لــە ڕۆژی جــیــهــانــیــی پـــەرســتـــاران ئـــەرك و شـــەونـــخـــونـــیـــان بـــەرز دەنـــرخــێـــنـــدرێـــت  

لــە ڕۆژی جــیــهــانــیــی پـــەرســتـــاران  ئـــەرك و شـــەونـــخـــونـــیـــان بـــەرز دەنـــرخــێـــنـــدرێـــت   

 

لە مانگی كانونی دووەمی ساڵی (١٩٧٤) جیهان بڕیاری دا، ڕۆژی (١٢ی مایس) بكرێت بە (ڕۆژی جیهانیی پەرستاران) و وەك وەفایەكیش بێت بۆ ئەو كەسەی كە بە دامەزرێنەری زانستی پەرستاریی هاوچەرخ دادەنرێت، كە ئەویش (فلۆرێنس نایتینجل)ـە كە لەو ڕۆژە لە دایك بووە و پەرستاران لە سەرانسەری دنیادا بە كوردستانیشەوە وەكو فریشتەی بەزەیی لە خزمەتكردنی نەخۆش بەردەوامن، تەنانەت لە هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆناش رۆڵێكی گرنگیان لە پاراستنی گیانی هاووڵاتیان بینی، پەرستاران ئەمجارەش توانییان مێژوویەكی پڕ لە سەروەری بۆ خۆیان و پیشەكەیان تۆمار بكەن. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گۆڤاری گوڵان، لە دیدی جیاوازەوە باس لە ئەرك و ماندووبوونی توێژی پەرستاران دەكەن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

فلۆرێنس نایتینجل، ساڵی١٨٢٠ لە ئیتاڵیا و لە خێزانێكی بەریتانیی دەوڵەمەند لەدایك بووە، كە بڕوایان بە خستنەبەر خوێندنی كچ هەبووە. خوێندنی لە ماڵەو لەژێر دەستی باوكی وەرگرتووە، هەر لە منداڵییەوە خەونی بەوەوە دەبینی، خزمەتی خەڵك بكات و ببێتە پەرستار، بەڵام خێزانەكەی لە سەرەتادا دژی بوون، چونكە لەو كاتەدا پیشەی پەرستاری بە پیشەیەكی سەرنجڕاكێش نەدەبیندرا و پیشەیەك بوو كە زۆر بە بێبایەخ و بێڕێزیان دەزانی، بەڵام فلۆرێنس نایتینجل سەرەڕای ڕێپێنەدانی خێزانەكەی، لەسەر ئامانجەكەی سوور بوو و هەوڵی زیاتری بۆ فێربوونی پەرستاری دا، تەنانەت لەو پێناوەدا هاوسەرگیریشی ڕەت كردەوە، لەبەر زایی دەزانی، هاوسەرگیری بە بەرپرسیارێتی ماڵەوەی دەبەستێتەوە. لە ساڵی ١٨٥١ لە قوتابخانەی كایزروارت فێری پەرستاری بوو، بە یەكەم كەسیش دادەنرێت كە ڕێزمانی بۆ پەرستاری تازە داناوە و فێرگەی پەرستاری دامەزراندووە و پلەی بۆ خزمەتگوزارییەكانی پەرستاری و خزمەتگوزارییەكانی بەڕێوەبردن لە نەخۆشخانەكان داناوە.

د. ڕێبین شێخ عەزیز بەرزنجی، پزیشكی شارەزای ددانە و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «دەتوانرێت پیشەی پەرستاری بەوە پێناسە بكرێت، كە هەم زانست و هەم هونەر و هەم كاری خزمەتگوزاری مرۆڤایەتییە لە نێو پیشە تەندروستییەكان. واتە پەرستاران بە یەكێك لە پایە سەرەكییەكانی نێو خێزانی تەندروستی هەژماردەكرێن، كە شان بە شانی پزیشك و دەرمانساز و تاقیگەكان چوارچێوەی خزمەتگوزارییە پزیشكی و تەندروستییەكان دیاری دەكەن.» جەختی لەوەش كردەوە كە «مێژووی كاری پەرستاری زۆر كۆنە و لە سەرەتادا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانییەكان كە ڕۆڵیان لە چاودێریكردنی نەخۆش و ڕێكخستنی ژەمە خۆراكییەكان و دیاریكردنی كاتی خەوتن و پشووی نەخۆشەكان لەناو پەرستگاكان بووە».

باسی ئەوەشی كرد، كە ئەنجومەنی جیهانیی پەرستاران ڕۆژی 12ی ئایاری وەك ڕۆژی جیهانیی پەرستاران دیاری كردووە. لەهەرێمی كوردستانیش هەموو ساڵێك ئەم یادە بە شكۆوە بەرز ڕادەگیرێت و لە زۆربەی دامەزراوە فەرمییەكان ڕێز لە ئەرك و ماندووبوونی پەرستاران دەگرن. هاوكات دەڵێت: «پەرستاران هەمیشە لە ڕۆژە سەختەكان لەڕیزی پێشەوەی قوربانیدان بوون، هەر لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵانی پێشكەوتنخواز و ڕاپەڕین و شەڕی بەرگری لە دەستكەوتەكانی هەرێم و بەتایبەتی لە شەڕی داسەپێنراوی تیرۆریستانی داعش‌ و لەم پێناوەش كۆمەڵێك قوربانییان داوە». خوازیاری ئەوەش بوو، كە «لەم یادە پیرۆزەدا زیاتر گرنگی بە ڕۆلی پەرستاران و بەرزكردنەوە ئاستی زانستی و پیشەیی و كارامەییان و هاندانیان بۆ خوێندن و بایەخدان بە پسپۆڕێتییان بدرێت».

گوڵاڵە پشدەری، ساڵانێكە وەك فریشتەی تەندروستی و یاریدەدەری پزیشكی لە نەخۆشخانەكانی هۆڵەندا كاردەكات. چالاكێكی خۆبەخشە لە ڕێكخراوە مەدەنییەكانی ئەو وڵاتە و سەبارەت بە ڕۆڵ و ئەركی پەرستاران، چەندین پرسیار دەكات و لە وەڵامیشدا دەڵێت: «ئەزموونی خۆم وەك پەرستار لە هۆڵەندا و بە بەراوردكردن لەگەڵ پیشەی پەرستارانی سەردەمی شەڕ و شاخ و ڕۆڵی پەرستارانی هەنووكەیی كوردستان زۆر جیاوازە و بە دڵنیاییەوە، تێپەڕبوونی كات و هەروەها پڕۆسە و شێوازی پەرستاری لەگەڵ جیهانی مۆدێرنیزە گۆڕاوە و، بەرەو هەنگاوی باشتر چووە، تاكو بتوانن چاكترین و بەسوودترین خزمەتگوزاری پێشكەش بە خزمەتخوازانی تەندروستی بكەن».

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە «پیشەی پەرستاری، هەروەكو زۆرێك لە پیشەكانی دیكەی كۆمەڵگە، پیشەیەكی پێویست و پیرۆز و پێویستە بە دیدێكی فراوان هەڵسەنگێندرێت و مامەڵەی گونجاوی لەگەڵدا بكرێت. پێویستیشە كە لە ناو ئەم پیشەیەدا جیاوازی لە نێوان ئەرك و مافدا هەبێت و بۆ هەموو لایەنەكانی پەیوەندیدار، وەكو پەرستار و نەخۆش و پێشكەشكاری خزمەتگوزاریی تەندروستی بە شەفافی بێت». گوتیشی: «ڕۆڵێكی دیكەی پەرستار ئەوەیە كە سنوورەكانی یاسایی بناسێت. واتە لە پەنای ئەركەكانی مافەكانیشی بناسێت. بۆ نموونە لە وڵاتی هۆڵەندا كە من بۆ ماوەی حەوت ساڵ دوو جۆر لە پایەكانی پەرستاریم خوێندووە، واتە ئێمەی پەرستار بە كۆدی پیشەیی كار دەكەین و ئەركەكان و مافەكانمان و هەروەها مافەكانی نەخۆشانیش دیاری كراون. لە ئەوروپاش، نەخۆش بە شێوەیەكی گشتی وەك تۆتاڵیتی ئەژمار دەكرێت، تەنانەت ئەگەر پاشا و شاژن بێت. واتە من وەكو پەرستار بەرپرسیارێتیی نەخۆشێكم لەسەرە، هەر لە پاكوخاوێنكردنی تاكو دەرمانكردنی. بەڵام پێموایە لە كوردستاندا وەكو ڕابردوویەكی زۆر كۆن كار دەكرێت، واتە پەرستارێك كە پەیمانگەی تەواو كردووە، ئیتر نابێت هاوكاریی نەخۆش بكات بۆ خۆراك خواردن، یان جێگەكەی پاك بكاتەوە و تەنیا دەبێتە بەرپرسی برین پێچان و دەرزی لێدانی و...هتد، بەڵام لە هۆڵەندا بە ئەنجامگەیاندنی سەرجەم پێویستیەكانی نەخۆش كە پەیوەستە بە تەندروستی و نەخۆشییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی پەرستار. بۆیە بێگومان سیستەمی پەرستاری لە كوردستان و لە ئەوروپادا جیاوازییان هەیە. هەروەها بە بۆچوونی من، پەرستارانی كوردستان نەپارێزراون وەكو پشتیوانی یاسایی و هیچ كۆدێكی پیشەییان نییە لەو مەترسییانەی لەسەریانە كە ڕێنماییان بكات، تاكو هەم ئەرك و مافەكانی ڕاستەقینەی خۆیان بزانن، هەم پیشەكەیان بە باشتر كارا بكەن و خزمەتگوزاریی گونجاو ئاراستەی خزمەتخوازانی تەندروستی واتە نەخۆشان بكەن. ئەگەر كۆدی پیشەیی و یاسای ئەرك و مافی نەخۆشان هەبێت و كاری پێ بكرێت، هیچ پەرستارێك لە كوردستاندا لە پیشەكەی ناڕازی نابێت». وەك دوا وتەشی گوتی: «بەداخەوە لەو ماوەیەدا هاوپیشەكانم لە كوردستان، وێڕای ئەوەی وەك زۆرێك لە فەرمانبەران كەوتوونەتە بەر لێشاوی پاشكەوتی مووچە و بێ بژێویی ژیان، كە ئەوەش خاڵێكی زۆر نەرێنی و كاریگەرە بۆ لاوازبوونی كەرتی تەندروستی و پاراستنی گیان و ڕۆحی خەڵكی نەخۆش و بەرزبوونەی ڕێژەی مەرگ. خۆ ئەگەر مووچەی كارمەندانی تەندروستی بەشتی و پەرستاران بەتایبەتی بە ڕێكوپێكی و لە كاتی خۆی بدرێت، ئەوە بەرگری لە ڕوودانی زۆر كارەساتی دڵتەزێن دەكات. بەردەوامیی پیشەی پەرستاران هێندەی پیشەی پێشمەرگەكانی بەرەكانی شەڕ و پاراستنی وڵات بە گرنگ دەزانم».

سەبارەت بە ھەمان پرس د. ئازاد مەنتك پسپۆڕی ھەناو دڵ ھێما بۆ ئەوە دەكات: «ھەموو ساڵێك لە سەرانسەری جیھاندا ڕۆژی (١٢⁄5) بە ڕۆژی جیھانیی پەرستاران دانراوە وە ھەموو وێكڕا ئەم ڕۆژە بەرز ڕادەگرن ھەروەك وەفایەك و دواتریش ھەروەك ھۆكارێك بۆ زیاتر گرنگیدان بە تەندروستی مرۆڤەكان و بڵاو كردنەوەی ھۆشیاری دروستی و ڕۆشنبیری گشتی. لە ھەموو جیھاندا مرۆڤایەتی لۆ ئەوە ھەوڵ دەدات؛ كە: دەوروبەرێكی تەندروست دروست بكات، وە ھەر كاتێكیش دەوروبەر تەندروست بوو؛ ئەو كات مرۆڤایەتی و مرۆڤەكان دەكەونە خۆشی و خۆشگوزەرانی و ھێمنی و ئاسایش و ژیانیان خۆش دەبێت. وە لۆ ئەوەی دەوروبەریش تەندروست بێت یەكەم ھەنگاو پێویست دەكات، كە: ئەو فریشتە ئاساییانە بناسرێن كە وەك سەربازێكی وون زۆرترین ئەركیان لەسەر شان بووە ھەتا دەوروبەرەكە تەندروست بكەن، ئەرك و پەیام بگەیەنن كە ئەوانیش پەرستارانن.. ھەر لەبەر ھەموو ئەمانە لە مانگی كانونی دووەمی ساڵی (١٩٧٤ز) جیهان بڕیاریدا كە ڕۆژی (١٢⁄5) بكرێت بە (ڕۆژی جیهانیی پەرستاران) و وەك وەفایەكیش بێت لۆ ئەو كەسەی كە بە دامەزرێنەری زانستی پەرستاری ھاوچەرخ دادەنرێت، كە ئەویش (Florence Nightingale)ە كە لە بەرواری (١٢⁄5) لە دایك بووە.

ساڵانە لە ڕۆژی جیهانیی پەرستاران پەیامی تایبەت بڵاو دەكرێتەوە كە دەگەل نواندنی ڕێز و خۆشەویستی و سوپاسگوزاری كردنی پەرستاران لە ھەمان كاتیشدا ھۆكار بێت لەوەی زیاتر گرنگی بە ڕۆشنبیری گشتی و ھۆشیاری دروستی بدرێت بەوە ھەم تاكەكان و مرۆڤەكان تەندروست بن و ھەمیش ھۆكار بن لە دروستكردنی دەوروبەری تەندروست لێرەدا لە كوردستان زۆر گرنگە ھەموومان ڕێزی زۆر و پێزانین بۆ (پەرستارانی كوردستان) دەرببڕین كە وەك پێشمەرگە ئاسا و خۆنەویستانە و بێ ئەوەی ڕۆژێك و تەنانەت یەك خولەك سڵ بكەنەوە، بەردەوام بوونە لە پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری و خزمەتی پزیشكی .. ، چ جای ئەو بارودۆخە ناھەموار و نالەبارەی كوردستان پێیدا تێپەڕی و تێدەپەڕێت! ھەر لە نەبوونی مووچە و خراپی باری ئابووری و دارایی و كۆمەڵایەتی و سیاسی كوردستان بەڵام ھێشتا پەرستاران بەردەوامن لە پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری و پێشكەشكردنی خزمەت بە نەخۆش. بەردەوامن لە زیاتر ڕۆل بینین لە كایەی تەندروستی وڵات و بەردەوامن لە زیاتر بڵاو كردنەوە و برەو دان بە ڕۆشنبیری و ھۆشیاری دروستی. ئەوەتان لا سەیر نەبێت كە ئەگەر لە ھەر فەرھەنگ و قاموسێكی كوردیدا بە دوای مانای (Nurse) دابگەڕێیت ئەوا حەتمەن بەرامبەری وشەگەلی، وەك خوشك یان نەخۆشەوان یان پەرستار دەبینرێت! تەماشا بكەن كە كورد پەرستاری وەك كەسی نزیك و ئازیزی خۆی ڕوانیووە دەبێت چ لە خوشك خۆشەویستر ھەبێت !؟! سۆز و عاتیفەی خوشك لۆ خێزان و برا و خوشكی چۆنە ئەگەر ھاتوو برایەك یان خوشكێكی یان دایك یان باوكی نەخۆش بكەوێت ئەوا پەرستار وایە...

جیھان ئێستا ئەوە دەزانێت كە ئەگەر تاكێك تەندروست بوو ئەوا ھۆكار دەبێت لەوەی خێزانێك تەندروست بێت. ھەر كاتێكیش خێزانێك تەندروست بوو ئەوا ھۆكار دەبێت لەوەی كۆڵانێك تەندروست و ئاسوودە بێت، كۆڵانێكیش وا دەكات گەڕەكێك و چەند گەڕەكێكیش وادەكات شارۆچكەیەك و چەند شارۆچكەیەكیش وا دەكات شارێك و چەند شارێكیش وادەكات ھەرێمێك و چەند ھەرێمێكیش وادەكات، وڵاتێك و چەند وڵاتێكیش وا دەكات ھەموو جیھان بكەوێتە خۆشی و ئاسوودەیی و ئارامی و دوور بێت لە ئاشووبە و جەنگ و ماڵوێرانی و ھێمنی و ئاسایشی نیشتیمانی و نەتەوەیی و نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتی پارێزراو بێت. ئەھا، سەیر بكە بە بەژداری كردنت لە بەرز ڕاگرتنی ئەم ڕۆژە و پێزانینی ڕۆڵی پەرستیاران چەند ڕوڵێكی گرنگ دەبینیت لە خەبات كردن لە دیفاع كردن لە خاك و ئاو و وڵات و مرۆڤەكان. ھەر لۆیەشە بەرز ڕاگرتنی ئەم ڕۆژە (١٢⁄٠٥) ئەركێكی نیشتیمانی و نەتەوەیی و مرۆیی و ئایینیشە و پێزانینە بە ڕۆڵ و ئەرك و كاری ئەو كەسانەی كە لۆ پێشەوە بردنی كۆمەڵگە و وڵاتمان لە ڕێزی پێشەوەن و چەكی كۆڵنەدان و لەخۆبووردەیی و خزمەتییان لە شان كردووە.

ئەی پەرستاران و فریشتە سپییەكانی ناو كەرتی تەندروستی ئەی پێشمەرگە و سەربازە ونەكانی كەرتی تەندروستی (ڕۆژی جیهانیی پەرستار)یتان باش و پیرۆز بێت، ئێوە جێگەی شانازی و پێنازین و پێزانینی ئێمەن! ئێوەن كە كوردان و كوردەواری پێتان دەنازێت، مێژووش شاھێدیتان لۆ دەدات كە مرۆڤن، دۆستن، خۆشەویستن چاوساغ و خۆنەویستن. مرۆڤەكان ئەوانەی جێ دەستییان لە مێژووی مرۆڤایەتی دەمێنێت كەمن بەڵام بێگومان بن، كە ھەتا ھەتایێ مێژوو بە چاوی ڕێز و گەورە ناوی (پەرستاران) دەبات و دەڵێت، كە: ئەوانە كەلە مرۆڤەكانی میللەتی كوردن.

 

Top