حەوتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی شەقامی كەركووك..هونەر لە ئامێزی شاردا
وێڕای گرفتی دارایی و هەندێك كێشەی تەكنیك، فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی شەقام لە شاری كەركووك، ڕۆژانی 19 تا 21ی تشرینی دووەم، حەوتەمین خولی خۆی لە نێو شاری كەركووكدا، هاوكات لەگەڵ كەشی گەرمی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاری كەركووكدا، سەركەوتووانە بەڕێوە چوو. وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای قەیرانی دارایی، لە ڕووی داراییەوە پشتیوانیی فیستیڤاڵەكەی كرد، بەڵام خەرجیی فیستیڤاڵەكە زیاتری پێویست بوو، بۆیە هەڵسووڕێنەرانی فیستیڤاڵ سپۆنسەری دیكەیان پەیدا كرد، سەرەنجام تەدارەكی بەڕێوە چوونی حەوتەمین خولی فیستیڤاڵەكە، دەستەبەر بوو.
ئامادەكردنی/تاریق كارێزی
نمایش و ڕێڕۆیشتن
لە هەنگاوێكی ناوازەدا دەسپێكی فیستیڤاڵ لە باخچەی خەیام لە گۆشەی باكووری ڕۆژاوای قەڵای كەركووكەوە بە ڕێڕۆیشتنی كەرنەڤاڵ و ئاپۆرای هونەری بە مەودای دوو كیلۆمەتر بەڕێوە چوو، گرووپ و هونەرمەندانی بەشداری فیستیڤاڵەكە، بە نمایشەوە لە گۆشەی قەڵای كەركووكەوە بەرەو ڕۆژهەڵات، بە دامەنی قەڵای دێرینی شار و یادگاری گەلی گووتی، باپیرانی كورد و بە نێو بازاڕی حەسیرەكە و بە شەقامی سلێمانیدا تێپەڕ بوون، بە لای چەپدا گەڕەكی ئیمام قاسم و ئیسكان و بە لای ڕاستدا گەڕەكی بڵاخ و چوارباخیان بڕی تا گەیشتنە سەنتەری ڕۆشنبیریی كەركووك لە گەڕەكی ئازادی.
بەدەم دوو هەزار مەتر ڕۆیشتنەوە چەند نمایشێكی شانۆی شەقام پێشكەش كران، گرووپی سنە لە دامەنی قەڵا نمایشی (دەهۆڵ و زوڕنا)ی پێشكەش كرد، لە چوارڕیانی نێوان مزگەوتی نایب و سەرەتای گەورە بازاڕی قەڵا، نمایشێكی هاوبەشی گرووپی شانۆ هەوار بە ناوی عیراقەوە و گرووپی شانۆی ڕێگا بە ناوی ئێرانەوە، نمایشی (موسافیرێك لە غەززەوە) پێشكەش كرا. ڕێڕۆیشتنی شانۆكارانی بەشداری فیستیڤاڵ بەردەوام بوو، لە بەردەم قوتابخانەی مامۆستا ڕەشاد نمایشی (بووكەڵە) لە لایەن شانۆكارانی شاری قروەی ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە پێشكەش كرا. دواتر لە بازاڕی حەسیرەكە گرووپی هەڵپەڕكێی ئەستێرەكان نمایشێكی هەڵپەڕكێی كوردییان پێشكەش كرد. پاشان ڕێڕەوی شانۆكاران بە دەم مۆسیقای گرووپی سەربازییەوە، بە نێو تونێڵەكەی تەنیشت نەخۆشخانەی ئازادی تێپەڕ بوون، ڕێڕۆیشتن بەردەوام بوو تا گەیشتە سەنتەری ڕۆشنبیریی كەركووك، كە گەورەترین و ڕازاوەترین ناوەندی كولتوور و هونەرە لە شاری كەركووكدا. بە درێژایی دوو كیلۆمەتر ڕێڕۆیشتنی شانۆكاران و كۆمەڵێك نمایش شانۆ و هەڵپەڕكێ و بووكەڵە، كە نزیكەی سێ كاژێری خایاند، شەقامی سلێمانی لە ناوەندی شاری كەركووك خرۆشا و جەماوەرێكی زۆر تەماشای ئاپۆرای شانۆكاران و نمایشەكانیان كرد. بەم جۆرە هەر لە دەسپێكەوە فیستیڤاڵی شانۆی شەقام لە كەركووك بە گەرم و گوڕییەوە پەیامی خۆی گەیاند، هونەری بردە بەر دیدە و نێو حەشاماتی جەماوەر.
لەگەڵ گەیشتنی كاروانی شانۆكاران بە سەنتەری ڕۆشنبیری، كاژێر (5)ی ئێوارە ڕێوڕەسمی ئاهەنگی دەست پێ كردنی فیستیڤاڵ لە گەورە هۆڵی ڕۆشنبیریی كەركووكدا بەڕێوە چوو، تێیدا چەندین وتار پێشكەش كران، لە نێویاندا وتاری هەردوو وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری ڕۆشنبیری و شوێنەوار و گەشتیاریی عیراق، هەردوو وتاری بەڕێوەبەری فیستیڤاڵ و سەرۆكی فیستیڤاڵیش پێشكەش كران.
هەر لە گەورە هۆڵی سەنتەر لیژنەی دادوەری حەوتەمین فیستیڤاڵی شانۆی شەقام ناسێندرا، پاشان بە هەڵپەڕكێیەكی تیپی هەڵپەڕكێی هونەری میللیی كەركووك كۆتایی بە ئاهەنگی دەست پێ كردنی فیستیڤاڵ هات، بەدەم ئەوەوە لە باخچەی گەورە و كراوەی سەنتەردا، سێ نمایشی شانۆیی لە نێو ئاپۆرایەكی زۆری خەڵكدا، پێشكەش كران.
شار نقومی شانۆ بوو
حەوتەمین فیستیڤاڵی شانۆی شەقام لە كەركووك 24 نمایشی لە چەندین وڵات لە بەشی پێشبڕكێ گرتە خۆ، زۆرترین نمایشی شەقامیش لە دووەمین ڕۆژی فیستیڤاڵدا بوو، كە لە چوار شوێنی جیاجیای شاردا، دووانیان لە بەری ڕۆژهەڵاتی شار (باخچەی خەیام لە گۆشەی باكووری ڕۆژاوای قەڵا) و (باخچەی بەردەم نەخۆشخانەی ئازادی)، دووی دیكەشیان لە بەری ڕۆژاوای شار (بازاڕی بۆلیڤارد لە ڕێی بەغدا) و (مۆڵ ئۆف كەركووك نزیك بە تەلاری كۆنی پارێزگا) پێشكەش كران، واتە نمایش لە چەند شەقامێكی سەرەكیی شار و نێو گەورە بازاڕەكانی شاردا پێشكەش بە خەڵك كران. نمایشەكانی دووەمین ڕۆژی فیستیڤاڵ لە كاژێر 10ی بەیانییەوە دەستیان پێ كرد و لە 8ی ئێوارە كۆتاییان هات. ئەو ڕۆژە زێڕین ڕۆژی شانۆ بوو لە نێو شاردا.
سێیەمین ڕۆژی فیستیڤاڵ
چالاكییەكانی سێیەمین و دوایین ڕۆژی فیستیڤاڵ (21ی تشرینی دووەم) سەرووی 10 كاژێریان خایاند، بریتی بوون لە كۆمەڵێك چالاكیی هەمەجۆر. دانی بەیانی چەند نمایشێك لە زانكۆی كیتاب لە شاری پردێ (40 كیلۆمەتر لە باكووری كەركووك) پێشكەش كران، نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ زانكۆی كیتاب ڕێزنامە ئاهەنگێكی بۆ كۆمەڵێك هونەرمەند ڕێك خست. ئێوارەی هەمان ڕۆژیش لە سەنتەری ڕۆشنبیریی كەركووك دوو چالاكی (ناساندن و واژۆ كردنی سێ كتێبی شانۆ كە لە لایەن فیستیڤاڵەوە چاپ كرا بوون و بە دیاری پێشكەش بە میوانان كران) و (مێزگردێكی شانۆیی كە شانۆكارانی كورد «ڕۆژهەڵات و باشوور» و عەرەب و فارس تێیدا بەشدار بوون) پێشكەش كران. دوایین بڕگەی فیستیڤاڵیش ڕێوڕەسمی كۆتایی هاتنی فیستیڤاڵ بوو، كە تێیدا چەند وتەیەك پێشكەش كران، هاوكات خەڵاتەكانی فیستیڤاڵیش ڕاگەیاندران.
كێ خەڵاتی بردەوە
جێی باسە كە ئەكادیمیست و گەورە شانۆكاری ڕۆژهەڵاتی كوردستان د. قوتبەدین سادقی مامۆستای زانكۆی تاران، سەرۆكی لیژنەی دادوەری فیستیڤاڵ بوو، لەگەڵ هەر یەك لە شارەزایانی شانۆ (د. هەیسەم عەبدولڕەزاق، هێرۆ سەباح، كاردۆ محەمەد، قەدری عوسمان) وەك ئەندامانی لیژنەی دادوەر، خەڵاتەكانی فیستیڤاڵیان بەم جۆرەی دادێت ڕاگەیاند:
خەڵاتی باشترین ئەكتەری ئافرەت بە هاوبەشی بە (نادیە ئیلاهی و نازیلی ئەمینی) بەخشرا، خەڵاتی باشترین ئەكتەری كوڕ (دارا عیزەدین) لە نمایشی (هەززەی نیشتیمانی) بردییەوە، خەڵاتی باشترین بیرۆكە بە (لوقمان عومەر) لە شانۆیی (هەززەی نیشتیمانی) درا، خەڵاتی باشترین دەرهێنان بە هاوبەشی بە (هوشیار قەوامی و فەرەیدوون ئەحمەدی) لە نمایشی (جێژوان) بەخشرا، خەڵاتی باشترین بەرهەمی تەواوكاری فیستیڤاڵ، شانۆیی (جێژوان) بردییەوە، لیژنەی دادوەریش خەڵاتی خۆی بە شانۆیی (سەما) بەخشی.
هەر لە حەوتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی كەركووك بۆ شانۆی شەقامدا، خەڵاتەكانی بەشی منداڵان بەم جۆرە دابەش كران، باشترین نمایشی منداڵان پلەی دووەم، كەركووك بە شانۆیی (ئۆلیڤەری چڵمن) و باشترین نمایشی منداڵان پلەی یەكەم، هەڵەبجە بە شانۆیی (ئەفسوونەكەی كاتی و كالی) بردیانەوە. هەروەها خەڵاتەكانی بەشی زانكۆكان بەم جۆرە دابەش كران، باشترین نمایشی زانكۆكان پلەی دووەم بە شانۆیی (تەپەگوز) و باشترین نمایشی زانكۆكان پلەی یەكەم بە شانۆیی (زەنگ) بەخشران.
هەر لە چوارچێوەی چالاكییەكانی فیستیڤاڵدا، فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سورەی تاران نمایشێكی شانۆیی وەرگرت بە ناونیشانی (موسافیرێك لە غەزەوە)، فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی مەریوانیش دوو نمایشی شانۆیی وەرگرت، (زەنگ) لە هەولێرەوە، (هەززەی نیشتیمانی) لە كەركووكەوە.
لە ڕۆژانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی شەقامی كەركووكدا، هونەر و شار ئاوێزانی یەك بوون.