جل و بەرگ و كەرەستەی پێشمەرگە

جل و بەرگ و كەرەستەی پێشمەرگە

پێشمەرگە وەك سیمبولی بزاڤی ڕزگاریخوازی كورد، قارەمان و پاڵەوانی وڵات، بەرگری و بەرخودان، پێشتر لە نێو چیاكانی كوردستان بوون و بە نەهامەتی و نەبوونی و بە بێ دەرامەتێكی ئەوتۆ لە خەباتدا بوون، نموونەیەك لەوانەش (خەلیل عومەر)ـە كە پێشمەرگەیەكی ئەیلوول بووە لە هێزی سەفین لە ساڵی 1962 لە قەڵادزێ ئەم وێنەیەی گیراوە، ئەو كات لە وێنەكەدا دەردەكەوێت كە كەرەستەكانی ئەو كاتە چەكێك و چەند فیشەك و خواردنێكی ئاسایی بوون، هەروەها جلوبەرگی پێشمەرگایەتی ئەو كات زیاتر جلی كوردی بووە، زۆربەیان چەند قاتێكیان هەبووە بۆ ماوەیەكی زۆر دەیانپۆشی، لە كاتی شەڕ و سەنگەرگرتندا سەری ئەژنۆكانی دەدڕا بەهۆی ئەوەی زوو زوو لەكاتی شەڕدا كە لەسەر چۆك خۆیان دەخشاند، بەم چەشنە زۆربەی جلی ئەو كاتەی پێشمەرگە دەدڕا و هێندە كاتیشیان نەبووە كە جلەكانیان بگۆڕن یان دەستە جلی تازەیان بۆ بێت، جگە لەوەش بە چەك و تفاقێكی كەم و وردەوە دەیانتوانی دوژمنێكی پڕ هێز و چەك بەچۆك دا بدەن، وێنەكە پێمان دەڵێت كوردایەتی و نیشتمانپەروەری لە پێناو نەتەوە و خاكدا بووە و دڵسۆزانە بەو توانا كەمە لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی پێشمەرگایەتییان كردووە، بە كەرەستە و كەلوپەلێكی زۆر كەمەوە توانیویانە شەڕی هێندە مەزن بكەن، كە لە بواری سەربازیدا جێگەی سەرسوڕمانە.

 

 

Top