هونەر بەشێكی دانەبڕاوە لە پێشكەوتنەكانی هەولێر

هونەر بەشێكی دانەبڕاوە لە پێشكەوتنەكانی هەولێر

فەرهەنگ غەفوور

هەولێری پایتەخت رۆژ بە رۆژ لە ئاستە جیاجیاكاندا گەشەكردن و پێشكەوتنی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، سەرەڕای هەموو ئالنگارییەكان، سەرەڕای هەموو گرفت و هێرش و دژایەتییەك، كە لەلایەن ناحەز و دوژمنانی دەیكرێتە سەر، سەرەڕای هەموو ئەو دەست و دەمانەش كە دەیانەوێت وێنایەكی تەڵخ و ناشیرین لە هەولێر پیشان بدەن، بەڵام هەولێر هەروا گەشاوەتر و وەك منارە بەرزتر و وەك قەڵا قایمتر دەبێت.
هەولێر لە پرۆژە خزمەتگوزارییەكاندا لە عێراق و كوردستان نموونەی نییە و بەهەر لایەكدا دەڕوانیت، پرۆژەی دروستكردنی شەقامی بەرین و درێژ، دروستكردنی پرد و بۆندی ئاوی و كارگە و باڵەخانە و زانكۆ و دامودەزگای نوێ و جۆراوجۆر و باخ و پاركی نوێ دەبینیت، پرۆژەی گەورەی ئاو و كارەبا و كشتوكاڵ دەبینیت، رۆژ بە رۆژ ئارامتر و سەقامگیرتر و پارێزراوترە و خەڵكێكی زۆر لە هەموولایەك بۆ ژیان رووی تێ دەكەن.
لەونێوەشدا، ئەو شارە زۆر پێویستی بەوەیە لە رووی كەلتوور و فەرهەنگ و رۆشنبیری و هونەرییەوە زیاتر پێش بكەوێت و ببێ بە سەرقافڵەی شاران، وەك دیتیشمان، كە لە ناو دەیان پایتەختی هەڵبژێردراوی جیهاندا، بە حەوتەم پایتەختی ئارام دەستنیشان كرا، كە ئەوەش بۆ دانایی و حیكمەت و كاری بەردەوامی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كاركردن بۆ چاكسازی و گەشەسەندنی ئابووریی سەربەخۆ دەگەڕێتەوە.
ئێمە وەكوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، كە لەلایەك بە چالاكییە هونەرییەكان سیما و رەنگ و دەنگی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانین، لە لایەكی دیكەوە دەنگ و رەنگی دەستەبژێری هونەرمەندان و رۆشنبیرانی شارەكەین، شەو و رۆژ لە كار و چالاكیی بەردەوامدا بووین، بۆ ئەوەی زۆرترین بەرهەم پێشكەش بكەین و باشترین كەلتوور و فەرهەنگ بە دەوروبەر بناسێنین.
لەم روانگەوە و ئەوەندەی توانامان هەبووبێت و ئەوەندەی توانا سنووردارەكەی دارایی هاوكارمان بووبێت، خەرمانەیەك لە چالاكیی جۆراوجۆرمان لە بواری موزیك و گۆرانی، فیستیڤاڵی شانۆ، فێستیڤاڵی كەلتووری، كەڤاڵ و پیشانگەی شێوەكاری، یادكردنەوەی ئەدیب و هونەرمەندانی رەسەن، بۆنە و مەراسیمی جیاجیا بۆ هونەرەكانی شانۆ، دراما، موزیك، گۆرانی، بۆ هونەرمەندان چ بە تاك و چ وەك گرووپ، بەڕێوە بردووە.
لە پرسینەوە لە حاڵ و دۆخی هونەرمەندان و بەسەركردنەوەیان، لە كاتی نەخۆشی و كۆچی دواییان، لەگەڵ كەسوكار و خانەوادە و هاوڕێیانیاندا بووین و مەراسیمی شایستەمان بۆ كردوون، بەگوێرەی توانا لەگەڵیان بووین و بە تەنیا بەجێمان نەهێشتوون، لە بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانی و ئایینییەكانیشدا لەگەڵ خەڵكی خۆمان بووین و یادەكانمان بە هونەر و چالاكییەكانمان بۆ رازاندوونەتەوە و بەرزمان راگرتوون.
كەم رۆژ هەیە لەم هەولێرە، لە یەكێك لە هۆڵەكان، لە یەكێك لە پارك و دامودەزگا هونەرییەكان چالاكییەك بەڕێوە نەچێت، كە تیایدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیمان، لە رێی بەشە جیاجیاكانییەوە، ئامادەكار، یان سەرەپەرشتكار، یان پێشكەشكار، یان هاوكار و هەماهەنگ بووە. چالاكییەكان ئەمساڵ، كە وا بۆ كۆتاییەكەی دەچین، ئەوەندە زۆرن كە لە بابەتێكی كورتی وەهادا ناتوانرێت ئاماژە بە هەموویان بدەین، بەڵام ئەوەی ئاماژەم پێی دا، چوارچێوەكەیەتی و لەو بازنەیەدا كارمان كردووە و بەرهەم و چالاكیمان پێشكەش كردووە.
دەبێ ئەوەش بڵێین، كە خەڵكی خۆشەویستی هەولێر، پارێزگار و وەزیران و پەرلەمانتاران و لایەنە سیاسییەكان و مامۆستایان و قوتابییان و هونەرمەندان و راگەیاندكاران و توێژەكانی كۆمەڵگە بەگشتی، بە پیر داوا و بانگەوازەكەمانەوە هاتوون و بەشدار و هاوكارمان بوون و بەشیك بوون لە تەواوكاریی كارەكانمان و هاندەر و پشتیوانیشمان بوون، كە بۆ ئێمە هەموویان جێی رێز و خۆشەویستین و كار و چالاكییەكانی ئێمەش بۆ ئەوانە و، بە ئامادەبوونیان هەست دەكەین رەنجمان بە خەسار ناچێت و كارەكان جێی خۆیان دەگرن.

Top