خانمان بۆ گەیشتن بە داهاتی سەربەخۆی خۆیان بەربەستەكان دەشكێنن

خانمان بۆ گەیشتن بە داهاتی سەربەخۆی خۆیان بەربەستەكان دەشكێنن

ئافرەتی كورد لەم ساڵانەی دواییدا بە ڕێژەیەكی بەرفراوان تێكەڵ بە بازاڕی كار و بازرگانی و سەرمایەداری بوون. لە ئێستادا بەشێكی زۆری خانمان بێ ئەوەی چاوەڕێی كەرتی حكوومی و دامەزراندن بكەن، لە ماڵەكانیان دەستیان داوەتە ئەو كارەی كە دەیزانن و دواتر پڕۆژەكانیان گەورەتر كردووە. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گوڤاری گوڵان شرۆڤەی زیاتری پرسی كاركردنی خانمان دەكەن.

بەهزاد تاهیر مامۆستای زانكۆیە و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە "ئەگەر بە گشتی ئاماری ئەو ئافرەتانە وەربگرین كە دەستیان داوەتە كاری سەربەخۆی خۆیان لە كوردستان و بیاندوێنین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە زۆربەیان سەركەوتوون و ئەنجامی باشیان بە دەست هێناوە و ڕازین لە كارەكەیان. هۆكار زۆرە بۆ ئەمە، بەڵام گرنگتریان ئەوەیە كە ڕێژەی ئافرەتی خاوەنكار و بزنێسمان كەمە و خەڵك بەگشتی حەز دەكەن كە پاڵپشتییان بكەن، بەوەی كە ببن بە كڕیاری بەرهەمیان، چونكە بابەتەكە نوێیە بۆ كۆمەڵگەكەمان و بە تایبەت بۆ پیاوان كە شێوازی نوێ لە كار و خاوەندارێتی دەبینن، پێیان باشە. هۆكارێكی دی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئافرەت پشوودرێژتر و وردترە لە كارەكان و متمانەی زیاتریان هەیە بە تایبەت لای پیاوان". نموونەشی بەوە هێناوە: "من خۆم تا خواردنی دەستی ئافرەتان هەبێت، خواردنی دەستی پیاو ناخۆم". گوتیشی: "گرنگیدان بە كارەكەیان و پاك و خاوێنی و بەسەلیقەبوونی ئافرەتان فاكتەرێكی دیكەی سەركەوتنی خانمانە لە كار و بزنێسەكانیان. لە ھەمووی گرنگتر ڕاستگۆیی و متمانە و كاردروستیی خانمانە. هەروەها خانمان زیاتر لە پیاوان ڕازین لەوەی كە دەستیان دەكەوێت و ئەگەرچی كەمیش بێت، پێی ڕازین و بە ئامانەتەوە كارەكانیان ڕادەپەرێنن و كەمتر لە پیاوان بیر لە فرت و فێل و كاری نایاسایی دەكەن. بۆیە متمانەی زیادتریان لای پیاوان هەیە. چەند ساڵێكە ڕێژەی خانمانی ناو بازاڕی كار و خاوەنكار بەرەو زیادبوونە. من ئەمە بە مەرجی سەركەوتن و پێشكەوتنی هەر كۆمەڵگە و وڵاتێك دەبینم كە خانمانیش بە بێ جیاوازی وەك پیاوان بتوانن كار بكەن و ببن بە خاوەنكار".
ئەو كەسایەتییە ئەكادیمییە جەختی لەوە كردەوە كە "یاسای كار و بزنێس وایە هەر كەسێك زووتر بزنێسێك دەست پێ بكات و لە سەری بەردەوام بێت و بەردەوام پەرە بە كارەكەی بدات، زۆر سەركەوتوو دەبێت و دەتوانێت بگاتە ئاستی زۆر بەرز و ژن زۆر ئاسانتر لە پیاوان دەگاتە ئامانجەكانی". گوتیبشی: "ئاموژگاری من بۆ خانمان ئەوەیە كە هەر بەهرە و توانایەكیان هەیە، بە زووترین كات بیكەنە كرداری و بزنێسی خۆیان دابمەزرێنن. گرنگ نییە كارەكە زۆر گەورە بێت، یان لە سەرەتا بودجەی باشی بۆ تەرخان بكات، بەڵكو دەتوانێت بە پێی تواناكای خۆی لە ڕووی ماددییەوە لە كارێكی بچووكەوە دەست پێ بكات. ئێستا باشترین دەرفەتە كە دەتوانن سوود لە كەمیی خانمان لە بازاڕی كار وەربگرن و زووتر بگەنە ئامانج.. ئامارەكانیش ئەوەمان پێ دەڵێن كە هەر كۆمپانیایەك، یان بزنێسێك كە ڕێژەیەكی باشی ئافرەتان تێیدا كاردەكەن، سەركەوتووتر بوون لەو شوێنانەی كە تەنیا پیاوەكان كاریان تێدا كردووە. جگە لەو بابەتانەی كە باس لە توانا و لێهاتوویی ئافرەتان دەكرێت لە ڕووی فكری و جەستەییەوە، من جارێكی دی دەڵێم كە بە ڕاستی بازاڕی كار لە كوردستان پێویستی بە خانمان هەیە بە تایبەت وەكو خاوەنكار".
لیا سەیفەدین بەرپرسی ئەنجومەنی یەكێتی ئافرەتانی كودستان لە سلێمانی ڕای وایە: "ئابووریی سەربەخۆی ئافرەت توانای وەڵامدانەوەی بەهێزی هەیە بۆ كردە خۆسەپێنەكانی ڕەگەزی بەرامبەر كە پیاوانن. ئافرەت كاتێك دەبێتە خاوەنی ئابووریی سەربەخۆی خۆی، دەبێتە خاوەن كەسایەتییەكی سەربەخۆ و ئیدی لە ژێردەستی و پاشكۆیەتی و یاریكردن بە كەسایەتی و كبریائی ڕزگاری دەبێت و لە تاكێكی بێبەرهەمی چاو لەدەستەوە دەبێتە تاكێكی بەرهەمدار"، گوتیشی: "ئابووریی ئازاد بۆ هەر تاكێكی كۆمەڵگە ڕاستەوخۆ ئەو تاكە دەكات بە تاكێكی ئەكتیڤ و ئازاد و سەربەخۆ .لە سەرەتای دروستبوونی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتییەوە ئافرەتان بەرهەمهێنی سەرەكیی پێداویستییەكانی ژیان بوون، دوای دروستبوونی كۆمەڵگەی چینایەتی و زاڵبوونی هێزی جەستەیی بەسەر هێزی لەخۆبوردوویی و میهرەبانی و نەرم و نیانیدا، ئەو مافە لە ئافرەتان سەندرایەوە و ئابووری و ئافرەتیان لێك ترازاند و لەلایەن ڕەگەزی بەرانبەرەوە قۆرخ كرا، ئەمەش سەرەتای كۆیلەكردن و بێ ئیرادەكردنی ئافرەتان بو بەرانبەر پیاوان، بەڵام دواتر ئافرەتان بە جۆرێكی سنووردار هاتنەوە ناو كایەی ئابووری و لە چوارچێوەی ماڵدا دەستیان بە كار كردەوە" هێمای بۆ ئەوەش كرد كە لە ڕابردوودا كاركردنی ئافرەتان لە دەرەوەی ماڵدا كەم و بەرچاو نەبوو، مەگەر لە دامودەزگا فەرمییەكانی حكومەتدا نەبێت، بەڵام دوای ساڵی ۲٠۱٤ لە هەرێمی كوردستان تا ڕاددەیەك بەشداریی ئافرەتان لە كەرتی تایبەت و ئابووری سەربەخۆدا ڕووی لە زیادبوون كرد". گوتیشی: "دەبێت بە گرنگییەوە سەیری كاركردن و ئابووریی سەربەخۆی ئافرەت بكرێت. وڵات بۆ بەرەوپیشچوونی باری ئابووری و پتەوكردنی ژێرخانەكەی پێویستییەكی زۆری بە دەست و ڕۆڵی ئافرەت دەبێت، كاركردنی ئافرەتان كاریگەری هەیە لەسەر گۆڕینی ڕەوتی كۆمەڵگە و بەرەو پێش بردنی لە هەردوو ڕووی ئابووری و كرانەوەی كۆمەڵایەتییەوە ، كە ئەوەش گەرەنتی خۆشگوزەرانی و ژیانێكی باشترە. دروشمێكی ئابووری هەیە دەڵێت: (هیچ تاكێك ئازاد نابێ تا ئابوورییەكی سەربەخۆی نەبێت)، بۆیە پێویستە لە پەنای كاری ماڵ و خێزاندا كار لەسەر تواناكانی ئافرەت بكرێت و ئامادەبكرێت شان بە شانی هاوسەر و ئەندامانی خێزان كار بكات، بۆ ئەوەی لە حاڵەتی بەرزبوونەوەی نرخی كاڵا و پێداویستییەكانی ژیان و قورسبوونی باری ژیان و گوزەران، بتوانێت هاوكار بێت و داهاتی هەبێت و لە جیاتی ببێتە ئەرك بە سەر شانی هاوسەر، یان باوك و براوە، ببێتە هاوكار بۆیان ".
لیا سەیفەدین لە درێژەی وتەكانیدا باسی ئەوە دەكات كە "كاركردنی ئافرەتان چووەتە قۆناغێكی نوێوە و جگە لە دامەزراوە فەرمییەكان ئافرەتان بە شێوازی سەربەخۆ لە كەرت و شوێنە جیاوازەكاندا هەوڵی كاركردنی خۆیان داوە و كاردەكەن، تەنانەت لە چوارچێوەی ماڵیشدا سەرباری ئەركی بەخێوكردن و پەروەردەكردنی منداڵ و خێزان هەوڵیان داوە ببنە خاوەن كار و پڕۆژەی تایبەت بە خۆیان، ئەوەش لە پێناوی بونیادنانی ئابوورییەكی سەربەخۆ و بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی بۆ خۆیان و مسۆگەركردنی ژیانیكی باشتر بۆ خۆیان و خێزانەكەیان ". گوتیشی: "كاركردن وادەكات ئافرەتان تێكەڵ بە دونیای دەرەوە ببن و چاوكراوە بن و هەست بكەن دەژین و بەشێكی ڕاستەقینەن لە كۆمەڵگەدا و ڕۆڵیان هەیە و حیسابیان بۆ دەكرێت، دەرفەتێكیشە تا بیرۆكە و تواناكانیان بە كۆمەڵگە ئاشنا بكەن. بۆیە پێویستە ڕوانینی ئەو بەشەی كۆمەڵگە بگۆڕدرێت كە پێی وایە نابێت ئافرەتان دەرفەتی كاری دەرەوەی ماڵیان پێ بدرێت، یان پێیان وایە ئافرەتان توانای ئەنجامدانی كاری دەرەوەی ماڵیان نییە. دەبێت ئاستەنگییەكان لەبەردەم كاركردنیان لاببرێت و بە هیچ پاساوێكی ئایینی و كۆمەڵایەتی و خێزانی ڕێگرییان لێ نەكرێت بۆ كاركردن و بوونە خاوەن ئابووریی سەربەخۆی خۆیان".

یاساناس و مافپەروەر شاخەوان خالید سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: "كاركردنی ئافرەت و سەرمایەی سەربەخۆی یەكێكە لە ئامانجەكانی بەدیهاتنی یەكسانی لە نێوان ئافرەت و پیاو، هەروەها بەشداریكردنیەتی لە ژیانی ڕۆژانەی پیاوەكەی كە بە یەكەوە بۆ خۆشگوزرانیی خۆیان و خانەوادەكەیان، یان پێشخستنی كۆمەڵگە كار دەكەن، ئەوە ڕاست نییە كاتێ دەگوترێ ئەگەر ئافرەت لە دەرەوە كاربكات بۆ پەیداكردنی پارەی سەربەخۆ، ئەركەكانی دیكەی ماڵەوە پێشت گوێ دەخات، یان دەیكاتە مننەت بەسەر ماڵەوەی، یان پیاوەكەی، بەڵكو كاركردنی ئافرەت بەشداری و هاوبەشییە بۆ بەڕێوەبردنی ماڵ و پێشخستنی كۆمەڵگە، لەبەر ئەوەی زۆر ئافرەت لە بواری كارەكەی هێندە سەركەوتووە، داهێنانیش دەكات، هەروەها كاركردنی ئافرەت ڕاحەتێكی دەروونی پێ دەخشێت، بە هۆی دروستكردنی پەیوەندیی زیاتر لەگەڵ هاوپیشەكانی و بەشداریكردنی لە بەڕێوەبردنی كارەكان، كاركردنی ئافرەتان چەوساندنەوەیان نییە،‌ بەڵكو هاوبەشیكردنی و بەهێزكردنی كەسایەتیی ئافرەتانە، لەبەر ئەوەی كاركردنی ئافرەت هەستێكی لا دروست دەكات بەوەی كە ئەویش بەشدارە لە كاری ئیداری و بەڕێوەبردن، بۆیە ئافرەتان كاتێ كاردەكەن، پەنا بۆ كەس نابەن و لەسەر پێیەكانی خۆیان دەوەستن و خۆیان و خانەوادەكانیان بەڕێوە دەبەن". گوتیشی: "كاركردنی ئافرەت دەرخەری ئەوەیە كە یەكسانن لەگەڵ پیاوان و بێ هێز نین وەك هەندێ كەس وای دەبینن، بەڵكو كاركردنی ئافرەتان كاریگەرییان لە كۆمەڵگە دەسەلمێنی كە ئافرەتان نیوەی كۆمەڵن و ئەوانیش شان بە شانی پیاو كاردەكەن و دەتوانن كاریگەریی زۆر بنوێنن لە نێو كۆمەڵگە. لەبەر ئەوە نەك هەر ئاساییە، بەڵكو پێویستە ئافرەتانیش كار بكەن و بەشدار بن لە پێشخستنی كۆمەڵگەكەیان".
ئەو یاساناسە باسی ئەوەشی كرد كە "ئێستا لە هەرێمی كوردستان ‌هەزارن ئافرەت بە هۆی نەبوونی دامەزراندن لە كەرتی حكوومی، لە كەرتی تایبەت كاردەكەن، یان بە شێوەی سەربەخۆ كاری خۆیان دەكەن، ئافرەتی كوردیش بە درێژایی مێژوو شان بە شانی پیاو لە لادێ و لە ‌شار كاری سووك و قورسیان كردووە، بەڵگە بۆ ئەوە لە لادێكان زۆربەی ئافرەتان شەڕواڵی پیاو لە كاتی كاركردن لەبەر دەكەن و ئەوەش مانای ئەوەیە كەسایەتییان بەهێزە و خۆیان بە یەكسان لەگەڵ پیاو دەبینن و دەتوانن هەموو كارێك بكەن". گوتیشی: "لە دوای ڕاپەڕینی باشووری كورستان ئافرەتان تا ڕاددەیەكی زۆر سەربەخۆن بۆ كاركردن و ئابووریی تایبەت بە خۆیان هەیە و توانیویانە لە ‌هەموو بوارەكان شان بە شانی پیاوەكانیان و براكانیان كاری دەرەوەش بكەن و ببنە خاوەن بڕوانامەی بەرز و خاوەن پڕۆژەی خۆیان، یان خاوەن كۆمپانیا، یان خاوەن بزنێسی سەربەخۆی خۆیان و هچ كات ڕانەوەستان، جگە لەوەش ئەركی ماڵەوەش بەجێ دەگەیەنن و بەشێكیان پێشمەرگەی كورستانن، بۆیە ئافرەتی كورد هەمێشە جێگەی شانازی بوون و بەشێك بوون لە مێژووی خەبات و تێكۆشان و بەرخۆدانی نەپساوەی گەلی كوردستان".
ئەڤین هەركی چالاكی مەدەنییە و رای وایە: "بە كارنەكردنی ئافرەت كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتووی مەدەنی هەرگیز دروست نابێت. لە ژینگە و داب و نەریتی ئێمەدا ئافرەت ئەگەر چەندە لە ئاست پیاودا پێگەیەكی گشتی بەدەست نەهێنابێت، بەڵام بە دەرخستنی تواناكانیان جێگە و پێگەی خۆیان دیاری كردووە". گوتیشی: "ئەگەر باس لە خۆپێگەیاندنی ئافرەت بكەین، لە هەموو لایەكەوە دەبینین كە لە سەردەمی ئێستادا زیاتر بواری كاركردن بۆ ئافرەت ڕەخساوە، جا چ لە كەرتی حكوومی بێت، چ كەرتی تایبەت بێت، چ لە كاری سیاسەت و بڕیارداندا بێت، یان خاوەن پڕۆژەی خۆیان بن. پشت بەخۆبەستنی ئافرەت و بوون بە خاوەن كاری خۆیان لە كۆمەڵگەیەك دەبێتە دەرخەری ئاست بەرزی و بەهێزیی ئەو كۆمەڵگەیە.. چەندەها دەرچووی كۆلێژ و پەیمانگاكان هەن كە لە كەرتی حكوومی، یان تایبەت دەرفەتی كاركردنیان نەبووە، بەڵام بەپێی بەهرە و تواناكانیان بە پشت بەستن بە خۆیان توانیویانە ببن بە خاوەن كاری خۆیان و لە دوای كاركردنێكی زۆر پڕۆژەی كارەكەیان پەرەی پێ بدەن و گەورەتری بكەن، بەمەش توانیویانە دەرفەتی كار بۆ ئافرەتانی دیكەش بڕەخسێنن. بۆ نموونە ئەو ئافرەتانەی كە لە ماڵەوە خواردن ئامادە دەكەن بۆ كەسانی دی كە ئارەزووی خواردنەكانی ئەم ئافرەتانەیان هەیە، بە هۆی زیادبوونی داواكاری و خواستی خەڵك لەسەر خواردنەكان، دەرفەتێك بۆ ئەم ئافرەتانە دەڕەخسێنێت كە بتوانن ببنە خاوەن چێشتخانەی خۆیان، یان ئەو ئافرەتانەی كاری دەستی دەكەن، یان كاری فرۆشتن دەكەن بە ئۆنلاین، كاری مایكئاپ، كاری دروومان و ...هتد. هەر یەكە لە بواری خۆیدا بە تێپەڕبوونی كات و گەشەی بازاڕی كاریان دەبن بە خاوەن كاری سەربەخۆی خۆیان".
ئەو چالاكی مەدەنییە جەخت لەوە دەكاتەوە كە "ئافرەتان لە ڕووی ئیدارەدانی ماڵ و كارەكانیشیان ئاست بەرزن دەتوانن كۆنتڕۆلی هەر بارودۆخێك بكەن كە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە". گوتیشی: "من هەمیشە سێ یاسا دادەنێم وەك ئافرەتێك :
١- ئافرەت دەبێت هەمیشە لە ژیانیدا ئامانجێكی هەبێت كە لە پێناویدا بجەنگێت.
٢- هیچ كاتێك بیر لە كۆڵدان نەكاتەوە كە هەر كاتێ نەگەیشت بەو ئامانجەی كە دیاری كردووە بەو پێیە دەبێت ڕێچكەی بە دەستهێنانی ئامانجەكەی بگوڕێت.
٣- هەرگیز نابێت لە یاد بكات كە بەهێزە. چۆنكە ئافرەت زۆر لەوە بەهێزترە كە بیری لێ دەكاتەوە...
لە هەر كۆمەڵگەیەك ڕۆڵی ڕەگەزی مێ بینرا لە هەر بوارێكدا بێت، كەواتە ئەم كۆمەڵگەیە كۆمەڵگەیەكی ڕۆشنبیرە و بەرەو كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو ئاراستە دەگرێت. هەمیشە ئەم ئافرەتانە دەبن بە نموونەیەك بۆ هەموو ئەو ئافرەتانەی كە دەترسێن، یان شەرم دەكەن، یان وا بیر دەكەنەوە كە كۆمەڵگەكەیان وەك پێویست گونجاو نییە بۆ خۆپێگەیاندن و بوون بە خاوەن كار و پڕۆژەی خۆیان".

Top