هیوا سوعاد بۆ گوڵان: چەندین وڵات و دەیان گروپ بەشداری لە خولی هەشتەمی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی هەولێر دەكەن

بڕیار وایە لە سەرەتای مانگی نیسان هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی شانۆی هەولێر ئەنجام بدرێت. سەبارەت بە فیستیڤاڵەكە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ هیوا سوعاد ئەنجام داوە.
*ئامادەكارییەكانتان بە كوێ گەیشتووە؟
-ئێستا خەریكی ئامادەكاریین بۆ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی هەولێر. هەر بەو بۆنەیەوە داوامان لە نووسەران و ڕەخنەگران كردووە ئەوانەی لە بواری شانۆدا دەنووسن و دەق و نووسین و بابەتیان هەیە سەبارەت بە شانۆ، بابەتەكانیان بنێرن بە ئامانجی بڵاوكردنەوەیان لە گۆڤاری تیاتەر، كە لە كاتی فێستیڤاڵەكەدا بە زمانی كوردی و عەرەبی دەردەچێت، هەروەها داوامان لە برا عەرەبەكان و ڕەخنەگران و نووسەرانمان كردووە كە بە زمانی عەرەبی و نێودەوڵەتی ناسراون، بابەتەكانیان لەم بوارەدا بنێرن.
پەیوەندیمان بە گرووپە شانۆییەكانی لیبیا و میسر و جەزائیر و وڵاتانی دیكەوە كردووە بۆ بەشداریكردن لەم فێستیڤاڵە، بەڵام دەبێت ڤیدیۆی كارەكانیان بنێرن بۆ ئەوەی لەلایەن لیژنەیەك كە لە فێستیڤاڵەكەدا دیاری كراوە، بۆ مەبەستی بەشداریكردن، هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت.

*فیستیڤاڵی شانۆی هەولێر چ كاریگەرییەكی هەبووە لەسەر بووژانەوەی شانۆ لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی شاری هەولێر؟
-شانۆ وەك بەرهەمێك بوو لە ئاستێكی تردا، گۆڕانكاریی زۆر لە ڕووی كار و پێشكەشكردنی نمایشە شانۆییەكان و مامەڵەی دەرهێنەرەكان لەگەڵ بینەردا ڕووی دا. ئەگەر پاڵپشتی ئەم كارانە لە هەولێر بە تایبەتی و كوردستان بە گشتی بكرایە، شانۆنامەكان یان شانۆی كوردی دەگەیشتنە پلەیەكی بەرزی نێودەوڵەتی و خەڵكی شانۆشكاریش ئەگەر بەشدارییان لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكاندا بكردایە، بەرهەمە شانۆییەكان وەك هێمای سەركەوتن لە بواری پێشكەشكردندا پێزانینیان بۆ دەكرا.
*بەشداریی هونەرمەندان و گرووپە شانۆییەكان لە فیستیڤاڵەكەدا چۆن هەڵسەنگاندنی بۆ دەكەیت، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی هەرێم؟
-ساڵانە لە فێستیڤاڵی شانۆی هەولێردا، تیپگەلێك لە چەندین وڵات بەشداری دەكەن، لەوانە ئیسپانیا، ئەڵمانیا، سویسرا، ئۆگەندا، نەمسا، ژاپۆن، ڕووسیا، بیلاڕووس، فەرەنسا، ئەڵمانیا و چەندین وڵاتی عەرەبیی وەك میسر، تونس، جەزائیر، مەغریب، كوێت، ئوردن، سەرەڕای ئێران. جۆش و خرۆشێكی زۆر لەلایەن تیپە شانۆییە جیهانییەكانەوە هەیە بۆ بەشداریكردن لەم فێستیڤاڵەدا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئێمە تیپە شانۆییە بەرز و ناودارەكانی جیهان هەڵدەبژێرین. هەروەها لیژنەیەكی هونەریی بەرز هەیە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو نمایشە بەشداربووانەی كە پێشكەش بە فێستیڤاڵەكە دەكرێن، سەرەڕای لیژنەی دادوەران بۆ دەربڕینی ڕای خۆیان دەربارەی نمایشەكان و هەڵبژاردنی باشترین نمایشەكان. هەروەها ئێمە پەیماننامەمان هەیە لەگەڵ ITI (International Theatre Institute) ی جیهانی بۆ شانۆ و یەكێتیی هونەرمەندانی عەرەب، بۆیە گرنگیی بە فێستیڤاڵەكە دەدرێت و دەبینین كە ساڵانە كاتێك فێستیڤاڵی هەولێر بۆ شانۆڕادەگەیەنین، ئەم وڵاتانە ڤیدیۆی نمایشە شانۆییەكانیان پێشكەش دەكەن بە مەبەستی بەشداریكردن، چونكە بووەتە یەكێك لە فێستیڤاڵە ناسراوەكان لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانی.

*فیستیڤاڵی شانۆی هەولێر چ ڕۆڵێكی هەبووە لە پێشخستنی ئاڵوگۆڕی كلتووری و هونەری لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دیكەدا؟
-لە ڕێگەی فێستیڤاڵی شانۆی هەولێرەوە، توانیمان ڕێككەوتن و پروتۆكۆڵ لەگەڵ ماڵی شانۆی ئەڵمانی و یەكێتیی هونەرمەندانی عەرەب و لوبنان و ئوردن و چەندین وڵاتی دیكە واژۆ بكەین، هەروەها نمایشە شانۆییەكانمان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە و پێشوازیمان لە نمایشە شانۆییەكانی ئەو تیپانەش لە هەرێمی كوردستان كردووە.
*چەند بەرهەمی شانۆیی ناوخۆیی و بیانی بەشداری دەكەن و میكانیزمی هەڵبژاردنیان چۆنە؟
-دەربارەی چۆنیەتی هەڵبژاردنی نمایشە هەڵبژێردراوەكان بۆ ئەم فێستیڤاڵە، لیژنەیەكی هونەریی بەرزمان هەیە بۆ هەڵبژاردنی نمایشەكان و ڕەزامەندی دەربڕین لەسەر بەشداریكردنیان لە فێستیڤاڵەكەدا. سەبارەت بە نمایشە شانۆییەكان كە لە ئەوروپاوە پێمان دەگات، بە پشتبەستن بە پروتۆكۆڵی هاوكاری لەگەڵ ماڵی شانۆی ئەڵمانی، ئەو نمایشانەی كە لە وڵاتانی ئەوروپاوە ڕەوانە دەكرێن، دەخرێنە ژێر چاودێری و سەرپەرشتیی لیژنەیەكی تایبەت لە ئەڵمانیا. دوای ئەوەی لیژنەكە ڕای خۆی دەربارەی ئەو نمایشانە دەردەبڕێت، ڕەوانەی لیژنەی هونەریی لێرە لە هەولێر دەكرێت، و ئەویش لەلای خۆیەوە هەڵسەنگاندن بۆ كارەكە دەكات و ڕای خۆی دەربارەی بەشداریكردنی ئەم نمایشانە دەردەبڕێت. ئەمساڵ هەشت نمایشی شانۆییمان هەیە لە وڵاتانی ئەوروپاوە كە بەشداری لەم فێستیڤاڵەدا دەكەن، سەرەڕای شانۆییەك لە شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، یەكێكی دیكە لە دهۆك و شاری كەركوك و دوو شانۆیی لە هەولێرن، هیوادارین تیپە شانۆییەكان لە شاری سلێمانیش بەشداری بكەن، ئەمە سەرباری ئامادەبوونی ژمارەیەك میوانی تایبەت لە ئێران و عێراق و وڵاتانی ئەوروپا و لە هەرێمی كوردستان.
*بەرهەمە شانۆییەكان زیاتر گرنگی بە چ ناوەڕۆكێك دەدەن «كۆمەڵایەتی، سیاسی، مێژوویی و هتد»؟
-هیچ سنوورداركردنێك یان مەرجێكمان نییە لەسەر بابەتەكانی ئەو نمایشە شانۆییانەی كە پێشكەشی فێستیڤاڵ دەكرێن، تەنیا گرنگیمان بە لایەنی هونەری و شانۆیی نمایشەكانداوە. نمایشی ئەوروپی هەیە كە دیمەنی تێدایە كە ڕەنگە لەگەڵ بنەما ئایینی و داب و نەریتی كۆمەڵایەتی ئێمەدا نەگونجێت، بۆیە داوایان لێ دەكەین ئەو دیمەنانە بسڕنەوە یان ئەو نمایشانە ڕەت دەكەینەوە و ڕێگەیان پێنادەین بەشداری بكەن. هەروەها نمایشی مۆنۆدراما بەشداری ئەم فێستیڤاڵە ناكەن، چونكە فێستیڤاڵێكی تایبەتمان هەیە بۆ مۆنۆدراما. جگە لەوەش تەنیا لای ئێمە گرنگ لایەنە هونەرییەكان و دیدگای هونەری و لایەنەكانە چ نواندن بێت، دەرهێنان بێت، یان هەر شتێكی دیكە پەیوەندی بە لایەنە هونەرییەكانی نمایشەكان، تەنیا ئەمەیە ئێمە گرنگی پێدەدەین.
*ئایا فێستیڤاڵەكە ڕەخنەگرانی شانۆ و میدیاكان بەلای خۆیدا ڕادەكێشێت؟
-ساڵانە ژمارەیەكی زۆر بابەت و چاوپێكەوتن لەسەر فێستیڤاڵەكەدا لە میدیاكانی ناوچەكەدا دەنووسرێت، بەڵام بەداخەوە بەشێك لەو بابەت و چاوپێكەوتنانە لە ئاستی پێویستدا نین، بۆیە داوا لە هەموو كەناڵەكانی ڕاگەیاندن دەكەم كە ئەو كەسانە هەڵبژێرن كە ئەزموونیان لە بواری شانۆ و فێستیڤاڵەكاندا هەیە بۆ ڕووماڵكردنی فێستیڤاڵەكە، جا چ لە ڕێگەی ڕۆژنامە و گۆڤارەكانەوە بێت، یان لە ڕێگەی كەناڵە تەلەفزیۆنییەكان و سەرجەم دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە.