نەوال زوغبی:خۆزگە تەمەنی منداڵیم دەگەڕایەوە

نەوال زوغبی:خۆزگە تەمەنی منداڵیم دەگەڕایەوە

خانمە هونەرمەندی ناسراوی لوبنانی (نەوال زوغبی) لە دیمانەیەكدا تیشكی خستە سەر چەند لایەنێكی ژیانی تایبەتی خۆی، بەتایبەتی ژیانی منداڵی و دووبارە چوونەوە نێو ژیانی هاوسەری.

نەوال لە بارەی پێشبینیی ئەستێرەناسی و بورجەكان گوتی: «بە هیچ شێوەیەك بۆ من گرنگ نییە، چونكە دڵنیام ئەوەی پەروەردگاری جیهانەكان نووسیویەتی، ئەوە ڕوو دەدات».

سەبارەت بە كەسایەتیی خۆی دەڵێت: «حەز دەكەم شتە باشەكان لە كەسایەتیی مندا بمێننەوە، وەك تازەیی و دڵی سپی و ڕاشكاوی و خۆشەویستی بۆ مرۆڤەكان و گۆڕینی هەندێك لەو شتانەی كە زیانی پێ دەگەیەنن، خۆشەویستی نەك كوێرانە متمانەكردن بە مرۆڤەكان، هەندێك جار وەك ئەوەیە هەموویان سرووشتێكی باشیان هەبێت مامەڵەیان لەگەڵ بكەم، بەڵام سەرم سووڕ دەمێنێت كە هەندێك كەس شایەنی ئەم متمانەیە نین، متمانە پێكردن زیانی زۆر گەورەی پێ گەیاندووم، من بێتاوان بووم و متمانەم بە زۆر كەس هەبوو كە شایەنی نەبوون، بەڵام ژیان قوتابخانەیەكە زۆر شتی فێر كردم، هێشتا مرۆڤم خۆش دەوێت و هەندێكیان لە نزیكەوە دەهێڵمە، لە بەرامبەردا بۆ هەمیشە لە كەسانێك دوور كەوتمەوە، ئێستا دەزانم ئەم چ كەسێن جێی متمانەیە و چۆن دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بكەم و سنوورێكی بۆ دابنێم».

نەوال زوغبی سەبارەت بە دایكایەتی دەڵێت: «منیش وەك هەر ئافرەتێك، مێینەیی و دایكایەتیم هەیە.. بەهێز و بێ دۆڕان، چونكە باوەڕێكی زۆر بەهێزم هەیە و متمانەم بەخۆم بەرزە، توانای ئەوەم هەیە بەسەر كەشوهەوای نەرێنی دەوروبەرمدا زاڵ بم، هەرچییەك بێت و بیكەم بە كەشێكی ئەرێنی».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا دەیەوێت چ قۆناغێكی ڕابردووی بگەڕێنیتەوە، نەوال دەڵێت: «قۆناغەكانی منداڵی و هەرزەكاری، چەندین ساتی دایكایەتی، ئەو سەركەوتنە زۆرانەی بەدەستم هێنا، و ئەو خۆشەویستییە گەورەیەی مرۆڤەكان كە هەستم پێ دەكرد، كە هەرگیز لە مێشكم دەرناچێت و تا ئەمڕۆش بەردەوامە، لە بەرامبەردا قۆناغی زۆر هەیە كە ئاواتەخوازم بیسڕمەوە، زۆر كەس لەگەڵ من و هاوڕێكانمدا كاریان كردووە و بە ژیانمدا تێپەڕیون، كە خۆزگە وایان نەكردبا.. قۆناغی ناتەبایی هاوسەرگیری و جیابوونەوە یەكێكە لەو قۆناغانەی كە من حەزم لێی نییە بۆ ئەوەی لەبیرم بێت، یان لەگەڵمدا دووبارە ببێتەوە».

Top