مەحموود ڕەش ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان : چەكدارانی پەكەكە چەندین گرووپ و كەسی مەشقكراویان هەیە بۆ كاری تیرۆریستی و ئاگربەردانە شوێنان
چەكدارانی پەكەكە زۆر هەوڵ و پیلانیان هەیە، كە بە بەشداریی خۆیان شەڕێكی براكوژی لە باشووری كوردستان دروست بكەن. بۆ ئەوەی بزانین پەكەكە بۆ لە باكوورەوە هاتووەتە باشووری كوردستان و چۆن كار و ڕەفتاری تیرۆریستی و ئاگركەوتنە و كوشتن و تەقاندنەوە لە باشووری كوردستان لە دژی خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدەن، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ مەحموود ڕەش ئەندامی پێشووی پەكەكە ئەنجام دا.
* ئایا لە باكووری كوردستان دۆڵ و شاخ و چیای سەختی لێ نەبوو، كە پەكەكە تێیدا درێژە بە چالاكییەكانی بدات، كە هاتووەتە باشووری كوردستان و چەندین ناوچەی داگیر كردووە. وەكو شارەزایەك كە چەندین ساڵ لە ناو پەكەكە بوویت، خوێندنەوەت لەو بارەیەوە چییە؟
- لە باكووری كوردستان دۆڵ و شاخ و چیای زۆر دژوار و سەختتر لە باشووری كوردستان بەتایبەتی لە چاو قەندیل و مەتین و گارە هەیە، بەڵام چەكدارانی پەكەكە بە هۆی جووڵە و ڕەفتاری دوور لە مرۆڤایەتی و كوردایەتییان، بەتایبەتی پاش دەستگیركردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، خەڵك و جەماوەرەكەی لە باكووری كوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە كەمكردندا بوو، بەتایبەتی بە هۆی ئەو بارقورسییەی لە ڕووی دارایی و ژیانی ڕۆژانەیان خستبوویانە سەر شان و ئەستۆی خەڵكە هەژار و كەمدرامەتەكەی باكووری كوردستان، بەتایبەتی گوندنشینەكانیان، هەروەها لێرە و لەوێش سەرانەیان لە خەڵك وەردەگرت، بەتایبەتی لە جووتیاران لە وەرزی دروێنە و لە كاتی بەرهەمهێنانی باخ و بێستانەكانیان و شەوانی سارد و زستان و زریانەكان دەچوونە سەر ماڵان لە گوند و شارۆچكە بچووكەكانی سنووری و ناو چیاكان، بەتایبەتی لە كاتی ژەمە خواردنەكاندا كە خەڵك و میللەتەكە خۆیان زۆر هەژار و كەمدەرامەتن، ئەوە هەر ماڵێك چەند چەكدارێك دەبوونە بارگرانی لە سەریان، لە لایەكی دیكەوە بە هۆی ئەو ڕووبەڕووبوونەوانەی كە لە نێوان چەكدارانی پەكەكە و سوپای توركیا و پاسەوانانی سنووردا هەبوو، خەڵك و كەسانی سڤیلی ناوچەكە دەكوژران و بریندار دەبوون، حكومەتی توركیاش لە ڕێگەی سەربازییەوە پەلاماری ئەو گوندانەی دەدا و كاول و وێرانی دەكردن و بە ناچاری دەبوو خەڵكەكە كۆچ بكەن بۆ شوێنی دیكە، هەموو ئەوانە بە لایەك كە وای كرد جەماوەری پەكەكە بە تەواوی لێیان دوور بكەونەوە و كەم ببنەوە، لەلایەكی دیكەوە چاویان بەو ئازادی و سەربەخۆییەی باشووری كوردستان هەڵ نەدەهات، بەتایبەتی كە دەیانزانی ئەو دەستكەوتە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هاتووەتەدی و هەر پارتی بە سەرۆكایەتیی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی وەكو مەرجەعی گەلی كورد و كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان پارێزگاری لە دەستكەوتەكانی باشوور دەكات، لە لایەكی دیكەوە چونكە پەكەكە پاش ماوەیەكی كەم لە دامەزراندنی لە بیری نەتەوەیی و كوردستانی و سەربەخۆیی كوردستان بە تەواوی لای دا، كە پڕوپاگەندەی بۆ ماركسییەت و یەكپارچەیی بۆ توركیا دەكرد، هەموو ئەوانە وای كرد، پەلاماری باشووری كوردستان بدەن، تاوەكو لەم ڕێگەیەوە كێشە و ئاڵۆزی بۆ حكومەتی كوردستان دروست بكەن. لە ئەنجامی هاتنی ئەو چەكدارانە بۆ قەندیل و هەندێ دەڤەری سنووری باشووری كوردستان توركیا لەشكركێشیی كردە سەر خاكی باشووری كوردستان، و لە ئەنجامی ڕووبەڕوو بوونەوەی پەكەكە و سوپای توركیا لە سەرەتاوە تا مانگێك پێش ئێستا زیاتر لە (600) گوندی باشووری كوردستان چۆلیان كردووە و كار و كاسبییان وەكو كشتوكاڵ و مەڕداری و باخ و بێستانەكانیان كە سەرچاوەی ژیانیان بووە، لەدەستیان داوە و دەربەدەر بوون و كۆچیان بۆ شار و شارۆچكەكان كردووە، لە هەقیقەتدا چەكدارانی پەكەكە بۆ هەرێمی كوردستان بوونەتە پەتایەكی دەگمەن و مەترسیدار كە بەردەوام ئاڵۆزی و بارودۆخی نەخوازراو بۆ خەڵكی باشووری كوردستان و حكومەتەكەی دروست دەكەن.
* وەكو دەزانین لە سەردەمی ئێستادا هەموو كێشە و ئاڵۆزی و بارودۆخێك لە نێوخو و لە نێوان وڵاتان بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ و ئاشتی چارەسەر دەبێت، لەم بارەوە چەند ساڵێك پێش ئێستا سەرۆك بارزانی لە دەستپێشخەرییەكی زۆر بەچاودا هەوڵی دا، كێشەی كوردی باكوور لەگەڵ توركیا بە ڕێگەی دیالۆگ و ئاشتی چارەسەر بكات، ئایا ئەم كار و هەوڵە خەخمخۆری و دڵسۆزییەی بارزانی بۆ سەری نەگرت؟
- پەكەكە لە پەیڕەو و پلان و بەرنامەكانیاندا بە وشەیەكیش باسی ئاشتی و دیالۆگی تێدا نییە، هاوكات كە دیتیان جەنابی سەرۆك بارزانی بەو كارێزماییەی و وەكو مەرجەعی گەلی كورد و كوردستان پاش هەوڵێكی زۆر لەگەڵ حكومەتی توركیا توانی بگاتە ئەوەی كە توركیا ڕازی بكات كە كێشەی كوردی باكوور لەگەڵیان بە دانیشتن و گفتوگۆ و بە ڕێگەی ئاشتی چارەسەر بكات، ئەوە بە جارێك وای كرد سەرانی چەكدارانی پەكەكە بەو هەنگاوە گرنگ و مێژووییە ڕازی نەبن و بۆ نانەوەی كۆسپ و كێشە لەبەردەم ئەو پڕۆژەیەدا شەڕی خەندەقیان لە باكووری كوردستان دروست كرد، كە بووە هۆی ماڵوێرانی بۆ خەڵكی باكوور و پڕۆژەكەی جەنابی سەرۆك بۆ ئاشتەوایی و هاتنەدیی ماف و دواڕۆژێكی باش و پڕشنگدار بۆ كوردی باكوور لەبار برا.
* چەكدارانی پەكەكە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە لێرە و لەوێ، بەتایبەتی لە دەڤەری ڕاپەڕین و گەرمیان و چەمچەماڵ و پارێزگای سلێمانی و ماوەت بە شێوەی گرووپی چەكدار دەردەكەون. ئایا پەكەكە لە سەرەتا و دامەزراندنییەوە بەو شێوەیە بوو، یان ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
- پەكەكە هەر لەگەڵ دامەزراندنی كار و هەنگاوی ئەوەی هەبووە كە ڕێكخستن و چەكدارەكانی لە چەند گرووپ و هێزی جیاجیادا دابەش بكات، كە گوایە ئەمە بۆ پاراستنیانە، بەڵام ئێستا بۆ چەكدارەكانیشیان دەركەوتووە كە لە پێناو خۆیان سەرانی پەكەكە ئەو پیلانەیان هەیە، لەلایەكی دیكەوە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە چەكدارانی پەكەكە لە چەند ناوچەیەكی باشووری كوردستان جووڵەیان زیادی كردووە، ئەمەش زیاتر بۆ ئەوەیە كە بە ڕێگەیەكی دیكە پەلكێشی سوپای توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان زیاتر بێت، لەم بارەشەوە وەكو دەبینین درۆنەكانی توركیا ئەو گرووپانە بۆردومان دەكەن لە ئەنجامدا خەڵكی باشووری كوردستانن كە هیچ پەیوەندییەك دوور و نزیكیان لەگەڵ پەكەكە نییە و دەبنە سووتەمەنی و شەهید و بریندار دەبن.
* هۆكاری چییە كە پەكەكە لە شنگال ناكشێتەوە؟ ئایا ئەمە ناگەڕێنیتەوە بۆ ئەوەی كە ئەو چەكدارانە بە فەرمان و دەستلەپشتدانی وڵاتانی داگیركەر دەجووڵێنەوە؟
- چەكدارانی پەكەكە بە پاڵپشتیی حەشدی شەعبی و كۆماری ئیسلامیی ئیران لە دەڤەر و شاری شنگال ماون و چۆڵی ناكەن، تاوەكو ئیدارەی ناوخۆی شنگال بۆ هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان نەگەڕێتەوە، كە خاوەن ماڵە و هەر ئەم پیلان و هۆكارەشە وای كردووە، ناوچەكە ئاوەدان نەكرێتەوە و ڕێككەوتنی شنگال كە لە نێوان هەرێم و بەغدا بە چاودێریی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان كراوە، جێبەجێ نەكرێت و سەقامگیری و ژیان بۆ ناوچەكە نەگەڕێتەوە. دەتوانین بڵێین ئەمەش بەشێكە لەو پیلانەی بۆ دروستكردن و تەواوبوونی كەوانەی شیعە كە بەو ناوچەیەدا دەڕوات، لە لایەكی دیكەوە ئەو چەكدارانەی پەكەكە و ژمارەیەكی زۆرتریشیان لە قەندیل و شوێنی دیكەش مووچە و هاوكاری لە شیعەی عێراقی سەر بە ئێران وەردەگرن، ئەگینا بە نەمانی ئەو چەكدارنەی پەكەكە لە شنگال و دەڤەرەكە ئەوا خەڵكی سنوورەكە و ئاوەدانی بۆ شنگال دەگەڕێتەوە .
* ئایا ئەو كار و ڕەفتارانەی پەكەكە دەیكات كە لەگەڵ نیزام و سیستمی جیهانی هاوچەرخ ناگونجێت، هەر ئەوە هۆكار نییە كە وای كردووە پەكەكە لە لیستی تیرۆردا دابنرێت؟
- پەكەكە لەگەڵ دامەزراندنیدا چەندین گرووپ و یەكەی جیاجیای داناوە، هەر یەكەی بەناو و كار و ڕەفتارێك مەشق و ڕاهێنانیان پێ كراوە، لەوانە كەس و گرووپیان هەیە كە كوڕ و كچانی خوار تەمەن هەژدە ساڵی هەڵدەخەڵەتێنن بەپێی ئەو بەرنامەیەی بۆیان دانراوە، پاشان چەكداریان دەكەن و ناهێڵن بە دایك و باوك و خێزانەكانیان شاد ببنەوە، كە ئێستاش لەوەتەی لە هەرێمی كوردستانن چەندین كوڕ و كچی لەو تەمەنانەیان ڕفاندووە و تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە لەلایەن ماڵباتەكانیان، هەروەها گرووپی چەكداریان هەیە بۆ هاتنە ناو شار و ئەنجامدانی كوشتن و كردەوەی تیرۆریستی تا دەگاتە دانانەوەی تی ئێن تی و جۆرەها تەقەمەنیی دیكە، وەكو ئەوەی لەسەر پردێكی پەڕینەوەی خەڵكی سڤیل لە شاری هەولێری پایتەختی كوردستان دایاننا، یان وەكو ئەو كردەوە تیررۆیستییەی كە لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوو بەرانبەر بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجام درا بە دانانەوەی تەقەمەنی بە ئۆتۆمبێلە شەخسییەكەی، هاوكات چەكدارانی پەكەكە یەكەی ئاگركەوتنەوە و ئاگربەردانە شوێنانیان هەیە، بەتایبەتی بۆ ئەو شوێنانەی كە سەرچاوەی كار و كاسبیی هاووڵاتیان، وەكو ئاگربەردانە قەیسەریی كەركووك و هەولێر و دهۆك. هەروەها پەكەكە كەس و گرووپی ڕاهێنراویان هەیە بۆ كوشتن و تیرۆركردنی ئەو كەسانەی كە خۆیان لە ڕێزەكانیان ڕزگاركردووە، یان ئەو كەسانەی كە ئەوان بە دوژمنی خۆیانیان دەزانن، هەندێ لە كوشتنەكانیان بۆ ئەوەی ئاشكرا نەبن لە ڕێگەی خنكاندنەوە ئەنجامی دەدەن و بەڵگەی زۆریش لەوبارەوە هەیە.
* ئایا چەكدارانی پەكەكە توانای بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی توركیایان هەیە كە چەند ڕۆژە دەستی پێكردووە، یان مەبەستی دیكەیان هەیە؟
- نەخێر، چەكدارانی پەكەكە بە هیچ شێوەیەك ئەو توانا و هێز و چەكەیان نییە بتوانن بەرەنگاری بكەن، یان شەڕ لەگەڵ سوپایەكی وەكو توركیا بكەن، بەڵكو مەبەستی سەرەكییان وێرانكردن و تێكدانی بارودۆخ و ڕەوشی سەقامگیری هەرێمی كوردستانە، كە چەند ڕۆژە بەو ئۆپەراسیۆن و شەڕەی نێوانیان زیاتر لە 150 گوندی دیكەش چۆڵ كراون، هاوكات كێشە بۆ بازگەكانی حكومەتی كوردستان و هێزی پێشمەرگە دروست دەكەن، لەلایەكی دیكەوە پەكەكە زۆر مەبەستیانە شەڕێكی براكوژی لەنێوان كورد لە باشووری كوردستان دروست بكەن كە بەم هۆیە خۆیان چەند زەرەرمەند بن لە لایان گرنگ نییە، چونكە دڵنیان كە هێزی پێشمەرگە ئەو فەرمان و بڕیارەی جەنابی سەرۆك بارزانی جێبەجێ دەكات، كە فەرموویەتی نابێت شەڕی كورد و كورد بە هیچ جۆرێك جارێكی دیكە ڕوو بدات و شەڕی كورد لەگەڵ كورد حەرامە، ئەگەرچی چەكدارانی پەكەكە ئەو فەرمان و كارە پیرۆزە بە هەل دەزانن و دەیقۆزنەوە و لێرە و لەوێ دژی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كار و ڕەفتاری ناشیرین و قبووڵنەكراو دەكەن، تاوەكو تووشی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەیان بكەن، هاوكات لەم ئۆپەراسیۆنەی دواییشدا وەكو پیشەی هەمیشەییان چەكدارانی پەكەكە چەندین شوێنی گرنگ و ستراتیژییان دووبارە بۆ سوپای توركیا چۆڵ كردووە، بۆ نموونە چیای مەتین و گارە.