دكتۆر عیماد خۆشابا بۆ گوڵان:   حكومەت بە بێ جیاوازی ڕێزێكی زۆری لە هەموو پێكهاتەكانی كوردستان گرتووە

دكتۆر عیماد خۆشابا بۆ گوڵان:     حكومەت بە بێ جیاوازی ڕێزێكی زۆری لە هەموو پێكهاتەكانی كوردستان گرتووە

 

 

پێكەوەژیان و لێبوردەیی لە كۆمەڵگەی كوردستاندا سیما و خەسڵەتێكی بەرچاوە و ڕیشەیەكی قووڵی هەیە، هەروەها سیاسەتی فەرمیی حكومەتیش بایەخدان بووە بە پتر چەسپاندنی ئەم پێكەوەژیانە، گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا ئەم پرسە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیداری لەگەڵ دكتۆر عیماد خۆشابا قەشەی مانگێشكێ تاوتوێ كرد.

 

 

* پێكەوەژیان و لێبوردەیی لە نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەكانی كوردستاندا ئەو نیعمەتەی پەروەردگارە كە هەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان شانازی پێوە دەكەن، ئایا ئێوە وەك پەیڕەوانی ئایینی كریستیان چۆن سەیری ئەم پێكەوەژیانەی كوردستان دەكەن و، ئایا لە دەرەوە كریستیانەكان چۆن سەیری ئەم پێكەوەژیانەی كوردستان دەكەن؟

- ئاشكرایە كە پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستاندا مێژووییەكی دوور و درێژی هەیە و، باوباپیرانی ئێمە لەم وڵاتەدا بە یەكەوە ژیاون و، ئەو پێكەوەژیانەش ڕەگ و ڕیشەی داكوتاوە و بووەتە هۆكاری هاتنەئارای لێبوردەیی و ئاشتییەكی خۆڕسك لە نێوانماندا، لەلایەكی دیكەوە لە ڕووی ئایینییەوە مەسیحییەت لە سەرەتای بوونیەوە لە هەر شوێنێك هەبێت، بووەتە مایەی دەستەبەركردنی ئاشتی تێیدا. هاوكات ئێمە لە هەر وڵات و لەسەر هەر خاكێك ژیابین وەك كریستیان، ئینتیمای توندمان هەبووە و هەوڵمان داوە ببینە مایەی پارێزگاریلێكردنی و برەودان بە خۆشگوزەرانی، هەموو ئەمانەش دەبنە هۆی بەهێزكردنی پێكەوەژیان لەو وڵات و شوێنانەدا و بگرە دەگاتە ئاستی برایەتی لە نێوان ئەو نەتەوە و ئایین و ئایینزایانەی لەو وڵاتەدا هەن، هەرێمی كوردستانیش یەكێكە لەو هەرێمانەی تێیدا ئاشتی و پێكەوەژیان بەرقەرارە و جیاوازیی ئایین و ئایینزاكان نەبووەتە مایەی كێشە بۆ پێكەوەژیان، چونكە نەتەوە و ئایینەكان پێكەوە دەژین و لەگەڵ یەكتر تەبا و خەمخۆرن و بە تەنگ یەكەوەن لە خۆشی و ناخۆشیی یەكتردا. واتە هەرێمی كوردستان وەك باخچەیەكە كە جۆرەها گوڵی تێدایە و هەر یەكەی بۆنێكی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام ئەو باخچەیە بۆ هەموو پێكهاتەكان وەك یەك وایە لە سەردانیكردن و لە بۆنەكان و لە ناخۆشی و خۆشیدا. لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 بەتایبەت لە دوای دامەزراندنی پەرلەمان و دامودەزگاكانی حكومەتەوە، سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان، بەتایبەتی جەنابی سەرۆك بارزانی زۆر جەختی لەسەر گرنگیدان بە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان كردەوە و، كاری بۆ ئەوە كرد ئەو هزر و بیر و ڕێبازەی لەلایەن بارزانیی نەمر هەبوو وەك خۆی و زیاتر گەشە بكات، لە ئەنجامدا ئێستا هەرێمی كوردستان لەبەر چاوی وڵاتانی دونیا و بەتایبەت وڵاتانی پێشكەوتوو و ڤاتیكان و پاپاوە بووەتە جێگەی سەرنج و شانازی و ڕێزێكی زۆر گەورە بۆ ئەو پێكەوەژیانەی هەیەتی .

* سەرۆك مسعود بارزانی لە كاتی هێرشی تیرۆریستانی داعش دەرگای هەرێمی كوردستانی واڵا كرد، بۆ ئەوەی هەموو كریسیتانەكان و ئایینە جیاوازەكانی دیكە لە سەرانسەری عێراق بپارێزێت، ئایا پێداگیریی سەرۆك بارزانی بۆ پێشوازیكردن لە هەموو كریستیانەكان لە ناوچە جیاجیاكانی عێراقەوە بێنە كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

- ئەوەی جەنابی سەرۆك بارزانی لەو كاتەدا كردی، هەڵوێستێكی چاوەڕوانكراو بوو لە بەڕێزیان، چونكە ئەو هەڵوێست و بڕیارانە لە سەروەختی مەلا مستەفای بارزانییەوە چەسپێندراون و بووەتە كەلتوورێك لە ڕێبازەكەیدا، لەلایەكی دیكەوە لە ساڵی 2014 لەو كاتەی كە داعش پەلاماری عێراقی دا، هەموو ئایین و ئایینزاكان و تا ڕاددەیەك نەتەوەكانیش تا دەگاتە عەرەب لە عێراق، بەتایبەت لە مووسڵ و دەشتی نەینەوا و ناوەڕاستی عێراق، كەوتنە بەر هێرش و پەلاماری كۆمەڵكوژیی ئەو تیرۆریستانە و بارودۆخێكی زۆر خراپ و تاریك دروست بوو، لەو بارودۆخە دژوارەدا جەنابی سەرۆك بارزانی بڕیارێكی مرۆییانەی دا و دەرگا و سنووری هەرێمی كوردستانی لە بەردەم هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی عێراقدا كردەوە، كە بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەكی یەكجار زۆری خێزانەكان پەنا ببەنە بەر هەرێمی كوردستان و ژیانی خۆیان و خێزانەكانیان پارێزراو بێت، هەرچەندە هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان كە نزیكەی دوو ملیۆن كەس دەبوون، بارێكی زۆر قورس و زەحمەتیان بۆ حكومەتی كوردستان دروست كرد، بەتایبەت لەو كات و ساتەشدا قەیرانێكی دارایی زۆر قورس ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان ببوو، بەڵام لەو كاتەدا سەرۆك بارزانی بە ئاوارەكانی ڕاگەیاند و فەرمووی «ئێمە لەگەڵ یەكتر دەژین، یان لەگەڵ یەكتر دەمرین»، واتە ئێمە هیچ جیاوازی لە نێوانماندا نییە و هەموومان لەگەڵ یەكترین و چارەنووسمان یەكە.

* لەگەڵ بەشی زۆری قەشە و مەتران و پیاوانی ئایینی كەنیسەكانی كوردستان قسەمان كردووە، هەموویان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە لە سایەی لۆژیك و ڕابەرایەتیی سەرۆك بارزانیدا هەست بە ئەمان و دڵنیایی دەكەن، ئایا ئەم ئەمان و دڵنیاییەی تێكڕای پێكهاتە و ئایینە جیاوازەكان كە بە عەقیدەی بارزانیان هەیە، لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟

- هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێ دا، ئەوە هەڵوێستێكی درێژخایەن و چەسپاوی سەرۆك بارزانی بووە كە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان لە كوردستاندا بە دڵنیایی و ئەمانەوە لەگەڵ یەكتر بژین تاوەكو خۆشگوزەرانی و ئاشتی و لێبوردەیی سەقامگیر بێت، ئەو لۆژیك و بڕیار و هەڵوێستەی بارزانی دەری بڕی كە دەرگای هەرێمی كوردستان لە بەردەم ئاوارەكاندا بكرێتەوە، بۆ پاراستنی ژیانیان، ئەوە هەڵوێستی سەركردەیەكی سەركەوتووە لەو وڵاتەدا، چونكە تەنیا سەركردەی بوێر و خاكەڕا و خەمخۆری نەتەوەیی و مرۆڤایەتی دەتوانێت ئەو جۆرە بڕیارانە بدات و لە پێشەوەی بەرەكانی جەنگ بێت و، بەرگری لە میللەتەكەی و مرۆڤایەتی بكات، كە ئەوانەشمان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش بەتایبەت لە ڕزگاركردنی شنگال و دەشتی نەینەوا لە جەنابی سەرۆك بارزانی بینی، كە وەك پێشمەرگەیەكی كوردستان بەشداری كرد، هەر بۆیە لە ساڵی 2021 قەداسەتی پاپا فەرەنسیس هاتە هەرێمی كوردستان سوپاسی جەنابی سەرۆك بارزانی كرد و پێی گوت «من سوپاسی جەنابتان دەكەم كە پێشوازیی ئاوارەكانتان كرد، چونكە ئەو ئاوارانە ئەز بووم»، كە ئەمەش زۆر گرنگە كە كەسایەتییەكی وەك قەداسەتی پاپا ئیعتیراف بەو بڕیار و هەڵوێستە بكات، وەك ئەوەی جەنابی سەرۆك بارزانی بەرانبەر ئاوارەكان كردوویەتی. هاوكات ئەو كار و هەڵوێستانەی لەلایەن جەنابی سەرۆك بارزانی و ڕێزداران نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان و دەگیرێتەبەر بۆ زیاتر گەشەپێدانی پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان، بووەتە جێگەی ڕێز و ستایش و سەرنجی هەموو وڵاتانی دونیا و، لە زۆر بۆنە و مەراسیمدا بە چاوێكی گرنگ و گەورەوە سەیری ئەو بارودۆخەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، كە بووەتە هۆكاری بەدستهێنانی هێمنی و ئاسایش و دڵنیایی لە نێوان هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان كە لەو هەرێمەدا دەژین.

* لە چەند هەفتەی ڕابردوو دیسان بە پێداگریی سەرۆك بارزانی كۆتای كریستیانەكانی دهۆك و هەولێر لە ناو یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراقدا جێگیر كرا، بۆ ئەوەی نوێنەرانی خۆتان لە پەرلەمانی عێراق نوێنەرایەتیتان بكەن، ئایا تا چەند دانانی كۆتای كریسیتان لەسەر ئاستی كوردستان خزمەتی نوێنەرایەتیی ئێوە لە پەرلەمانی عێراق دەكات؟

- بێگومان نوێنەرایەتی بۆ پەرلەمان چ لە هەرێم بێت، چ لە عێراق، بۆ هەموو نەتەوە و پێكهاتەیەك زۆر پێویست و گرنگە تاوەكو هەست بە بوونی خۆیان بكەن و، مومارەسەی مافەكانیان بكەن، بە دڵنیاییەوە ئەو پێنج كورسییەی كۆتا لە پەرلەمانی كوردستاندا نەك تەنیا گرنگە، بەڵكو ئەوە ددانپێدانانە بە بوونی نەتەوەیی و ئایینیمان كە هاوبەشین لەو هەرێمەدا، هاوكات بوونی كۆتای كریستیانەكانی دهۆك و هەولێر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا زۆر پێویستە، بەڵام ئەو هەقە چەندین ساڵە بۆ ئێمە دەستەبەر نەكراوە، بەڵام ئەم جارە لە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی عێراقدا و بە پێداگری و جەختكردنەوەی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی توانرا كورسیی كۆتای ئێمە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بخرێتە یاساكە و جێگیر بكرێت. لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بكەین كە هەروەك چۆن لە كاتی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا جەنابی بارزانی پێداگر بوو لەسەر ئەوەی ماف و بەرژەوەندییەكانی تێكڕای نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بچەسپێندرێت، ئەوا بە هەمان شێوە سەرۆك بارزانی لە نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستووری كوردستانیشدا داوا دەكات تێكڕای پێكهاتەكان لەناو لێژنەكانی نووسینەوەی دەستووردا هەبن و خۆیان مافەكانیان دەستنیشان بكەن، كە ئەمە لە هەقیقەتدا كاریزمایی و توانا و كەسایەتیی سەركردەیەكی بوێری وەك سەرۆك مسعود بارزانی بە دونیا پیشان دەدات، كە خەمخۆری مرۆڤایەتی و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستانە و هەر لەسەر دەستی جەنابیشیان ئەو پێكەوەژیانە بەو جۆرە جوان و سەرنجڕاكێشە لە دونیادا دەركەوتووە.

* لەسەر ئاستی یاسای هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان، ئێستا كێشمەكێشی حزبەكان لەسەر كۆتای پێكهاتەكانە لە پەرلەمانی كوردستان، لەمەشیاندا تەنیا سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بەرگری لە كورسیی كۆتای پێكهاتەكان دەكەن و، لایەنەكانی دیكە دەیانەوێت دابەشتان بكەن، ئایا ئێوە كریستیان هەڵوێستی خۆتان چۆنە لەم پرسەدا و دەتانەوێت چۆن بڕیار بدرێت؟

- بێگومان ئێمە هاوڕاین لەگەڵ هەڵوێستی سەرۆك بارزانی، چونكە جیاوازی نابینین لە نێوان خۆمان و پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان و جەنابی سەرۆكیش بە ڕابەر و مەرجەع و كارێزمای خۆمان دەزانین و هەر فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە لە ناو پەرلەماندا و لە كاتی دانانی یاساكاندا پشتگیرییان نەك تەنیا لە كریستیانەكان، بەڵكو لە هەموو پێكهاتەكانی كوردستان كردووە، بۆیە ئێمەش پاڵپشتیی ئەو لایەنە دەكەین و نامانەوێت لایەن و حزبێك هەبێت هەوڵ بدات دەنگ و ڕەنگی نەتەوەیی و ئایینیمان بشێوێنێت و پەرش و بڵاوی بكاتەوە. ئێمە دەمانەوێت دەنگی هەموو مەسیحییەكانی هەرێمی كوردستان لە یەك بازنەدا كۆبكرێتەوە، تاوەكو نوێنەری ڕاستەقینەی خۆمان بەدەست بهێنین، ئەوەی هەندێك لایەن لەو بارەوە دەیكەن، تەنیا موزایەدەی سیاسییە و مایەی دروستكردنی گرفتە بۆ هەرێمی كوردستان.

* حكومەتی هەرێمی كوردستان بایەخێكی یەكجار باشی بەو ناوچانە داوە كە زۆرینەیان كریستیانن و، لە ساڵی ڕابردوو بڕیاری دا ناحیەی عەنكاوە بكرێتە قەزا، ئایا چۆن سەیری مامەڵەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ پشتگیریی پێكەوەژیان و لێبوردەیی لە كوردستان؟

- حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بێ جیاوازی ڕێزێكی زۆری لە هەموو پێكهاتەكانی كوردستان گرتووە، دەبینین لە هەموو بوار و دامودەزگاكانی دەوڵەتدا ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان شوێن و پێگەی گرنگ و كارای بۆ پێكهاتەكان دابین كردووە، لە ڕووی خزمەتگوزاریی ئایینی و نەتەوەییشەوە كاری زۆر بەرچاو ئەنجام دراوە، لە نێویاندا دروستكردنی كەنیسە و پەرستگەی ئایین و ئایینزاكان، هاوكات لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی مەسیحییەكان و ئێزدییەكان هەر یەكەی بە جیا دامەزراندووە، ئەمەش بۆ زیاتر خزمەتگەیاندنە بەو پێكهاتانە، لە لایەكی دیكەوە گرنگی بە شوێن و سنوور و ئەو شارانە داوە كە مەسیحییەكانی تێدا دەژین، بۆ نموونە لەم دواییانەدا بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتگوزاریی ئیداری و جۆرەكانی دیكە بە مەسیحییەكان بگەیەنێت، شارۆچكەی عەنكاوەی كرد بە قەزا، ئێمە ئومێد و چاوەڕوانیی زۆر كار و كردەوەی زیاتر لەو حكومەتە دەكەین كە لە هەرێمی كوردستان هەیە بۆ هەموو پێكهاتەكان بە بێ جیاوازی.

Top