قۆناغێكی نوێ لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا .... ئاكامەكان و ڕێژەی بەرزی بەشداریی هاووڵاتیان لە هەڵبژاردنەكاندا
هەڵبژاردنەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە لە 20ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2024 بە سەركەوتوویی بەڕێوەچوو، لەبەر ڕۆشنایی ئاكامە بەراییەكان و ڕێژەی بەشداریی هاووڵاتیاندا كە 72%ی تێپەڕاندووە، لە ژینگەیەكی سیاسی و یاسایی ئەوتۆدا بەڕێوە چوو كە زۆر جیاواز بوو لە هەڵبژاردنەكانی پێنج خولەكەی پێشووی پەرلەمان و، لە كاتێكدا بوو كە پەرلەمانی كوردستان و كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێم، بە بڕیارێكی دادگای فیدڕاڵیی عێراقی هەڵوەشێندرابووەوە و بە هەمان بڕیار دەستكارییەكی زۆری «یاسای هەڵبژاردنەكان»ی هەرێمی كوردستانیش كرابوو. لە ناو ئەم واقیعەدا ئیرادەی گەلی كوردستان چەند پەیامێكی گەیاندە هەموو حزبە سیاسییەكانی بەشداربوو، كە گرنگە بە وردی هەڵوەستەی لەسەر بكرێت و ڕێز لەو ئیرادە گەورەیە بگیرێت كە نایەوێت سازش لەسەر چارەنووسی دامەزراوە شەرعییەكانی قەوارەی هەرێمی كوردستان بكرێتەوە، كە لێرەدا بەچەند خاڵ ئاماژەیان پێ دەكەین:
• ئاستی بەرزی بەشداریی هاووڵاتیان ئەو پەیامە بوو كە خەڵكی كوردستان دەنگی بە ئایندە و چارەنووسی هەرێمی كوردستان داوە، بەشداریی هەڵبژاردنی كردووە و چووەتە سەر سندووقەكانی دەنگدان بۆ ئەوەی ئەو پەرلەمانەی كە «بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانانە» لە وڵاتدا بە یاسایەكی دادگای فیدڕاڵی پەك خراوە، دەیەوێت بە ئیرادەی خۆی بونیادی بنێتەوە.
• بەشدارییان كرد و دەنگیان دا بۆ ئەوەی پەرلەمانی كوردستان دەست بكاتەوە بە پرۆسەی یاسادانان، ڕاستكردنەوە و دووبارە هەمواركردنەوە و داڕشتنەوەی ئەو یاسایانەی كە كۆمیسیۆنی سەربەخۆی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی پەك خستووە و دووبارە ئەم كۆمیسیۆنە بونیاد بنرێتەوە.
• ئاپۆڕای جەماوەر لە بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنی ئەمجارە، ئەو پەیامە بوو بە هەموو لایەكیان ڕاگەیاند، كە ڕێگە نادەن پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان نەتەوە و ئایینەكانی كوردستان بۆ بەرژەوەندیی حزبە سیاسییەكان بشێوێندرێت، دەبێت پێكەوەژیانی ئاشتییانە كە سیمای گەشی هەرێمی كوردستانە لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان، وەك خۆی بمێنێتەوە و ئەو تابلۆ جوانە نەشێوێندرێت.
• بەشداریی فیستیڤاڵئاسای هاووڵاتیان لەم هەڵبژاردنەدا پێی گوتین: چیتر خەڵكی كوردستان قبووڵ ناكەن ئەم هەرێمە خاوەنی «دەستوور»ی خۆی نەبێت، دەبێت لەم خولەی پەرلەماندا دەستوور بنووسرێتەوە و ئەو دەستورە ببێتە چوارچێوەیەك كە لە كوردستاندا تەنیا «یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حكومەت، یەك هێزی پێشمەرگە» هەبێت.
حزبەكانی كوردستان ئەگەر بەوەفا بن بۆ ئاستی بەرزی بەشداریی هاووڵاتیان لە هەڵبژاردنەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، فەرز دەبێت لەسەریان ملكەچی ئیرادەی سندووقەكانی دەنگدان بن و لە ماوەیەكی كورتدا هەم هاوپەیمانی بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەم پێك بهێنن و هەمیش هاوپەیمانی بۆ پێكهێنانی ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز لە پەرلەماندا دروست بكەن.
لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، مەحەكی شەرعییەتی دروست بۆ حوكمڕانیی تەندروست ئاستی بەرزی بەشداریی هاووڵاتیانە، لە پرۆسەی هەڵبژاردندا كە ئاستی بەشداریی هاووڵاتیان زۆر بەرز بێت، كەم تا زۆر حزبەكان گلەییان لە قەبارەی ڕاستەقینەی خۆیان دەبێت، بۆیە گرنگە بەرزتر سەیری پرۆسەكە بكەن و گەشبین بن بەوەی گەلی كوردستان كۆی پرۆسەی هەڵبژاردنی بردووەتەوە .
لە سیستمی نوێنەرایەتیی ڕێژەییدا هاوپەیمانیەتی بەهێزی حزبە سیاسییەكان مەحەكە
لە سیستمی حوكمڕانی كە تیایدا نوێنەرایەتی ڕێژەییە، سەقامگیریی «سیاسی و حوكمڕانی» لە پرۆسەی سیاسیی وڵاتدا پەیوەستە بە ئاستی لیكتێگەیشتن و هاوپەیمانیی نێوان ئەو حزبە سیاسییانەی كورسیی پەرلەمانیان بەدەست هێناوە، ئەم هاوپەیمانییەش دەكرێت لە نێوان چەند حزبێكی براوەدا بێت بۆ پێكهێنانی حكومەت، هەروەها دەكرێت لە نێوان چەند حزبێكی براوەدا بێت بۆ پێكهێنانی ئۆپۆزسیۆنێكی بەهێز.
سرووشتی سیستمی حوكمڕانیی ڕێژەیی، بەتایبەتی كە هیچ بەربەستێك بۆ حزبەكان نەبێت بۆ گەیشتنیان بە پەرلەمان، بە شێوەیەكی گشتی سەقامگیریی پەرلەمانی تا ڕاددەیەك شلۆق دەكات و بەو سەقامگیرییە پەرلەمانییە بەراورد ناكرێت، كە لە سیستمی بازنەیی هەیە، كە تەواوی بازنەكە بۆ ئەو لایەنە ساغ دەبێتەوە، كە زۆرینەی دەنگی ئەو بازنەی بەدەست هێناوە، هەر بۆیە بۆ دانانی بەربەستێك بۆ ڕێگرتن لەو سەقامگیرییە شلۆقە و بۆ ئەوەی ژمارەی نوێنەری حزبەكان لە ناو پەرلەماندا جڵەوگیر بكرێت، ڕێژەیەك دادەنرێت وەك بەربەستێك بۆ ئەوەی هەر حزبێك ئەو بەربەستە تێنەپەڕێنێت، ناتوانێت كورسیی پەرلەمان بەدەست بهێنێت. لە ئێستای سیستمی هەڵبژاردنەكانی دەوڵەتی توركیادا كە دراوسێمانە بەربەستەكە بە 10% دیاری كراوە و، لای ئێمە لە هەڵبژاردنەكانی ئایاری ساڵی 1992 بەرەی كوردستانی ڕێژەی 7%ی دیاری كردبوو.
لە خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستانەوە كە تا ڕاددەیەك ڕێككەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەهۆی جیابوونەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە یەكێتی، كەلێنێكی گەورەی تێكەوت، سەقامگیریی پەرلەمانیش لە ناو پەرلەمانی كوردستاندا تا ڕاددەیەك بەرەو ناسەقامگیری چوو، هەر بۆیە لە كابینەی شەشەم و حەوتەمی هەرێمی كوردستاندا نە حكومەت توانی وەك ئەوەی دەیویست بەرنامەكەی خۆی جێبەجێ بكات، نە پەرلەمانیش توانی بە سەركەوتوویی ئەو ڕۆڵە گرنگەی خۆی لە چاودێریی ئەدای حكومەت و لێپرسینەوە لە ئەندامانی كابینەكان پیادە بكات.
لە كابینەی هەشتەمدا بۆ ئەوەی دووبارە سەقامگیریی پەرلەمانی بۆ كاری پەرلەمانی كوردستان بگێڕێتەوە، هەوڵ درا هاوپەیمانیەتییەكی بەهیز لە نێوان ئەو پێنج لایەنە (پارتی، گۆڕان، یەكێتی، یەكگرتوو، كۆمەڵ) پێك بهێنرێت كە زۆرترین كورسییەكانی پەرلەمانیان بۆ پێكهێنانی حكومەت بەدەست هێنابوو، ئەم هاوپەیمانییە بەهێزە كە كابینەی هەشتەمی لەسەر پێك هێنرا، لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ پێكهێنانی ئەم كابینەیەدا هەرێمی كوردستان تووشی شەڕێكی داسەپێنراوی تیرۆریستانی داعش بووەوە، هەروەها شاڵاوێكی گەورەی دوو ملیۆنیی ئاوارە و پەنابەر لە پارێزگاكانی عێراق و دەوڵەتانی دەوروبەرەوە ڕووی تێكرد، لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە حكومەتی عێراقیش پشكی هەرێمی كوردستانی لە بوودجەی عێراق بڕیبوو، بەڵام لە 18 مانگی كابینەی هەشتەمدا توانرا هەموو ئالنگاری و ئاستەنگەكان تێپەڕێنرێت و هێزی پێشمەرگە تیرۆریستانی داعش وەك ئەفسانە تێك بشكێنێت و پێگەی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی شكۆی دەوڵەتێكی وەرگرت، بەڵام كە لە حوزەیرانی ساڵی 2015 ئەو سەقامگیرییەی ناو پەرلەمان بەدەستی ئەنقەستی بزووتنەوەی گۆڕان و بە پشتگیریی سێ لایەنەكەی دیكە تێك درا، بووە هۆكاری ئەوەی نەتوانین ئەوەی ماوە بەدەستی بهێنین.
لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كە لە تەموزی ساڵی 2019 لەبەر ڕۆشنایی هاوپەیمانیی «پارتی، یەكێتی، گۆڕان» دامەزرێندرا، ئامانج لەم هاوپەیمانیەتییە ئەوە بوو كە هەم هاوپەیمانییەكی بەهێز لە ناو حكومەتدا هەبێت، هەمیش لە ناو پەرلەماندا بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز هەبێت، كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتیی مسرور بارزانی، هەوڵی یەكەمی ئەوە بوو كە پەرلەمان ڕۆڵی چاودێریكردنێكی بەهێزی ئەدای حكومەت بگێڕێت، هەر بۆیە لەم كابینەیەدا بێجگە لەوەی هەموو وەزیرەكان بەبێ جیاوازی چوونە بەردەم پەرلەمانتاران و بە شەفافانە وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانیان دایەوە، سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەشی چوونە ناو پەرلەمان و بۆ ماوەی زیاتر لە 12 كاتژمێر بە ڕێگەی پەخشی ڕاستەوخۆی ناو پەرلەمان، وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانیان دایەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای «چاكسازی» لە كۆی سێكتەرەكانی حكومەت داڕێژدرابوو، لە كاتی جێبەجێكردنی ئەم بەرنامەیەدا بەرژەوەندیی حزبەكان بەتایبەتی بەرژەوەندی «یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان» دەكەوتە مەترسییەوە، سەرەتا هەوڵیان دا ناسەقامگیری لە ناو ئەنجومەنی وەزیراندا دروست بكەن، بەڵام كە ئەمەیان پێ نەكرا و مسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نۆیەم پێداگریی لەسەر ئەوە كرد كە حكومەت دەبێت وەك یەك تیم پێكەوە كاربكەن و بڕیارەكان جێبەجێ بكەن، ئەوا ناسەقامگیرییەكەیان گواستەوە بۆ ناو پەرلەمان و سەرەنجامیش وەك بینیمان بە پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات.
كەواتە ئەم باكگراوەندی ناسەقامگیرییە لە ناو پەرلەمانی كوردستاندا، ئەوەمان پێ دەڵێت كە دەبێت خەمی سەرەكیی پارتی دیموكراتی كوردستان پێش پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دووبارە گێڕانەوەی سەقامگیریی پەرلەمانی بێت، بۆ كارەكانی پەرلەمانی كوردستان، سەقامگیرییش بەو مانایەی كە پێویستە هاوپەیمانییەكی بەهێز لە نێوان حزبە سیاسییەكاندا بۆ پێكهێنانی حكومەت لەسەر بنەمای بڕوابوون و پابەندبوونی ئەو حزبانە بێت بە بەرنامەی حكومەت و كاركردن بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە، بە هەمان شێوەش ئەو لایەنانەشی كە دەبنە ئۆپۆزسیۆن، ئەو ڕاستییەیان لە بەرچاو بێت، ئەگەر حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن وەك ئۆپۆزسیۆن و بۆ خزمەتی خەڵك ئەركەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن و چاودێریی حكومەت بكەن و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكەن، ئەوا حوكمڕانیی تەندروست و باش لە وڵاتدا دەچێتە سەر سكەی خۆی.
كابینەی دەیەم و پەند و وانە لە ناسەقامگیریی كاری پەرلەمانیدا
ئەگەر بەرنامەی كابینەی نۆیەم وەك لە چەند ساڵی ڕابردوودا بینیمان، بریتی بووبێت لە «چاكسازی، ڕاگرتنی گەندەڵی، بونیادنانەوەی كۆی ژێرخانەكانی حوكمڕانی لە كوردستاندا»، ئەوا وەك لە گوتارەكانی مسرور بارزانی چەندین جار گوێمان لێ بووە، بەرنامەی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان «شۆڕشی ئاوەدانی» دەبێت لە كۆی سێكتەرەكانی ژیانی كۆمەڵگەی كوردستاندا.
سەركەوتنی «شۆڕشی ئاوەدانی» كە خواستی هەر هاووڵاتییەكی كوردستانە، بە جیاوازیی ئایین و نەتەوە و بیروبۆچوونی سیاسییەوە، پێش ئەوەی پێویستی بە ژێرخان و ئیمكانییەتی ماددی هەبێت، پێویستی بە سەقامگیریی ئەمنی و سەقامگیریی سیاسی هەیە، بۆ ڕاستیی ئەم بۆچوونەش حكومەتی عێراق لە دوای ساڵی 2004ـەوە هەتا ئێستا ئیمكانیەتی زیاتر لە دوو ترلیۆن دۆلاری لە بەردەست بووە، بەڵام هێشتا لە بەشی هەرە زۆری هەر 15 پارێزگاكەی عێراقدا بە بەغدای پایتەختیشەوە، كێشەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان، بۆ نموونە «ئاوی پاكی خواردنەوە و كارەبا» لە لووتكەی هەموو كێشەكاندایە، ڕاستە لە هەرێمی كوردستانیشدا كێشەی «ئاوی پاكی خواردنەوە و كارەبای 24 كاتژمێری» بە تەواوەتی چارەسەر نەكراون، بەڵام ژێرخانی چارەسەركردنی ئەم كێشانە ئامادە كراون و لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا ئەگەر سەقامگیریی سیاسیی هەبێت، لە سەرانسەری كوردستاندا چارەسەر دەبێت.
باشترین میكانیزم بۆ دروستكردنی ژینگەیەك كە سەقامگیریی سیاسی بۆ پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بگێڕێتەوە، دووبارە تەرجەمەكردنی ئەو ئیرادەیەیە كە دەنگدەرانی كوردستان لە ناو چوار بازنەی هەڵبژاردنی هەر چوار پارێزگاكەی كوردستاندا پیشانی داین، كە ئاماژەیە بۆ ئەوەی دەبێت لەبەر ڕۆشنایی ئەو دەنگدانەدا، لامەركەزییەت فراوان بكرێت و مەركەزییەت بەرتەسك بكرێتەوە، لەمەش ڕاشكاوانەتر لەبەر ئەوەی داهاتی كوردستان بەپێی ڕێژەی دانیشتووانی هاووڵاتیان بەسەر پارێزگاكاندا دابەش دەكرێت، ئەوا گرنگە حكومەتی خۆجێیەتیی ئەو پارێزگایە بەرپرس بێت لە شێوازی هەڵسووڕاندنی ئەو داهاتەی دەدرێتە ئەو پارێزگایانە بە یەكسانی، ئەمەش دەبێت لە پڕۆژەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكاندا ڕەنگدانەوەی هەبێت و بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی نەبێتە هۆكارێك داهاتەكە قۆرخ بكرێت و یاری بە قووتی هاووڵاتیان بكرێت و، پاشان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا لە دژی حكومەت، یان لایەنێكی سیاسیی دیاریكراو بەكاری بهێنێتەوە.
واقیعی نوێی دوای هەڵبژاردنەكانی 20ی ئۆكتۆبەری 2024، بەرەو ئەو ئاراستەیە دەچێت كە لە خولی حەوتەمی پەرلەمانی كوردستاندا هاووڵاتیان لەسەر بنەمای ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشكەشیان دەكرێت، نوێنەرەكانی خۆیان هەڵدەبژێرن و دەنگ دەدەن بۆ ئەوەی ئەدای حكومەتەكەی خۆیان ببینن. ئەم واقیعەمان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا بینی و تەنیا لە ماوەی كەمتر لە سێ ساڵدا (لە هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021 بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەتا هەڵبژاردنەكانی 20ی ئۆكتۆبەری 2024ی پەرلەمانی كوردستان) ڕێژەی دەنگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە زیاتر لە 200 هەزار دەنگ هەڵكشاوە.
هەڵكشانی دەنگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەم ڕێژە بەرزە، ئومێدی گەورەی هاووڵاتیانی كوردستانی لێ دەخوێنرێتەوە بە كابینەی دەیەم و، لە كابینەی نۆیەمیشدا بەرپرسیاریەتیی سازشنەكردن لەسەر مافەكانی خەڵكی كوردستان و سەقامگیری لە ناو كابینەكە و كاركردن وەك یەك تیم، ئیرادەی پارتی دیموكراتی كوردستان و پێداگریی مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت پاراستنی، بۆ كابینەی دەیەمیش كە ئاراستەكان بەو جۆرەن كە هەر مسرور بارزانی سەرۆكایەتیی دەكات، ئەوا ئەركی یەكەمی ئەو كابینەیە ئەو دەبێت «خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیان» سەنتەر بێت و «شۆڕشی ئاوەدانی» لە هەموو كوردستاندا سەركەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت.