ستاتیكای پیت و پەیڤ

ئەو پیشانگایەی هونەرمەندی كورد حوسێن كاكەیی لە بەلجیكا كردییەوە، نیشانی دەدات هونەری خۆشنووسی لە لای ئەو نەتەوانەی ئەلف و بێی ئارامی (عەرەبی) بۆ نووسینی زمانەكانیان بەكار دەهێنن، هونەرێكە لە هونەرەكان، لە ڕووی ستاتیكاشەوە لە پێگەیەكی بەهێزدایە. ئەم هونەرە تەنیا وابەستەی ژینگەی خۆی نییە، ئەوەتا هونەرمەندێكی كوردستان لە باكووری ڕۆژاوای ئەوروپا، كە سەلیقەی هونەرخوازی لە ئاستێكی باڵادایە، پیشانگایەكی خۆشنووسیی كردووەتەوە، ئەو پیشانگایەش پێشوازییەكی باش و شایستەی لێ كراوە. جێی خۆیەتی بپرسین، هونەر لە كوێی ئەلف و بێی نووسیندایە؟ لێرە بە دواوە، هەوڵێك بۆ وڵام دانەوەی ئەم پرسیارە دەدەم.
ئا/ تاریق كارێزی

هەر شتێك لە سنووربەندی دەربچێت، جغزی ئاسایی بوون و دووبارە بوونەوە تێپەڕ بكات، بگاتە دۆخی ئازادی لە فەزای بەرجەستە بووندا، دەچێتە فۆرمی هونەر و بە ڕۆحی باڵای هونەرستان دەگات. پیتی ئارامی/ عەرەبی كە لە ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستاندا ئەلف و بێی نووسینی زمانی كوردییە، چەند خەسڵەتێكی لە خۆیدا كۆ كردووەتەوە. هێڵی نووسینی پیتەكانی ئەو ئەلف و بێیە لە خولگەی بازنەدا دەسووڕێتەوە، لە هەمان كاتدا وابەستەی جووڵەی سنووربەندی ئەندازە نییە، هەروەها پانیی هێڵ لەم تەرحە ئەلف و بێیەدا، چەشنی ئاوازی پەیژەی مووزیك، لە بەرز و نزمی (پانی و تەسكی) دەدات. ئەم سێ خەسڵەت (خولگەی بازنەیی + جووڵەی ئەندازە بەزێن + هەڵكشان و داكشانی جووتە لێواری سەر و خواری هێڵەكەی)، واتە (سووڕانەوەی بازنەییانەی پیت) و (جووڵەی ناوابەستەی ئەندازە) و (لە یەكدی نزیك بوونەوە و دوور كەوتنەوەی جووتە لێواری هێڵی پیتەكان)، وای كردووە نەرم و شلییەكی سیحراوی بە شێوەی كێشانی پیتەكان بدات.

پەیوەست بە بڕگەی پێشوو، هونەری خۆشنووسی لە ماوەی 14 سەدەی ڕابردوودا، چەندین نموونەی چەشنەكانی خۆشنووسیمان دەداتێ، هەر یەكەشیان ناوی خۆی و ڕێسای زۆر وردی خۆیان هەیە. بۆ پەی بردن بە نهێنییەكانی ئەم هونەرە، ئارەزوومەند پێویستی بە ساڵانێك لە مەشقی بەردەوام هەیە. دۆخێكی سەیر لەم هونەرەدا بەدی دەكرێت. ئەلف و بێی نووسینی ئەم هونەرە ئەندازە بەزێنە، بەڵام چەشنەكانی ئەم هونەرە، وابەستەی ئەندازەیەكی زۆر وردی نووسین و هونەركارین. هەر لەنگی و لادانێك لە ڕیتم و ڕێسای ئەندازەی نووسینی پیتێك، زۆر زەق خۆی دەنوێنێت، لە دوورەوە ئەو لەنگی و لادانە دیارە. خاڵێكی دیكەی بەرجەستە بوونی هونەر لە خۆشنووسیدا ئەوەیە، پیت و وشە تا دەگاتە ڕستە، بە بێ ئەوەی واتا تێك بچێت، دەچن پاڵ یەك، یەكتر لە ئامێز دەگرن، دەچنە سەر شانی یەكدی، یان هەر فۆرمێكی مەبەستت بێت، بە هونەری خۆشنووسی دەتوانیت بەرجەستەی بكەیت، بە بێ ئەوەی ڕستە تێكەڵ بێت یان خوێندنەوەی واتا بشێوێت. ئەمە مەحاڵە لە نووسین بە ئەلف و بێی لاتینی بكرێت.

حوسێن كاكەیی بە سوود وەرگرتن لە تەنیا دوو جۆر لە هونەری خۆشنووسی، سەدان تابلۆی ئامادە كردووە. ئەو (كاكەیی)، تابلۆكانی بە جووتە خەتی نەستالیق و شكستە نووسیوە. ئەم دوو جۆرە خەتە ئەگەرچی وابەستەی زمانی فارسین، بەڵام بۆ نووسینی كوردیش زۆر تەبا و گونجاون. بینەر لەبەر چی لە دیتنی تابلۆكان بێزار نابێت؟ هۆیەكە ئەوەیە، هەر یەكەیان بۆ ئەو تابلۆیەكی نوێیە، چەشنێكی جیاواز لە جووڵە و شێوە و ڕیتم و ئاواز دەنوێنێت. خۆشنووسی لە گەڵاڵە كردنی تابلۆدا، تەنیا شارەزاییەكی باش لە هونەری خۆشنووسی، لە پاڵ سەلیقەیەكی باش لە گەمە كردن بە شێوەی كێشانی پیت و نووسینی وشە و ڕستەی دەوێت، بۆ ئەوەی سەرەنجام كۆمەڵێك فۆرمی جیاواز بەدی بێن، ئەمانەش هەردەم حەزی گەڕان بە دوای جوانی و چێژ لە لای بینەر دەبزوێنن. هەر ئەمەشە پاساوی گرد بوونەوە و هاتنی هونەرخواز و هونەر دۆستان بۆ پیشانگای خۆشنووسی.



