لە هەڵبژاردنە چارەنووسسازەكەی 20ی ئۆكتۆبەردا   بە دەنگدان بە لیستی 190 سزای ئەنجامدەرانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر دەدەین

لە هەڵبژاردنە چارەنووسسازەكەی 20ی ئۆكتۆبەردا     بە دەنگدان بە لیستی 190  سزای ئەنجامدەرانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر دەدەین

 

لە دوای خیانەتی نیشتمانیی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە كە لەلایەن سەرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە 51%ی خاكی هەرێمی كوردستان ڕادەستی هێزە چەكدارەكانی عێراق كرانەوە، جارێكی دیكە بە هاوشێوەی ساڵی 1966 هاوكێشەی هێز لە كوردستاندا بەسەر دوو بەرەدا خۆی یەكلایی كردەوە كە بریتی بوون لە:

1- بەرەیەك بەرگری لە قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان دەكرد و لە ڕۆژانی 20-26ی ئۆكتۆبەری 2017 داستانەكانی «پردێ، مەحموودیە، سحێلا»ی بە ڕابەرایەتیی سەرۆك بارزانی و بە ئیرادەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان تۆمار دەكرد.

2- بەرەیەكی دیكەش بە سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پشتگیریی بەشێك لە حزبە سیاسییەكانی كوردستان، هاوشان لەگەڵ دەبابە و هێزەكانی حەشدی شەعبی ڕووماڵی شەڕەكەیان بۆ بەرژەوەندیی دوژمن دەكرد و لە شاشەی تەلەفزیۆنەكانیان مانشێتی گەورەیان دەنووسی: «هەولێر كەوت .. ئاڵای كوردستان لەسەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر هێنرایە خوارەوە».

قارەمانیەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ماوەی تەنیا شەش ڕۆژدا (20-26)ی ئۆكتۆبەری 2017، بەرانبەری گەیاندە ئەو قەناعەتەی كە ئەو بەرگریی و مقاوەمەتەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە ڕابەرایەتیی سەرۆك بارزانی لە هەموو بەرەكانی شەڕدا دەیكات، لە سەرووی هەموو مەزەندەیەكی زانستی سەربازییەوەیە و، ئیرادەیەكە هەرگیز تێك ناشكێت، بۆیە بێجگە لە ڕازیبوون بە «ئاگربەست» و، دانیشتنەوە لەسەر مێزی دانوستاندن هیچ ڕێگەیەكی دیكە لە بەردەمیاندا نەما، هەر بۆیە دوای ئەم مقاوەمەتە جارێكی دیكە دیالۆگ لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا دەستی پێكردەوە و، جارێكی دیكە هەوڵە دیپلۆماتییەكان كەوتنەوەگەڕ و ئیمانوئیل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بە فەرمی بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی كابینەی هەشتەمی كرد و لە كۆشكی ئەلێزیی بە فەرمی پێشوازی كرد و پشتیوانیی خۆی بۆ قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.

بارودۆخی پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان دوای داستانەكانی هێزی پێشمەرگە، زۆر ئاڵۆز بوو، بەشێك لە حزبە سیاسییەكانی كوردستان دەیانویست ئەو بارودۆخە بقۆزنەوە و داوای هەڵوەشانەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراندنی حكومەتی ئینقازی نیشتمانییان دەكرد، بەڵام لەناو ئەم بارودۆخە سیاسییە سەختەدا لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەنگێكی بوێر ئەو بڕیارانەی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بە هەموو لایەك ڕاگەیاندن كە بە پرۆسەی هەڵبژاردن جارێكی دیكە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ عێراق ڕێك دەخەنەوە، بڕیارەكانیش ئەمانە بوون:

• هەرێمی كوردستان ئامادەكاریی دەكات بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بكات لە ئایاری 2018.

• هەرێمی كوردستان بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی كوردستان دەدات و لە 30ی ئەیلوولی 2018 لە كوردستان هەڵبژاردن دەكرێت.

 پەند و وانە لە هەڵبژاردنەكانی ئایاری 2018

بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەیلوول بۆ پەرلەمانی كوردستان

بەشێك لە حزبە سیاسییەكانی كوردستان كە بێ ئاگا بوون لە ئیرادەی ویژدانی نیشتمانپەروەریی خەڵكی كوردستان، مەزندەیان بەو جۆرە بوو كە خەڵكی كوردستان كوردستان «خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر» وەك دەرهاویشتەیەكی نەرێنیی پرۆسەی ڕیفراندۆمە شكۆدارەكەی 25ی ئەیلوولی 2017 لە قەڵەم دەدەن و لە هەڵبژاردنی ئایاری 2018 سزای پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەنەوە، بەتایبەتیش كە پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەو هەڵبژاردنە بڕیاری دابوو بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی پارێزگای كەركووك بكات و لەو پارێزگایە هیچ كاندیدێكی نەبوو، بەڵام دوای كردنەوەی سندوقەكانی دەنگدان و لێكجیاكردنەوەی دەنگەكان، ئیرادەی خەڵكی كوردستان نەك تەنیا حزبەكانی كوردستان، بەڵكو تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەكانی تووشی شۆك كرد، بەتایبەتی كە پارتی دیموكراتی كوردستان تەنیا حزبی سیاسی بوو لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان بە تەنیا 25 كورسیی پەرلەمانی عێراقی بەدەست هێنابوو.

ئەو سەركەوتنە گەورەیەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی ئایاری 2018 بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەو قەناعەتەی لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراق، بەتایبەتی لەناو هێزەكانی عەرەبی شیعە دروست كرد، كە بەبێ بڕیاری سەرۆك بارزانی و بەشداری پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ كابینەیەكی حكومەت لە عێراق پێك ناهێنرێت، سەرەنجامیش وەك بینیمان پارتی دیموكراتی كوردستان لایەنێكی سەرەكیی حكومەتەكەی د.عادل عەبدولمەهدی بوو، دوای پێكهێنانی حكومەتیش بە فەرمی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا بانگهێشت كرا و فەرشی سووری بۆ ڕاخرا و لەسەر ئاستی بەرزی حكومەت و پەرلەمان و كۆی سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق پێشوازی لێكرا. ئەمە ئەوەی سەلماند كە دۆست و نەیار تەنیا سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بە نوێنەر و پارێزەری هەرێمی كوردستان دەزانن، ئەو سەركەوتنە ئەوەی سەلماند كە ویژدانی نیشتمانپەروەران مەدالیای كوردستان لە یەخەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەن و خیانەتكارانیش ڕیسوا دەكات.

دوای هەڵبژاردنەكانی ئایاری 2018ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی 2018 دەستیان پێكرد، لەناو ئامادەكارییەكان بۆ ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی كوردستان، دیسان حزبەكان بە شێوەیەكی گشتی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە شێوەیەكی تایبەتی، كەوتنە گێچەڵ دروستكردن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، هەتا گەیشتە ئەو ئاستەی وتەبێژی ئەو كاتی ئەو حزبە «فەرید ئەسەسەرد» ڕایگەیاند، یەكێتی ڕێگە نادات لەودیوی دێگەڵە سندوقی دەنگدان دابنرێت و، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەیی ئەم پرسیارە ڕووبەڕووی سەرۆكی حكومەت كرایەوە، بەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕێگە نادات سندوقەكانی هەڵبژاردن لەو دیوی دێگەڵە دابنرێن، لە وەڵامدا زۆر بوێرانە و بە دەنگی بەرز بە هەموو لایەكی ڕاگەیاند «ئێمە سندوقەكانی دەنگدان دادەنێن، با ئەوان ڕێگە نەدەن هەڵبژاردن بكرێت». حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارەكەی خۆی جێبەجێ كرد و لە 30ی ئەیلوولی 2018 خەڵكی كوردستان چوونە سەر سندوقی دەنگدان بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی پەرلەمانی كوردستان.

هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی 2018 بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان خاڵی وەرچەرخان بوو بۆ هەنگاوهەڵگرتن بەرەو جێبەجێكردنی بەرنامەی «كوردستانێكی بەهێز»، ئەو كوردستانە بەهێزەی پێویستی بەوەیە بە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بونیاد بنرێت. هەر بۆ بیرهێنانەوە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی ئەیلوولی 2013 تەنیا خاوەنی 38 كورسی بوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەیلوولی 2018 گەلی كوردستان خەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و ژمارەی كورسییەكانی گەیاندە 45 كورسیی پەرلەمانی كوردستان.

ئەو دوو هەڵبژاردنە گرنگەی «ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان»، ڕاستەوخۆ دوای خیانەتی نیشتمانیی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ئەنجام دراون، لە ماوەی كەمتر لە ساڵێك و پێش ئەوەی ساڵیادی ئەو خیانەتە نیشتمانییە بكەینەوە، گەلی كوردستان لە چوارچێوەی پرۆسەیەكی شارستانییانەی هاوچەرخ و دیموكراتی و بە دەنگەكانیان مەدالیای سەرفرازی كوردستانیان بە پارتی دیموكراتی كوردستان بەخشی و متمانەی زیاتریان پێدایەوە، لە بەرانبەریشدا ئەو لایەنەی خیانەتی نیشتمانیی 16ی ئۆكتۆبەری ئەنجام دا، بە جۆرێك ڕیسوا كرد، كە بێجگە لە دداننان بە شكستەكەی خۆیاندا هێچ بژارەیەكی دیكەیان بۆ نەمایەوە.

 

 یادكردنەوەی داستانەكانی ئۆكتۆبەری 2017ی هێزی پێشمەرگە و

ئیرادەی گەلی كوردستان لەسەر سندوقەكانی دەنگدان

هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەری 2024 بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازە لەبەر ئەوەی تاقیكردنەوەی «ئیرادەی گەلی كوردستانە» لەناو تۆڕی چنراوی پیلانی ناحەزان و دوژمنانی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان.

ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە لەبەر ئەوەی بۆ یەكەمین جارە لە مێژووی هەڵبژاردنەكان پەرلەمانی كوردستاندا هەر لە ساڵی (1992- 2018) ئەم هەڵبژاردنە بە چاودێریی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی دەوڵەتی عێراق دەكرێت.

بۆ یەكەمین جارە بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی تەواوی كورسیی كۆتای پێكهاتەكان (توركمان، كلد، سریان، ئاشووری، ئەرمەن» ڕەت كراونەتەوە و بە گوشاری پارتی دیموكراتی كوردستان پێنج كورسی لە كۆی 100 كورسیی پەرلەمان بۆ كۆتای پێكهاتەكان گەڕێندراوەتەوە.

بۆ یەكەمین جارە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە، بەرەیەك بە ڕابەرایەتیی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان، دروشمی «ئارامی و ئاوەدانی. پێكەوەیی و خۆڕاگری» بەرز كردووەتەوە و ڕۆژانە باس لە داهاتوویەكی گەش دەكات و بەرنامە بۆ «كوردستانێكی بەهێزتر» دادەڕێژێت و، جیا لەوەی ڕۆژانە كۆمەڵێك پڕۆژەی تازە دەكاتەوە، لە هەمان كاتدا بەردی بناغە بۆ چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی خزمەتگوزاریی خەڵك دادەنێت، لە بەرانبەردا حزبەكانی دیكە بوونەتە بەرەی دژ بەم هیوا و ئاواتە و بە دروشمەكانی «كۆتایی پێدەهێنین، ڕایدەگرین، ئیتر بەسە، درۆدەكەن..» و، بە ئاشكرا و بێ شەرمانە لە چوارچێوەی گوتاری زبری پۆپۆلیستی بانگەشە بۆ ڕووخاندنی قەوارەی سیاسیی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن.

ئەوەی لەم ژینگە سیاسییە ئاڵۆزەی كوردستان جێگەی گەشبینی و ئومێدە، ئەوەیە كە لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە، لەناو ئیرادەی خەڵكی كوردستاندا ئەو پرسە یەكلایی كراوەتەوە كە ئەم ئیرادەیە پشتگیریی كام بەرەیە دەكات و لە دژی كام بەرە هەڵوێست وەردەگرێت و سزایان دەدات، ئەم لێكجیاكردنەوەی ئەو دووبەرەیەش هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن زیاتر لە ئیرادەی گەلی كوردستاندا خۆی بەرجەستە دەكاتەوە و متمانەی زیاتر بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەدات، هەتا گەیشتە ئەو ئاستەی لە هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری 2021 بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، خەڵكی كوردستان بە ڕیژەی (50+1) متمانەی خۆی بە پارتی دیموكراتی كوردستان دا و كردیە خاوەنی 33 كورسی لە كۆی 63 كورسیی كورد لە پەرلەمانی عێراقدا.

لە ماوەی ساڵانی 2019-2024 كە دەكاتە پێنج ساڵ، سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان سەركردایەتیی بەرەی «پارێزگاریكردن و سازش نەكردن لەسەر مافەكانی گەلی كوردستان»یان كردووە، وێڕای ئەوەی لەم چەند ساڵەدا هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی گەورەترین هەڕەشەی سەربازی و قەیرانی جۆراوجۆری ئابووری وەك «بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت بۆ خوار سفر، بڕینی پشكی هەرێمی كوردستان لە بوودجەی عێراق بووەوە، لەمەش زیاتر بێبەشكردنی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە پەرلەمانی عێراق بۆ دابینكردنی مووچە بڕیاری لەسەر دا، ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی كوردستان، بەردەوامیی شەڕی ئابووری بە شێوازی جۆراوجۆر دژی هەرێم و...هتد». بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پشتیوانیی پارتی دیموكراتی كوردستان نەك هەر توانی ئەم حكومەتە بپارێزێت، بەڵكو پلانی بۆ بونیادنانی ژێرخانێكی هەمەلایەنەی بۆ دابینكردنی ژیانێكی شایستەتر بۆ خەڵكی كوردستان گەیاندنە قۆناغی جێبەجێكردن و، وەك ئێستاش دەبینین مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان موژدەی ئایندەیەكی شایستەتر بە گەلەكەی ڕادەگەیەنێت.

هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن، كێرڤی دەنگدان و متمانەی خەڵكی كوردستان بە سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕووی لە هەڵكشانە، بۆیە دڵنیاین لەم هەڵبژاردنەشدا گەلی كوردستان زیاتر لە هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021ی ئەنجومەنی عێراق متمانە دەدەنە سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان.

پارتی دیموكراتی دیموكراتی كوردستان وەك پارتەكەی ئاداری 1970 چۆن بە تەنیا ڕێككەوتننامەی ئاداری لەگەڵ حكومەتی عێراق وەك گەورەترین دەستكەوت لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان ئیمزا كرد، ئەمجارەش بە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بڕیار لەسەر چارەنووسی گەلی كوردستان دەدات، ئەمەش پاداشتی ئیرادەی گەلی كوردستانە بۆ سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان كە ڕۆژێك لە ڕۆژان سازش لەسەر مافەكانی گەلی كوردستان ناكات و كوردستانی بەهێزتر لە دوای 20ی ئۆكتۆبەری 2024 دەبێت «یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حكومەت، یەك هێزی پێشمەرگە»ی هەبێت. دەدەین

Top