مەی حەریری:ئەگەر بگەڕامایەتەوە بۆ ڕابردوو هاوسەرگیریم نەدەكرد

مەی حەریری:ئەگەر بگەڕامایەتەوە بۆ ڕابردوو هاوسەرگیریم نەدەكرد

خانمە ئەكتەر مەی حەریری هەر جارێ كە لە پلاتفۆرمی میدیاییدا دەردەكەوێت، مشتومڕ دروست دەكات، هەرچەندە لە كاری هونەری دووریش بكەوێتەوە، بەڵام كە دەگەڕێتەوە، لە شەوێكدا بە هەواڵەكانییەوە سەرقاڵ دەكات.

مەی حەریری لە میانەی بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا دەركەوت و تێیدا باسی ژیانی خێزانی و هونەریی خۆی كرد، لەم دیمانەیەدا ئاماژەی بە دووركەوتنەوەی لە بەیوروت كرد و گوتی: «دوای تەقینەوەی بەندەری بەیوروت و بریندار بوونم بە شێوەیەكی سەخت، من و كچەكەم لەوێ هەڵاتین، ئەو پرسە سەرەتا بابەتێكی كاتی بوو، بەڵام زۆری نەخایاند، لەو كاتەوە تا ئەمڕۆ لە لەندەن نیشتەجێ بووم»، حەریری لە درێژەی قسەكانیدا سەبارەت بە كچەكەی گوتی: «سارا توانی جارێكی دیكە هەستی دایكایەتیم ئاگادار بكاتەوە، ئەمڕۆ پێگەیشتم و دەزانم چۆن شتەكان باشتر هەڵسەنگێنم، هەموو منداڵەكانم پڕبە دڵ ئازیز دەزانمن».

سەبارەت بە ژیانی هونەریشی گوتی: «من بە پلانی پێشوەختە نەچوومە ناو هونەرەوە، بەڵكو دەرفەتێكی زێڕینم بۆ ڕەخساو، بۆیە هاوشێوەی هونەرمەندانی دیكە ئەرك و ماندووبوونی زۆرم نەكێشا تا بێمە نێو بواری هونەری و هەوڵ بدەم خەونەكانم بهێنمە دی و شوێنی خۆم بكەمەوە، تەنانەت پێش ئەوەی بچمە ناو گۆڕەپانی هونەریشەوە ناوبانگم هەبوو».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئەوەی كە چۆن كاتەكانی لە لەندەن بەسەردەبات، مەی دەڵێت: «من بە هەموو مانایەكی ڕۆڵی دایكایەتی پراكتیزە دەكەم، زۆربەی كاتەكان ئاگاداری سارای كچم دەبم، لە كاتی بەتاڵیدا وەرزش دەكەم و زمانی ئینگلیزی دەخوێنم، لە كۆتایی ڕۆژدا ئەوەندە ماندوو دەبم، كە بە خێرایی خەوم لێدەكەوێت، من لەوێ ناتوانم پشت بە كەس ببەستم و هەموو كارەكانم خۆم دەیكەم».

دواتر تیشكی خستە سەر ژیانی هاوسەرگیری و گوتی: «هەموو ئەم هاوسەرگیرییانە لە هەڵبژاردنە كەسییەكانی منەوە سەرچاوەیان نەگرتووە، دواهەمینیان ئەوەیە كە پەشیمانم، لە ژیانمدا تووشی چەندین شۆك بوومەتەوە، كە چاوەڕێم نەدەكرد، هاوسەرگیری بۆمن بەرپرسیارێتییەكی گەورەیە و ئەگەر بتوانم بگەڕێمەوە بۆ ڕابردوو، هەرگیز هاوسەرگیریم ناكەم، ئەو ئازارانەی لە ژیانمدا تووشم بوون زۆرن».

Top