داستان عەبدولكەریم: لە ساڵیادی هەشت ساڵەی دامەزراندنی بڕاندەكەم هەشت هەلی كار بۆ هەشت خاتوونی دیكە لە ماڵەكانی خۆیان دەڕەخسێنم
داستان عەبدولكەریم، خانمە بەرگدروو و دیزاینەرێكی گەنجی شاری سلێمانییە، ئەو خێزاندارە و دایكی دوو كچی جوانە، بە هۆی سوودمەندنەبوونی لە هەلی دامەزراندن لە كەرتی حكوومی، بەهرە و تواناكانی ئاوێتە كردووە و ساڵانێكە كاردەكات، لە ئێستادا لە كارگە بچووكەكەیدا دەرفەتی كاركردنی بۆ چوار ئافرەت ڕەخساندووە، وەك خۆی باسی دەكات ماوەی هەشت ساڵە كاردەكات و سەرەتا بە كاری دروومانی جلوبەرگ تێكەڵی دونیای كاركردن بووە و دواتر بە هاوكاری و پاڵپشتیی هاوژینەكەی بڕاندێكی تایبەت بە كەلوپەلی منداڵانی دامەزراندووە و تەواوی پێداویستییەكانی منداڵ لە پێخەف و جێخەو بە هەموو جۆرەكانییەوە دروست دەكەن و بە تاك و كۆ دەیفرۆشنەوە. لەو گفتوگۆیەی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان وردەكاریی زیاتر سەبارەت بە كارەكەی دەخاتەڕوو.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
داستان عەبدولكەریم، ساڵی 1995 لە قەزای ماوەت لە دایك بووە، هەر لەوێ قۆناغی ئامادەیی تەواو كردووە، پاشان بە خێزانەوە هاتوونەتە شاری سلێمانی و لەوێ نیشتەجێ بوون، دەرچووی پەیمانگای تەكنیكی كوردستان بەشی هەڵكەندن و پاڵاوتنی نەوتە، بەڵام وەك خۆی باسی كرد، نەیتوانیوە لە كەرتی حكوومی، یان تایبەت دابمەزرێت. سەبارەت بە چۆنیەتی تێكەڵبوونیشی بە بازاڕی كار دەڵێت: «ساڵی (2015) تەنیا بڕی 100هەزار دینارمان هەبوو بەم پارەیە دەستم دەستم كرد بە كاری دروومانی جلوبەرگ تا ساڵی 2017، پاشان كارەكەم گۆڕی بە دیزاین و دروومان لە بواری پێداویستیی منداڵان و ئێستاش زیاتر لە 200 بەرهەم بە خواستی كڕیار دروست دەكەین. بەرهەمەكانیشمان بریتین لە:(كاریكۆت، سێتی سەر سیسەم، پەردە، كیفی خەو، دۆشەك و پشتی، لێفە، گۆشە و چەندین بابەتی دیكە)، بەڵام لە ئێستادا تەنیا شۆێنێكی بچووكمان هەیە خۆم و هاوسەرم و چوار خاتوون كاری تێدا دەكەین، بەڵام بە پشتیوانیی خوای گەورە لە ساڵی تازە و لە ساڵیادی هەشت ساڵەی دامەزراندنی براندەكەم هەشت هەلی كار بۆ هەشت خاتوونی دیكە لە ماڵەكانی خۆیان دەڕەخسێنم».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە هۆكاری سەرەكیی كاركردنی چی بووە؟ گوتی: «بێگومان سەرەتا بە هۆی قورسی باری ئابووری و بژێویی ژیان هاتمە نێو مەیدانی كار، بەڵام ئێستا بووەتە حەزێك و ناتوانم دەستبەرداری بم. هۆكاری سەرەكیی كاركردنیم ئەوەیە كە لەسەر پێیەكانی خۆم بوەستم و پێویستم بە كەس نەبێت لە ڕووی دارایی، هەمیشە ویستوومە وەك خانمێك پێگەیەكم هەبێت لە نێو كۆمەڵگە و بتوانم خزمەتی خۆم و خەڵكیش بكەم. بێگومان هەموو خانمێكیش خاوەن بەهرەیە و دەتوانێت ببێتە خاوەن دارایی خۆی لە ڕێگەی بەهرەو تواناكانییەوە».
سەبارەت بە رێگرییەكانی بەردەمی و هەروەها پاڵپشت و هاندەرانیشی گوتی: «سوپاس بۆ خوای گەورە هاوسەرم و خێزانی خۆم و هاوسەرم هاوكارم بوون، بەتایبەت خەسوم و دایكم زۆر هاوكارم بوون، هەر بۆیە وەك ڕێگری، هیچ ڕێگرییەكم لێ نەكراوە، بەڵام وەك ئاستەنگ بۆ كارەكەم، بێگومان تووشی ناڕەحەتی و ناخۆشی بوومەتەوە. بۆ نموونە لە سەرەتاوە كەلوپەلەكانم دەست نەدەكەوت، واتە هەندێ پێداویستیی سەرەتاییم دەست نەدەكەوت، ئێستا باشترە و دەتوانین دەستمان بكەوێت. بێگومان پاڵپشتیی خێزان بۆ خانمان زۆر گرنگە، بۆ نموونە ئەگەر ئامانجێكت هەبێت و قەرار بێت بە پێنج ساڵ پێی بگەیت، بە پاڵپشتیی خێزانەكەت دەتوانی بە كەمتر لەو كاتە پێی بگەیت، ئەوان وەك پشتیوان هاندەرێك دەبن و لە كاتی ساردبوونەوە و بێزاری دەتوانن پاڵپشتت بن و بەردەوام بیت».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە بۆ داهاتووی كارەكەت چ پڕۆژەیەك، یان پلانێكت هەیە؟ داستان عەبدولكەریم گوتی: «هەم دایكایەتی كە دوو كچی جوانم هەیە و هەم كارەكەم بۆم زۆر گرنگن. بێگومان خەونی گەورەم بۆ كارەكەم ئەوەیە شوێنی كارەكەم ببێتە كارگەیەك و چەندین خانمی دیكە لێی سوودمەند بن و بتوانن كارمان لەگەڵ بكەن. هەروەها كردنەوەی لقی دیكەی كارگەكەمان لە شارەكان پلانی داهاتوومانە، بە پشتیوانیی خوای گەورە ئەو خەونەشمان بەدی دێت».