شێوەکاری ئەمازیغی ڕوقیە سمیلی بۆ گوڵان:هەوڵمداوە کەلتووری ئەمازیغی زیندوو بکەمەوە و لە سڕینەوە بیپارێزم

شێوەکاری ئەمازیغی ڕوقیە سمیلی بۆ گوڵان:هەوڵمداوە کەلتووری ئەمازیغی زیندوو بکەمەوە و لە سڕینەوە بیپارێزم

لە باشووری مەغریب لەدایکبووە، جۆشدراوە بەکەلتووری ئەمازیغی، کە کەلتوورێکی ڕەسەنە. لە منداڵیدا داپیری وایکردووە کە دەوڵەمەند بێت بەو کەلتوورە بە ڕاددەیەک تێر بووە لە دابونەریتە ئەمازیغییەکان. لە دەرفەتێدا چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد.

*چ بابەتێکی سەرەکی لە تابلۆکانتدا زاڵە؟

-دەتوانم لە دوو خاڵی سەرەکیدا کۆی بکەمەوە:

خاڵی یەکەم تایبەتە بە کەلتووری ئەمازیغی، کە هەوڵم داوە دووبارە بایەخی پێ بدەمەوە دوای ساڵانێک لە پەراوێزخستن لە ناوەندی خۆماڵی و هەوڵی سڕینەوەی، بەڵام ویستم شوێنێکی خۆی لە هونەردا بدەمێ، لە ڕێگەی ناساندنی پیتی ئەمازیغی، لە ڕێگەی ناساندنی هەموو پێکهاتەکانی ئەم کەلتوورە، ڕەنگەکان و جلوبەرگ و خشڵ و ئەندازیاری بیناسازی و کەلوپەل و بیرۆکەکان. لە تابلۆکانمدا ئەوەم دەربڕی.

کاتێک هەستم کرد ئەو ڕۆڵەم تەواو کردووە، گواستمەوە بۆ خاڵی سەرەکی دووەم، کە بریتییە لە گواستنەوەی کەلتووری ئەمازیغی لە ئاستی خۆماڵییەوە بۆ ئاستی جیهانی، تا جیهان بیناسێت و تایبەتمەندییەکانی بناسێت، و دان بەوەدا بنێت، و ببێتە بەشدارێک لە پەرەپێدانی بیری مرۆڤایەتی لە ڕێگەی دەربڕینی بیرۆکەکان، بۆ ئەوەی ڕەنگ و هێماکان ببنە ئامرازێک بۆ خستنەڕووی و کردنی بە سەرچاوەیەکی سەرەکی لە سەرچاوەکانی کەلتووری مرۆڤایەتی، کە بەشداری تێدا دەکات و دەوڵەمەندی دەکات.

شێوەکاری ئەمازیغی ڕوقیە سمیلی بۆ گوڵان:هەوڵمداوە کەلتووری ئەمازیغی زیندوو بکەمەوە و لە سڕینەوە بیپارێزم

*تۆ هەوڵ دەدەیت لە ڕێگەی تابلۆکانتەوە چی دەرببڕیت؟

-ئەمە پرسیارێکی گرنگ و ڕاستە، بەڵام ناتوانم هەموو قۆناغە هونەرییەکان بهێنمەوە بیرم، بە پلەی یەکەم پەیوەندی هەیە بە دەربڕینی پرسە فیکرییەکان، و ئاراستەکانی مرۆڤ لەم بوارەدا، چونکە جەوهەری مرۆڤ باری فیکرییە، کە بە شێوەیەکی ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، و لە هەموو ڕەفتارێکی ژیانیشیدا، هەوڵ دەدات بە کەسانی تر بیگەیەنێت، چونکە لە ڕێگەی ئەوەوە، و لەسەر ئەوە، دەتوانێت لێکتێگەیشتن و تەواوکاری مرۆیی بەدەستبهێنێت.

بۆیە من بنەما کولتوورییەکانم بەکاردەهێنم، کاری مرۆڤایەتی هاوبەشە لە نێوان هەموو مرۆڤەکاندا بە هەر جۆرێک بن و ئاراستەکانیان و خەونەکانیان و ئاواتەکانیان و ئازارەکانیان و خەریکییەکانیان و خەمەکانیان و ئامانجەکانیان.

شێوەکاری ئەمازیغی ڕوقیە سمیلی بۆ گوڵان:هەوڵمداوە کەلتووری ئەمازیغی زیندوو بکەمەوە و لە سڕینەوە بیپارێزم

*چ شتێک ئیلهام دەبەخشێت یان کاریگەری دەکاتە سەر کارە هونەرییەکانت؟

-ئەوەی سەرچاوەی ئیلهامە، و هاندەری بەرهەمهێنانە بۆ من، دوو شتی سەرەکین:

یەکەم: جیهانی ناوەوەی خۆم، کاتێک تەنیایی هەڵدەبژێرم لەگەڵ خۆمدا، کۆمەڵێک بیرۆکە و خەیاڵ دێن بەسەرمدا، کە ڕەنگە هەندێک جار بێزارم بکەن، و لە دەرونمدا ئاژاوە دروست بکەن، و وام لێ بکەن پێداچوونەوە بە خۆمدا بکەم، و گفتوگۆ لەگەڵ کۆمەڵێک بیرۆکە و تێڕوانیندا بکەم، کە ڕەنگە لەلای هەندێک کەسەوە ئاسایی دەربکەون، بەڵام من بە ئاسانی قبوڵیان ناکەم، هەندێک جار دەگاتە ڕادەی ڕەتکردنەوە و دەرکردن، و هەندێک جاریش دەگاتە ڕادەی ئاسانکاری و قبوڵکردن، و ڕەنگە بەرز ببێتەوە بۆ ڕادەی سەرسامبوون. دووەم: جیهانی واقیعی دەرەوە، کە لە هەموو ساتێکی بوونیدا ڕووبەڕووی دەبمەوە، مەبەستم لە جیهانی دەرەوە جیهانی تەسک و نزیک نییە، بەڵکو مەبەستم جیهانی مرۆییە، یان پرسە گشتییەکانی مرۆڤایەتی، چونکە مرۆڤ ناتوانێت شتێک ببینێت کە دڵی خۆش نەکات، بۆیە ژیانێکی ئاسایی دەژی، یان ڕووی لە ژیانە بەبێ ئەوەی بایەخی پێ بدات.

شێوەکاری ئەمازیغی ڕوقیە سمیلی بۆ گوڵان:هەوڵمداوە کەلتووری ئەمازیغی زیندوو بکەمەوە و لە سڕینەوە بیپارێزم

*هەست بە هیچ جۆرە سانسۆری خۆیی دەکەیت کە ڕەنگە ڕێگریت لێبکات لە جێبەجێکردنی بیرۆکەیەکی دیاریکراو لە ڕووی هونەرییەوە، و بۆچی؟

-هیچ دەسەڵاتێک نییە بتوانێت ڕێگری لە هونەرمەند بکات لە بیرکردنەوە لە بابەتێکدا، نە لەوەی ڕەنگێکی دیاریکراوی پۆشێت، نە لەوەی لە ئاڕاستەیەکی دیاریکراودا پێی ببات، جگە لە خودی خۆی، کە لەگەڵیدا دەبێت لە ساتەوەختی داهێناندا، بیرکردنەوە و تێڕامان و پێگەیاندنی بیرۆکەکە، ئەم خودە تەنها ڕێنماییکەری هونەرمەندە، بەو بیرۆکانەی کە باوەڕی پێیەتی، و بەو بەهایانەی کە لەسەری پەروەردە بووە. باوەڕبوون بە پرسی ئەمازیغی، و تێگەیشتنی کەسی لە جەوهەرەکەی، و پابەندبوون بە پرسەکانی کۆمەڵگا، و بە پرسەکانی مرۆڤایەتی، و بە پرسەکانی دەوروبەر، شتێکن کە لە باوەڕەکانمدا ناگۆڕدرێن.

*ئافرەت چ ڕۆڵێکی لە کارەکانتدا هەیە؟

-هیچ تێڕوانینێکی توندڕەویم بۆ ئافرەت نییە، چونکە تەنها ئامادەبوونی دەربڕینە لە هەستێکی شاراوەی کەمبوونی ئەودا. بۆ من وەک بوونەوەرێکە کە لەگەڵ پیاودا یەکسانە، ئەوەی لە بەرپرسیارێتی و ڕۆڵدا هەیانە بەشداری تێدا دەکەن، و ئەوەی لەسەریانە ئەوەندەیە کە بۆیانە.

بۆیە ئەو ڕۆڵەی کە بە ئافرەتی دەدەم ئەو ڕۆڵەیە کە سروشت پێی بەخشیوە، و ئەو ئەدایەی کە دراوسێکەی سەلماندوویەتی لە ئەنجامدانیدا، و ئەو ئامرازانەی کە مێژوو شاهیدی داوە بۆ بەشداریکردن لە ڕۆژی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا لەسەر قۆناغە مێژووییە جیاوازەکان.

ئافرەتی ئەمازیغی ئافرەتێکی کارکەر و چالاکە کە بایەخ بە خۆی و دەوروبەری خێزانی دەدات، بەشدارە لە خزمەتکردن و بونیادنانی کۆمەڵگاکەی، شانازی بە تواناکانییەوە دەکات، بەرهرەمەندێکی بەدیهێنەرە.

من ئاوا وێنای دەکەم، ولە ناخەوە هەستی پێدەکەم، ئەمەیە ئەو شتەی کە لە کارەکانم ڕەنگدەدەنەوە، چونکە هونەر لە ژیانی هونەرمەنددا ڕەنگدانەوەی جیهانی ناوەوەی و کەسایەتییەتی، بە هێزی ئەوە بەهێز دەبێت، و بە پێگەیشتنی ئەوە پێدەگات، و بە بەرزبوونەوەی ئەوە بەرز دەبێتەوە.

Top