دكتۆر محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان بۆ گوڵان: پلان و نەخشەی وەبەرهێنان وەرچەرخانی لە سێكتەری كشتوكاڵی لێ كەوتەوە
بەبازاڕكردنی گەنم و دروستكردنی ئارد و خۆبژێوی لە گۆشتی مریشك و هێلكە و میوەجات و دامەزراندنی كارگەكانی پیشەسازیی خۆراك و دروستكردنی سایلۆ و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆ، بەرهەمی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانن، لە ئێستادا بەرهەمەكانی دۆشاوی تەماتە و پەتاتە و هەنجیر و هەنار و چەندین میوەجاتی دیكەی كوردستان هەناردەی بازاڕەكانی عێراق و وڵاتانی كەنداو و بەریتانیا و ئەمریكا كراوە، جووتیارانی كوردستان بە گرنگییەوە دەڕواننە هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمەكانی كوردستان و ساخكردنەوەیان لە ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتانی دەرەوە، ئەمەش بە یەكێك لە هەنگاوە گرنگەكانی پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و هاندان و پاڵپشتیكردنی جووتیاران دادەنرێت، لەم ڕووەشەوە لە دوای هەناردەكردنی هەنار و پەتاتە و هەنگوین و سێو و چەندین بەرهەمی دیكەی باخداری و كشتوكاڵی، بۆ پاڵپشتیی بەرهەمی كارگەكانی كوردستان و جووتیاران 25 تۆنی دۆشاوی تەماتەی كارگەی هەریر ڕەوانەی میرسینی توركیا كرا و، لەوێوە بەرەو بازاڕەكانی ئەمریكا بەڕێ كرا، چاوەڕوان دەكرێت ئەم بڕەش لە داهاتوودا زیاتر بكرێت، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەرێكی دیكەی پەیوەندیدار، گۆڤاری گوڵان چەند پرسیاری ئاراستەی دكتۆر محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان كرد.
* وەكو ئاگادارن كاروانێكی هەناردەكردنی دۆشاوی تەماتەی كارگەی هەریر بە كوالێتییەكی بەرز ڕەوانەی بازاڕەكانی ئەمریكا كرا، ئایا ئێوە وەكو دەستەی وەبەرهێنان تا چەند پاڵپشتی و پشتگیریی ئەم هەنگاوانە بۆ ساخكردنەوەی بەرهەمەكانی كارگە و جووتیارانی كوردستان دەكەن؟
- حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ڕاسپاردە و ڕۆشنایی فەرمانەكانی مەسرور بارزانی گرنگییەكی تایبەتی داوە بە ئاسایشی خۆراك و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی و زیادكردنی وەبەرهێنان لەم سێكتەرەدا، ئەمەش لەپێناو ئەوەی ئەوەندە پشت بە داهاتی نەوت نەبەستین و ئابووریی كوردستان جۆراوجۆر بكەین و بەرەو فرەچەشنكردنی داهات هەنگاو بنێین، هەموو ئاگادارن كە چۆن كۆمپانیا نێوخۆییەكانی هان دا كە ئەو بەرهەمەی گەنمی ئەمساڵ كە لە سایلۆكانی عێراق وەرنەگیرابوون، حكومەت بە پاڵپشتی كۆمپانیا نێوخۆییەكان گەنمەكە وەرگرێت و ڕاستەوخۆش پارەكەی پێدان، هەروەها ناردنە دەرەوەی 25 تۆن دۆشاوی تەماتەی كارگەی هەریر بۆ بازاڕەكانی ئەمریكا دوای زیادبوونی ئاستی بەرهەمی نێوخۆیی پەتاتە دێت بە بڕی 600 هەزار تۆن، ئەمە و پێشتر 500 تۆن لە پەتاتەی سنووری هەر دوو پارێزگای هەولێر و دهۆك هەناردەی وڵاتی ئیماراتیش كران، ئەمەش لە ڕێگەی كۆمپانیای (كوردستان – هۆڵەند)ـەوە، بڕیاریشە لە ڕێگەی سەدان كامیۆنی بارهەڵگرەوە كۆمپانیا نێوخۆییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیاكانی وڵاتانی كەنداو، بەرهەمی دیكەی پەتاتە هەناردەی وڵاتانی كوێت و سعودییە و ئیمارات و ئەردەن و ئازەربایجان و چەند وڵاتێكی دیكە بكەن، پێش ئەمەش بەرهەمەكانی هەنار و هەنگوین و هەنجیر و زەیتوون گەیشتە بازاڕەكانی وڵاتانی ئیمارات و سعودیە و بەحرەین.
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتی دوورینەوەی گەنمی جووتیاراندا ئاماژەی بەوە كرد، كە حكومەت بەرنامەی زۆرە بۆ هاوكاریی جووتیاران تاوەكو بە تێچوونێكی كەمتر و بەرهەمێكی زیاتر و باشتر پاڵپشتییان بكات، لەم ڕوانگەیەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی دەستەی وەبەرهێنان و هەموو ئەو وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارانەوە كە پەیوەستن بە كاری ئابوورییەوە، بە بایەخەوە كار بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنانی نێوخۆیی و بیانی دەكات، تاوەكو لە سێكتەری كشتوكاڵ و پیشەسازیی خۆراكدا كار بكەن. ئێمە لە دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان هاندەرێكی باش بووین بۆ وەرچەرخان لە كەرتی وەبەرهێناندا تا وەبەرهێنان تەنیا لە بواری بیناسازی و عەقاراتدا نەمێنێتەوە، بگرە ڕوو لە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی، بەتایبەتی پیشەسازیی خۆراك بكرێت، لەم ڕووەوە لەو 1612 پڕۆژەیەی وەبەرهێنان كە پەسەند كراون، مۆڵەتمان بە 280 پرۆژە داوە و لە كۆی 32 هەزار كۆمپانیا كە لە هەرێمی كوردستانیش كار دەكەن، ژمارەیەكی زۆریان لە بوارەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتیاریدا كار دەكەن، ئەمە وێڕای ئەوەی كاركردنمان لەسەر 16 ناوچەی پیشەسازییە، ئەوەتا لە دهۆك بە ڕێژەیەكی زۆر بەرز ناوچەی پیشەسازیی خۆراك تەواو بووە، پرۆژەی بەبازاڕكردنی گەنم و دروستكردنی ئارد و شیرەمەنی و كارگە كشتوكاڵییەكان و دروستكردنی عەلوەی هاوچەرخ و دەیان پرۆژەی دیكەی پیشەسازیی خۆراكی گرنگییەكی زۆری بۆ برا جووتیارەكانمان هەیە، لەوانە كارگەی جووتیار و ناوچەی خواردەمەنی لە دهۆك و كارگەی شیر لە هەولێر، كارگەكانی پیشەسازیی خۆراكی و دروستكردنی ئارد تەنیا بۆ دابینكردنی هەلی كار بە سوود نییە، بەڵكو ناڕاستەوخۆ بۆ جووتیارانیش سوودێكی زۆری هەیە، چونكە كاڵا و بەرهەمەكانیان لە ڕێگەی ئەم كارگەیانە و هەناردەكردنی دەرەوە بۆ ساخ دەبێتەوە، هەموومان دەزانین دۆزینەوەی بازاڕ و ساخكردنەوەی بەرهەمی جووتیاران گەورەترین و باشترین پاڵپشتی و هاوكارییە بۆ پەرەپێدانی كارەكانیان.
* تاچەند دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا توانیویەتی وەبەرهێنان بەرەو ئاراستەی بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی بگۆڕێت، ئایا دەكرێت بگوترێت كەرتی بەرهەمهێنان لەم ڕووەوە هەنگاوی گەورەی ناوە؟
- كارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وەبەرهێناندا بەرە و بونیادنانی ژێرخانی ئابووری و بووژانەوەی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری هەنگاوی ناوە، بە واتایەكی دیكە، هەموو ئەو چاكسازی و چاوخشاندنەوە بە هەیكەلی دەستەی وەبەرهێنان و كارئاسانی و پاڵپشتیی هەر دوو كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی، بووەتە هۆی هەڵكشانی كێرڤی بەرهەمهێنان، ئەمەش وێڕای قەیرانی دارایی و كۆرۆنا و وشكەساڵی و ئاستەنگەكانی بەردەم پەرەپێدان و بونیادنانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان، كە لە ئاكامی بوونی ئیرادەیەكی بەهێزی سەرۆكی حكومەت و ستافەكەیەوە بەدەست هاتووە، ئەوەتا وەبەرهێنان گۆڕانكاریی نەوعیی بە خۆیەوە بینیوە و پڕۆژەكانی وەبەرهێنەرانی بیانی و نێوخۆیی ڕووی لە زیادبوون كردووە، كە 83%ی وەبەرهێنەرانی نێوخۆییە و 17%ی وەبەرهێنەرانی بیانییە و بە بڕی سێ ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە هەرێمی كوردستان بەگەڕ خستووە و ژمارەیەكی زۆری هەلی كاری بۆ گەنجەكان بەدەست هێناوە.
* وێڕای ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە ئەمساڵدا سەركەوتوو بووە، هاوكات ئەو بڕە گەنمەشی لەلایەن سایلۆكان لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە وەرنەگیرابوو، توانرا لە ڕێگەی وەبەرهێنانی نێوخۆ و كۆمپانیاكانەوە وەربگیرێت، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا گەرەنتی بۆ جووتیاران هەیە، بەوەی بۆ ئەمساڵی وەرزی دوورینەوەی گەنم بە هەمان شێوە وەرگرتنی بەروبوومی گەنمی جووتیاران كێشەی نابێت و هەموو گەنمەكەیان وەردەگیرێت؟
- خۆشبەختانە لە پرۆسەیەكی ڕێكوپێكدا توانرا 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەربگیرێت، ئەو بڕە گەنمەی كە وەریش نەگیرا، لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕكردنی توانرا لە ڕێگەی دوو كۆمپانیای نێوخۆییەوە زیاتر لە 20 هەزار تەن گەنمی دیكەی جووتیاران وەربگیرێت، بە مواسەفاتی ئەو گەنمەی كە لە عێراق وەرگیراوە، بۆ ئەمەش دەرەجە یەك تۆنی بە 600 هەزار و پلە دوو تۆنی بە 575 هەزار دینار وەرگیراوە، لەلایەكی دیكەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆر سایلۆی دروست كردووە و، ئێمەش مۆڵەتمان بەوەبەرهێنەری نێوخۆ دا، چەند ئەمبار و سایلۆیەكی دیكەیان دامەزراند، بەمەش كێشەی نەبوونی شوێن بۆ ئەمباركردنی گەنمی جووتیاران لە هەرێمی كوردستان كۆتایی هات، ئەو ستراتیژی و بەرنامەیەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دایڕشتووە بۆ گرنگیدان بە كارگەكانی دروستكردنی ئارد و بەرهەمەكانی دیكەی گەنم، هەمووی وا دەكات لە داهاتوودا گەنمی جووتیاران و ساخكردنەوەیان كێشەی نەمێنێت، بەتایبەتی كە لە ئێستادا لە جیهان و ناوچەكە و عێراقیشدا بەرهەمی گەنم ڕەواجێكی زۆری هەیە و ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ئاسایشی خۆراكەوە هەیە.
* دەكرێت بگوترێت وەبەرهێنانی كوردستان لە كەرتی كشتوكاڵدا لە زۆر بواردا وای كردووە، ژێرخانی كەرتەكە و بەرهەم و كارگە و ساخكردنەوەی بەروبوومەكانیش گەیشتووەتە قۆناغی گەشەی ئابووری؟
- لە ساڵی 2020ـەوە لە كابینەی نۆیەمدا كەرتی كشتوكاڵ وەرچەرخانی باشی بەخۆیەوە بینیوە، ئێمەش لە دەستەی وەبەرهێنان بە دوو ئاراستەی «فرەچەشنكردنی ئابووری و گرنگیدان بە سێكتەری بەرهەمهێنان – دابەشكردنی دادپەروەرانەی وەبەرهێنان» كارمان كردووە، لە پلانی (2020 و 2021) و ڕێبەری وەبەرهێنانی سەوز و تەنانەت نەخشەی وەبەرهێنانیش كە 1050 پڕۆژەمان خستە ڕوو، ئێمەی گەیاندە قۆناغێكی نوێ، لە ماوەیەكی كەمدا مۆڵەتمان بە پڕۆژە داوە و جێبەجێ كراوە، بە دەیان بەنداوی بچووك و مامناوەند و دروستكردنی سایلۆ و كارگەی پیشەسازیی خۆراكمان دامەزراند و، بە سەدان هەلی كاری بۆ گەنجەكان فەراهەم كردووە. هەماهەنگییەكی باشمان لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو هەیە و، بۆ ئەم مەبەستەش كارو پڕۆژەی هاوبەشمان جێبەجێ كردووە، لەگەڵ باڵیۆز و كۆمپانیا بیانییەكان و وەبەرهێنەران و ڕێكخراوە پەیوەندیدارەكان بەردەوام لەسەر هێڵین، لە ماوەی ڕابردوو لەگەڵ ئەمینداری دەستەی كارگێڕی و كۆمەڵەی پیشەسازی و بازرگانیی توركیا بۆ چارەسەركردنی بەربەستەكانی ڕێگری لە بەردەم زیادكردنی قەوارەی وەبەرهێنانی بیانی گفتوگۆی جددیمان هەبوو، لەگەڵ دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی IFC لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێككەوتننامەیەكمان واژۆ كرد، هەروەها بۆ پشتگیری لە پیشەسازیكاران و پەرەپێدانی كشتوكاڵ، بە یاوەریی ژمارەیەك لە بانكەكانی هەرێم، بیرۆكەی پڕۆژەی گەشەپێدان لە ڕێگەی قەرزی بانكی خرایە ڕوو، لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانیی عێراقیش جەختمان لەسەر پەرەپێدانی كاری هاوبەش و هەماهەنگیی زیاتری نێوانمان كردەوە، لەگەڵ فەرەنسییەكان گەورەترین پڕۆژەی وەبەرهێنان لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە كەرتی كشتوكاڵیدا لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت، بەمەش گەیشتن بە خۆبژێوی، پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ بەرهەمی وەزارەتی كشتوكاڵ و دەستەی وەبەرهێنان و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت و پاڵپشتی و ئاسانكاریی ئەنجومەنی وەزیرانە، كە وای كردووە، لە ڕووی دروستكردنی بەنداو و سایلۆ و كۆگە و عەلوەی مۆدێرن و كارگەی پیشەسازیی خۆراك و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ عێراق، وا بكەین دۆخەكە بچێتە قۆناغێكی دیكەوە.
* ئاماژەت بە پەیوەندییەكان لەگەڵ عێراق كرد، دەستەكەتان تاچەند لەم ڕووەوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هاوتاكەتان لە دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانیی عێراقی فیدڕاڵی و كۆمپانیا عێراقییەكان بەهێزە؟
- وێڕای هەموو ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی دەخرایە بەردەم ئاساییبوونەوەی دۆخەكە و، زۆر جار ڕێگری لە هەناردەكردنی بەرهەمی جووتیاران بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەكرا، كۆڵمان نەدا و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەیوەندییەكانمان باشتر دەبێت، كۆمپانیا عێراقییەكان ڕۆڵێكی باشیان لە هەرێمی كوردستان هەیە و بە پێچەوانەشەوە كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی كوردستانیش لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق جموجووڵ و بزنێسی زیاتر ئەنجام دەدەن، ئەمەش دەمانگەیەنێتە بەرژەوەندیی هاوبەش و بەرزكردنەوەی ئاستی جموجووڵی بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵی، هاوكات لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانیی عێراقی فیدڕاڵیشدا هاوڕا بووین لەسەر واژۆكردنی یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتن لە نێوان هەردوو دەستەكەدا، ئەمەش لە پێناوی بەرزكردنەوەی ئاستی پەیوەندییەكان و پەرەپێدان و كاری هاوبەشی وەبەرهێنان.
بە شێوەیەكی گشتی بەرهەمی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو پڕۆژانەی وەبەرهێنان كە لەم ماوە كورتەدا جێبەجێ كران، ئەنجام و وەرچەرخانێكی گەورەی بە جموجووڵی بازرگانی و كشتوكاڵی و پیشەسازی داوە.