دكتۆر عەلی ڕەشید خۆشناو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بۆ گوڵان:   ئەمساڵ 68 ملیار دینار بۆ پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر تەرخان كراوە

دكتۆر عەلی ڕەشید خۆشناو  سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بۆ گوڵان:     ئەمساڵ 68 ملیار دینار بۆ پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر تەرخان كراوە

 

 

ئاشكرایە هەولێر پێگەیەكی تایبەتی هەیە و خزمەتگوزارییەكی بەرچاویش بۆ ئەم شارە دەستەبەر كراوە، بەڵام هێشتا شایستەی زیاترە و لەم ڕووەوە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەردەوامن، بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر لەم ڕووەوە گۆڤاری گوڵان ئەم دیمانەیەی لەگەڵ دكتۆر عەلی ڕەشید خۆشناو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئەنجام دا.

 

* ئەو پڕۆژانە چین كە لە ماوەی كابینەی نۆیەم بەتایبەتی لەساڵی ڕابردوو لە سنووری پارێزگای هەولێر جێبەجێ كراون؟

- كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی ڕێزدار مسرور بارزانی هەر لە سەرەتاوە كە بەرنامەی كابینەكەی ڕاگەیاند، بە ناوی كابینەی خزمەتگوزاری بوو، بەرنامەكانیش بەپێی ئەولەوییات داڕشتبوو، تاوەكو بتوانین زۆرترین خزمەت بە هەرێمی كوردستان بكەین. ئینجا ئەوەی لە بەرپرسیاریەتیی ئێمەدایە، ئەوەیە كە خزمەتی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بكەین. ئێمە بەپێی ئەو بودجەیەی بۆ پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر لە ئەنجومەنی وەزیران تەرخان دەكرێت، كە ساڵانە گوژمەیەك هەیە بۆ نموونە ساڵی ڕابردوو نزیكەی 60 ملیار دینار و بۆ ئەمساڵ 68 ملیار دینار تەرخان كراوە، جگە لەوەی ئەو بودجانەی بۆ پڕۆژە ستراتیژییەكان خەرج كراون، وەك شەقامی 150 مەتری و ڕێگای هەولێر – حاجی ئۆمەران و چەندین پڕۆژەی دیكەی ستراتیژی لە سێكتەرە جیاجیاكان و دابەشكردنی نەوت بەسەر هاووڵاتیان، لە ساڵی ڕابردوو ئەو بودجەیەی لەپەرەپێدانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران خەرج كراوە، نزیكەی 100 ملیار دینار بووە و پڕۆژەكانیش جۆراوجۆر بوون، لە دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی قوتابخانە و لە پڕۆژەكانی ڕێگاوبان و قیڕتاوكردن و ئاو و ئاوەڕۆ و دروستكردنی بنكەی تەندروستی و چاككردن و دانانی هیلی كارەبا و...هتد، كە ژمارە و كۆمەڵێك پڕۆژەی جۆراوجۆر بەپێی ڕێزبەندییەك بۆ هەموو سێكتەرەكانی خزمەتگوزاری بووە، لەو خزمەتگوزارییانەش ڕێزبەندی درایە گەڕەكە هەژارنشینەكان كە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو كەمتر خزمەتگوزارییان پێ گەیشتبوو، بۆ نموونە گەڕەكەكانی (فەرمانبەران و هەشتی حەسارۆك و مامزاوە و كرێكاران و كوردستان و لەتیفاوە و...هتد)، لەو پڕۆژانەش كە زیاتریان بۆ ئەنجام درا، وەك قیرتاوكردن و بیرلێدان و ئاوەڕۆ و گەیاندنی بۆڕیی ئاوی ئیفراز و كارەبا و سەرجەم ئەو پڕۆژانە بەرنامەی كابینەی نۆیەم بوون بۆ پەرەپێدان و زیاتر گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بە پایتەختی هەرێمی كوردستان، لەلایەكی دیكەوە ئێمە وەك ئەنجومەنی پارێزگا زۆر دڵخۆش و دڵنیاین لەوەی كە جەنابی سەرۆكی حكومەتی كوردستان خۆی لەسەر وردەكاریی پڕۆژەكان ڕادەوەستێت، هەروەها بۆ پاراستنی شاری هەولێر لە لافاو گوژمەیەكی باش لە لایەن ڕێزدار سەرۆكی حكومەت تەرخان كراوە و لەم دواییە بۆ پاراستنی گردجووتیار لە لافاو بڕی (8)ملیار دیناری دیكە تەرخان كرا، پڕۆژەكەش بریتییە لە گواستنەوەی ڕێڕەوی ئاوەكان و دروستكردنی لێوار و ئاوڕێژییەكان و پردێك و هەموو ئەو پێداویستی و پڕۆژانەی كە ناهێلێت لە مەودوا ئاوی بارانبارین بەناو كۆڵان و گەڕەكی گردجووتیاردا بڕوات و ببێتە هۆی پەنگخواردنەوەو لافاو، هاوكات كارو پڕۆژە بۆ ئەوە جێبەجێ كرا كە چیتر ئاو لەسەر شەقامی سەرەكیی نێوان هەولێر بۆ پیرمام ڕانەوستێت و، لەو شوێن و گەڕەكانەش كار كرا كە ساڵی ڕابردوو لافاویان تێدا ڕووی دا، وەك دارەتوو و ڕۆشنبیری و ژیان و چەندین شوێنی دیكە، كە لە سایەی ئەو پڕۆژانەوە دەتوانین گەرەنتی ئەوە بە هاووڵاتیانی ئەو شوێنانە بدەین، كە چیتر وەك ساڵی ڕابردوو ڕووبەڕووی لافاو نابنەوە، لە لایەكی دیكەوە ئێمە لە ئەدای حكومەت و دامودەزگاكان ڕازین، هەر چەندە لێرە و لەوێ هەندێ كەموكووڕی بەدی دەكرێت، بەڵام پڕۆژەكان بە شێوە و ئەدایەكی باش لە سێكتەرە جۆراوجۆرەكان جێبەجێ دەكرێن و، بەردەوام لە یەكتر نزیكین لە حكومەتی خۆجێیەتی و بەردەوام لە گفتوگۆ و كۆبوونەوەداین لەگەڵ بەڕێز ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە و بەپێی ماوەی دیاریكراو پڕۆژەكانی پایتەخت جێبەجێ بكرێن. جەنابی پارێزگار پەیمانی داوە لە 8/2/2023 كە دوو ساڵ بەسەر خزمەتكردنی تێپەڕ دەبێت، بێتە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ ئەوەی ئەو كار و پڕۆژە و بەرنامەی ئەنجامی داوە و بەرنامە و كاری داهاتووشی بخاتەڕوو.

* ئەو پڕۆژە ئاوەڕۆییەی لە شەقامی30مەتری و بەردەمی ئەنجومەنی وەزیران چییە و چ پڕۆژەیەكتان بۆ گەڕەكی تەیراوە هەیە؟

- ئەو پڕۆژەی ئاوەڕۆیەی بەردەمی ئەنجومەنی وەزیران، تەواوكاری پڕۆژەی ئاوەڕۆی سەر شەقامی 60 مەترییە كە ڕاستەوخۆ دەكاتە چوارڕێیانی 60مەتری بۆ گەڕەكی نەورۆز و یەكێ لە پڕۆژە گرنگ و پێویستەكانە كە لە كار و بەرنامەكانی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێرە بۆ پاراستنی ئەو گەڕەك و ماڵانەی كە دەكەونە نێوان شەقامی 60 مەتری و 30 مەتری بە لای ئەنجومەنی وەزیرانەوە كە ئاوی گەڕەكەكانی تەیراوە و چەندین شوێنی دیكەی سەرەوەتر دێتە ئەو شوێنە و زۆرجار دەبووە هۆی كۆبوونەوەی ئاو و ئاستەنگی بۆ هاتوچۆ دروست دەكرد. بەم پڕۆژەیە كە لە شەقامی 30 مەتری پێش ئەنجومەنی وەزیران دەچێتەوە چوارڕێیانی شەقامی 60 مەتری بۆ نەورۆز، لەوێشەوە شۆڕ دەبێتەوە بۆ شەقامی مووسڵ ئەم پڕۆژەیە كاری باشی تێدا كراوە و لە ئایندەیەكی نزیكدا تەواو دەبێت، بەڵام ئێمە لە پڕۆژەیەكی زۆر ستراتیژی بۆ شاری هەولێر لەگەڵ ڕێكخراوی جایكای یابانی لە پەیوەندیداین، كە ئەویش دروستكردنی ئاوەڕۆی قورسی شاری هەولێرە كە بە قەرزی درێژخایەن دروستی دەكات، ئەو پڕۆژەیە بە سەر چەند قۆناغ دابەش كراوە و بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەی ئاوەڕۆیە ئاوی ئاوەڕۆی قورس لەگەڵ ئاوەڕۆی ئاوی باران لە یەكتر جیا دەبێتەوە، كە قۆناغی یەكەمی دەبێت لە ماوەیەكی نزیكدا دەست پێ بكات، كە ئەو زۆنەی پڕۆژەكە دەكات، نێوان شەقامی سەرەكیی مووسڵ تا دەگاتە دوو سایدی گەڕەكی نەورۆز و دانانی كارگەی ڕێسایكلینی ئاوە قورسەكەشی لەگەڵدایە، كە دەكەوێتە دوای شەقامی 150 مەتری لە خوارووی شاری هەولێر، ئەو كارگەیەش دیزاین و تەندەری لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ بۆ ئەنجام دراوە و شوێنەكەشی بۆ تەرخان كراوە، تەنیا چارەسەری ئاوی قورسەكە كە كارگەی ڕیسایكلینە بڕی 300 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوە. لەلایەكی دیكەوە تەیراوە یەكێك لەو گەڕەكە خۆشەویستانەی هەولێرە و قۆناغی سێیەمی دروستبوونی شاری هەولێرە و پێویستی بەوە بوو هەم شەقام و شۆستەكەی، هەم ئاوەڕۆیەكەی ڕێك بخرێتەوە، چونكە لە ساڵانی 80وە ئەم ئاوەڕۆیە كاری لەسەر نەكراوە، هەر بۆیە بەڕێزان جەنابی پارێزگار و جێگری پارێزگار مەسعود كاڕەش پێیان باش بوو، ئەو پڕۆژەیە لە تەیراوە جێبەجێ بكرێت، كە بڕی 850 ملیۆن دینارە و بۆی هەیە یەك ملیار دینار تێچووی بێت، كە وادەكات بازاڕەكە و هەموو دووكاندارەكان دڵنیا بن بە هۆی تەواوبوونی پڕۆژەكەوە چیتر لەو گەڕەك و بازاڕەدا لافاو ڕوو نادات.

* بارودۆخی كارەبا لە شاری هەولێر و لە پارێزگای هەولێر بەگشتی چۆن دەبینیت؟ ئەو سێكتەرە تا چەند گرنگی پێ دراوە كە پەیوەندی بە ژیانی ڕۆژانە و ڕاستەوخۆی هاووڵاتیانەوە هەیە؟

- بە ڕاستی دەستخۆشی لە وەزارەتی كارەبای دەكەین، هەر چەند ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەكارهێنەری كارەبا لە شاری هەولێر و سنووری پارێزگاكە زیاد دەكات، بەڵام وەزارەتی كارەبا شان بە شانی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و بەكارهێنەر هەموو تواناو هەوڵی خۆی بەكارهێناوە بۆ باشتركردن و گەیاندنی ئەو خزمەتگوزارییە بە هاووڵاتیان و وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا و دابەشكردنی كاری باشی لەسەر كراوە، بۆ ئەوەی ماوەی پێدانی كارەبا بە خەڵك زیاتر و باشتربێت، بێگومان لە ساڵانی ڕابردوو لە چەندین گەڕەك و شوێن كێشە و گرفتی كارەبامان هەبوو، بەتایبەتی لە بەحركە و دەڤەری بەرانەتی، بەڵام خۆشبەختانە كابینەی نۆیەم لە ڕێگای وەزارەتی كارەباوە ئەو كێشە و گرفتانەی چارەسەر كرد، بە دانانی چەندین وێستگەی كارەبای مۆبایل، بەڵام ئەوەی ئێستاكەش كێشەیە تەنیا كەمیی ماوەی كارەبایە، هەرچەندە لە ڕێگای موەلیدە ئەهلییەكانەوە كارەبا دابین دەكرێت، بەمەش دەتوانین بڵێین كارەبا كراوەتە 24 كاتژمێری، ئەگەرچی وەزارەتی كارەبا بۆ ئەوەی ماوەی كارەبای حكوومی زیاتر بێت، هەستا بە دانانی كاتژمێری زیرەك كە سەركەوتنێكی زۆر باشی بەدەست هێناوە و، ئێستاكە بۆ كارەبای 24 كاتژمێری لە كارەبای حكوومی هەستاوە بەجێبەجێكردنی پڕۆژەی پریپێیت، وەك ئەزموون لە ناو بازاڕی لەنگەی هەولێر جێبەجێ كراوە، كە بووەتە جێگای ڕێز و ستایشی خەڵكەكە، هەم لە ڕووی باشی و هەم لە ڕووی هەرزانیی نرخی كارەباكە، كە وەك كارتی مۆبایل ئەو سیستەمە كار دەكات و، چاوەڕوان دەكرێت لە داهاتوودا هەموو شار و پارێزگاكە و هەرێمی كوردستان بەو سیستەمە كارەبای پێ بدرێت، ئێستاكەش لەم وەرزی زستانە بۆ ئەوەی كەمترین گرفت هەبێت و ماوەی پێدانی كارەباكەش زیاتر بێت، هەر هاوبەشێكی كارەبا بە بێ جیاوازی 30 ئەمپیر كارەبای لە ڕێگای كاتژمێری زیرەكەوە پێ دراوە، كە ئەمە لەو وەرزە كە خواست لەسەر كارەبا زۆر زیادی كردووە، بە شێوەیەكی باش پەیڕەو كراوە و هاووڵاتیان بەبێ جیاوازی كارەبایان پێ دەگات، لەلایەكی دیكەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت لە بەڕێوەبردنی كارەباوە بە هاوبەشی كار لەگەڵ كەرتی تایبەت بكات، حكومەتیش وەك وەزارەتی كارەبا چاودێری لەسەر بكات، كە ئەم سیستەمە لە هەموو دونیا بەتایبەت لە وڵاتانی پێشكەوتوو بەڕێوەدەچێت.

* ئایا ئەو پڕۆژەیە كە بۆ زۆن و شاری خەلیفان لە بەردەستانە وەك سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر چییە و چەند بوار دەگرێتەوە؟

- ئێمە وەك ئەنجومەنی پارێزگا دەزانین كە لە حەوزی خەلیفان كێشەی كشتوكاڵی و ئاو و ئاوەڕۆ و ژینگەمان هەیە، بۆیە توێژینەوەیەكمان لە بەردەستە بۆ چارەسەركردنی هەموو ئەو گرفتانە و پاراستن و چاككردنی ژینەگەكەی، بەتایبەتی ئەو ئاوەی لە تاڤگەی گەلی عەلی بەگ دێتە خوارەوە، كە هیچ مەرجێكی تەندروستی تێدا نییە و خەڵك بەتایبەت گەشتیارانیش دەچنە ناو ئاوەكەوە، كە ئەمەش هۆكاری زۆرە، بەتایبەت لە سەرچاوەكەی كە ئاوەكە لە وەرتێوە دێت، تا دەگاتە تاڤگە و خەڵك و گەشتیارانیش ئاوەكە بە شێوەیەكی ناتەندروست بەكار دەهێنن و چەندین (WC)ی لەسەر دروست كراوە، بۆیە ئاوەكە تا پلەیەكی مەترسیدار پیس بووە و نابێت مرۆڤ لێی نزیك ببێتەوە، هەر بۆیە بۆ چارەسەری كێشەكانی ئەو حەوزە پڕۆژەیەكمان وەك ئەنجومەنی پارێزگا لەژێر توێژینەوەدایە، لە پاش تەواوبوونی توێژینەوەكە بودجەیەكی نزیك كراوە بۆ پڕۆژەكە دیاری دەكرێت، كە لەو پڕۆژەیەدا پۆنت و كەناڵی ئاودێری و سیستەمی خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆ و پەرەپێدانی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری تێدایە و دروستكردنی شەقام و ڕێگاوبان و كۆمەڵێك پڕۆژەی گەشتیارییش لەخۆدەگرێت، بە دوای تەواوبوونی توێژینەوەكەش پێشكەش بە حكومەتی هەرێمی كوردستانی دەكەین.

* بەرنامە و پلانتان بۆ ساڵی 2023 بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەتایبەت لەپەرەپێدانی پارێزگادا چییە؟

- ئێمە سێ چوار ستراتیژیی گەورەمان لەپێشە، جگە لە خزمەتگوزاری لە هەموو سێكتەرەكان كە بە بەردەوامی پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكرێت، بەڵام ئێمە بیرمان لە هەڕەشەیەك كردووەتەوە كە بەرەو هەرێمی كوردستان دێت و پایتەختی كوردستانیش پشكی شێری بەردەكەوێت، كە ئەویش هەڕەشەی كەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی و سەرچاوەكانی ئاو و وشكەساڵییە، لە حاڵەتی وشكەساڵیدا واتە كشتوكاڵ و ئاژەڵداریت نامێنێت، یان بە لایەنی كەم تووشی كێشە و كەمبوونەوە دەبێت، هەر بۆیە بیرمان لەوە كردەوە و داواشمان لە حكومەتی كوردستان كرد كە هەستێت بە دروستكردنی بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوەكانی هەولێر و هاوشێوە بۆ پارێزگاكانی دهۆك و هەڵەبجە و سلێمانی دروست بكرێت، چونكە بۆ ئیدارەدانی بەنداوەكانی دووكان و دەربەندیخان و دهۆك بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوەكان هەیە، ئەگەرچی چەندین بەنداوی دیكە بەتایبەتی مامناوەند و بچووك دروست كراون، كە پێویستیان بە ئیدارەدان هەیە لە ڕێگای ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی بەنداوەكان كە پێشنیارمان كردوە بۆ پارێزگاكان. هەروەها دەكرێت بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوی دووكان ناوەكەی بگۆڕدرێت بۆ بەنداوی پارێزگای سلێمانی و لەوبارەوە تەنیا پێویستمان بە هەیكەلی بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوەكانە و ستافەكە هەمووی هەیە و بارگرانیش لەسەر حكومەت دروست ناكات،

Top