نێكۆڵاس ڤێرۆن توێژەری باڵای لە ئەنستیتیوتی پێتەرسۆن بۆ ئابووریی نێودەوڵەتی لە واشنتۆن دی سی بۆ گوڵان: زۆر جار بڕیارە سیاسییەكان بیركردنەوەیەكی ئابوورییان لە پشت نییە
نێكۆڵاس ڤێرۆن، توێژەری باڵایە لە ئەنستیتیوتی پێتەرسۆن بۆ ئابووریی نێودەوڵەتی لە واشنتۆن دی سی. لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە چەند پرسی گرنگ دەدات، وەك سیستمە داراییەكان و چاكسازی دارایی لە جیهاندا، لە نێویاندا دەستپێشخەرییە داراییە جیهانییەكان و ئەو پەرەسەندنانەی لە ئێستادا لە نێو یەكێتیی ئەوروپادا ڕوودەدەن، بەم دواییەش چەندین وتاری نووسیوە لەسەر پرسەكانی تایبەت بە سزا ئابوورییەكانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەر ڕووسیا و بابەتی سڕكردنی یەدەگی بانكی ناوەندیی ڕووسیا لە ئەوروپا. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرەكانی پەیوەندیدار بوون بە پرسی ئابووریی ناسیۆنالیستی، بەتایبەتی لە نێو یەكێتیی ئەوروپا و بابەتی ئەوەی ئایا پەیوەندییە بازرگانییەكان دەبنەهۆی ڕێگریكردن لە ڕوودانی شەڕ؟ بۆچی ئەم پەیوەندییانە نەبوونە هۆی بەرگرتن بە هەڵگیرسانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا؟ بەمجۆرەش وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* ئێوە وەك توێژەرێك كارتان لەسەر چەمكی ناسیۆنالیزمی ئابووری كردووە، لەبەر ئەوە لە سەرەتادا دەمانەوێت بپرسین: چۆن پێناسەی ئەم چەمكە دەكەن و ئایا لە تێڕوانینی ئێوەدا ڕەهەند و ڕایەڵە سەرەكییەكانی چین؟
- لە ڕاستیدا چەند پێناسەیەك هەیە بۆ ئەم چەمكە، بەڵام یەكێك لە پێناسەكانی ناسیۆنالیزمی ئابووری پەیوەستە بە خستنەگەڕی هەوڵ و كۆششەكان بۆ پاراستن و برەودان بە كۆمپانیا نیشتمانییەكان لە چوارچێوەی ئەو ململانێیەی لەسەر ئاستی جیهاندا لەئارادایە، كە بەرجەستە دەبێت لەوەی حكومەت لە ڕێی سەرچاوەكانییەوە و بە شێوازی جۆراوجۆر دەستتێوەردان لە بازاڕدا بكات، لە بەرژەوەندیی كۆمپانیا نیشتمانییەكان و كاراكتەرە ناوخۆییەكان. كەواتە ئەگەر وەڵامەكە پوخت بكەینەوە، ئەوا ناسیۆنالیزمی ئابووری لە بنەڕەتدا بریتییە لە دەستتێوەردان لە بازاڕدا لە ڕێی بەكارهێنانی سەرچاوەكانی حكومەتەوە.
* ئایا دەكرێت لە ڕوانگەی ئەو پێناسەیەی ئاماژەتان پێكرد، بڵێین كە ناسیۆنالیزمی ئابووری دژ و پێچەوانەیە لەگەڵ ئەوەی پێی دەوترێت ئابووریی تەوەربەند لەسەر بازاڕ؟
- من پێم وانییە، چونكە هیچ ئابوورییەك نییە كە بە تەواوەتی تەوەربەند بێت لەسەر بازاڕ، بە چەشنێك كە حكومەت بە هیچ شێوەیەك دەستتێوەردانی تێدا نەكات. لەگەڵ ئەوەشدا ناسیۆنالیزمی ئابووری دژ بە پرەنسیپی ململانێی بازاڕە، كە دەتوانین بەم شێوەیە گوزارشتی لێبكەین: تاوەكو پاڵنەری ناسیۆنالیزمی ئابووری گەورەتر و زیاتر بێت، ئەوا چنینەوەی بەرهەمی ململانێی بازاڕ كەمتر دەبێتەوە. كەواتە پرسەكە پەیوەستە بەوەی چۆن پارسەنگییەك لە نێوانیاندا بهێنرێتەدی.
* كەواتە دەكرێت بڵێین ناسیۆنالیزمی ئابووری لایەنی نەرێنی و خراپیشی هەیە؟
- بە دڵنیاییەوە لایەنی خراپی هەیە، كە لە شێواندنی بازاڕەوە سەرچاوە دەگرێت. چونكە ئەگەر لە ڕوانگەی شرۆڤەكارییەكی ئابوورییەوە لەم مەسەلەیە بڕوانیت، ئەوا ڕەنگە ئەمە ببێتە هۆی لەدەستدانی سامانێكی زۆر. هەرچەندە ئاماژە بەوە دەكرێت كە لایەنی ئەرێنی و سوودبەخشیشی هەیە، كە دەكرێت ئەمە بە شێوەی پرسیار بكرێت و بوترێت: ئایا سوودی ئەم سیاسەتەی چییە لە ڕووی برەودان بە داهێنانكاری و هێنانەئارای هەلی كار و سوودە ستراتیژییەكانەوە؟ كە لێرەدا گفتوگۆ و مشتومڕەكان ئاڵۆزتر دەبن، چونكە ئەو سوودانە لە ڕوانگەی دید و بۆچوونی جیاوازەوە لێكدەدرێنەوە، كە ئەویش بەندە بەوەی كە تۆ لە چ چوارچێوەیەكی شرۆڤەكاریدا لەم مەسەلانە دەڕوانیت.
* زۆر باشە، ئەوەی تا ئێستا تاوتوێمان كرد، لە چوارچێوەی تیۆریدا بوو. لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا تا چ ڕاددەیەك وڵاتانی ئەوروپا ناسیۆنالیزمی ئابوورییان پیادە كردووە و ئایا دەرئەنجامەكانی چی بوون؟
- ڕوونە لای ئێوە كە مێژووی ئەوروپا تاوەكو ناوەڕاستی سەدەی بیست بە ڕاددەیەكی گەورە مێژووی ململانێ و ڕكابەریی نێوان وڵاتە جیاوازەكان بووە. بەلای كەمەوە لە سەدەی نۆزدەوە ئەم مێژووە بریتی بوو لە ململانێی نێوان وڵاتان لەسەر بنەما و لە چوارچێوەی ناسیۆنالیزمدا، كەواتە ئەم میراتی ململانێیە هەیە لە نێو ئەم وڵاتانەدا كە زۆر نزیك بوون لە یەكەوە. بە دڵنیاییەوە ئەمانە بوونە هۆی برەودان بە ناسیۆنالیزمی ئابووری. هەرچۆنێك بێت دواتر هەوڵەكانی ئاوێتەبوونی ئەوروپا لە ساڵی 1950 دەستی پێكرد، كە پرەنسیپە بنەڕەتییەكەی ئەوە بوو كە لە كۆتاییدا ناسیۆنالیزمی ئابووری لە بەرژەوەندیی ئەوروپا نابێت، بە چەشنێك كە سەردەكێشێت بۆ هەڵگیرسان و بەرپابوونی شەڕ لە نێو وڵاتانی ئەوروپادا بە شێوەیەك كە هەمووان باجەكەی دەدەن و تێیدا زیانمەند دەبن. كەواتە بناغەی ئاوێتەبوونی ئەوروپا هەروەك لە ڕاگەیاندراوەی شوومان – لە 9ی ئایاری ساڵی 1950- دا گوزارشتی لێكرا، ئەوە بوو كە باشترین ڕێگاچارە بۆ بەرگرتن لە بەرپابوونی شەڕ لە نێو ئەوروپادا، بریتییە لە كۆششكردن بۆ دروستكردنی چوارچێوە و هەلومەرجێك كە تێیدا پاڵنەری پەنابردنەبەر ناسیۆنالیزمی ئابووری نەهێڵدرێت، كە ئاشكرایە لەو كاتەدا لە بواری پیشەسازی خەڵووز و پۆڵاوە دەستیپێكرا، كە ئەمەش ئاسان نەبوو، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی گرنگییان لە بواری پیشەسازیی سەربازی لەو كاتەدا، كە دواتر بوارەكانی دیكەشی گرتەوە، كە ڕەنگە تەنیا بتوانین بڵێین بواری كشتوكاڵی نەبێت- كە دۆخێكی تایبەتی هەیە لە ئەوروپادا-. ئەم هەوڵانە سەركەوتوو بوون لە دروستكردنی چوارچێوەیەك بۆ هێنانەدی بازاڕێكی هاوبەش و سیاسەتێكی ململانێ كە تەواوی ئامانجەكەی بەرەنگاربوونەوە و بەرهەڵستیكردنی میراتی پەنابردنەبەر گرتنەبەری ناسیۆنالیزمی ئابوورییە لە ئەوروپادا.
* كەواتە دەكرێت بڵێین لە ئێستادا ئەم پرسە یەكلا كراوەتەوە. مەبەستمان ئەوەیە ئایا هیچ مەیل و پاڵنەرێك نەماوە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە ئەم وڵاتانە ڕووبكەنەوە بەر گرتنەبەری ناسیۆنالیزمی ئابووری؟
- ئەگەر ئێمە لە مێژووی 75 ساڵەی ڕابڕدووی ئەوروپا بڕوانین، ئەوا ئەوە بەدی دەكەین، بگرە و بەردەیەك هەیە لە نێوان مەیلی ناسیۆنالیزمی ئابووری -كە وەك میراتێك لای دەوڵەتە ئەندامەكانی یەكێتیی ئەوروپا ماوەتەوە-، ئەو چوارچێوەیەی داڕێژراوە كە تەواو دژ و پێچەوانەی ئەم مەیل و میراتەیە.
* ئەگەر باس لە كاریگەری و دەرهاویشتەی هەلومەرجە دەرەكییەكان بكەین لەسەر ئەم پرسە، ئایا چۆن شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا- كە بە دڵنیاییەوە وڵاتانی ئەوروپا هەست بە هەڕەشە و مەترسییەكەی دەكەن- لەسەر پرسی ناسیۆنالیزمی ئابووری لە ئەوروپا ڕەنگدانەوەی هەبووە؟
- بێگومان لە ئێستادا هەلومەرجێ سیاسیی نوێ هاتووەتەئاراوە و دروست بووە، كە دەبینین ئەوروپا ڕووبەڕووی هەڕەشەیەكی دەرەكی بووەتەوە، بە چەشنێك كە لە دوای كۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانییەوە وێنەی نەبووە، كە بە دڵنیاییەوە لە ئێستادا بیركردنەوەی ستراتیژیی ئەوروپا سەرقاڵە بە داگیركارییەكەی ڕووسیا لە ئۆكرانیا، كە ئەمەش دەبێتە هۆی دووبارە داڕشتنەوەی بژارە سیاسییەكان و بیركردنەوەی جددی لەو ستراتیژییانەی لە ماوەی ڕابردوودا هەیانبووە.
* ئاماژەتان بە تێپەڕاندنی ناسیۆنالیزمی ئابووری و ئاوێتەبوونی ئابووری كرد، وەك ڕێگاچارەیەك بۆ بەرگرتن لە دروستبوونی شەڕ لە ئەوروپا، كە زۆر كەس پێی وابوو، ئاوێتەبوونی ئابووری لەسەر ئاستی جیهانیش ئەگەری شەڕ كەم دەكاتەوە، بەڵام بینیمان ڕووسیا- سەرباری پەیوەندییە ئابووری و داراییەكانی لەگەڵ ئەوروپا- پەنای بردەبەر داگیركردنی ئۆكرانیا، تێڕوانینی ئێوە لەم بارەیەوە چیە؟
- لە ڕاستیدا ئەم شەڕەی ڕووسیا و ئۆكرانیا ئەو ڕاستییەی ڕوون كردەوە و خستیە ڕوو، كە بیركردنەوەی ئابووری لە پشت سەرجەم بڕیارە سیاسییەكانەوە نییە، دواتر پێشتریش ڕووسیا بۆ چەند ساڵێك هەنگاوی هەڵدەگرێت بۆ ئەوەی پتر پشت بەخۆی ببەستێت لە ڕێی بەدەستهێنانی دراوی قورسەوە بە هۆی هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت و غازەوە، بە دڵنیاییەوە داگیركارییەكەیش بۆ وڵاتی ئۆكرانیا لە ساڵی 2022 ڕەوتی ئەم هەنگاوانەی ڕووسیای خێراتر كرد. هەروەها دەبێت جەخت لەوە بكەینەوە كە ئەمە نەرێتێكی درێژخایەنی ڕووسیایە كە كار بكات بۆ ئەوەی بەرەو ئابوورییەك هەنگاو هەڵبگرێت كە پێی دەوترێت (Autarky) واتە پتر پشت بە خۆی ببەسێت و كەمتر پەنا بباتە بە ئاڵوگۆڕ و بازرگانی دەرەكی، كە ئەمەش دژ و پێچەوانەی ئابووریی كراوەیە. هەرچەندە چەندین قۆناغ هەبوون لە مێژووی ڕووسیا كە كرانەوە و داخرانی ئابوورییان لەخۆ گرتووە، بەڵام دەبێت ئەوە بڵێین كە مەیل و خواستێكی بەهێز هەبووە بۆ ئەوەی بە ئاراستەی ئابووریی داخراودا كار بكرێت، كە بەراورد بە ئابوورییە گەورەكانی دیكە ئەم خواستە لە ڕووسیادا خواستێكی بەرچاو بووە لە سەدەی نۆزدە و بە درێژایی سەدەی بیستیش، كە ئەمەش مشتومڕێكی زۆری لێكەوتووەتەوە. هەرچۆنێك بێت ئەوە ڕاستە كە زۆر كەس پێشبینیی ئەوەی نەدەكرد، كە ڕووسیا پەنا بۆ داگیركردنی ئۆكرانیا ببات- كە من خۆم یەكێك بووم لەوانە و بە هەڵەداچووم-، هەرچەندە هۆكارەكەش تەنیا بیركردنەوەی ئابوورییانە نەبوو، چونكە لەو كاتە ڕوون بوو كە پوتین لە خەمی ئەوەدا نەبوو، كە زۆرترین دەرئەنجامی ئابووریی ئەرێنی بۆ خەڵك و وڵاتەكەی بەدەست بهێنێت، بەڵكو پێمان وابوو لەبەر هۆكاری سەربازی و ئەمنییش ڕووسیا پەنا بۆ كارێكی لەم چەشنە نابات.