەی نێوان هەرێم و بەغدا بتوێتەوە.
پێموایە هەرێمی كوردستان پێویستی بەوەیە و هیوا دەخوازم ئەم پێشنیارە لای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان تۆمار بكرێت، دووبارە چاو بگێڕێتەوە بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێی، ئەمە پرسێكی هێجگار گرنگە و ڕەنگدانەوەی لەسەر بارودۆخی سیاسیی عێراقی دەبێت و، ئەمەش خاڵێكی گەوهەرییە.
من ئەمڕو لەم هۆڵە بە ڕاشكاوی قسە دەكەم، بەڵام دەبێت ئەوە بزانن كە ڕەوت و حزبی عێراقی هەن كە ئێستا لە دەسەڵاتدان، لەوانەیە سیاسەتیان لە سیاسەتی دەوڵەتانی دراوسێ جیاواز نەبێت.
ڕێز و ستایشم بۆ سیاسەتی ئێستای پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە، بەڵام فاكتەری هاوبەش لە نێوان دووبارە چاوخشاندنەوە بە پەیوەندییەكان لەگەڵ هەردوو دەوڵەتی دراوسێ (توركیا و ئێران) جیاواز نییە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ناوچەی كەنداوی عەرەبی، ئەمەش زۆر گرنگە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا هەولێر دەبێتە سەرچاوەی ئابووری بۆ عێراق، لە ئێستا پڕۆژەی ستراتیژی ڕێگاوبان هەیە، ئومێد هەیە لە قۆناغی داهاتوو هێڵی دووەمی ئەم ڕێگە ستراتیژییە لە هەولێر بێت.
لەم كۆنگرەیەدا، كێشە و بۆچوونی زۆر خرانە ڕوو، بەڵام من ئومێدی ئەوە دەخوازم ئەم كۆنگرەیە ڕاسپاردەی بەسوودی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان خستبێتەڕوو، گرنگترین دەرهاویشتەی ئەم كۆنگرەیە كە دەبێتە كلیلی سەرەكی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان «زمانی گفتوگۆ»یە. من ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتیی بەشێك لە حكومەتی عێراق و هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لێرەم و پێش هاتنم بۆ ئێرە ئاگادارم كردوونەتەوە كە من دەچم بۆ هەولێر بۆ كۆنگرەیەك كە برایانی پارتی دیموكراتی كوردستان رێكیان خستووە و لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان گفتوگۆ دەكەین. ئێمە ئامادەین ببینە بەشێكی سەرەكی بۆ چارەسەر، بێگومان بەشێك لەگەڵ بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی و سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان. وەك پێشنیاریش دەخوازم ئەم پێشنیارانە بخەمە ڕوو:
- پرسی كاراكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار زۆر زۆر گرنگە.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئێستا كێ نوێنەرایەتی ئەم نەتەوەیە (نەتەوەی كورد) لە عێراقدا دەكات؟ بێگومان سەرۆكی كۆمارە، بەڵام من پێموایە لە بەغدا و پارێزگاكان و هەرێمی كوردستان ڕۆڵی سەرۆكی كۆمار دیار نییە، بۆیە گرنگە هەرێم بیرێكی جددی لە كاراكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بكاتەوە. سەرەنجام سەرۆك كۆمار لە ئێستادا نوێنەرایەتیی هەموو عێراق دەكات.
- چۆن كێشەكانی ئێستامان چارەسەر بكەین؟
چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە و هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت «وەرەقەیەكی سیاسی» لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئیمزا كردووە، كۆپییەكی ئەو وەرەقەیەم هێناوە و بەشداربووانی ئەم كۆنگرەیە دەتوانن سەیری بكەن. دەمەوێت ڕاشكاوانە بڵێم هەموو ئەو كێشانەی كە باس كران، هەمووی لەو وەرەقە سیاسییەدا تۆمار كراون و ڕێككەوتنی لەسەر كراوە، بەڵام دووبارەی دەكەمەوە كە زۆر گرنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان لاپەڕەیەكی تازە لەگەڵ هەردوو دەوڵەتی دراوسێ (ئێران و توركیا) بكاتەوە، بۆ ئەوەی ئەو گرژییانە كۆتایی بێت و دەرگای گفتوگۆیەكی جددی لەگەڵ بەغدا بكاتەوە و دڵنیام برایانی ئێمەش پێشوازی لێ دەكەن.
- سەبارەت بە ماددەی 140 كە زۆر باس كرا، دەمەوێت زۆر بە ڕاشكاوی پێتان بڵێم كە نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق خۆیان كەمتەرخەمن لە كاراكردنەوەی ئەم ماددە دەستوورییە، جێبەجێكردنی ماددەی 140 بەشێكی گرنگە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی دیالە، كەركووك، باكووری مووسڵ و گرنگە ئەم كێشانە بە هاوبەشیی برایانی كورد چارەسەر بكرێن.
ئەوەی ماوەتەوە كە دیسان جەختی لەسەر دەكەمەوە، ئەوەیە كە زۆر گرنگە بەردەوام لەم جۆرە كۆنگرانە گرێ بدرین بۆ ئەوەی بیروبۆچوونی زیاتر بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بخرێتە ڕوو. ئێمە دەستمان كراوەیە بۆ ئەوەی دەستمان بۆ درێژ دەكات، ئەمەش تەنیا لەگەڵ هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا نا، بەڵكو دەوڵەتی یاسا بەشێكە لە حكومەتی سوودانی جیا ناكرێتەوە، سەرەنجامیش لەسەر ناوەرۆكی ئەم كۆنگرە گرنگە ڕاپۆرتێكی تەواو پێشكەشی نووسینگەی سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سوودانی دەكەم.