ماڵی مەقام..سەكۆیەك بۆ پێگەیاندنی مەقام بێژان و زیندوو هێشتنەوەی مەقام

ماڵی مەقام..سەكۆیەك بۆ پێگەیاندنی مەقام بێژان و زیندوو هێشتنەوەی مەقام

 بە ئامادەبوونی، بەڕێزان ئاریان سەڵاحەدین بریكاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و فەرهەنگ غەفوور بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و، (د. نەوزاد یەحیا باجگر) سەرۆكی ئەمینداری ئەنجومەنی زانكۆكانی جیهان و ئەندازیار بورهان سابیر سەرۆكی دەزگا ڕۆشنبیریی زانكۆكانی جیهان و ژمارەیەك لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران، ماڵی مەقامی نەوای جیهان لە دەزگای ڕۆشنبیریی زانكۆكانی جیهان كرایەوە.

لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی ئەو ماڵەدا ژمارەیەك وتار پێشكەش كران و، ئاهەنگێكی مەقام و گۆرانی لەلایەن ژمارەیەك هونەرمەندی كورد و عەرەب و سریان و توركمانەوە پێشكەشی ئامادەبووان كران.

ماڵی مەقام..سەكۆیەك بۆ پێگەیاندنی مەقام بێژان و زیندوو هێشتنەوەی مەقام

ئامانج لە كردنەوەی ئەم ماڵە گرنگیدانە بە مەقام وكردنەوەی خولی تایبەت بە مەقام و زیاتر ناساندنی جۆرەكانی مەقام. لە بارەی كردنەوەی ماڵی مەقامی جیهان، ئەندازیار بورهان سابیر سەرۆكی دەزگای ڕۆشنبیریی زانكۆكانی جیهان ڕایگەیاند: «مەقام یەكێكە لە كۆڵەكە سەرەكییەكانی هونەر و پێویستە هونەرمەندان شارەزای بنەچە و جۆر و شێوازەكانی مەقام بن، ئامانج لە كردنەوەی ئەو ماڵە زیاتر خزمەتكردنە بە ڕەسەنایەتیی مەقام و، پێگەیاندنی ژمارەیەك هونەرمەندی گەنج و بە توانا و بەهرەمەند بۆ داهاتوو، دەمێك بوو بیرمان لە كردنەوەی ئەو ماڵە كردبووەوە، بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەت بە بواری هونەر بكەین لە كوردستان» بورهان سابیر زیاتر گوتی: «جگە لەوەش لەم ماڵەدا گرنگی بەو بەهرەدارانە دەدەین كە دەنگیان خۆشە درووستیان دەكەین بۆ داهاتوو، بەرنامەی زیاتریشمان دەبێت، دەمانەوێ زۆرترین خزمەت بە مەقام بكەین لە ڕێگەی ئەو ماڵەی كە درووستمان كردووە».

ماڵی مەقام..سەكۆیەك بۆ پێگەیاندنی مەقام بێژان و زیندوو هێشتنەوەی مەقام

لای خۆشیەوە دكتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆكی ئەمینداریەتی ئەنجومەنی زانكۆكانی جیهان لەبارەی ئەو ماڵە گوتی: «ماڵی مەقام ماڵی هەمووانە، جیهانی مەقام جێهانێكی پڕ لە نەوا و نەغمەی هونەری ڕەسەنە، ئێرە ماڵی هەموانە بێ جیاوازی، هاوكاریی هەموو ئەو كەسانە دەكەین كە ئارەزوو دەكەن لەو ماڵەدا فێری مەقام بن، هەردوو ستۆدیۆی تەلەفزیۆن و دەزگای ڕۆشنبیری دەخەینە خزمەت ئەو هونەرمەندانەی كە دەیانەوێ مەقام و گۆرانییەكانیان تۆمار بكەن، داوا لە هەموو هونەرمەندان دەكەین ببنە ئەندام لەو ماڵەدا و بە ماڵی خۆیانی بزانن، چونكە ئامانج و مەبەستی سەرەكیمان لە دامەزراندنی ماڵەكە، خزمەتكردنی هونەری ڕەسەنی كوردییە، ئەندام بوون لەو ماڵە بە گرنگ دەزانین، بۆ هەموو هونەرمەندان».

لەلایەن خۆیەوە زیاد كەریم بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی دەزگای ڕۆشنبیریی زانكۆی جیهان، سەبارەت بە كردنەوەی ئەو ماڵە گوتی: «ماڵی نەوای مەقامی جیهان، ماڵێكە بۆ زیاتر ناساندنی جۆرەكانی مەقام و پایەكانی، ئامانجمان لە كردنەوەی خزمەتكردنە بە ئارەزوومەندانی مەقام و ئەو هونەرمەند و گۆرانیبێژانەی كە شارەزاییەكی ئەوتۆییان نییە لەو هونەرە ڕەسەنەدا، بە كردنەوەی خول و ئەنجامدانی سیمینار لەلایەن كەسانی شارەزا و پسپۆر لەو بوارەدا، دەرگای ئەو ماڵە كراوەیە بۆ هەمووان لە هەر نەتەوە و ئاینێك بن».

ماڵی مەقام..سەكۆیەك بۆ پێگەیاندنی مەقام بێژان و زیندوو هێشتنەوەی مەقام

هەر لەم چوارچێوەیەدا فەرەیدون عەزیزی بەرپرسی ماڵی مەقام گوتی: «مەقام وەك بەشێكی گرنگی زانستی مۆسیقا، ڕۆڵێكی پڕ بەهای هەیە لە هونەری ڕەسەنی گەلاندا، لەبەر ئەو گرنگییە ئێمە بە پێویستمان زانی ئەو ماڵە لە زانكۆی جیهان و دەزگا ڕۆشنبیرییەكەی بكەیەنەوە، وەك ماڵێكی پڕ لە نەواو ڕەسەنایەتی، لەو ماڵەدا گرنگی بە هەموو شێوەكانی مەقام دەدەین و زانستییانە كاری لەسەر دەكەین».

Top