لەژێر كاریگەری سۆشیال میدیا  بەشێكی زۆری ئافرەتان ڕوو لە جوانكاری ددان دەكەن  

لەژێر كاریگەری سۆشیال میدیا   بەشێكی زۆری ئافرەتان ڕوو لە جوانكاری ددان دەكەن   

 

 

لەم ساڵانەی دواییدا خانمان بەڕێژەیەكی بەربڵاو ڕوو لە كیلینك و سەنتەرەكانی جوانكاری دەم و ددان دەكەن، هۆڵیۆد سمایڵ لەناو چینی گەنجان و ئافرەتان بووەتە ترێند و خوازیاری زۆرە و تەنانەت چینی كەمداهاتیش بە ڕێژەیەكی بەرچاو ئەو جوانكارییانە ئەنجام دەدەن. هاوكات سۆشیال میدیا لە ڕێگەی ڕێكلامەوە بازاڕی كیفی ددان و تەلی ددان و هۆڵیۆد سمایڵی گەرم كردووە، پزیشكێكی ددانیش دەڵێت پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان لە وەزارەتی تەندروستی و سەندیكا بە وردی چاودێریی دەزگاكانی ڕاگەیاندن و لاپەڕەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بكەن سەبارەت بە ڕێكلام و گەرم كردنی بازاڕی ئەم بابەتە. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان سەبارەت بەو دیاردەیە ڕاو سەرنجی خۆیان دەخەنە ڕوو.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

مژدە عەباس مامۆستای قۆناغی بنەڕەتییە و لە دەستپێكی قسەكانیدا دەڵێت: «ددانەكانی پێشەوەم هی سەرەوە و خوارەوە هیچ عەیبی نەبوو، تەنیا كەمێك ورد بوون، ڕیكلامە بەردەوامەكانی سۆشیال میدیا بۆ هۆڵیۆد سمایڵ وایان لێكردم، پارەیەكی زۆر لە ددانەكانم خەرج بكەم و هەموو ددانەكانم كیف بكەم. ددانەكانی خۆم هەموو بچووك كرانەوە لە پێناو كیفكردن و هۆڵیۆد سمایڵ، ئێستا خزمەتكردن و شووشتنی زۆر زەحمەتە، لێرەوە ئامۆژگاری هەموو كەسێك دەكەم كەوا بە هۆی چاولێكەرییەوە دەستكاری ددانەكانیان نەكەن».

چیا عەبدوڵڵا، میدیاكارە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «مەترسیدارترین نەخۆشیی ئەم سەردەمە جگە لە چاولێكەری، خۆكۆپیكردنمانە بە كەسانی دیكە. جاران هۆز هەبوو، هەمووان لەسەر بنەما و بڕیار و بۆچوونی ئەو هۆزە دەژیان. ئەگەر كەسێكیان پێچەوانەی ئەو هۆزە بیری بكردایەتەوە و ڕەفتاری جیا لە ڕەفتارەكانی ئەوانی بنواندایە، لە هۆز دەردەكرا، ئێستاش كۆمەڵگە لەسەر هەمان ڕێچكەیە و تەنیا ئەوەندەیە بازنەی خەڵكەكە و گوندەكان بووەتە شار و ملیۆنان كەس تێیدا دەژین، ڕێگای خۆڵ بووەتە قیر و كانی و ئاو بووەتە بۆڕی و كاركردنی دەشت چووەتە ناو بینا و باڵەخانەوە، بەڕاستی مرۆڤ لە ڕەگەوە نەگۆڕێت و خۆی نەناسێت و پرسیاری لا دروست نەبێت و لێكۆڵینەوە لە هەموو شتێك نەكات، تەنیا و تەنیا كەڤەر دەگۆڕێت و ڕەگ ناگۆڕێت. لایڤ ستایلی هیچ كۆمەڵگەیەك ناگۆڕێت تا لە ڕەگەوە مرۆڤ و تاك نەگۆڕێت و ڕێگە بە گۆڕانە سرووشتییە گەردوونییەكە نەدات، ڕێچكەی خۆی وەربگرێت و ژیان بەرەو ڕەنگاوڕەنگی بچێت. ددانێك خوا دروستی كردووە، ڕەنگی گونجاوە لەگەڵ هەموو سرووشتی كەسەكە، واتا ئەو كەسە بەو ڕواڵەتەوەیە كە بۆی دانراوە و هەمووی هارمۆنییە، ئەگەر كەسەكە قەدری ئەو نیعمەتانە بزانێت و بە شێوەیەكی سرووشتی پارێزگارییان لێ بكات .پزیشكان باشتر دەزانن كە مینای ددان جێگرەوەی نییە، پێویستە تاكیش ئەوەندە هۆشیاری هەبێت كە بزانێت پێكهاتەكانی جەستەی چەندە بە نرخ و گرنگن و جێگرەوەیان نییە. ئا لێرەوە تێدەگەین و دەزانین كە تاكی كۆمەڵگەی ئێمە (هەمووان نا، بەڵكو زۆرینە) ناهۆشیارن، بەڕاستی ناهۆشیاری دەردە، دەردی هۆزە و دەبێت هەمووان لەیەك بچن، ئینجا قبووڵ كراون، یان خۆیانیان پێ قبووڵ دەكرێت. ئەمە بەڕاستی دەردێكی سەختە كە دەبینی تاكی كۆمەڵگە لەسەر ڕێچكەیەكی ناهۆشیاری بڕوات. جوانكاری تەنیا لە دداندا نییە كە سەرچاوەی تەندروستیی ئێمەیە، بەڵكو چووەتە هەموو بەشەكانی جەستە ووك بڕین و تێكردن و لێ دەركردن و پینەكردن، ئەمەش لێشاوێكە خۆش بە حاڵی ئەوەی سرووشتی خواكردی خۆی بە تەندروستی دەهێڵێتەوەو ئەو لێشاوە نایبات، كە هەر دەرد و نەهامەتی بۆ تەواوی تەمەنی بەجێ بمێنێت. دەستكاریكردنی ددان، یان هەر شتێكی جەستە بێ ئەوەی پێویست بێت و نوقسانی پڕ نەكاتەوە، مانای ئەوەیە تۆ بۆ هەموو تەمەنت دەبیتە كرێچیی پزیشكەكان. جا مرۆڤی ژیر خۆی باش دەزانێت و تێدەگات. وای دەبینن دەستكاریكردنی مرۆڤ بە بڕیاری خۆی بێ ئەوەی پێویستی بێت، یان نوقسانی هەبێت، ئەوپەڕی ناشوكریە بەرانبەر بەو ناز و نیعمەتە تێر و تەواوەی خودا بە خەلقی خۆی داویەتی».

هەڤاڵ عەبدوڵا حەمەد، هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە كلینكەڵ سایكۆلۆژی و لە ڕووی دەروونییەوە خوێندنەوە و لێكدانەوە بۆ جوانكاریی دەم و ددان لای خانمان دەكات و دەڵێت: «جوانكاری لە ڕووی دەروونییەوە كۆمەڵە خوێندنەوەیەكی جۆراوجۆر و جیاوازی بۆ دەكریت. خوێندنەوەیەك ئەوەیە كە ئەو خانمانە خۆیان بەراورد دەكەن بە ئەكتەرەكان، دەبینن ڕەنگ و ڕوخساریان جوان و درەوشاوەیە و خۆیان بە كەمتر لە ئەكتەری ناو فیلمەكان دەبینن، بۆیە بە شێوەیەكی خێرا بڕیار دەدەن، جوانكاری بۆ ڕوخسار، یان دەم و ددانیان بكەن، بەبێ ئەوەی هیچ لێكدانەوەیەك بۆ ئەم كارەی خۆیان بكەن. خوێندوەیەكی دیكەش ئەوەیە كە وەك لاساییكردنەوەشی لێ هاتووە لە ناو خانمەكان».

لە كۆتایی قسەكانیشیدا دەڵێت: پێویستە خانمەكان ڕێز لە بوونی خۆیان بگرن و بەو شێوەی كە هەن، خۆیان قبووڵ بێت».

دكتۆر ڕێبین عەزیز بەرزنجی، نەقیبی سەندیكای پزیشكانی ددانی كوردستان و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «یەكێك لەو دیاردە نامۆیانەی كە بەرۆكی كۆمەڵگەی كوردی گرتووە بابەتی جوانكارییە بە گشتی و جوانكاریی دەم و ددانە بەتایبەتی. دەكرێت خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانی دەم و ددان بۆ سێ جۆر پۆلێن بكەین:

1_پاراستنی دەم و ددان، كە پاراستنی ددانەكان دەگرێتەوە لە قۆناغەكانی ددانی شیری و هەمیشەیی، لەوانە بەكارهێنانی فلۆراید بە شێوەی گشتی و لۆكالی و فیشەر سیلەنت و بەكارهێنانی پاككەرەوەكان و ششتنی ددانەكان بە شێوەی دەوری لای پزیشك و لە ماڵەوەش بە فڵچە و هەویری ددان.

2-پڕكردنەوە و نۆژەنكردن و پاراستنی ئەو ددانانەی كە ماون دوای تێكچوون و شكست .

3-قەرەبووكردنەوە و دروستكردنەوەی ئەو ددانانەی كە لەدەست دراون.

 واتە بابەتی جوانكاریی ددان تەنیا لە خاڵەكانی 2،3 جێگای دەبێتەوە. دەبێت چارەسەری جوانكاری لەسەر بڕیار و ئاراستەی پزیشكی ددان بێت، ئامانجیش لێی ڕاستكردنەوەی كرداری و شێوەی ددانەكانە بەیەكەوە نەك تەنیا دیمەنی جوانی‌. ئەوەی جێگەی ئاماژە بۆكردنە بابەتی ڕێكلام و هۆشیاریی تەندروستیی هاووڵاتیانە كە ناكرێت ئەم بابەتە لە حاڵەتی چارەسەرییەوە بۆ ئامانج و خولیای بازەرگانی بەكار بهێنرێت .چارەخواز دەبێت بزانێت هیچ شتێك ناتوانێت قەرەبووی ددانە ڕەسەنەكانی خۆی بكات و ناشكرێت لەر داواكاری و خولیای نەخۆش بڕیار لەسەر جوانكاری ددان بدرێت، بەتایبەتی دروستكردنی تاج (كیف، یان توێكڵی جوانكاری). پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكانیش لە وەزارەتی تەندروستی و سەندیكا بە وردی چاودێریی دەزگاكانی ڕاگەیاندن و لاپەڕەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بكەن سەبارەت بە ڕێكلام و گەرم كردنی بازاڕی ئەم بابەتە».

 

Top