مافپەروەر نازەنین مەندەلاوی سەرۆكی ڕێكخراوی ئافرەتانی كوردی فەیلی بۆ گوڵان:   جینۆسایدی كوردانی فەیلی بۆ لێدانی ئەو پێگە ستراتیژییەی نەتەوەی كورد بوو كە پاڵپشتی مەلا مستەفا بارزانی بوون

مافپەروەر نازەنین مەندەلاوی  سەرۆكی ڕێكخراوی ئافرەتانی كوردی فەیلی بۆ گوڵان:     جینۆسایدی كوردانی فەیلی بۆ لێدانی ئەو پێگە ستراتیژییەی نەتەوەی كورد بوو كە پاڵپشتی مەلا مستەفا بارزانی بوون

 

 

 

بە ڕووخانی سەردەمی پاشایەتی و دامەزراندنی حكومەتی كۆماری عێراق، هیچ نەگۆڕدرا و، جگە لە بەردەوامبوونی دڕندەیی دژ بە كورد، هەڵمەتەكانی دەركردن و دوورخستنەوە و سڕینەوەی ناسنامەی گەلی كورد و كوشتنی بەكۆمەڵیشی هاتە سەر. كارەساتی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلی، بەتایبەتی لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا گەیشتە سەر مەترسیی قڕكردن و لەناوچوون. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و لە چوارچێوەی زنجیرە دیدارەكانی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ كوردانی فەیلی، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی نازەنین مەندەلاوی كرد، كە بۆ ماوەی دوو خول ئەندامی پەرلەمان بووە و سەرۆكی ڕێكخراوی ئافرەتانی كوردی فەیلییە و بڕوانامەی لە یاسادا هەیە، بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

 

* لە مێژوودا زۆر جار كورد كۆمەڵكوژ كراوە و لەسەر دەستی ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق ڕووبەڕووی سڕینەوەی ناسنامەكەی بووەتەوە. بەوپێیەی شارەزاییت لە یاسادا هەیە و خاوەنی ڕێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنیت بۆ ئافرەتانی كوردی فەیلی، سەرەتای پرسیار لەوەوە دەست پێ دەكەین، بۆچی كوردانی فەیلی كەوتوونەتە بەردەم ئەم شاڵاوی جینۆسایدە؟

- جینۆسایدی كوردانی فەیلی لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە تاوان و كۆمەڵكوژی و قڕكردنەدا دێت، كە گەلی كوردستان لەسەر دەستی داگیركەرانی تووشی بووە. ڕژێمەكانی عێراق بەردەوام و بەتایبەتیش ڕژێمی بەعس، خاوەنی عەقڵییەتێكی ڕەتكردنەوەی بەرانبەریان بوون و كوردیان وەكو هاووڵاتیی پلە دوو سەیر كردووە، كوردیش بە هەموو پێكهاتەكانیەوە لە سەنگەری بەرگریكردندا بووە لە ڕووی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە. كاتێك كوردانی فەیلی پاڵپشتیی مەلا مستەفا بارزانییان كرد لە شۆڕشی ئەیلوول و شەهید و قوربانیی زۆریان بەخشی و هاوكاری و كۆمەكی شۆڕشیان دەكرد، ئەمە بە دڵی نەیارانی كورد نەبوو. لە كاتی هاتنەوەی مەلا مستەفا بارزانی لە یەكێتیی سۆڤێت، هەر لە بەندەری بەسراوە تاوەكو بەغدا كوردانی فەیلی پێشوازییان لێكرد. هەروەها لە كاتی واژۆكردنی ڕێككەوتننامەی 11ی ئادار و ڕێپێوانە گەورەكەی ناو جەرگەی بەغدا، كە بەشێكی زۆری كوردانی فەیلی تێیدا بەشدار بوون، ئەو دەمە ڕژێمی بەعس ترسێكی لە بوون و پێگە و مەكانەتی كوردانی فەیلی لە ناو جەرگەی بەغدا لا دروست بوو. لە سەرەتای ساڵی 1980 كە بەعس خۆی ئامادە دەكرد بۆ شەڕی ئێران و لێدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد، بەو پێیەی كوردانی فەیلی لە سەنگەری پێشەوەی بەرەی موقاوەمەی پارێزگاریكردن بوون لە دەستكەوتەكانی شۆڕش و لایەنی نەتەوەیی، بۆیە بەعس زۆر زاڵمانە و توندوتیژانە پەلامای دان و تاوانەكانی گەیاندە لووتكە. جینۆسایدی كوردانی فەیلی بۆ لێدانی ئەو پێگە ستراتیژییەی نەتەوەی كورد بوو كە پاڵپشتیی مەلا مستەفا بارزانییان كردبوو، ئەم پاڵپشتیەش هەروا لەخۆڕا نەهاتبوو. مەلا مستەفا بارزانی كوردانی فەیلیی خۆش دەویست، چونكە دەیزانی بە درێژایی حوكمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق، كوردانی فەیلی ڕووبەڕووی جیاكاریی تایفیی و نەتەوەیی بوونەتەوە و تووشی كوشتنی خەڵكی مەدەنیی بێتاوان و دەربەدەركردن و ئاوارەكردنی زۆرەملێ و تاڵانكردنی ماڵ و حاڵیان و بێسەروشوێنكردنی گەنجەكانیان و بێبەشكردنیان لە ڕەگەزنامە و جیاكردنەوەی هاوسەرەكان بەزۆرە ملێ و.. چەندین تاوانی دیكە بوونەوە. بەرزیی ئاستی ڕۆحی نەتەوەیی لای كوردانی فەیلی ترس و دڵەڕاوكێیەكی گەورەی لای پیاوانی ڕژێمی بەعس دروست كردبوو، بە ڕاددەیەك لە میدیاكانیەوە ڕژێم بە ئاشكرا ڕێگەی بە دەركردن و لەناوبردنی كوردانی فەیلی دەدا، بۆ نموونە لە ڕۆژنامەی (الثورة) كە زمانحاڵی حزبی بەعس بوو، پڕوپاگەندەی بۆ دەركردنی كوردانی فەیلی دەكرد، بە بیانووی ئەوەی ئەمانە عێراقی نین و بە ڕەچەڵەك ئێرانین.

* باس لەوە دەكرێت كە كوردانی فەیلی پێگەیەكی بەهێزی بازرگانی و كاسبكارییان لە ناوجەرگەی بەغدا هەبوو، ئایا تاچەند توانرا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس قەرەبووی ماددەیی كوردانی فەیلی بكرێتەوە؟

- كوردانی فەیلی جگە لەوەی ژمارەیان لە ناو جەرگەی بەغدا زۆر بوو، هاوكات بەشێكی هەرە زۆری بازرگان و پیشەوەر و كاسبكارەكان و فەرمانبەرانی پایتەختیان پێك دەهێنا، تا ڕاددەیەك ئابووریی ناوچەی شۆڕیجە بە دەستی كوردانی فەیلییەوە بوو. بەڵگەنامەكان دەریانخستووە كە كوردانی فەیلی بە هۆی باشیی باری داراییانەوە چەندە هاوكاریی ماددیی شۆڕشی ئەیلوولیان كردووە و لەو سەردەمەدا هاوكارییەكانیان بۆ 2000 دینار دەچوو، لە ساڵی 2003 و دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بەڵگەنامە و زانیاریی گرنگ كەوتە دەستی حزبەكان، بەڵام بەداخەوە بەپێی پێویست مامەڵەیان لەگەڵ نەكرد، چونكە فەیلییەكان بە نەتەوە كوردن. ڕژێمی بەعس تەنانەت ناسنامەی بازرگانیكردنیان لە ژووری بازرگانی و پیشەسازیی عێراق لە كوردانی فەیلی سەندەوە، بەم شێوەیە لە سەردەمی ڕەشید عالی گەیلانییەوە تاوانەكە ڕووی لە هەڵكشان كرد، كە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دیجلە لەسەر سنووری عێراق - ئێرانی گرتەوە، ئەو ناوچانەی كە قورسایی دیموگرافیای كوردی تێدا بوو، ئەوەی ڕەگەزنامەیان هەبوو تەرحیلی بەسرە و عەمارە و شارەكانی ناوەڕاستی عێراقیان دەكرد، ئەوەشی ڕەگەزنامەی نەبووایە بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێرانیان دەكردن، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بە دەگمەن حزبی بەعس بەڵگەنامەكانی هێشتووەتەوە و زیاتر لە سەر زاری شایەتحاڵەكان و زیانلێكەوتووان باس لە زیندانیان و لە سێدارەدان و كوشتوبڕەكان و داگیركردنی ماڵ و حاڵ و ئاوارەبوونیان كراوە. ڕۆڵی میدیای كوردی و عێراقی لە باسكردنی ئەم جینۆسایدەدا لاواز بووە و حزبە عێراقییەكانیش كەیسەكەیان تێكەڵ بە ئەجیندای سیاسی و حزبی كردووە. هەر سەبارەت بە پێگەی كوردانی فەیلی لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی دیجلە، كە دەوڵەمەند بووە بە سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی و ناوچەیەكی كشتوكاڵیی دەوڵەمەند بووە و، كوردانی فەیلی خاوەنی زەوی و كێڵگە و باخ و ڕەزی گەورە بوون، لەوێشەوە كۆچێكی دیكەی ناوخۆییان پێ كراوە بۆ شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و ناوچەكانیان ڕووبەڕووی شاڵاوی تەرحیل و تەعریب بووەتەوە. بەداخەوە ئەو سەردەم و قۆناغە یارمەتیدەری ڕژێمی بەعس بوو، بەوەی لە ململانێدا بوو لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران و خۆی بۆ جەنگ ئامادە دەكرد و ڕۆژئاواش پاڵپشتیی دەكرد.

* بەو پێیەی سەرپەرشتیی ڕێكخراوێكی تایبەت بە ئافرەتانی كوردی فەیلی دەكەیت، دەكرێت باسی ئەو زوڵم و چەوسانەوەیەشمان بۆ بكەیت كە ئافرەتانی كوردی فەیلی تووشی بوون؟

- كوشتن و بێسەروشوێنكردنی هاوسەر و جەرگی ئافرەتانی كوردانی فەیلی ناتوانرێت گوزارشتی لێ بكرێت، ئەوەندە زامێكی قووڵە. داگیركردنی ماڵ و حاڵیان و ئاوارەبوون و دەربەدەرەی ئەركێكی زۆر قورسی خستەسەر شانیان بۆ بەڕێوەبردنی ماڵ و منداڵەكانیان، لە لایەكی دیكەوە زوڵمی دەستبردن بۆ پیرۆزیی خێزان و جیاكردنەوەی هاوسەرەكان، بەتایبەتی ئەوەی لە سلكی سەربازیدا بوو، ئەمە تاوانێكی گەورە بوو، من شووبراكەم لە سلكی سەربازیدا بوو، نەچووەتە ژێر ئەو بڕیارە و لە عێراق بە خۆی و خێزانیەوە دەرچوو.

* لە ئاوارەبوون و دەركردنیان بۆ ئێران كوردانی فەیلی ڕووبەڕووی ژیانێكی قورس بوونەوە، ئایا بارودۆخەكە لەوێ چۆن بوو؟

- ئەو سەردەمەی جینۆسایدەكە دەرهەق بە كوردانی فەیلی ڕووی دا و بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێران كران، بارودۆخی ئێران لە ڕووی ئابووری و بژێوی ژیانەوە باش نەبوو، خێزانێكیش لە ناو ئەو ناز و خۆشییە و لەسەر زێدی باب و باپیرانیان دەركرێت و دەست بەسەر ماڵ و پارە و كەلوپەلەكانیاندا بگیرێت، بێگومان لە بارودۆخێكی زۆر خراپی دەروونی و كۆمەڵایەتیدا دەبن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو سەردەمە ئیدریس بارزانیی هەمیشە زیندوو سەرپەرشتیی ئۆردوگاكانی دەكرد كە كوردانی دیكەش بەتایبەتی بارزانییەكان دەربەدەر كرابوون، هەربۆیە هەر زوو لە ناو ڕیزەكانی شۆڕشدا خۆیان ڕێك خستەوە و پەیوەندییان بە شۆڕشەوە كردەوە.

* دواپرسیار ئەوەیە ئەم تاوانە گەورەیە بۆ نەكرا بە جینۆسایدێكی نێودەوڵەتی، تاوەكو لەو ڕێگەیەوە كوردانی فەیلی قەرەبووی ماددەی و مەعنەوی بكرێنەوە؟ پێشنیارتان چییە بۆ ئەوەی ئەم كەیسە بەو شێوەیە پشتگوێ نەخرێت؟

- لەگەڵ ئەوەی پەرلەمانی عێراق و دادگای باڵای عێراق و حكومەتی عێراق بڕیاری زۆر باشیان بۆ قەرەبووكردنەوەی قوربانییەكان داوە و بە تاوانی كۆمەڵكوژی ناویان بردووە، بەڵام ئیرادەیەك بۆ جێبەجێكردنی نییە. هێشتا زۆر لە كوردانی فەیلی لە دەرەوەی عێراقن و بەڵگەنامە و وەرەقەیان لێ داوا دەكەن. ئێ باشە لە كوێ پەیدای بكەن، لە كاتێكدا هەرچی تاپۆ و بەڵگەنامە و ئەوراقی فەرمی هەیە، لێیان داگیر كراوە و تەنانەت لە بەڵگەنامەكانی ڕەگەزنامەدا وەكو تاوانبار هەژمار كراون؟ باشە نەتەوەیەك ڕوفاتی كوژراوەكانیان بێسەروشوێن بێت، ئیتر چۆن دەتوانن لە دامەزراوەكانی حكومەتدا بە دوای مافەكانیان بكەون؟ گرفتەكە ئەوەیە كە ئێستاش لە بەغدا هەر هەمان عەقڵییەتی دژایەتیكردنی كوردە، ئیتر چۆن مافی كوردانی فەیلی دەدرێتەوە؟

بە خۆشحاڵییەوە سەرۆك بارزانی پاڵپشتییەكی باشی كوردانی فەیلی دەكات و لەم كەیسەدا ڕۆڵی بەرچاوی هەیە و لە كۆنفرانسی ناساندنی جینۆسایدی كوردانی فەیلیدا، كە بەسەرپەرشتیی سەرۆك مەسعود بارزانی لە هەولێر بەڕێوە چوو، تێیدا پێشنیاری باش كرا، بەتایبەتی دامەزراندنی سەنتەر و دامەزراوەیەك بۆ كەیسی جینۆسایدی كوردانی فەیلی، كێشەكە لەوەدایە ئەم بابەتە زیاتر لە بەغدا و عێراق دەكرێت و گۆڕەپانی بەغدا هەر لە دامەزراندن و كار و دەستكەوت و بەڕێوەچوونی كاروباری هاووڵاتیانەوە لەلایەن حزبەكانی عێراقەوە قۆرخ كراوە، خێزانە كوردەكانی فەیلییش لە ناو جەرگەی بەغدا پێویستیان بە دامەزراندنی گەنجەكانیان هەیە، كە بەداخەوە ئەمە قۆرخ كراوە بۆ حزبە عێراقییەكان، لەگەڵ ئەمەشدا ئەگەر ئەو دامەزراوەیە دروست بكرێت و كوردانی فەیلی ڕێگەیان پێ بدرێت، بگەڕێنەوە و لە كوردستان نیشتەجێ ببن و زەمینە بۆیان بڕەخسێت، كارێكی باشە، لەناو جەرگەی بەغدا پێویستە حزبە كوردستانییەكان بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان گرنگیی زیاتر بە كوردانی فەیلی بدەن.

 

Top