قەشە ئەلئەب جبرائیل قەشەی سیمێل لە سنووری پارێزگای دهۆك بۆ گوڵان:   بەهاناوەهاتنی قوربانییەكانی حەمدانییە سەلماندی كە ئەم ناوچەیە بەشێكی دانەبڕاوە لە كوردستان

قەشە ئەلئەب جبرائیل  قەشەی سیمێل لە سنووری پارێزگای دهۆك بۆ گوڵان:     بەهاناوەهاتنی قوربانییەكانی حەمدانییە سەلماندی كە ئەم ناوچەیە بەشێكی دانەبڕاوە لە كوردستان

 

 

ڕووداوی ئاگركەوتنەوە لە هۆڵێكی ئاهەنگێڕانی بووكگواستنەوە لە حەمدانییە كە بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە بەشداربووانی ئاهەنگەكە گیانیان سپارد و بریندار بوون، هەر لە ساتی یەكەمی ڕووداوەكەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەست بەجێ بەهانایانەوە چوو، بەتایبەت لە گواستنەوەی بریندارەكان بۆ نەخۆشخانەكانی هەولێر و دهۆك و چارەسەركردنیان، پاشان سەرۆكی هەرێم لە هەولێر سەردانی بریندارەكانی كرد و ئامادەیی بۆ هەموو هاوكارییەك پیشان دا، تا ئەو ئاستەی ئەگەر پێویستیان بە دەرەوەی كوردستانیش بێت بۆ چارەسەركردنی بریندارەكان، هاوكات سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش وەك هاوخەمی بەشداریی ڕێوڕەسمی پرسە و ماتەمینییەكەی كرد. بۆ ئەو پرسە و چەندین بابەتی دیكە، وەك گۆڤاری گوڵان ئەو دیمانەیەمان لەگەڵ قەشە ئەلئەب جبرائیل كە قەشەی سێمێل ئەنجام دا .

 

* ڕووداوی حەمدانییە زۆر خەمباری كردین، بەتایبەتی كە بۆنەیەكی ئاهەنگگێڕان بوو بە ماتەم و شیوەن، لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستانیش سێ ڕۆژ ماتەمینی و هاوخەمی بۆ قوربانییەكان ڕاگەیەندرا و، هەموو دەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانیش كەوتنە ئامادەباشی بۆ هاریكاری و چارەسەری قوربانییەكان، ئایا چۆن سەیری ئەو هاریكاری و هەماهەنگی و خەمخۆرییەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن لەو كارەساتە دڵتەزێنەدا؟

- بێگومان ئەو ڕووداوەی لە حەمدانییە ڕووی دا، كارەساتێكی نەخوازراوی دڵتەزێنە، بەتایبەتی كە لە نێو ئاهەنگ و شایی و خۆشییەكدا بوو، كە تێیدا ژمارەیەكی زۆر لە منداڵ و ئافرەت و گەنج و كەسانی سڤیل بوونە قوربانی و شایی و گۆڤەند بووە گریان و مەرگەساتێكی بێ وێنە، بەڵام ئەوەی جێی داخە لەو كارەساتە جەرگبڕەدا ئەوە بوو، نە پارێزگای مووسڵ و نە حكومەتی عێراقی بە دەنگ ئەو خەڵكەوە نەهاتن و فریایان نەكەوتن، بەڵام بەپێچەوانەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرگای واڵا كرد و بە هەموو شێوەیەك بە دەنگ ئەو خەڵكەوە هات و ژمارەیەكی زۆر لە بریندارەكان گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەكانی شاری هەولێر و دهۆك، هەروەها لەلایەن سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی كوردستانەوە هەموو ئامادەباشییەك ڕاگەیەندرا بۆ هاوكاری و ڕزگاركردنی بریندارەكانی ئەو كارەساتە. شایانی ئاماژەپێكردنە هەموو كات گەلی كوردستان و سەركردایەتیی سیاسیی كورد، بەتایبەت ماڵباتی بارزانی بەو پەڕی لەخۆبردووییەوە بە هانای لێقەوماوان و خەلكی كارەساتبارەوە هاتوون، وەك بینیمان كاتێك تیرۆریستانی داعش پەلاماری شنگاڵ و مووسڵ و دەشتی نەینەوایان دا، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمان و بڕیاری جەنابی سەرۆك بارزانی هەموو دەروازە و سنوورێكی هەرێمی بەرانبەر ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان كردەوە، ئەم جارەش لە ڕووداوەكەی حەمدانییە خەسڵەتی مرۆڤدۆستانە و سیفەت و ئاكاری جوانی كوردانە و هێزی پێشمەرگە و عەقیدەی بارزانمان بەدی كرد. لەلایەكی دیكەوە دیتمان هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان ماتەمین بوون و دڵ و هەست و گیانیان لەگەڵ كریستیانەكانی ئەو شارە و خەڵكەكەی بوو و سێ ڕۆژ ڕاگەیاندنی ماتەمینی لە هەرێمی كوردستان لەسەر بڕیاری جەنابی سەرۆكی حكومەتی كوردستان وەك هاوسۆزی و هاوبەشییەك بۆ خەم و ماتەمینی، ئێمە هیچ كات ئەم هەڵوێستانە لە یاد ناكەین.

* بەشێكی زۆری بریندارەكانی ئەو قوربانییانە گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان و لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتەوە بریندارەكان بەسەر كرانەوە و ئامادەییان پیشان دا، ئەگەر بریندارەكان پێویستیان بە دەرەوەی كوردستانیش بێت، ئەوا حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیە بیاننێرێتە دەرەوەی وڵات، ئایا تاچەند ئەم بەتەنگەوە هاتنەوە ئازاری ئەو كارەساتەی لا سووك كردن؟

- بە دڵنیاییەوە یەكەم هەنگاوی هەرێمی كوردستان لە بەرانبەر ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە گواستنەوە بریندارەكان بوو بۆ نەخۆشخانەكانی شاری هەولێر و دهۆك، كە بووە هۆی ئەوەی گیانلەدەستدان كەمتر ببێتەوە و ژمارەیەكی زۆر لە بریندارەكان بە هەوڵی پزیشك و كارمەندانی تەندروستیی شاری هەولێر و دهۆك (كە پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە هەبوو و ژیانیان لەمەترسیدا بوو) لە مردن ڕزگاریان بوو. هەروەها سەردانی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ لای بریندارەكان لە نەخۆشخانەكانی هەولێر و ئامادەباشیی سەرۆكی هەرێم بۆ ڕەوانەكردنی هەر بریندارێك كە پێویستی بە چارەسەر لە دەرەوە هەبێت، لەسەر حیسابی حكومەتی كوردستان و بەشداریی جەنابی سەرۆكی حكومەتی كوردستان لە پرسەكەدا زۆر بە گرنگ و گەورە لێی دەڕواندرێت لەلایەن ئێمەی كریستیانەكان، بەتایبەت لەلایەن كەسوكاری ئەوانەی لەو ڕووداوەدا گیانیان سپارد. لەلایەكی دیكەوە بۆ ئێمە و كریستیانەكانی دەشتی نەینەوا دەركەوت كە ئێمە بەشێكین لە هەرێمی كوردستان، بەتایبەت بە هۆی ئەوەوە كە بەرپرسێكی ئیدارەیی مووسڵ بەهانامانەوە نەهات، بەڵكو دەركەوت تەنیا حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە خۆی بە خاوەنمان دەزانێت، بە شەخسی ڕێزداران جەنابی سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت هاوخەممان بوون، بە چەشنێك خاوەن پرسەكان دەڵێن هەموو ئەمانە دەیسەلمێنێت كە ئێمە بەشێكی دانەبڕاوی هەرێمی كوردستانین.

* ئەم كارەساتە دڵتەزێنە ئەوەی پیشان داین كە نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان لە خۆشی و ناخۆشیدا هاریكار و خەمخۆری یەكترن و وەك هاووڵاتیی یەك نیشتمان مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، ئایا ئێوە وەك كریستیانەكان چۆن سەیری پێكەوەژیانی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان دەكەن لەم نیشتمانەدا؟

- پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان تەنیا زادەی ئەمڕۆ نییە، چونكە ئەگەر سەیری لاپەڕەكانی مێژووی گەڵی كوردستان بكەین، بەتایبەتی لە سەردەمی شۆڕشی ڕزگاریخوازی كوردستان و لەسەر دەستی ڕابەری نەتەوەییمان بارزانیی نەمر، دەبینین هەموو نەتەوەكان لە كوردستان بە ئایین و ئایینزاكانەوە، موسڵمان و كریستیان و ئیزدی و كاكەیی، هەموو بە یەكەوە بەشداربوون و لەسەر یەك خاك شەهیدیش بوون، پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان ڕەگ و ڕیشەی خۆی پتەو كردووە، لە ئێستاشدا، بەتایبەتی لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوو بە هۆی بەرنامە و پلانەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكەوەژیان چووەتە قۆناغێكی زۆر پێشكەوتووتر و بووەتە جێگەی سەرنجی وڵاتانی دونیا، بەتایبەتی ڤاتیكان و قەداسەتیی پاپا. من وەك پیاوێكی ئایینی مەسیحی ئەوە پشتڕاست دەكەمەوە كە هەرێمی كوردستان تاكە ناوچەی هێمن و سەقامگیرە بۆ پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكان لە ناوچەكەدا.

* ڕێژەی هەرە زۆری كریستیانەكانی عێراق و ئایینەكانی دیكەش لە پارێزگاكانی عێراقەوە كۆچیان كردووە و لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێ بوون، تەنانەت ئامۆژگای پێگەیاندنی قەشەش لە بەغداوە گواسترایەوە بۆ هەولێر و ئێستا ئەم ئامۆژگایە لە عەنكاوەیە، ئایا ئەو هۆكارانە چین كە كریستیانەكانی عێراق لە كوردستان هەست بە ئارامیی زیاتر دەكەن، لەچاو پارێزگاكانی دیكەی عێراق؟

- لە ڕاستیدا ئاشكرایە كە بەشی هەرە زۆر لە كریستیانەكان و ئایین و ئایینزاكانی دیكەی عێراق، ڕوو دەكەنە هەرێمی كوردستان، بۆ كریستیانەكانی عێراق و دونیاش ڕوون بووەتەوە كە هەرێمی كوردستان لانكەی پێكەوەژیانە، بۆیە هەموو كریستیانەكان هەوڵیان داوە بێنە هەرێمی كوردستان، هاوكات كریستیانەكان نەك تەنیا خۆیان، بەڵكو پاتریك و سەرۆكایەتیی كریستیانەكانیش گوازرایەوە بۆ شاری هەولێر .

* كریستانەكانی كوردستان بەشدارییەكی بەرچاویان لە پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا هەبووە، بێجگە لەوەی چەندین پەرلەمانتاریان هەیە، لە هەمان كاتدا لە ناو حكومەتیشدا وەزیر و چەندین ڕاوێژكار و بەڕێوەبەری گشتییان هەیە، ئەم بەشدارییەی ئێوە لە پەرلەمان و حكومەت تا چەند ئێوەی وەك هاووڵاتییەكی كوردستان ئاسوودە كردووە و هەست بە هاووڵاتیبوونی خۆتان دەكەن؟

- لە ڕاستیدا ئێمەی كریستیان بە چەشنی هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستان، لە سایەی سیستەم و دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت كابینەی ئێستا بە سەرۆكایەتیی مسرور بارزانی، ئاسوودە و خۆشبەختین و هەست بە ژیان و سەقامگیری و هێمنیەكی زۆر دەكەین، بەتایبەت كە بینیمان لە كابینەی نۆیەمدا لە هەموو دامودەزگاكانی دەوڵەت بەشدارین و وەزیرێكی تایبەت بە كاروباری ئایینەكان دامەزراوە و ئێمە و هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان نوێنەر و ئەندام پەرلەمانمان هەیە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و یەكەی ئیداری بۆ كریستیان و ئێزدی و ئایین و ئایینزاكانی دیكە لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی دامەزراوە، پێشبینییش دەكەین ساڵ لە دوای ساڵ هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان زیاتر بە ماف و بەرژەوەندییەكانیان بگەن، چونكە لە هەموو بۆنەیەكدا جەنابی سەرۆك بارزانی كە مەرجەع و ڕابەر و كاریزمای گەلی كوردستانە، لەسەر زیاتر گرنگیدان بە سەرجەم پێهكاتەكانی كوردستان جەخت دەكاتەوە.

* زۆر كەم پیاوانی ئایینی كریستیان خۆیان تێكەڵاوی كاروباری سیاسی دەكەن، بەڵام لە پرسێكدا كە ئەویش مانەوەی سەرۆك بارزانی بوو، وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان كەنیسەكانی كوردستان هەڵوێستی سیاسییان هەبوو، لەسەر ئەوەی سەرۆك بارزانی كۆڵەگەی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانە، ئایا ئەم هەڵوێستە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟

- ئێمە هەموو حكومەت و گەلی كوردستان بە هاوكار و هۆكاری سەرەكیی مانەوەی سەقامگیری دەزانین، بەتایبەت بۆ ئێمەی كریستان. لەلایەكی دیكەوە جەنابی سەرۆك بارزانی بە باوك و خەمخۆر و هاوكار و پاڵپشتیی سەرەكیی خۆمان دەزانین. ئەوەی لە كوردستان بۆ ئێمە دەكرێت، لەهەر لایەكەوە بێت بە پشتیوانیی جەنابی سەرۆك بارزانی دەزانین، چونكە جەنابیان وەك مرۆڤدۆستێك لەگەڵ هەموو گەل و پێكهاتە و نەتەوە و ئایینەكانی كوردستان هەڵسوكەوت دەكات. هەر بۆیە نەك لە ڕابردوو و ئێستادا، بەڵكو بۆ داهاتووش ئێمە پشت و پەنا و كۆڵەگەی سەرەكیی بەردەوامیی ژیانمان لە كوردستان و ناوچەكە و دونیاش بە جەنابی سەرۆك بارزانی سپاردووە.

Top