حامد ئیسماعیل قائیمقامی قەزای پیرمام بۆ گوڵان: بەشێك لە قوتابخانەكەنمان كۆنن و پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە
هاوشانی چەندین ناحیەی دیكە لە كوردستان، ناحیەی پیرمامیش بووە بە قەزا و یەكێكە لەو قەزایانەی كە ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 60 هەزار كەسن، هەروەها پێداویستیی خزمەتگوزاریشی زۆرە، بۆ قسەكردن لەسەر پێداویستییە خزمەتگوزارییەكانی ئەم قەزایە و ئەو كار و پڕۆژانەی تێیدا ئەنجام دراون و، ئەو پێویستییانەی ئەم قەزایە هەیەتی و، ئەو كێشە و گرفتانەی ڕووبەڕووی بووەتەوە، گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستەی حامد ئیسماعیل قائیمقامی قەزای پیرمام كرد و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* سەرەتا دەمانەوێت بزانین قەزای پیرمام چەند ناحیە و شارەوانی و گوندی لەسەرە و ژمارەی دایشتووانی سنوورەكە بەگشتی چەندە و بە چ كار و پیشەیەكەوە خەریكن؟
- قەزای پیرمام چوار شارەوانیی لەسەرە، شارەوانی (كۆڕی، بەستۆرە، سەری بڵند، پیرمام) و پێشنیارمان كردوە كە كۆڕی و بەستۆڕە بكرێن بە ناحیە و، ناحیەی دارەشەكرانیش بێتە سەر سنووری قەزای پیرمام و ناحیەیەكی تازەش بۆ گوندەكانی بناری سەفین دروست بكرێت، چونكە گوندەكانی بناری سەفین كە سەر بە پیرمامن، بەسەر ناحیەی هیران و دێگەڵە و كۆیەدا دابەش كراون، بەڵام لەو كاتەی ناحیەیەكی نوێ لەو سنوورە دابمەزرێت، ئەوە هەموو گوندەكانی بناری سەفین كە ژمارەیان 25 گوندە دەخرێنە سەر ئەو ناحیەیە، بەو شێوەیەش لە ڕووی كار و پڕۆژە و خزمەتگوزارییەوە دەتوانرێت زیاتر خزمەت بكرێن و، ژمارەی گوندەكان لەو كاتەی ناحیەی دارەشەكران بێتە سەر پیرمام، دەبێتە 130 گوند. ئێستا ژمارەی دانیشتووانی سنووری پیرمام بە گشتی 64 هەزار كەسن و خەڵكی ئەو سنوورە هەندێكیان بە كاری باخداری و كشتوكاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریكن و هەندێكیش لە دانیشتووانەكەی وەك هەموو شوێنێكی دیكە فەرمانبەرن و لە هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایشن، هاوكات ئەو سنوورە لەبەر ئەوەی شاخاوییە و دیمەن و سرووشتی جوان و دڵڕفێنە، هەر بۆیە زۆر گونجاوە بۆ گەشتوگوزار و لە هەموو وەرزەكانیشدا گەشتیار ڕووی تێ دەكەن.
* ئایا تاچەند گرنگی بە ڕێگەوبانەكانی سنووری پیرمام دراوە و ئەو پڕۆژەی ڕێگەوبانانەی لەژێر جێبەجێكردندان چین و لەم بارەوە پلانتان چییە؟
- پیرمام لەبەر ئەوەی پێشتر ناحیە بووە و ژمارەیەكی زۆر گوندیش لە سنوورەكەی هەیە، بۆیە ئەو بودجەیەی بۆ پیرمام تەرخان كراوە، بەشی ئەوەی نەكردووە بەپێی پێویست ڕێگەوبانی گوندەكانی باش بكرێت، ئەگەرچی بەشی چاككردنی ڕێگەوبانەكانی هەولێر كاری باشیان بۆ گوندەكانی سنوورەكە ئەنجام داوە، ئێستاش چەندین كار و پڕۆژەیان لەژێر دەستدایە و لە ئەمساڵدا هەندێ لە گوندەكان ڕێگەوبانەكانیان كاریان لەسەر كراوە، لەوانە گوندی بانەمان و شێوەكە و گڕاو و ...تاد، چەندین گوندیش هەیە لە بەرنامەدایە كاریان بۆ بكرێت، لەوانە گوندی هەنارە، هاوكات هەوڵ دراوە كار و پڕۆژە لە ڕێگەی گوندی ئاژگە كە قەزای پیرمام بە ناحیەی باسرمە دەبەستێتەوە و ڕێگەیەكی زۆر خراپە، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە خستوویەتیە بەرنامەی خۆی و پڕۆژەی چاككردنی ئەو ڕێگەیە جێبەجێ دەكات، كە ڕێگەیەكی گرنگ و دوور و درێژە و پێویستی بە نزیكەی یەك ملیار دینار هەیە، ڕێگە و كۆڵانەكانی ناو گوندی ئارماوەی سەروو و خواروو لەو نزیكانە بە درێژایی سێ كیلۆمەتریان بۆ قیرتاو كردن، لەگەڵ ئاوەدانكردنەوە لە هەماهەنگ و پەیوەندیی بەردەوامداین، تا وەكو بتوانرێت زیاتر خزمەت بە ڕێگەوبانی گوندەكانی سنووری قەزای پیرمام بكرێت.
* ئایا سێكتەری پەروەردە لە سنوورەكەتاندا تاچەند كێشە و گرفتی هەیە، بەتایبەتی لە ڕووی كەمیی بینایەی قوتابخانە، یان كۆنیی بینایەكان، لەو بارەوە چ كار و پڕۆژەیەكتان بۆ كراوە؟
- سندوقێكی نێودەوڵەتی هەیە كە حكومەتی عێراقی و هەرێمی كوردستانیش لینكێكیان لەگەڵی هەیە، ئێمە بۆ چەندین پڕۆژە لە سێكتەری جیاجیا بەرنامە و پلانی خۆمان بۆ ئەو سنوورە پێیان داوە، لەوانە بۆ دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی قوتابخانە و چارەسەری سێكتەری پەروەردە بەگشتی لە گوندە گەورەكانی سنوورەكەمان، بۆ نموونە لە گوندی سێوەكە و هەنارە و گڕاو، بەڵام من پێم باشە و پێشنیاریشم ئەوەیە بۆ چارەسەرێكی بنەڕەتیی بینایەی قوتابخانە، بە نموونە لە بەستۆڕە لەلای ڕاست و چەپ، یان بەلای هەنارەوە بینایەكی ئامادەیی باش دروست بكرێت و میلاكاتی تەوای هەبێت، كە هەموو گوندەكانی سنوورەكە سوودی لێ وەربگرن، نەك ئێمە بێین هەر لە چەند گوندێك ئامادەییەك دروست بكەین، كە بەپێی پێویست نەبێت و میلاكاتیشی تەواو نەبێت، لەو كاتەدا قوتابیانیش تێدا سەركەوتوو نابن، هەروەها لە ناو سەنتەری قەزاش هەندێك لە قوتابخانەكان كۆنن هەر چەند نۆژەن كراونەتەوە، بەڵام هێشتا بەپێی پێویست و تمووحی ئێمە نییە، بینایەی هەندێك لە قوتابخانانەكانمان زۆر كۆنن، بۆیە پێشنیارمان كردووە ئەو بینایانە تێك بدرێن و سەرلەنوێ بە شێوەیەكی سەردەمییانە دروست بكرێنەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سەنتەری قەزا و چەندین شوێنی دیكەی سنوورەكە هەستاون بە نۆژەنكردنە و چاككردنەوەی ئەو كەموكووڕییانەی لە ژمارەیەك بینایەی قوتابخانەكاندا هەبووە، بەرنامە و پلانی دیكەشمان بۆ نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی قوتابخانە لە سنوورەكەدا بە پارێزگای هەولێر داوە، هیوادارین ئەمانەش لە لایەن ڕێكخراوە خێرخوازەكان، یان حكومەتەوە جێبەجێ بكرێن.
* ئایا سێكتەری كارەبا لە سنووری پیرمام لە چ بارودۆخێكدایە؟
- ئێمە لە پیرمام وێستگەیەكی كارەبای ئەو جۆرەمان هەیە كە 32 كەی ڤی وەردەگرن و دووبارە دەیدەنەوە، ئەو وێستگەیەش پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەیە، چونكە زۆر كۆنە، هەر بۆیە دەرخستەشمان بۆ ئەنجام داوە و بەرزمان كردووەتەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار و سەرووی خۆمان، بەڵام خۆشبەختانە ئەمساڵ حكومەتی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی كارەباوە وێستگەیەكی كارەبای مۆبایلی بۆ داناوین بۆ گوندەكانی سنووری ناحیەی دارەشەكران و وێستگەیەكی دیكەی كارەبای مۆبایلیشیان لە نێوان سەنتەری قەزای پیرمام و سەری بڵند داناوە، كە كۆڕێ و بەستۆرە و دەوروبەریان سوودی لێ وەردەگرن، هاوكات لە ڕووی دانانی محاویلەشەوە هەنگاوی زۆر باش نراوە و، تەنیا ئەمساڵ بە بڕی زیاتر لە 850 ملیۆن دینار بۆ دانانی محاویلە و ڤیدەراتی كارەبا لە سنووری قەزای پیرمام خەرج كراوە.
* لە سێكتەری ئاوی خواردنەوە تا چەند گرفتان هەیە و ئەو كار و پڕۆژانەی لەو لایەنەوە بۆ قەزا و سنوورەكە كراون، چین؟
- لە سەنتەری قەزادا ئەو گەڕەكانەی كەموكووڕیی ئاوی خواردنەوەیان هەبوو، بڕی زیاتر 400 ملیۆن دیناریان بۆ خەج كراوە، بەتایبەتی ئەو گەڕەكانەی تۆڕی ئاوی خواردنەوەیان كۆن بوو، بۆیان تازە كرایەوە و ئەوانەی تۆڕی ئاویان نەبوو بۆیان دانرا، هەر لە سێكتەری ئاودا ئێستا دەرخستەیەكمان هەیە بۆ سنووری بەستۆرە، بەتایبەت بۆ گوندی بانەمان و سێوەكە و گڕاو، كە هەر سێ گوند هەر كەموكووڕییەكیان لە سێكتەری ئاودا هەبێت، بەتایبەت لە تۆڕی دابەشكردن، ئەوە دراوەتە بەڵێندەرێك تاوەكو بۆیان چارەسەر بكرێت، پڕۆژەی ئەو سێ گوندەش بڕی یەك ملیار دیناریان بۆ خەرج كراوە، بێگومان بۆ نەهێشتن، یان كەمكردنەوەی گرفتی ئاوی خواردنەوە بە شێوەیەكی گشتی، كار و پڕۆژە و هەنگاوی زۆر باش نراون بۆ سەنتەری قەزای پیرمام و هەموو سنوورەكەی. لەلایەكی دیكەوە شایانی دەستخۆشی و پێزانینە كە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری هەولێر چەندین كار و پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی بۆ سنوورەكەمان ئەنجام داوە.
* ئایا بەپێی ئەو جوانی و هەڵكەوتەیەی كە ناوچەكە زۆر گونجاوە بۆ گەشتیاری، هیچ پڕۆژەیەكی گەشتیاری جێبەجێ كراوە، یان ماستەرپلانێك بۆ ئەو مەبەستە بۆ سنووری پیرمام هەیە؟
- ئێمە وەك قەزای پیرمام نوێین، بۆیە هەندێك بەش و فەرمانگە هەیە لێی نییە كە زۆر پێویستن، لەوانە بەش، یان فەرماگەی گەشتوگوزار كە داواشمان كردووە بۆمان بكەنەوە، بێگومان سنووری پیرمام بە سەنتەری قەزاشەوە زۆر گونجاوە بۆ گەشتیاری، هەروەها بۆ ئاسوودەی خەڵكی سنوورەكەش داوامان كردووە لۆفەكانی كۆڕێ بكرێتە پاركێك كە ئێستا زیاتر لە شەش هەزار دار و درەختی جوانی لێیە و كار و پڕۆژە و پلانی گرنگ و جوانمان هەیە بۆ بەرەوپێشوەبردنی گەشتوگوزار لە سنوورەكەدا، كە خۆی لەخۆیدا ئەو سنوورە هەڵكەوتە و ئاو و هەوا و شوێنەكەی جوان و بەرچاوە، هاوكات بە هاوكاری و شەونخوونیی هێزی پاراستنی ژێنگە و لایەنی دیكە كاری بەردەوام كراوە بۆ پاراستنی دارودرەخت و سەوزایی ناوچەكە و پاراستنی ئەو ژێنگە جوان و بێگەردەی، هەروەها هەموومان دەزانین ناوچەكە گونجاوە بۆ گەشەكردن و پەرەپێدانی گەشتوگوزاری، بۆ ئەو مەبەستەش داواكارین وەبەرهێنەران بتوانن بەشدار بن لە پڕۆژەی گەشتیاری لە ناوچەكەماندا، كە سوودێكی یەكجار زۆری دەبێت، چ بۆ خەڵك و چ بۆ وەبەرهێنەرەكان و چ بۆ بەدەستهێنانی هەلی كار.
* وەك دەزانین سنوورەكە بەگشتی سەخت و شاخاوییە، ئایا كێشەی زەویتان بۆ نیشتەجێبوون هەیە؟ ئەگەر هەیە چۆن ئەمە چارەسەر دەكەن؟
- ماستەرپلان پلانی هەموو كار و پلانێكە، لە كاتێكدا ماستەرپلانت بۆ شوێنێك نەبێت، ئەوە لە زۆر لاوە دەستت دەگیرێت و ناتوانی هەنگاو بۆ گەشەكردنی سنوورەكە بهاوێیت، بەڵام ماستەرپلانی سەنتەری قەزا و كۆڕێ لە ژێر دروستكردندایە و لەو كاتەی ماستەرپلانەكان تەواو دەبێت، ئەوە شارەوانی بەتایبەتی دەستی دەكرێتەوە بۆ چەندین كار و پڕۆژە، لە ماستەرپلانی سەنتەری قەزاكەدا هەوڵ دراوە یەكەی نیشتەجێبوونی ستوونی جێگیر بكرێت، چونكە بەو شێوازە دەتوانرێت لەو ناوچە شاخاوییەدا لەسەر ڕووبەرێكی كەم شوێنی چەندین خێزان بكرێتەوە، لەلایەكی دیكەوە ئێمە بە هاوكاری و هەماهەنگیی چەندین لایەنی دیكە توانیمان زێدەڕۆیی لەسەر زەویی كشتوكاڵی و سەوزایی و نیشتەجێبوون نەهێڵین، كە ئەم كار و هەنگاوە تەنیا سەنتەری قەزا و ناحیە و شارەوانییەكانی نەگرتووەتەوە، بەڵكو لە هەموو گوندەكانی سنوورەكەش دەتوانین بڵێین بە هیچ جۆرێك زێدەڕۆیی لەسەر زەوی نەماوە بۆ هیچ كەسێك، چونكە زێدەڕۆیی لەسەر هەر جۆرە زەوییەك هەبێت، زەرەر و زیانی زۆری بۆ حكومەت و خەڵك و بۆ هەموو كار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان هەیە.
* ئایا تونێلی پیرمام تا چەند كارئاسانی بۆ ناوچەكە و سنوورەكە دروست كردووە و بووتە هۆی ئەوەی جەنجاڵی لە هاتوچۆ لە پیرمان دروست نەكات؟
- تونێلی پیرمام پڕۆژەیەكی ڕێگەوبانی زۆر گرنگ و ستراتیژییە و خزمەتێكی زۆری بواری هاتووچۆ دەكات لە نێوان پایتەختی هەرێمی كوردستان و شەقڵاوە و سۆران و لۆدێكی زۆری قەرەباڵغی و هاتوچۆی لەسەر سەنتەری قەزای پیرمام هەڵگرتووە و، لە وەرزی زستان و بەفربارینیشدا لەو ڕێگەیەوە بە هۆی تۆنێلەكەوە كێشەی هاتوچۆ و گیرانی ڕێگەكە زۆر كەمی كردووە، یان هەر كێشە نەماوە، هەر بۆیە داواكارین برایانی شوفێر ڕێز لە ڕێنماییەكان بۆ پاراستنی تونێلەكە بگرن، بەتایبەت لەو خێراییەی بۆیان دیاری كراوە.
* ئایا لە كەرتی تەندروستی كێشەتان هەیە؟
- لە سەنتەری قەزا نەخۆشخانەیەكی زۆر باشمان هەیە، هەموو خزمەتگوزارییە تەندروستییەكانی تێدایە و لە قەزا و ناحیەكانی دەرەوەی سنووری پیرمامیش سەردانی دەكەن، بەڵام بنكەی تەندروستیی شەهید مولازم كەریم بینایەكەی زۆر كۆنە، بۆیە داوامان كردووە بڕووخێندرێت و سەرلەنوێ بە شێوەیەكی هاوچەرخ دروست بكرێتەوە.