گه‌لی كوردستان ئارامی و ئاوه‌دانی هه‌ڵبژارد   ئاكامه‌‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردن مژده‌ی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی لیستی 190ی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌

گه‌لی كوردستان ئارامی و ئاوه‌دانی هه‌ڵبژارد     ئاكامه‌‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردن مژده‌ی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی لیستی 190ی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌

 

هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان نه‌خشه‌یه‌كی سیاسیی تازه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان داڕشته‌وه‌ و، به‌پێی ئه‌و ئاكامه‌ به‌راییانه‌ی میدیاكان بڵاویان كردۆته‌وه‌ نزیكه‌ی 1.7 مليۆن ده‌نگده‌ر به‌شداری له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدان كردووه‌، ئه‌مه‌ش واته‌ هاووڵاتیانی كوردستان به ‌ڕێژه‌ی زیاتر له‌ 70% به‌شداریی پرۆسه‌ی ده‌نگدانیان كردووه‌ و ،  له‌م ژماره‌یه‌ نزیكه‌ی 800 هه‌زار كه‌س ده‌نگیان به‌ لیستی ژماره‌ 190ی پارتی دیموكراتی كوردستان داوه‌ كه‌ ده‌كاته‌ ڕێژه‌ی «46-47%» كۆی ده‌نگه‌كان و، به‌به‌راورد به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری 2021ی په‌رله‌مانی عێراق ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانی پارتی سه‌رووی 200 هه‌زار ده‌نگ زیادی كردووه‌.

به‌رزیی ڕێژه‌ی به‌شداری له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدانی ئه‌مجاره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ گه‌لی كوردستان هۆشیاره‌ و ده‌یه‌وێت خۆی بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان بدات و، نه‌خشه‌ی پرۆسه‌ی سیاسیی داهاتووی هه‌رێمی كوردستانی به‌جۆرێك داڕشتۆته‌وه‌ كه‌ ئاینده‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌ له‌ده‌ستی ئه‌و لایه‌نه‌دا بێت كه‌ ئاماده‌یه‌ قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان بپارێزێت و له‌ پێناویدا قوربانی بدات و سازش له‌سه‌ر مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان نه‌كات.

ئاكامه‌ به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ، ئه‌م په‌یامانه‌ی بۆ گه‌لی كوردستان و ئاینده‌ی قه‌واره‌ سیاسیی هەرێمی كوردستانی  لێده‌خوێنرێته‌وه‌:

 ئه‌و متمانه‌ی ئه‌مجاره‌ گه‌لی كوردستان داویه‌تی به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ، له ‌ڕێژه‌ی متمانه‌دانی یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی ساڵی 1992ی گه‌وره‌تره‌، ئه‌وكات پارتی دیموكراتی كوردستان ته‌نیا ڕێژه‌ی 45.5% ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ست هێنا و، بەهۆی بوونی بەربەستی 7% كە هیچ حزبێ بێجگە لە پارتی و یەكێتی نەیتوانی ئەو بەربەستە تێپەڕێنێت ڕێژەی دەنگەكانی  پارتی بەرز بووەوە بۆ 515، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ ڕێژه‌كه‌ له‌ نێوان «46-47%» كۆی به‌شداربووانی ده‌نگده‌رانی ئه‌مجاره‌یه‌ و بەرزترە لە ڕێژەی هەڵبژاردنی ساڵی 1992.

 به‌پێی ڕێژه‌ی دیاریكراوی ژماره‌ی ده‌نگه‌كان بۆ هه‌ر كورسییه‌ك، مه‌زنده‌ ده‌كرێت ژماره‌ی كورسییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كۆی «95 كورسیی په‌رله‌مان» له‌نێوان «42-44» كورسیدا بێت، ئه‌م متمانه‌ گه‌وره‌یه‌ی گه‌لی كوردستانیش ، پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كاته‌ هێزی سه‌ره‌كی و یه‌كلایكه‌ره‌وه‌ بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووس و ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستان.

 ئاكامه‌ به‌راییه‌كان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن، جیاوازیی نێوان هێزی یه‌كه‌م و هێزی دووه‌م به‌پێی ژماره‌ی ده‌نگده‌ر نزیكه‌ له‌ 350-400 هه‌زار ده‌نگ و ژماره‌ی كورسییه‌كانیش بۆ نزیكه‌ی 20 كورسی ده‌بێت، بۆیه‌ له‌دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ململانێی سیاسی له‌نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك هێزی یه‌كه‌م و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وه‌ك هێزی دووه‌م نابێت، به‌ڵكو له‌نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وه‌ك هێزی دووه‌م و نه‌وه‌ی نوێ وه‌ك هێزی سێیه‌م ده‌بێت، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ یه‌كێتی ته‌نیا له‌ناو سلێمانی به‌ ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ پێش نه‌وه‌ی نوێیه‌وه‌یه‌ ، به‌ڵام له‌ هه‌ولێر هه‌ردووكیان زۆر لێكنزیكن و له‌ دهۆكیش نه‌وه‌ی نوێ له‌پێش یه‌كێتییه‌وه‌یه‌.

 بەشداریی بەرفراوانی هاووڵاتیان لە هەردوو پارێزگای «هەولێر و دهۆك» بە ڕێژەی «74-75%» و ، دەنگدانیان بەو ئاستە بەرزە بە لیستی 190 پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمەشیان ئاماژەیەكی دیكەیە بۆ ئەوەی كە خەڵكی كوردستان نایەوێت ئەو ئارامی و ئاوەدانییەی وەك شۆڕشێكی ئاوەدانكردنەوە دەستی پێكردووە بەهیچ جۆرێك ڕابوەستێت.

 نەخشەی تازەی پرۆسەی سیاسی

لە خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا

نەخشەی تازەی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، بەرجەستە و ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ئازادیی گەلی كوردستانە و، لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی گەلی كوردستان دەنگ و متمانەیان بە پارتی دیموكراتی كوردستان داوە، ئەوا ئامانجی سەرۆك بارزانی ئەوەیە بەم متمانەیە نەخشەی كوردستانێكی بەهێزتر دابڕێژێت و ، پەرلەمانی كوردستان بەجۆرێك دابمەزرێتەوە كە ڕەنگدانەوە كۆی ئیرادەی هێزە سیاسییەكانی كوردستان بێت و بە «پێكەوەیی و خۆڕاگری» بەرەو ئایندەیەكی گەشتر هەنگاو هەڵبگرین.

هەر لەساڵی 1992ەوە و لە دەسپێكی خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستانەوە تا خولی پێنجەم كە لە30ی ئایاری 2023 بە بڕیاری دادگای فیدرالی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ڕەتكرایەوە، ژینگەی پەرلەمانی كوردستان، ژینگەیەكی ئاڵۆزی سیاسی و ململانێی ناتەندروستی نێوان فراكسیۆنە جیاوازەكان بووە و، ئەم ژینگە ئاڵۆزە سیاسییەش ڕێگر بووە لەوەی كە پەرلەمانی كوردستان بتوانێت چەندین یاسا و بڕیاری گرنگ دەربكات كە واقیعی سیاسیی هەرێمی كوردستان پێویستی پێیەتی و ، لەسەروو هەموویانەوە لە ماوەی پێنج خولی پەرلەمانی كوردستاندا، نەمانتوانی دەستووری هەرێمی كوردستان بنووسینەوە، ئەمە لەكاتیكدا پرۆژەی نووسینەوەی دەستوور لەلایەن پەرلەمان و سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە پەسەندكرابوو و، ڕۆژی گشتپرسیش لەسەر دەستووركە دیاریكرابوو، بەڵام بەداخەوە بەرژەوەندیی تەسكی حزبی و ململانێی ناتەندروستی حزبەكان بوونە ڕێگر لەوەی كە هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی كە بەپێی دەستووری عێراقی 2005، هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی دەستووری خۆی هەبێت.

جیاوازیی خولی شەشەم لەگەڵ هەر پێنج خولەكەی پەرلەمانی كوردستان هەر لە ساڵی 1992ەوە تا ئایاری 2023، ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1992 بە بڕیاری بەرەی كوردستانی هەڵبژاردنی ئەنجامداوە و، دوای دامەزراندنی پەرلەمانی كوردستان، هەرێمی كوردستان یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی خۆی هەبووە و، لە چوارچێوەی یاسای هەڵبژاردن و بە چاودێریی كۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێم، هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانی ئەنجامداوە، بەڵام لە هەڵبژاردنەكانی خولی شەشەمی پەرلەماندا، ئێمە هەڵبژاردنمان لە چوارچێوەی بڕیارێكی دادگای فیدرالی ئەنجامداوە كە ئەو بڕیارە ناوەرۆكی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی بێ بەها كردووە و  11 كورسیی كۆتای رەتكردۆتەوە و پاشان لە ژێر گوشاری پارتی دیموكراتی كوردستاندا ، لە كۆی 100 كورسیيەكەی پەرلەمانی كوردستاندا، 5 كورسیی كۆتا بۆ پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان تەرخانكراوەتەوە.

ئەم واقیعە ئەوەمان پێدەڵێت كە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە بارودۆخێكی تایبەت و فەرزكراوی بڕیارێكی دادگای فیدرالی ئەنجامدراوە و ، لە كۆمەڵێك ڕووەوە پرۆسەی سیاسیی لە هەرێمی كوردستاندا تێكداوە، بۆیە گرنگيی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئەوەیە كە دەبێت هەموو باردۆخە ڕاست بكاتەوە، بەتایبەتی دووبارە داڕشتنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە تیایدا كورسیی كۆتاكانی تێدا یەكلایی بكرێتەوە و، هەروەها دەبێت جارێكی دیكە یاسایەكی تایبەت بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی كوردستان پەسەند بكرێتەوە.

ئەم باردۆخە تازەیەی دوای هەڵبژاردنەكانی خولی شەشەم ، پێویستی بە نەفەسێكی سیاسی تازە هەیە كە دووربێت لە ئاڵۆزی و حەماسی ناو هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن و، بەتێڕوانینێكی گەشبینانە سەیری چارەنووس و ئایندەی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بكەین.

 كورستانێكی بەهێزتر بەرنامەی كابینەی دەیەم

ئاكامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی ئەمجارە ئاماژەیەكی ڕوونن بۆ ئەوەی كە كابینەی دەیەم درێژە پێدەری كاروانی ئاوەدانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت.

لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، هەنگاوی زۆر باش بۆ دووبارە بونیادنانەوەی كۆی ژێرخانەكانی حكومڕانیی هاوچەرخ و دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان بۆ هاووڵاتیانی كوردستان هەڵگیراوە، ڕاستە بونیادنانەوەی ئەو ژێرخانانە پێویستییان بە ئیمكانییەتێكی زۆری مرۆیی و ماددی هەبوو، بەڵام لە سەرەتای ساڵی 2023 ەوە كاریگەریی ئەو پتەویی ئەو ژێرخانانە بە تەواوەتی ڕەنگدانەوەی  لەسەر كۆی پرۆسەی حكومڕانی هەبووە، بەتایبەتیش كە ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆتە خاوەنی ژێرخانێكی تەكنەلۆژیی ئەوتۆ كە هەنگاو بۆ حكومەتی دیجیتاڵی لە كۆی وەزارەت و دامودەزگاكانی كوردستان هەڵدەگرێت و، لە دووبارە ڕێكخستنەوەی سێكتەری بانكی هەرێمیش كە سیستمی بانكی هاوچەرخ بناخەی پەرەپێدانی بەردەوامی هەر پرۆسەیەكی حكومڕانیی باش و سەركەوتووە، ئێستا لە كوردستاندا كە فەرمانبەران مووچەكانیان بە ئامێری «ATM» وەردەگرن و، لەبەشێكی زۆری مۆڵ و ڕیستۆرانەكاندا دەتوانرێت بە كارتی ئەلیكترۆنی بانكی مامەڵە بكرێت.

پارتی دیموكراتی كوردستان كە خاوەنی بەرنامەی «كوردستانێكی بەهێز» بوو بۆ دامەزراندنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ كابینەی دەیەم بەرنامەی كوردستانێكی بەهێزتری دەبێت، كوردستانێك كە وەك بەڕێز مسرور بارزانی بەردەوام لەگەڵ خەڵك دووپاتی لەسەر دەكاتەوە ، دەبێت لە ئاستی دەوڵەتانی پێشكەوتووی ڕۆژئاوا خۆی بەراورد بكات نەك دەوڵەتانی دەوروبەر، ئەمەش بەو ئامانجەی كە خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان شایستەی ئەوەیە كە زۆر لەمە زیاتری بۆ بكرێت و هاووڵاتیانی كوردستان لە ژیانێكی شایستەتردا بژین.

دیدوتێڕوانینی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بەدرێژایی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بە كردەیی پیادەی كردووە، خۆی لەو چوارچێوەیەدا بەرجەستەكردووە كە هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان و كۆی هێزە سیاسییە جیاوازەكان بەشداری لە جێبەجێكردنی بەرنامەی «كوردستانێكی بەهێزتر» بكەن، بە دید و تێڕوانینی پێكهاتە جیاوازەكان و بیربۆچوونە جیاوازەكان ئەو بەرنامەیە دەوڵەمەندتر بكات و، جیاوازییە ئایینی و نەتەوەیی و سیاسییەكان بكەینە سەرچاوەی هێز بۆ  بونیادنانەوەی «كوردستانێكی بەهێزتر»، ئەمەش ئەو ئاراستەیەیە پارتی دیموكراتی كوردستان لە پێناویدا خەباتی بۆ كردووە و ، قوربانی بۆ پاراستنی كوردستان داوە.

لە چەند ڕۆژی داهاتوو دوای ئەوەی ئاكامە بەراییەكانی هەڵبژاردن بە ڕێگەی یاسایی پەسەند دەكرێن و دەبنە ئاكامی فەرمی ، قۆناخێكی هەستیار لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان دەست پێدەكاتەوە، ئەو قۆناخە هەستیارە پێویستی بەوەیە كە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە هاوشانی پارتی دیموكراتی كوردستان، خەمە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بە خەمی خۆیان بزانن، بگەنە ئەو قەناعەتەی كە ئەم گەلە قارەمانەی كوردستان لە ململانێی ناتەندروستیی حزبی بێزار و هیلاك بووە و كاتی ئەوەیە كە هەموو پێكەوە بەرەو كوردستانێكی بەهێزتر هەنگاو هەڵبگرین.

 

Top