پارێزەر ئیسماعیل سایەمیر فەیلی پسپۆڕ لە بواری یاسایی و زانستە سیاسییەكان بۆ گوڵان:   مستەفا بارزانی لای كوردانی فەیلی كاریزما و ئەفسانەیەكی مێژووییە بۆ بەرگریكردن لە مافەكانی هەموو زوڵملێكراوێك، نەك تەنیا كورد

پارێزەر ئیسماعیل سایەمیر  فەیلی پسپۆڕ لە بواری یاسایی و زانستە سیاسییەكان بۆ گوڵان:     مستەفا بارزانی لای كوردانی فەیلی كاریزما و ئەفسانەیەكی مێژووییە بۆ بەرگریكردن لە مافەكانی هەموو زوڵملێكراوێك، نەك تەنیا كورد

 

 

هۆكاری سەرەكیی جینۆسایدی كوردانی فەیلی بە هۆی كوردبوونیان و پاڵپشتییان بۆ شۆڕش و كاریزمای مەلا مستەفا بارزانی بووە، ئەو تاوانە دژە مرۆڤایەتییە بە یەكێك لە دڕندەترین تاوانە نێودەوڵەتییەكان دادەنرێت. سەرۆك بارزانی لە كۆنفڕانسی زانستیی نێودەوڵەتی بۆ بە جینۆساید ناساندنی كوردانی فەیلی، پەردەی لەسەر ئەو زوڵم و جینۆسایدە هەڵدایەوە، ئەم هەڵوێستەش لای كوردانی فەیلی بیرهێنانەوەی مەلا مستەفا بارزانی بوو، بەوەی دۆستایەتییەكی بەهێزی لەگەڵ كوردانی فەیلی هەبوو، پاڵپشت و بەرگریكاری مافە زەوتكراوەكانیان بوو. بۆ قسەكردن لەسەر جینۆسایدی كوردانی فەیلی لەم ژمارەیەی گۆڤاری گوڵاندا دیدارێكمان لەگەڵ كەسایەتییەكی شارەزا و پسپۆڕی یاسایی و زانستی سیاسی ساز دا. پارێزەر ئیسماعیل سەیەمیر لە بنەماڵەیەكی ناسراوی «مەندەلی»یە و باوكی لە ساڵی 1968 یەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی ڕێكخستنەكانی پارتی لەو شارەدا.

 

* بەو پێیەی باوكت (سایەمیر هاشم) یەكەمین دامەزرێنەری ڕێكخستنەكانی پارتی بووە لە ساڵی 1968 لە مەندەلی، با سەرەتای پرسیارەكەمان لەوەوە دەستپێبكەین، ئایا ڕۆڵ و پێگەی كوردانی فەیلی لە پاڵپشتییان بۆ مەلا مستەفا بارزانی و شۆڕشی ئەیلوول لەو سەردەمەدا چۆن بوو؟

- مێژووی زوڵم و زۆرداری بەرانبەر گەلی كورد و لە ناویشیاندا كوردانی فەیلی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق دەگەڕێتەوە، بۆ ئەو دەمەی بەشێك لە خاكی كوردستانیان بە زۆر بەو دەوڵەتەوە لكاند، ئیتر لەو كاتەوە ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی پاشایەتی تاوەكو كۆماری، كورد و كوردانی فەیلییان خستە بەردەم شاڵاوێكی نائەخلاقی و نایاسایی، گرفتیان بۆ ناسنامەكانمان دروست كرد و تۆپۆگرافیای بەغدا و ناوچەكانی دیالە و خانەقین و مەندەلی و بەدرە و جەسانیان گۆڕی، بەتایبەتی دوای شاڵاوی ڕاپێچكردنی بە زۆرەملێی كوردانی فەیلی بۆ ئێران و كوشتن و دەستگیركردنی گەنجەكانیان و تاڵانكردنی ماڵ و حاڵیان، هەموو ئەمانە بە هۆی كوردبوونیان و نزیكی و خۆشەویستییان بۆ ڕەمزی مقاوەمەی نەتەوەی كورد مەلا مستەفا بارزانی دەگەڕێتەوە. لەو سەردەمە كاتێك باوكم و ژمارەیەك لە پیاوماقووڵان و كەسایەتییەكانی مەندەلی سەردانی مەلا مستەفا بارزانییان كرد، زۆر بە ڕوونی و ڕاشكاوانە خۆشەویستی بۆ كوردانی فەیلی نەشاردەوە و بەڵێنی پێ دان، كە خاك و نیشتمانەكەیان پارچەیەكی دانەبڕاوە لە كوردستان و هەرگیز سازشی لەسەر ناكەن، هەر بۆیە باوكم (سایەمیر هاشم) لە خۆشەویستی بۆ مەلا مستەفا بارزانی، ساڵی 1959 پەیوەندی بە ڕیزەكانی پارتی كردووە و ساڵی 1968 یەكەمین ڕێكخستنەكانی پارتی لە مەندەلی دامەزراندووە، وەكو لێپرسراوی ناوچەی پارتی لەوێ كاری كردووە. باوكم بۆی دەگێڕامەوە، كاتێك چەندین جار سەردانی مەلا مستەفا بارزانییان دەكرد، پێیان سەیر بوو كە بارزانی بە لەهجەیەك قسەی دەكرد، لەلایەن كوردانی فەیلییەوە زۆر بە جوانی لێی تێدەگەیشتن و بە خۆشەویستی و سادەیی و خاكەڕایی بارزانی سەرسام بوون، ئەوان دەیانگوت مستەفا بارزانی پێی ڕاگەیاندووین: «كوردانی فەیلی ڕەمزی مقاوەمەی كوردن لەناو جەرگەی بەغدا و دوژمن تا زوڵم و چەوسانەوەیان لەسەر زیاد بكات، ئەوان زیاتر سوور دەبن لەسەر كوردبوونیان، بۆیە بە هیچ شێوەیەك بڕوا مەكەن دەستبەرداری خانەقین و مەندەلی و بەدرە و ناوچەكانی دیكەی كوردانی فەیلی بین». تەنانەت كاتێك مەلا مستەفا بارزانی باسی ئازار و ئەشكەنجەدانی كوردانی فەیلی لە مەندەلی دەكرد، وەكو ئەوە بوو خۆی لەو شارە بژی و لە نزیكەوە لە ئازار و مەینەتییەكانیان ئاگادار بوو. كوردانی فەیلی لەناو دڵی مەلا مستەفا بارزانیدا جێگەو مەكانەتێكی گەورەیان هەبوو. بەردەوام مەدحی كوردانی فەیلی دەكرد و، هەرگیز كوردە قارەمانەكانی بەغدا و دیالە و كەركووك و تەواوی ئەو ناوچانەی لەبیر نەدەكرد و باسیانی دەكرد. لەم ڕوانگەیەوە ڕۆڵ و پێگەی كوردانی فەیلی لە شۆڕشی ئەیلوول دیار و لەبەرچاو بووە و زۆربەی سەركردەكانی پارتی كوردی فەیلی بوون، هەر لە عادل موراد سكرتێری یەكێتیی قوتابیان و زەكییە ئیسماعیل بەرپرسی ئافرەتان و یەدوڵڵا كەریم بەرپرسی لاوان و مامۆستا حەبیب محەمەد كەریم سكرتێری پارتی كە برای جەعفەر محەمەدە و یەكێك لە ئەندامانی دامەزرێنەری پارتی بووە. كوردانی فەیلی لە شۆڕشی ئەیلوولدا هاوكاری و پاڵپشتیی مەلا مستەفا بارزانییان بە كۆمەك و یارمەتیی دارایش دەكرد، مەلا مستەفا بارزانی و سەرۆك مەسعود بارزانی لە چەندین بۆنەدا ئەمەیان باس كردووە، تەنانەت یەكەمین ئێزگەی دەنگی كوردستان بە كۆمەك و هاوكاریی كوردانی فەیلی كڕدرا و گەیەندرایە چیا سەركەشەكانی كوردستان. لای كوردانی فەیلی مەلا مستەفا بارزانی تەنیا كەسایەتیی و خەباتگێڕێكی گەورەی نەتەوەیی و سەركردەیەك نەبوو، بەڵكو كاریزما و ئەفسانەیەكی ڕاستەقینەی مێژوویی بووە، لە ئازایەتی و بەرگریكردن لە مەزڵووم و پارێزگاریكردن لە هەق و دادپەروەری.

* كەواتە هۆكاری یەكەمی جینۆسایدی كوردانی فەیلی، بە هۆی كوردبوونیانەوە بووە. ئایا ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بەتایبەتی ڕژێمی بەعس بە چ پاساوێكی دیكە ئەو جینۆسایدەی ئەنجام داوە؟

- عێراقییەكان پێش هەموو دونیا ئەو ڕاستییە دەزانن، كە كوردی فەیلی بیانی نین و هیچ تاوانێكیان ئەنجام نەداوە، تاوەكو بەو شێوە دڕندەییە بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێران بكرێن و، ماڵ و حاڵیان تاڵان بكرێت و، گەنجەكانیان بە بڕیاری مەجلیس قیادەی سەورە و مەحكەمەی سەورە دەستگیر بكرێن و لە سێدارە بدرێن. ئەوان لەبەر كوردبوونیان و زۆریی ڕێژەی خێزانە كوردەكان لە بەغدا ئەم تاوانەی دژ بە مرۆڤایەتییەیان دەرهەق كراوە. ئەوان لە ڕێككەوتنەكەی 11ی ئاداری نێوان شۆڕشی كوردستان و حكومەتی عێراق، پاڵپشتیی ڕێككەوتنەكەیان كرد و گەورەترین ڕێپێوانیان بۆ مەلا مستەفا بارزانی ساز دا. لە هاتنەوەی بارزانی لە یەكێتیی سۆڤێت پێشوازیی گەرمیان لێ كرد، كاتێك لە فڕۆكەخانەی موسەنا لە شاری بەغدا دابەزی، پێشوازیی هەڤاڵانی بارزانییان كرد، كە بە ڕێگەی ئاوی لە بەسرا گەڕانەوە و پێشوازییەكی گەورەیان لێكردن، لەمەش گرنگتر گەنجەكانی كوردی فەیلی خۆبەخشانە نۆرە بە نۆرە پاسەوانی ئەو شوێنەیان دەكرد كە مستەفا بارزانی لە بەغدا لێی نیشتەجێ بوو، تاوەكو بە غەدر زەفەری پێ نەبرێت. من باسی ناو ڕیزەكانی پارتی و پێشمەرگایەتی ناكەم، كە كوردی فەیلی چەند زۆر و دڵسۆز بوون، من باسی هەموو كوردانی فەیلی دەكەم بە ژن و پیاو و گەنجیانەوە، كە خۆشەویستییان بۆ بارزانی بێ وێنە بوو. بارزانی ڕەمزی بەرگریكردن و پارێزگاریكردنی مافی نەتەوەی كورد و مەزڵوومەكان بوو، بۆیە كوردانی فەیلی پشتیوانی بوون، ئەوەش وای كرد بەو شێوەیە نائەخلاقی و دوور لە هەموو عورفێكی نێودەوڵەتی و تەنانەت یاساكانی عێراقیشەوە جینۆساید كران. كوردی فەیلی بەو پێیەی لەناو جەرگەی بەغدا و دیالە و خانەقین و مەندەلی و بەدرە و ناوچەكانی ناوەڕاستی عێراق و لە هێڵی پێشەوەی ڕووبەرووبوونەوەی تەعریب و كوشتن بوون، هەر زوو تووشی جینۆساید و ڕاپێچكردنی بە زۆرەملێ و كوشتن و زیندان بوونەوە، بەتایبەتی لە سەردەمی عەبدولسەلام عارف و حەرەس قەومی و بەعسییەكان بە دڕندەترین شێوە كوردانی فەیلی ئەشكەنجە دران و ئازار و مەینەتیی زۆریان بینی و تراژیدیای كوردانی فەیلی تا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیش هەر بەردەوام بوو.

* ئایا لایەنی مەزهەبی كاریگەریی لەسەر لایەنی نەتەوەیی كوردانی فەیلی دانەناوە، بەتایبەتی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس كە زۆر لە حزبە شیعە دەسەڵاتدارەكان نفووز و حوكمیان بەدەستەوەیە، هەوڵی ڕاكێشانی كوردانی فەیلییان داوە بۆ ناو حزبە ئیسلامییە شیعەكانیان؟

- كوردەكانی فەیلی بە گەنج و بە بەتەمەنەكانیشیانەوە پاڵپشت و هاوكارێكی باشی مەلا مستەفا بارزانی و شۆڕشی ئەیلوول بوون. كوردی فەیلی هەستی نەتەوەییان زۆر بەرزە، ڕاستە ئەوان وەكو لایەنی مەزهەبی شیعەن، بەڵام كەسانی ڕۆشنبیری گەورەیان تێدایە و پشتگیری لایەنە چەپەكانیشیان كردووە، بەڵام هەرگیز خۆشەویستیان بۆ مەزهەبەكەیان لەسەر حیسابی لایەنی نەتەوەیی نەبووە، كوردانی فەیلی گرنگییەكی زۆر بە لایەنی نەتەوەیی و نیشتمانیی كورد دەدەن. ئەوان لەناو هەناوی كوردایەتی و شۆڕشی ئەیلوول پەروەردە بوون و خەباتیان كردووە، بۆیە هەرگیز لایەنی نەتەوەییان لەیاد نەكردووە. بەداخەوە فەرامۆشكردنی كوردانی فەیلی و توانا و دەسەڵاتدارانی حزبە ئیسلامییە شیعەكانی عێراق وای كردووە، ژمارەیەك لەو كوردانەی فەیلی ڕوو لەو حزبە شیعەیانە بكەن، دامەزراندنی ڕۆڵەكانیان و پێدانی هەلی كار لە بەغدا و ناوچەكانی دیكەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق هۆكارێكی گرنگی ڕاكێشانی كوردانی فەیلی بووە بۆ ناو حزبە شیعەكان. ئیستغلالكردنی لایەنی ڕۆحی مەزهەبیی شیعە و پێدانی دەسەڵات و دامەزراندن لە كۆلێژەكانی سەربازی و ئەمنی وای كردووە، ژمارەیەك لە كوردانی فەیلی ڕابكێشن، گەنجەكانمان دامەزراندنیان دەوێت، دامەزراندنیش لەلای ئەو حزبە شیعەیانەیە، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەگشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتی بە ڕۆئیایەكی دیكەوە ڕوو لە گرنگیدان بە كوردانی فەیلی بكەن و لە پۆستە سەربازی و ئەمنی و ئیداری و حزبییەكان گرنگیی زیاتر بە كوردانی فەیلی بدەن.     

* ئایا بۆ گەڕانەوەی تەواوی مافی كوردانی فەیلی و بەگەڕخستنی هەوڵی زیاتری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كوردانی فەیلی، پێویستە چی بكرێت؟

- كۆنفڕانسی بە جینۆسایدناساندنی كوردانی فەیلی كە لەسەر داوا و سەرپەرشتیی سەرۆك مەسعود بارزانی ڕێكخرا بوو، بۆ ئێمەی كوردانی فەیلی جێگای فەخر و شانازی بوو. دوای ئەوەی زەمەنێك بوو ئەو جینۆسایدەیان بە پەراوێز خستبوو، لە هیچ شوێنێك باسیان نەدەكرد. من كاتێك لە ساڵی 1997 لەناو ڕێكخستنەكانی پارتی بووم لە بەغدا و خانەقین و مەندەلی و لەگەڵ محەمەد بەدری نووسەر و ڕۆشنبیری كورد و حەیدەر خەسرەو و حەیدەر سایەمیر و چەند كەسایەتییەكی دیكە سەردانی سەرۆك مەسعود بارزانیمان كرد و لە نزیكەوە بەدیداری شاد بووین. سەرۆك مسعود بارزانی پێی وتین: «ڕۆڵی كوردانی فەیلی هەرگیز لەبیر ناكەم، كە چۆن پاڵپشتیی ڕێككەوتننامەی 11ی ئاداری مێژووییان كرد، خەباتی چەندین ساڵەشیان بۆ پاڵپشتی شۆڕش كردووە». پێشتریش لە بەغدا بە دیداری سەرۆك مەسعود بارزانی شاد بووین، ئەو كاتیش پێی وتین: «كوردانی فەیلی خاوەنی مێژوویەكی پڕ لە شانازین لە پاڵپشتیكردنی شۆڕش و كوردایەتی، یەكەمین ئێزگەی دەنگی كوردستانیش لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە لە كوردانی فەیلییەوە بۆمان دابین كرا و لە هاوكاریی پێشمەرگەشدا بازرگان و كاسبكارانی كوردانی فەیلی ڕۆڵێكی گەورە و بێ وێنەیان هەبووە، بۆیە بەردەوام پاڵپشت و داواكاری گەڕانەوەی مافەكانیانم».

كاتی ئەوە هاتووە كوردانی فەیلی لە ناو جەرگەی بەغداوە دامەزراوەیەكی نەتەوەییان بۆ دابمەزرێت و ئەو دابڕانە ڕاست بكرێتەوە كە لە زەمەنی دوای مەلا مستەفا بارزانییەوە تاكو ئەمڕۆ تێی كەوتووین، ئەو دامەزراوەیە پێویستە تەنیا ئەركی كۆكردنەوە و یەكخستنی بەڵگەنامەكان لە ئەستۆ نەگرێت، بەڵكو تێكەڵ بە كاروباری مەدەنی و ئابووری و سیاسیی كوردانی فەیلیش بێت و كەسانی بەرپرس ڕابەرایەتیی كوردانی فەیلی بكەن و گەنجەكانیان لەناو دامەزراوەكانی عێراق و كوردستان و حزبدا دابمەزرێنن و ڕێگا نەدەن كەسانی دیكەی ناو حزبە شیعەكان ئەم بۆشاییە پڕ بكەنەوە.

 

Top