لۆرا خەلیل: شێواز و ستایلی من جیاوازە لە هونەرمەندانی دیكە

لۆرا خەلیل: شێواز و ستایلی من جیاوازە لە هونەرمەندانی دیكە

لۆرا خەلیل یەكێكە لە هونەرمەندە لوبنانییەكان كە ماوەیەكی زۆرە هاتووەتە نێو جیهانی گۆرانی و هونەری لوبنانی، هەرچەندە دەركەوتنی وەك پێویست نییە، بەڵام ئەو كارانەی پێشكەشی كردوون بۆ ماوەیەكی زۆر لە دڵ و هزری جەماوەردا دەمێننەوە، بۆیە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد، كە بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

*ئێستا لە چ قۆناغێكی هونەریدایت؟

-كاروانی هونەریی من بەردەوامە، ئەگەر بۆ ماوەیەك لە هونەریش دابڕابم، بەڵام ئەوە بۆ بارودۆخەكە دەگەڕێتەوە و پەنا بە خودا دەگەم بەو قۆناغەی هەوڵی بۆ دەدەم، ئەمەش بە ئاسانی نایەتە دی.

*جوانیی ڕووخسار بۆ تۆ چەند گرنگە؟

-گرنگییەكەی ئەوتۆ نییە، چونكە من كە دەستم بە كاری هونەری كرد، وەك گۆرانیبێژ بوو نەك شاجوان یان نمایشكار، پێموایە هەموو مرۆڤێكیش جوانە.

*هونەر چۆن كاریگەری لەسەر ژیانی تاكەكان هەیە؟

-هونەر دەرهاوێشتەی كۆمەڵگەیە و هیچ جیاوازییەكی ئەوتۆش نابینم لە نێوان ئەو شتەی كۆمەڵایەتییە لەگەڵ ئەوەی سیاسییە، بۆ نموونە ناكرێت لە شوێنێك شەڕ و كوشتن هەبێت و ئێمەش لە شوێنێكی دیكە گۆرانی بڵێین و سەما بكەین، بۆیە پێویستە لەسەر هەر هونەرمەندێك ڕێزی گەل و جەماوەرەكەی خۆی و ئەو بارودۆخەی پێیدا تێپەڕ دەبێـت لەبەرچاو بگرێـت، جا خۆشی و شادی بێت یان پێچەوانەكەی، سەنگ و قورسایی ئەو پەیامە بزانێـت كە دەیگەینێـت.

*خۆشەویستی لە ژیانی تۆدا هەبووە؟

-بێگومان هیچ كەسێك بێ خۆشەویستی ناتوانێت بژی، نامەوێ باس لە وردەكاری زیاتر بكەم، بە گشتی هونەر خۆی عەشقە كە هەموو هەستەكانی خۆشەویستی و عەشق هەڵدەگرێت، ئەوەی عاشق نەبێت بڕوا ناكەم بتوانێت گۆرانی بڵێت.

*چۆن توانیوتە درێژە بە كاروانی هونەریی خۆت بدەیت؟

-زەحمەتێكی زۆرم بینی تا گەیشتم بەو ئاستەی ئێستا، بۆ هەموو هونەرمەندانیش هەر بە هەمان شێوەیە، چونكە سەركەوتن پێویستی بە ماندوبوونێكی زۆر هەیە.

*ژیانی هاوسەرێتی چ كاریگەرییەكی بەسەر ژیانی هونەریی هونەرمەندانەوە هەیە؟

-بێگومان دەبێ هونەرمەندان ددان بەوەدا بنێن كە ژیانی هونەری تا سەر نامێنێت، ئەوەی دەمێنێتەوە ژیانی خێزانیی هونەرمەندە، بۆیە بە ڕاشكاوی دەڵێم سەرەڕای خۆشەویستیم بۆ هونەر، ئەوا خێزانەكەم گرنگترین شتە لە ژیانی مندا.

*چۆن دەڕوانیتە نەشتەرگەرییەكانی جوانكاری؟

-خۆم نەشتەرگەرییەكی بچووكم ئەنجام دا و دژی ئەم جۆرە نەشتەرگەرییانە نیم ئەگەر پێویست بن.

*ماوەیەك تۆ دووركەوتی لە هونەر، چۆن وات كرد كە دانەبڕێی لە هونەر؟

-ڕاستە، بەڵام ئەو كاتەی كە دووریش بووم بەردەوام چاودێریی هونەر و هونەرمەندانم دەكرد، نامەوێ باسی كەس بكەم، بەڵام هەندێك دیاردە هەبوون پێیان دڵگران بووم.

*هونەری ئێستا گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، یان هونەرمەندان گۆڕاون؟

-بێگومان هونەرمەندی ئەم سەردەمە و پێشوو جیاوازییان هەیە و لە داهاتووشدا جیاوازیی زیاتر دەبێت، چونكە هونەری هەر قۆناغێك تایبەتمەندێتی خۆی هەیە، منیش بۆ خۆم هونەرێكی كامڵم هەڵبژاردووە هیوادارم تێیدا سەركەوتوو بم.

*میدیاكان هەوڵیان داوە دەست بخەنە نێو كاروباری تایبەتی ژیانی تۆوە؟

-هەر كەسێك بمناسێت دەزانێت ڕێگە بە هیچ كەسێك نادەم باس لە ژیانی تایبەتیی من بكات بەتایبەتی میدیاكان.

*دوور لە هونەر چۆن پێناسەی خۆت دەكەیت؟

-ناكرێت جیاوازی بكەم لە نێوان لۆرای هونەرمەند و لۆرا وەك مرۆڤێكی ئاسایی، چونكە هونەر كاریگەرییەكی زۆری بەسەر ژیانی منەوە هەبووە و بووە هۆی بەهێزكردنی كەسایەتیم، ئەمە جگە لەوەی ناوبانگێكی زۆری بۆ دروست كردم و لە نێو خەڵكدا وەك هونەرمەندێك ناسرام، ئەمەش مایەی شانازیی منە.

*ئایا ڕق و كینە لە نێوان هونەرمەنداندا هەیە؟

-دەكرێ بڵێین ڕكابەرێتی نەك ئیرەیی پێبردن، ئەمەش كارێكی ئاساییە.

*تۆ زیاتر لە چ هونەرمەندێكەوە نزیكی وەك ستایلی گۆرانیگوتن؟

-شێوازی من لە گۆرانیگوتندا جیایە، ڕەنگە شێوازی هەندێك هونەرمەند لە یەكتر نزیك بێت، بەڵام هەرچۆنێك بێت هەر جیاوازە.

*ئەو گۆرانییانەی پێشكەشیان دەكەیت قەناعەتت بە هەموویان هەیە؟

-ئەگەر قەناعەتم پێیان نەبێت چۆن پێشكەشیان دەكەم.

*لە هیچكام گۆرانییەكانی خۆت پەشیمان نیت؟

-نەخێر، هیچ كاتێك پەشیمان نەبووم لە هیچ گۆرانییەك كە لە دەمم هاتبێتە دەرەوە و، هەموویانم بە دڵ گوتووە و سوپاس بۆ خوا سەركەوتوو بووم.

*زۆرترین ئەو ڕەخنانە چین كە لە تۆ دەگیرێن؟

-هەندێك كەس ڕەخنەم لێ دەگرن كە زیاتر گۆرانی دەهۆڵی دەڵێم، چونكە زیاتر سەرنجم لەسەر ئەم جۆرە مۆسیقایە، وەڵامیش دەدەمەوە بۆچی كەلتووری ڕاستەقینەی لوبنانیمان لەبیر بكەم؟ ئەم مۆسیقایە گۆزارشت لە هونەری ئێمە دەكات، لوبنانییەكانیش زۆریان خۆشدەوێت، بەتایبەتی لە ئاهەنگەكانی هاوسەرگیریدا، چونكە كەشێكی ڕاستەقینەی خۆشی دروست دەكات، هونەری گۆرانیگوتنم هەمەچەشن كرد و خۆم لە یەك ڕەنگدا قەتیس نەكرد، بەڵام بینیم خەڵك منیان خۆش دەویست بۆ ئەم شێوازە گۆرانییە، كە هەر لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ ناسنامەی هونەری من بووە.

Top