دلبەر جزیری بۆ گوڵان: ئەركی من لە هونەردا سەخت بوو كەس پاڵپشتم نەبووە
لە ماوەی ڕابردوو خانمە گۆرانیبێژ دلبەر جزیری بەشداری لە فیستیڤاڵی مۆناكۆی سینەمایدا كرد، سەبارەت بەم بەشدارییەی بەم شێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێكی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
* باسی بەشداریی خۆتمان بۆ بكە لە فیستیڤاڵی مۆناكۆی سینەمایی؟
- بەشداریم لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی مۆناكۆ كرد، كە تیایدا ژمارەیەك ئەكتەری ناوداری جیهانی بەشدار بوون، توانیم خەڵاتی باشترین ئەكتەر لە فێستیڤاڵەكەدا بەدەست بهێنم، بەهۆی ڕۆڵم لە فیلمێكدا كە باس لە خەباتی ئافرەتان دەكات.
* ئەو فیلمە چی بوو كە تێیدا بەشدار بوویت؟
- فیلمەكە بە ناوی (گوردەشلی مەقبولە) یە لە دەرهێنانی ئیسماعیل گولنار، لە ڕووداوێكی ڕاستەقینەی ناوچەی مانیسیا وەرگیراوە و باس لە كچێك دەكات، كە هەر لە تەمەنی منداڵییەوە كوڕانە هەڵسوكەوتی كردووە و لەگەڵ كوڕان بووە زیاتر لە كچان، كاتێك گەورە دەبێت، دڵی بۆ كوڕێك لێدەدات و پەیوەندیی خۆشەویستی لە نێوانیاندا درووست دەبێت، لە ڕۆژی مارەبڕینیدا دەستگیرانەكەی ناچار دەبێت بچێت بۆ شەڕ، دواتر ئەویش جلوبەرگی پیاوان دەپۆشێت و بەدوای دەستگیرانەكەیدا دەڕوات و هەردووكیان شەهید دەبن.
فیلمەكە باس لە خەباتی ئافرەتانی كورد دەكات كە بەدەست نادادپەروەری و گۆشەگیرییەوە دەناڵێنن، بەڵام لە هەموو لایەنەكانی ژیاندا بەردەوام بوون لە تێكۆشان بۆ ئازادی. ئافرەتی كورد دووجار ئازاری چەشتووە، جارێكیان وەكو كورد و جارێكیش وەك ئافرەتك، لێرەوە ئەم خەڵاتە پێشكەش بە هەموو ئافرەانی كورد دەكەم لە سەرانسەری جیهان
* فیلمەكە لە كوێ وێنە گیراوە؟
- لە شاری ئیزمیری توركیا وێنە گیراوە، پەیامی سەرەكیی فیلمەكە باس لە ئافرەتێكی شەهید دەكات كە هاوسەری پیاوێكی تێكۆشەرە، شەهید بووە و شانبەشانی پیاوان شەڕی كردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئافرەتە تەنانەت وەكو شەهیدیش باس نەكراوە و مافی خۆی لەم بوارەدا پێ نەدراوە.
* ئەكتەری و گۆرانی گوتن بۆ تۆ گرفت نەبوو؟
- بە دڵنیاییەوە چونكە ئەوە یەكەم ئەزموون بوو لە بواری نواندندا، بۆ منیش ئەزموونێكی زۆر قورس بوو، چونكە وەك هەندێك دەیبینن تێكەڵكردنی گۆرانی و نواندن ئاسان نییە، بەڵام بە ئارامی و بەرگەگرتن و ماندووبوون، مرۆڤ دەتوانێت هەموو خەونەكانی بەدەست بهێنێت، و من لە دوای سەرەتای چوونە نێو بواری هونەرییەوە خۆم ماندوو كردووە و ڕووبەڕووی ناخۆشی بوومەتەوە.
* بەرهەمی نوێت چییە؟
- بەرهەمی نوێم هەیە و بە نیازم لە ماوەی داهاتوودا بە ئەنجامیان بگەیەنم و پێشكەشی جەماوەیان دەكەم، چ لە بواری نواندن یان لە بواری گۆرانی گووتن، بەڵام سەبارەت بە بواری گۆرانی وتن، دەمەوێت بیكەم بە سوپرایز بۆ هەوادارانم، لێرەوە بە پێویستی دەزانم سوپاسی یەكە بە یەكەیان بكەم كە لە ساتەوەختی یەكەمەوە تا ئێستا و هێشتا پشتگیریم دەكات، و پێی دەڵێم كە من هەموو هەوڵێك دەدەم بۆ ڕازیكردنیان و پێشكەشكردنی بەرهەمی هونەری نوێ كە شایستەی ئەوان بێت، چونكە ئەگەرئەوان نەبوونایە پشتگیری و پشتیوانی بەردەوامیان لە كارەكانم، نەدەگەیشتم بەو ئاستەی ئەمڕۆ م لە ژیانی هونەریم.
* هەستت چی بوو كە خەڵاتەكەت وەرگرت؟
- لە ڕاستیدا هەست بە شانازی دەكەم كە یەكەم ئافرەتی كورد بووم كە لە فێستیڤاڵێكی گەورەی نێودەوڵەتی وەك فێستیڤاڵی مۆناكۆدا بەشداربووم و توانیم نازناوی باشترین ئەكتەر بەدەست بهێنم.
شۆك بووم، نەمتوانی فرمێسكەكانم ڕابگرم، لە كاتی وەرگرتنی خەڵاتەكەدا لە خۆشیان گریام، چونكە ڕێگاكەم زۆر سەختتر بوو و لە زۆبەی هونەرمەندانی تر و توانیم سەربكەوم، بە درێژایی ژیانی هونەریمدا هیچ كەسێك پاڵپشتیی نەكردم ۆ ناچاربووم پشت بە خۆم ببەستم، سەرڕای هەموو ئەم ئاستەنگانە بەردەوام بووم و وازم نەهێنا بۆ ئەوەی خەونەكانم بهێنمە دی.