پڕۆفیسۆری نێد لازارۆس بۆ گوڵان: پرسیارێكی زۆر ئازاربەخشە كە بۆچی حەماس هێرشی لەم شێوەیەی ئەنجام دا؟
پڕۆفیسۆر نێد لازارۆس، پڕۆفیسۆری كاروباری نێودەوڵەتییە لە سكوڵی ئەلیۆت لە زانكۆی جۆرج واشنتۆن لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. توێژەری بواری چارەسەری ناكۆكییەكانە و چەندین توێژینەوەی ئەنجام داوە لە بواری دەستپێشخەرییەكانی بنیادنانی ئاشتی، پێشتریش لە چەند زانكۆ وانەبێژ بووە، وەك زانكۆی جۆرج مەیسۆن، زانكۆی ماڵتا، هەروەها بەڕێوەبەری پڕۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئاشتی بووە لە ساڵانی 1996-2004. بۆ تاوتوێكردنی ئەو شەڕەی لە كەرتی غەززە دروست بووە، دوای ئەوەی بزووتنەوەی حەماس هێرشی كردە سەر ئیسرائیل، گوڵان ديمانەیەكی لەگەڵ ئەنجام دا.
* با لەسەرەتاوە لەوە دەست پێ بكەین، بۆچی بزووتنەوەی حەماس ئەم هێرشەی ئەنجام دا؟
- لە ڕاستیدا ئەمە دوو پرسیاری گرنگ لەخۆ دەگرێت. با سەرەتا لە ئاسانترەكەیانەوە دەست پێ بكەین، بۆچی لە ئێستادا و بۆچی لەم كاتەدا ئەم هێرشانە ئەنجام دران؟ بە دڵنیاییەوە هەموو ئەوانەی دەیڵێم مەزەندەیە و بەشێوەیەكی گشتی لەم ڕووەوە ئاماژە بە دوو پەرەسەندنی پەیوەندیدار دەكرێت، یەكەمیان بەرەوپێشچوونەكانی پەیوەست بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودیە، كە ئەمەش بە هەڕەشە و مەترسی لەسەر ئێران لێك درایەوە، چونكە ئێمە دەزانین ئێران پشتیوانی بزووتنەوەی حەماس و دوژمنی ئیسرائیل و ڕكابەری عەرەبستانی سعودیەیە، كە ڕەنگە ئەمانە پاڵنەری ئەرێنی بن بۆ هاندانی ئەنجامدانی هێرشێكی گەورەی لەم چەشنەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل. بەڵام دەبێت لێرەدا دووپاتی بكەمەوە، كە من هیچ بەڵگەیەكم لەبەردەستدا نییە لەبارەی تێوەگلانی ڕاستەوخۆی ئێرانەوە، واتە ڕاستە ئێران بە شێوەیەكی گشتی لەم پرۆسەیەدایە و چەك و دارایی بۆ حەماس دەستەبەر دەكات، بەڵام بەڵگەیەكم لەبەردەستدا نییە بۆ تێوەگلانی ڕاستەوخۆی ئێران لەم هێرشانە- هەروەك ئەوەی ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەم بابەتە دووبارە دەكاتەوە-. واتە ڕاستە بەڵگە لە ئارادا نییە، بەڵام پاڵنەرەكە بوونی هەیە، كە پێویستە ئەمە لەبەرچاو بگیرێت و لێكۆڵینەوەی لە بارەوە بكرێت و تاوتوێ بكرێت، كاتێك دەیانەوێت وەڵامی ئەو پرسیارەیان دەست بكەوێت، كە بۆچی لەم كاتەدا ئەم هێرشانە ئەنجام دران. ئەگەری دووەم بۆ لێكدانەوە و ڕاڤەكردنی كاتی ئەنجامدانی ئەم هێرشانە- كە ئەمەیان پەیوەست نییە بە تێوەگلانی ئێرانەوە- پەیوەندیدارە بەو دابەشبوون و لێكترازانە ناوخۆییە سیاسییەی ئیسرائیل كە بۆ ماوەیەكی زۆر گرفتاری ببوو. چونكە ئاشكرایە دوای هەڵبژاردنی حكومەتێكی ڕاستڕەوی سەختگیر لە ئیسرائیل، ئەم حكومەتە هەوڵی دا هەمواركردن و گۆڕانكاری ڕیشەیی بەدی بهێنێت لە بونیادی حوكمڕانی و بونیادی دەستووری وڵاتەكە، ئەویش بە ناوی تێپەڕاندنی چاكسازیی دادوەری، بەڵام ئەم هەوڵە داڕشتنەوەی سەرلەبەری سیستمی حوكمڕانی بوو، بە چەشنێك كە دەسەڵاتی دادوەری تێیدا نەتوانێت سنوورێك بۆ دەسەڵات و كارەكانی حكومەت (دەسەڵاتی جێبەجێكردن) دابنێت، بە چەشنێك كە هەر حكومەتێكی هەڵبژێردراو- كەم تا زۆر- دەیتوانی هەر كارێك ئەنجام بدات كە خوازیار بێت. ئەوە بوو ئەم هەوڵی گۆڕانكارییە گەورترین بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و بەرهەڵستی لە مێژووی ئیسرائیلدا هێنایە ئاراوە. كە تێیدا بە سەدان هەزار كەس هەفتەی جارێك بۆ دوو جار و بە درێژایی شەش مانگ ناڕەزایەتییان دەردەبڕی، كە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەم پرۆسەی هەمواری دادوەرییە بە ڕاددەیەكی بەرچاو خاو ببێتەوە و بگرە ڕێگریشی لێ بكرێت. هەموو ئەمانەش دۆخێكی خوڵقاند كە وڵاتەكە تووشی دابەشبوونێكی قووڵ ببێتەوە، چونكە ناڕەزاییەتییەكە بە ڕاددەیەك قووڵ و توند بوو، كە هەندێ لە ئەفسەرە باڵاكانی سوپا و هەواڵگری و هێزی ئاسمانی و یەكە سەربازییەكانی دیكە ڕایانگەیاند كە دەست لە خزمەتكردن لە ڕیزی سوپادا هەڵدەگرن، ئەگەر ئەم یاسای چاكسازییانە لە بواری دادوەریدا تێپەڕێت، چونكە لە تێڕوانینی ئەواندا ئەمە دەبووە هۆی ئەوەی ئیسرائیل لە دەوڵەتێكی دیموكراسییەوە بگوڕێت بۆ دەوڵەتێكی تاكڕەو. كەوتە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دابەشبوونە قووڵ و بێ پێشینانە ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە، بزووتنەوەی حەماس هەستی كردبێت، كە دەرفەتێك هەیە و ئەوەی لەبەرچاوگرتبێت كە ئیسرائیل سەرقاڵە بە دابەشبوون و لێكترازانێكی قووڵی ناوخۆییەوە و ناپەرژێتەسەر ئەوەی بایەخ بە هەندێ پرسی دیكە بدات. كەواتە ئەمە دوو ئەگەر و دوو پەرەسەندنن كە ڕەنگە پەیوەندیدار بن بە وەڵامی ئەوەی بۆچی لەم كاتەدا ئەم هێرشانە ئەنجام دران؟
* كەواتە بە تێڕوانینی ئێوە بۆچی لەم كاتەدا حەماس پەنای بردە بەر ئەو هێرشانە؟
- من لەم ڕووەوە دەڵێم: تێڕوانین و لێكدانەوەی بزووتنەوەی حەماس لەم ڕووەوە پێكاویەتی، چونكە ئەم هێرشە گەورەیەی حەماس بووە هۆی شڵەژاندن و تێكدانی پرۆسەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودیە و تێڕوانینی حەماس لەوەشدا دروست بوو، كە ئیسرائیل بە هۆی ناكۆكیی ناوخۆیی لە بارێكدا نەبوو كە ئامادە بێت بۆ هێرشێكی لەم چەشنە. ئەگەر بێینە سەر وەڵامی ئەو بەشەی پرسیارەكەتان كە پەیوەستە بەوەی بۆچی ئەم هێرشانە ڕوویان دا؟ ئەوا لە كاتێكدا كە من دەمەوێت لێكدانەوە و شرۆڤەیەكی بابەتییانە بكەم، ئەوا لە ڕووی باری سۆزدارییەوە زۆر قورسە كە كوشت و بڕێكی بە ئەنقەستی خەڵكی مەدەنی لە نێو ماڵەكانیاندا ببینیت. بە دڵنیاییەوە تاوانی لەم شێوەیە لە شوێنی دیكە ڕووی داوە، ئەوەتا كوردستانیش ڕووبەڕووی تاوانی زۆر گەورە بووەتەوە و تەنانەت كورد قوربانیی بێتاوانی هێرشی كیمیایی بوون، كە لەلایەن حكومەتی وڵاتەكەی خۆیان لە دژیان ئەنجام درا و ڕەنگە چەندین تاوانی دیكەش هەبن كە دژی كورد ئەنجام درابن و من بێ ئاگا بم لێیان، چونكە ئەوانیش بەشێكن لە ناكۆكی و كێشەیەكی لەم چەشنە. كەواتە ئەم كردەوانە ڕوو دەدەن و پێویست بەوە دەكات، كە بزانین بۆچی ڕوو دەدەن.
* بە بۆچوونی ئێوە بۆچی هێرشەكانی بەم شێوەیە ئەنجامدا؟
- بۆ من زۆر قورسە كە لەوە تێبگەم چۆن مرۆڤەكان دەتوانن كارێكی لەم چەشنە ئەنجام بدەن لە دژی مرۆڤەكانی دیكە، ئەمە بۆ من مایەی تێگەیشتن نییە. لەگەڵ ئەوەشدا دووپاتی دەكەمەوە كە سەرەڕای ئەوەی كەسانێك دەیانەوێ لێكدانەوە و شرۆڤەكاری لەم ڕووەوە بخەنەڕوو، بەڵام دەبێت هەوڵ بدرێت، بزانن كە ئەمە چی بوو كە ڕووی دا. چونكە ئەمە بڕیارێكی ستراتیژیی بزووتنەوەی حەماس بوو بۆ ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی، چونكە بەڵگەنامە لە ئارادان كە بژاردە دراوە بە یەكە هێرشبەرەكانی حەماس، واتە ئەمە كردار و ڕەفتارێك نییە كە كەسێكی تیرۆریست یان گرووپێكی بچووكی تیرۆریستان پەنای بۆ ببەن، بەڵكو ئەمە هێرشی هەزاران چەكدار بوو، كە ڕاستە زۆر بەتوانا بوون و هێڵەكانی بەرگریی سوپا و هێزی چەكداری ئیسرائیلیان بڕی و ئیسرائیلیان تووشی غافڵگیری كرد، بەڵام من دەڵێم حەماس بژاردەی دیكەی لە بەردەمدا بوو لە ڕۆژی شەممە، 7ی تشرینی یەكەم، كە هێرشێكی بەربڵاوی كرد و چەندین سەربازی لەسەر خاڵە سنوورییەكان كوشت، مەبەستم ئەوەیە بڵێم ئەگەر حەماس بیویستایە دەیتوانی تەنیا هێرش بكاتە سەر ئامانجە سەربازییەكان و دەیتوانی سەرباز و تەنانەت پیاوانی پۆلیس لە ئیسرائیل بكوژێت، ئەمەش وەك ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی ڕایبگەیەندایە كە هێرش كراوەتە سەر سەربازەكان و ڕەنگە هەندێ كەس شەرعییەتیان بە كردارێكی لەم شێوەیە بدایە، چونكە كەرتی غەززە لە ژێر ئابڵوقەدا بوو و بە پاساوی ئەوەی خەڵكی فەلەستین لە بارودۆخێكی ناهەمواردان و.. هتد. هەروەها بزووتنەوەی حەماس دەیتوانی كەسانێك بە بارمتە بگرێت- ئەگەرچی ئەمەش تاوانی جەنگە- كە ئەمە ڕوونە و هیچ شەرعیەتێك لە بە بارمتەگرتندا نییە، بەڵام حەماس دەیتوانی بڵێت لە ڕووی ستراتیژییەوە بارمتەكان گرنگن و دەتوانین بیانگۆڕینەوە بە زیندانیكراوەكانمان، ئەگەرچی لە ڕوی تێڕوانینی منەوە ئەم كردارە هیچ شەرعییەت و هیچ بارێكی ئەخلاقی لەخۆ ناگرێت. ئەگەرچی یەكسانییەكیش لەوەدا نەبوو كە تۆ بێیت و منداڵ و ئافرەت و كەسانی بەساڵاچوو بگۆڕیتەوە لەگەڵ كەسانێك كە بە هۆی ئەندامێتیان لە ڕێكخراوێكی سەربازی – كە زۆرێك لە وڵاتانی جیهان بە ڕێكخراوێكی تیرۆریستی لە قەڵەمی دەدەن- دەستگیر كراون و زیندانی كراون، بە هۆی ئەوەی لە كردەوەی توندوتیژییەوە تێوەگلاون، نایەكسانییە بیانگۆڕیتەوە بە كەسانێك كە لە ماڵەكانی خۆیان دەرهێنراون و بە بارمتە گیراون. مەبەستم ئەوەیە حەماس بژارەی لەبەردەمدا بوو، بۆ چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەم هێرشانە. بەڵام كوشتنی زیاتر لە 1000 كەس لە میانەی چەند كاتژمێرێكی كەمدا، كوشتنی ئەو خێزانانەی لە نێو ماڵەكانی خۆیاندا بوون بە ئەنقەست، كە تەنانەت ئەمە جیاوازە لە كوشتنی ئەو كەسە مەدەنییانەی نێو كەرتی غەززە كە بە هۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە دەكوژرێن- كە ئەمەش مەترسیدارە و بە درێژایی ژیانم بەرهەڵستیم كردووە و بە هیچ شێوەیەك پشتیوانی لێ ناكەم-، بەڵام ئەمە لە ڕووی ئەخلاقییەوە كارێكی جیاوازە، چونكە ئەمە ئامانجی بە ئەنقەستی سوپای ئیسرائیل نییە و بگرە هەندێ هەوڵیش دراوە كە ئەمە ڕوونەدات، كە من خوازیارم هەوڵی زیاتریش بدرێت، بەڵام ئەمە كێشەیەكی ئەخلاقی گەورەیە، چونكە ئاشكرایە حەماس سەرجەم ژێرخانەكانی خۆی لە نێو دانیشتووانە مەدەنییەكاندا دروست كردووە. كەواتە هیچ یەكسانییەك نییە لە نێو ئەمە و كوشتنی بەئەنقەستی ئەو كەسانەی كە هیچ ڕۆڵێكی سەربازییان نییە و هیچ جۆرە بەرگرییەكیان نییە و لە بۆنە و جەژنێكی ئایینیدا، یان لە نێو ماڵەكانی خۆیاندا. كەواتە ئەمە مەسەلە گرنگ و جەوهەرییەكەیە كە دەبێت جەختی لەسەر بكرێتەوە و پرسیاری ئەوە بكرێت بۆچی حەماس پەنای بردە بەر ئەم بژارەیە، كە ئەمەش پرسیارێكی زۆر ئازاربەخشە.