شاناز عەبدولوەهاب: توانیومە لە ڕێگەی كارەكەمەوە هەلی كار بۆ دوو خاتوونی دەرچووی زانكۆ بڕەخسێنم

شاناز عەبدولوەهاب:  توانیومە لە ڕێگەی كارەكەمەوە هەلی كار بۆ دوو خاتوونی دەرچووی زانكۆ بڕەخسێنم

 

 

دەستڕەنگینی و كابانیی خانمانی كورد ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگرە، هەر لە دێرزەمانەوە ئافرەتی كورد وێڕای ئەركی دایكایەتی، چەندین كاری جۆراوجۆری بە جوڕئەتەوە ئەنجام داوە، تەنانەت لە ڕۆژانی سەختی پێشمەرگایەتی و لە كاتی هەڵگیرسانی شۆڕشەكانی كورد هاوكار و پاڵپشتی خێزانەكەی بووە، زۆربەی جاریش لە غیابی هاوژینەكەی بۆ منداڵەكانی هەم دایك و هەم باوكیش بووە، هەموو ئەو ڕاستییانە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنن كە ئافرەت كائینێكی بەهێزە و ئەگەر ڕێگری لە دەرخستنی تواناكانی نەكرێت. ئەو كۆڵ نادات و تا دوا سات دەجەنگێت. شاناز عەبدولوەهاب یەكێكە لەو ئافرەتانە و ڕاشكاوانە باسی ژیانی خۆی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

شاناز عەبدولوەهاب ساڵی 1995 لە شاری كەركووك لەدایكبووە، دەرچووی قۆناغی ئامادەییە، ژیانی هاوبەشی پێكهێناوە و دایكی دوو منداڵە، ئێستا نیشتەجێی شارۆچكەی چەمچەماڵە و بەمجۆرە باسی تێكەڵبوونی خۆی بە بازاڕی كار دەكات: «سەرەتای بیرۆكەی كاركردنم لە دروستكردنی شیرینییەوە دەستی پێكرد، دواتر پەیجێكم دانا، لە ڕێگەی ئەو پەیجەوە خەڵكانێك بە كارەكەم ئاشنا بوون، هەروەها لە چەند فیستیڤاڵی نمایشكردنی خواردنە دروستكراوەكان بەشداریم كرد، لە ڕێی ئەو فیستیڤاڵانە زیاتر ناسرام و ژمارەیەك لە هاوڕێ و ئازیزانم داوایان لێ كردم دووكانێك، یان چێشتخانەیەكی بچووك بكەمەوە، منیش هەوڵەكانمم چڕ كردەوە و كارم بۆ ئەوە كرد و لە ئێستادا خاوەن چێشتخانەی تایبەت بە خۆمم و چێشتخانەكەشم ناو ناوە (ماڵی خاتوون).

چێشتخانەكەم تایبەت كردووە بە پێشكەشكردنی نانی بەیانی و خواردنی كوردەواری لەگەڵ هەموو جۆرە شیرینییەك، توانیومە لە ڕێگەی كارەكەمەوە هەلی كار بۆ دوو خاتوونی بەڕێز كە دەرچووی زانكۆن بڕەخسێنم، هیوام وایە لە داهاتوودا پڕۆژەكەم گەورەتر بكەم، ئەویش بۆ ئەوەی دەرفەتی كاركردن بۆ چەند خاتوونێكی دیكەش بڕەخسێنم، تاوەكو پێكەوە ئەو ڕێچكەیە بشكێنین و دەبێت بۆ هەمووانی بسەلمێنین كە ئێمەی خانمانیش دەتوانین پشت بە خۆمان ببەستین و شانبەشانی پیاوان كاربكەین و لەسەر پێی خۆمان بوەستین».

شاناز عەبدولوەهاب لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە دەركەوتنی ئافرەت تا ڕاددەیەك كارێكی قورسە، بە تایبەت لە كوردستان، ئایا چۆن توانیت بەربەست و ڕێگرییەكان لابدەی و خۆت پێ بگەیەنیت؟ گوتی: «ڕاستە كاركردن بۆ ئافرەت لە كوردستان سەختە، بەتایبەتی لە شارۆچكەی چەمچەماڵ كە دەركەوتنی ئافرەت زۆر كەمە، بەڵام سوپاس بۆ خوا من توانیم ئەو ڕێچكەیە بشكێنم و پشت بە تواناكانی خۆم ببەستم، ئەویش بە پاڵپشتی و هاوكاریی خێزانەكەم، بەتایبەتی هاوسەرەكەم، من لێرەوە لە ڕێگەی گۆڤاری گوڵانەوە زۆر سوپاسی دەكەم».

هاوكات دەڵێت: «سوپاس بۆ خوا لە كارەكەم زۆر سەركەوتووم و خەڵك لە كارەكانم ڕازین و لەلایەن كڕیارەكانمەوە دەستخۆشیم لێ دەكرێت و، هەمیشە هانم دەدەن كە لە كارەكەم بەردەوام بم، ئەوەش جێگەی شانازییە بۆ من و سوپاسی پاڵپشتی و هاندانەكانیان دەكەم».

كاتێك پەیامنێری گوڵان پرسیاری كرد: ئایا لە ئێستادا هەنگاوەكانی ئافرەتان لە بواری كار و دابینكردنی بژێویی ژیان لە چ ئاستێكدا دەبینی؟ گوتی: «لە ئێستادا بە خۆشحاڵییەوە دۆخی ئافرەتان لە بواری كاركردندا تا ڕاددەیەك بەراورد بە ڕابردوو باشترە، هاوكات هەنگاوێكی گەورەیان هەڵگرتووە. ئێمە ئافرەتی زۆر بەهێز و بە توانامان هەیە كە دەتوانن تواناكانی خۆیان دەربخەن، هەموو ئەوانەش بۆ ڕۆشنبیری و هۆشیاری و بەرچاوڕوونیی تاكی كۆمەڵگەی كوردی دەگەڕێتەوە كە تا ئاستێكی باش گرنگی بە كاركردنی خانمان دراوە، و پێگە و ڕێزی تایبەت بە خۆیانیان لەلایەن كۆمەڵگەوە هەیە».

سەبارەت بە ئەركی كاری ناوماڵ و دەرەوەش گوتی: «دیارە وێڕای بەرپرسیارێتیی ماڵ و منداڵ ئەركێكی دیكەشم لە ئەستۆدایە، ئەویش بە حوكمی ئەوەی لە دەرەوەی ماڵەكەم كار دەكەم، بە خۆشحاڵییەوە سوپاس بۆ خوا كە توانیومە لە نێوان پەروەردەكردنی منداڵەكان و بەڕێوەبردنی ماڵ و كارەكەم باڵانسێك ڕابگرم، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئێمەی ئافرەتان بەوە ناسراوین كەوا بەهێزین و دەتوانین پشت بە هێز و توانای خۆمان ببەستین. هەر بۆیە سوپاس بۆ خوا نەمهێشتووە كاركردنم كاریگەری لەسەر ماڵ و منداڵەكانم دروست بكات و هەردوو ئەركەكەم بە پیرۆز دەزانم».

وەك دوا قسەشی شاناز عەبدولوەهاب لە پەیامێكدا بۆ ئافرەتان گوتی: «بە ئافرەتان دەڵێم كە بەهرەكانیان دەربخەن و تواناكانیان بخەنەگەڕ و بە كاركردنیان هەوڵ بۆ داهاتوویەكی باشتر بدەن. كاركردن نەك عەیب نییە، بەڵكو زۆریش پیرۆزە. زۆرخۆشحاڵ بووم بەم دیمانەیە جوانە و سوپاسی ستافە خۆشەویستەكەی گۆڤاری گوڵان دەكەم».

 

Top