بێریڤان ئه‌حمه‌د حوسێن: بەداخەوە تا ئێستا نەمانبینیوە و نەمانبیستووە خانمێک بەڕێوەبەری دەزگایەکی میدیایی گەورە بێت
بێریڤان ئه‌حمه‌د حوسێن، میدیاكارێكی سه‌ركه‌وتووی دانیشتووی هه‌ولێره. بێژەری هەواڵە سیاسییەکانه لە ڕادیۆی زاگرۆس پێشکەشکاری چەندین بەرنامەی مەیدانی بووه و لە کۆمەڵێک تەلەفزیۆنی جیاواز کاری کردووە. له‌م دیمانه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ گۆڤاری گوڵان ڕاشكاوانه باسی ئاریشه‌كانی به‌رده‌م ڕۆژنامه‌گه‌ری به‌تایبه‌تی بۆ ئافره‌تان ده‌كات و به‌مجۆره‌ش وه‌ڵامی پرسیاره‌كان ده‌داته‌وه.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
* پێشینه‌ی كاری میدیاییتان چی بووه؟
- سەرەتای کاری میدیاییم دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵی 2015 وەک بێژەری هەواڵە سیاسییەکان لە ڕادیۆی زاگرۆس دەست بەکار بووم و تا ئێستاش بەردەوامم، لەگەڵ ئەوەش وەک پێشکەشکاری چەندین بەرنامەی مەیدانی لە کۆمەڵێک تەلەفزیۆنی جیاواز کارم کردووە.
* وه‌ك خانمێكی میدیاكار ڕه‌وش و ڕۆڵی ئافره‌ت له میدیای كوردی چۆن ده‌بینی؟
- بەروارد بە ساڵانی پێشوو ئێستا ڕۆڵێکی دیارتر و بەرچاوتریان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین بڵێین زۆر باشە، چونکە ئێمە تمووحی زیاترمان هەیە و دەبێت گرنگییەکی زیاتر بە ڕۆڵ و توانای ئافرەتان بدرێت و بەرپرسیاریەتییان پێ بدرێت. بەداخەوە تا ئێستاش ئافرەتان ڕۆڵ و بەرپرسیاریەتیی گەورەیان پێ نەدراوە، لە کاتێکدا کە چەندین ئافرەتی بەتوانا و لێهاتوومان هەن، توانای بەڕێوەبەردنی دەزگای میدیایی گەورەیان هەیە، بەڵام بە هۆی ئافرەتبوونیانەوە ڕۆڵ و بەرپرسیارییەتیان پێ نادرێت، دەتوانم بڵێم: زۆر جار ئامادەن پیاوێك كە بەرپرسێکی ناسەرکەوتووشە لە شوێنی خۆی بهێڵنه‌وه، بەڵام ئافرەتێکی بەتوانا لە شوێنی دانەنێن.
* پێشنیارت بۆ كه‌سانی خاوه‌ن بڕیار و بڕیارساز له حكومه‌ت و حزب چییه بۆ ئه‌وه‌ی ئافره‌تی خاوه‌ن كار به گشتی و میدیاكار به‌تایبه‌تی بتوانن ئه‌ركی به‌رپرسیارێتی له ئه‌ستۆ بگرن؟
- داواکارم خاوەن کار و خاوەن پڕۆژە میدیاییەکان ئەو حزب لایەنانەی کە خاوەن دەزگای میدیاین زیاتر هەل بۆ ئافرەتان بڕەخسێنن و بەرپرسیارەتیان پێ بدەن. واته ئافرەتان بیهێننە پێشەوە و بکرێنە خاوەن بڕیار لە دەزگا و پڕۆژه میدیاییەکان بەداخەوە تا ئێستا نەمانبینیوە و نەمانبیستووە خانمێک بەڕێوەبەری دەزگایەکی میدیایی گەورە بێت، کە ئەمەش عەیبەیەکی گەورەیە، بەڵام چرایەکی دڵخۆشکەریش دەبینین کە لە نێو ئۆرگانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ڕۆڵ بە ئافرەت دەدرێت و هەروەها لە دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی بە هەمان شێوە، کە ئەمەش دڵخۆشکەرە.
* ئاریشه و به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م خانمانی میدیاكار له هه‌رێمی كوردستان چین؟
- تا ئێستاش به‌شێك له خەڵکی ئێمه بە چاوێکی ناڕه‌وا سەیری کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان دەکه‌ن، بەتایبەت بۆ كاری ئافرەتان له‌و بواره‌دا خوێندنەوەیەکی هەڵەیان هەیه. هه‌ندێک لە خەڵک پێیان وایه ئافرەتان نابێت کاری ڕاگەیاندن بکەن. زۆربەی ئەو ئافرەتانەی کە لە كاری میدیایی خۆی سەرکەوتن بە دەست ده‌هێنن، چ پێشکەشکار، یان پەیامنێر، یان بێژەرە دەبنە کەسایەتییەکی دیاری نێو کۆمەڵگە، كه‌چی لە جیاتی دەستخۆشی و هاندان بەپێچەوانە هێرشی بێ ویژدانانە دەكه‌نه سه‌ریان، بە مەبەستی ڕووخاندن و ناشیرینکردنیان، به‌وه‌ش ڕووبەڕووی ناحەقیی زۆر دەبنەوە، کۆمەڵێک هەواڵی ناڕاستیان دەدرێتە پاڵ کە ئەمانه گەورەترین بەربەستن و بۆ خانمانی میدیاکار.
* تا چه‌ند سیستمی كۆتا بۆ ئافره‌تان له هه‌ڵبژاردنه‌كان شیاوه ئایا خانمانی به‌ربژار ناتوانن به كارامه‌یی خۆیان ده‌نگی ده‌نگده‌ران بۆ خۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن؟
- من لەگەڵ ئەوەم ئافرەتان بە کارامەیی خۆیان دەربچن وەک هەر پیاوێک دەنگی پێویست بە دەست بێنن، لەبەر ئەوەی ئافرەتی زۆر لێهاتوو و بەتوانامان هەیە، بەڵام بەداخەوە کە تا ئێستاش کۆمەڵگه‌کەمان بڕوایان بە توانا و لێهاتوویی ئافرەتان نییه، بگرە زۆر جار پیاوان بە عەیبەی دەزانن دەنگ بە ئافرەتێک بدەن هەر چەند ئەو ئافرەتە بەتوانا و لێهاتووش بێت، بۆیە تا بەو عەقڵییەتە بیر بکەینەوە، په‌یڕه‌وكردنی سیستەمی کۆتا بۆ ئافره‌تان بە پێویست دەزانم.
* ئافره‌تان تا چه‌ند له ڕاییكردنی كار و ئه‌ركی پێسێردراویان سه‌ركه‌وتوو بوون؟
-ئافرەتان هەمیشە نموونەیەکی جوان پێشکەش دەکەن لە هەموو ئەو بوار و ئەرکانەی پێیان دەسپێردێت. زۆر جار دەبیستین و دەخوێنینەوە کە ئافرەتێک لە بوارەکەی خۆی چ له بواری ئیداری، یان لە بزنێس یان هەر بوارێکی دی ئیبداعی کردووە. زۆر جار چیرۆکی سەرکەوتنیان لە بوارەکەی خۆیان دەبێتە بابەتی گەرمی ڕاگەیاندنەکان، ئەمەش بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە کە ئافرەتان سەرکەوتوون لە ئەرک و پیشەی خۆیان.
* چ ڕوانگه‌یه‌كتان بۆ سه‌رمه‌شق وه‌رگرتن له پێگه‌ی ئافره‌تان له وڵاتانی پێگه‌یشتوو هه‌یه؟
زۆر دەخوێنمەوە لەباره‌ی ئافرەتە بەهێز و خاوەن پێگەکان لە هەر کونجێکی ئەم جیهانە بن. حەز دەکەم چیرۆکی سەرکەوتنیان بزانم و لێیان فێر ببم. کاتێک چیرۆکی سەرکەوتنی ئافرەتێک دەخوێنمەوە، یان دەیبیستم، هێز و وزەی لێ وەردەگرم، ئەمە بۆ هاوکار و هاوپیشە ئافرەتەکانیشم ڕاستە. من ئامانجی گەورەم هەیە و هەوڵی بۆ دەدەم، بەڵام دڵخۆش ده‌بم کە ببینم ئەوانیش بەرپرسیارێتی وەردەگرن.