پڕۆفیسۆر برانتلی وۆماك بۆ گوڵان: پرۆژەی پشتێنە و ڕێگەی چین ئامانجەكانی بەدەست نەهێناوە
برانتلی وۆماك، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە زانسی سیاسی كە لە زانكۆی شیكاگۆ بەدەستی هێناوە، لە ئێستادا پڕۆفیسۆری كاروباری دەرەكییە لە بەشی سیاسیی زانكۆی ڤێرجینیا، شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك كاروبارە دەرەكییەكان، پرسە بازرگانی و ئابوورییەكان، بە شێوەیەكی دیاریكراویش شارەزای كاروباری چینە، گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە سیاسەتی دەرەوەی چین و پرسی ئەوەی پێی دەگوترێت «دەستپێشخەریی ڕێگە و پشتێنە» كە لەلایەن چینەوە ڕاگەیەندرا و، چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* دوای داگیركارییەكەی ڕووسیا بۆ ئۆكرانیا، هەندێ جار باس لە ئەگەر و پێشبینیی دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆ دەكرێت لە پەیوەندی بە چین و تایوانەوە، واتە ئەگەری ئەوەی چین دەست بۆ داگیركاریی تایوان ببات، كە دەبینین هەندێ جار لەم ڕووەوە بارگرژییەكان بەرەو هەڵكشان دەچن و ئەمریكا لێدوانی پشتیوانكاری لە تایوان دەدات، پێشبینی و خوێندنەوەی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟
- ئەوەی دەتوانین لەم بارەیەوە ئاماژەی پێ بكەین، ئەوەیە كە ناتوانرێت بە دەقاودەق پێشبینی بكەین كە ئاقار و ئاراستەی ئەم پرسە بەرەو كوێ دەڕوات، واتە دیار نییە ئایا چین بڕیارێكی لەم چەشنە دەدات و ئەم هەنگاوە هەڵدەگرێت، یان نا. هەرچۆنێك بێت، هەڵوێستی ویلایەتە یەكگرتووەكان پشتیوانیكردنە لە تایوان و بەرهەڵستیكردن و ڕەتكردنەوەی هەر هەوڵێكی چینە لەم بارەیەوە.
* ئەگەر پرسیار لەبارەی كاریگەرییەكانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیاوە بكەین، لەسەر بڕیاری چین لەبارەی تایوانەوە، ئەوا ئاشكرایە كە تا ئێستا چین بە ئاشكرا پشتیوانیی خۆی بۆ ڕووسیا دەرنەبڕیوە و وەك بەرپرسە باڵاكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانیش ئاماژەی پێ دەكەن، هێشتا چین چەك و هاوكاریی سەربازیی بۆ ڕووسیا دابین نەكردووە، ئێوە چۆن لە هەڵوێست و سیاسەتی چین لەم بارەیەوە دەڕوانن و ئایا پێت وایە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا لە بەرژەوەندیی چین بێت؟
- ئێمە دەتوانین لەو ڕوانگەیەوە لەم مەسەلەیە بڕوانین كە ئەوەی بووەتە خاڵی كۆكەرەوە و هاوبەشی نێوان چین و ڕووسیا، ئەوەیە كە ئەم دوو وڵاتە كەوتوونەتە بارێكەوە كە ڕووبەڕووی گوشارەكانی ڕۆژئاوا بوونەتەوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت كە ئەم دوو وڵاتە لە هەموو كاروبارەكاندا هاوهەڵوێست بن و یەك تێڕوانینیان هەیە، واتە خاڵی جیاواز هەیە لە نێوانیاندا و لە ئێستادا چین لە بارێكی سەربازیی باشتردایە و لە ڕووی ئابوورییشەوە زیاتر بەرەوپێش چووە. ئەگەر وەڵامی ئەو پرسیارەش بدەینەوە كە ئایا چین سوودمەند بووە لەم شەڕە، ئەوا دەكرێت بوترێت لەو ڕووەوە سوودمەند بووە كە بەردەوامە لە كڕینی نەوتی ڕووسیا بە نرخێكی لەبارتر.
* زۆر جار باس لەوە دەكرێت كە سەپاندنی سزای سەختی ئابووری و دارایی لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی لەلایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە دژی ڕووسیا (بەهۆی داگیركارییەكە بۆ ئۆكرانیا) بووەتە هۆی ئەوەی چین ئەم پرسە بە جددی و بە هەندی وەربگرێت، لەم ڕووەوە هەوڵ و هەنگاوەكان بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی ئەگەر تووشی حاڵەتێكی لەم چەشنە بووەوە، ئەوا نەكەوێتە ژێر بارێكی ناهەموار و نەخوازراوەوە، ئایا تا چ ڕاددەیەك چین لەم ڕووەوە هەنگاوی پێویستی بۆ خۆپاراستن لە گوشارەكان هەڵگرتووە؟
- چین چەند ساڵێك پێش ئێستا بیرۆكەی پشتبەخۆبەستن و خۆبژێوی تاوتوێ كردووە و خستوویەتەڕوو، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەكانیدا بووە بۆ ئەوەی ئەگەر هاتوو لە داهاتوودا ڕووبەڕووی گوشار و ڕێكاری ئابووری و دارایی بووەوە، بتوانێت بەرگەی ئەو گوشارانە بگرێت و لە كاریگەرییەكانیان كەم و كاڵ بكاتەوە. هەرچۆنێك بێت دەبێت لێرەدا ئەو نادیدە نەگرین كە چین هێزێكی هەڵكشاوی ئابوورییە و گەشەكردنێكی بەرچاوی لەم ڕووەوە بەخۆوە بینیوە و بەدەستی هێناوە، بەڵام لە هەمان كاتدا ناكرێت ئەو ڕاستییەش فەرامۆش بكەین كە ئەم گەشەكردنەی چین لە ئەنجامی گۆشەگیری و پیادەكردنی ڕێگەچارەی دەستەبەركردن و بەدیهێنانی خۆبژێوییەوە سەرچاوەی نەگرتووە و نەهاتووەتە ئاراوە، بەڵكو هۆكارێكی بەرچاو و سەرەكی ئەوەیە كە توانیویەتی كەلوپەل و كاڵای زۆر بە وڵاتانی دیكە بفرۆشێت و لە بازاڕی وڵاتانی دیكەدا ساغی بكاتەوە، كەواتە پوختەی قسەكە ئەوەیە ئەگەر چین بیەوێت پارێزگاری لەم ئاستەی ئێستای گەشەكردنی وڵاتەكەی بكات و درێژە بەم كاروانی بەرەوپێشچوونە بدات، ئەوا ناتوانێت ئەم خۆبژێوییە پیادە بكات، یان بەردەوامی و درێژەی پێ بدات. هەروەها دەبێت باس لەوەش بكەین كە پێشتریش چین نەیتوانیوە ئەم ڕێچكەیە بگرێتەبەر و خۆبژێو بێت، چونكە لە ڕابردووشدا چین وڵاتێك بوو كە بەدەست هەژارییەوە گرفتار بوو، هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێ كرد، هۆكاری هەڵكشانی هێزی ئابووریی چین و گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتە ئەوەیە كە كەوتووەتە باری ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە لەگەڵ وڵاتانی دیكە و ئەم ئاڵوگۆڕەش بووەتە هۆی ئەوەی بتوانێت دەرئەنجامێكی خوازراو بەدەست بهێنێت، نەك گۆشەگیری و پیادەكردنی سیاسەتی خۆبژێوی. لەبەر ئەوە پێم وا نییە چین بتوانێت بە چەشنی ڕابردوو لە بارێكدا بێت كە تەنیا پشت بە خۆی ببەسێت، یان ئەو ڕێگە و ڕێگەچارەیە بگرێتەبەر كە پێی دەگوترێت خۆبژێوی، ئەویش بە هۆی ئەو پشتبەیەكبەستن و كارلێككارییەی كە هەیەتی لەگەڵ وڵاتاندا و بوونەتە مایەی گەشەكردن و بەرەوپێشچوونی لە ڕووی ئابوورییەوە. هەروەها دەتوانین لەم ڕووەوە بڵێین چین هیچ كاتێك لە بارودۆخ و هەلومەرجێكدا نەبووە كە بە تەواوەتی لە باری خۆبژێویدا بووبێت.
* كەسێكی شارەزای سیاسەتی دەرەوە و كاروبارەكانی وڵاتی چینن، ئاشكرایە لە ساڵانی ڕابردووشدا چین سیاسەتی یان دەستپێشخەریی ڕێگە و پشتێنەی ڕاگەیاند و گرتیەبەر، كە پرۆژەیەكی گەورە و مەزنی بنیادنانی ژێرخانە و ئەم دەستپێشخەرییەشی كردە پایەیەكی بنەڕەتیی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی، هەڵسەنگاندنی ئێوە لەم ڕووەوە چییە و ئایا چین توانیویەتی ئامانجە ڕاگەیاندراوەكانی خۆی لەم پرۆسەیە بەدەست بهێنێت؟
- پێم وایە سەرەڕای ئەوەی كە دەستپێشخەریی پشتێنە و ڕێگە ئەو ئامانج و مەبەستانەی نەپێكا و نەهێنایەدی كە سەرۆكی چین (شی جینگ پین) پێی وابوو بەدییان دەهێنێت، بەڵام ناتوانین لە هەمان كاتدا بڵێین كە ئەم هەوڵ و كۆششە بە تەواوەتی و بە یەكجاری تووشی شكست بووەتەوە، واتە ڕاستە لە هەندێك شوێندا ئەم هەوڵ و پرۆژەیە تووشی شكستی بەرچاو و زەق بووەتەوە، بە چەشنی ئەوەی لە وڵاتی سریلانكا بینیمان، هەروەها لە هەندێك وڵاتی ئەوروپای ڕۆژهەڵات كە هەندێ لە پرد و ڕێگە خێراكان بە باشی و بە كواڵێتییەكی بەرز دروست نەكران و بنیاد نەنران، تەنانەت هەندێكیان هەر تەواو نەكران، هەروەها هەندێ لە وڵاتانی دیكەش توانییان دووبارە گفتوگۆ لە بارەی بڕگە و بەندەكانی ئەو ڕێككەوتننامە خراپانە بكەنەوە كە لەگەڵ وڵاتی چیندا ئەنجامیان دابوو، وەك وڵاتی مالیزیا، كە لەم ڕووەوە هەندێك بەرەوپێشچوونیان بەدەست هێنا. هەرچۆنێك بێت، سەرباری ئەو پاشەكشە و شكستانەشی كە ڕوویان داوە، ئەوا دید و تێڕوانینی من ئەوەیە كە سەرۆكی چین (شی جینگ پین) هەموو هەوڵ و كۆششێكی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی ڕێگە نەدات و نەهێڵێت چارەنووسی پرۆژەی پشتێنە و ڕێگە شكست بێت، چونكە ئێمە دەزانین ئەمە دەستپێشخەریی شەخسی خۆی بووە، بە چەشنێك كە دەتوانین بڵێین نزیكە لەوەی ناوی خۆی لەسەر ئەم دەستپێشخەرییە بێت، واتە بە ڕاددەیەك چارەنووسی ئەم دەستپێشخەرییە و چارەنووسی خودی خۆی تێكەڵ بووە، كە ئەگەر ئەم دەستپێشخەرییە سەركەوتوو نەبێت و شكست بێنێت، ئەوا پێگەی خۆیشی لە نێو مێژوودا شكست دەهێنێت، هەر لەم ڕوانگەیەوە من پێشبینی ئەوە دەكەم كە هەرچەندە دژواری و بەربەست بێتە ڕێی پرۆژەی پشتێنە و ڕێگە، ئەوا حكومەتی چین لەدەستەبەركردنی دارایی بۆی بەردەوام دەبێت، ئوگەرچی ئەم دەستپێشخەرییەی چین ئەو ئاڵوگۆڕەی دروست نەكرد كە حكومەتی چین ئومێدی لەسەر هەڵچنیبوو، بەو چەشنەش نەبووە هۆی گۆڕینی (ڕێساكانی گەمەكە) بەو شێوەیەی كە هیوای بۆ دەخوازرا.