ئـــاوارە حــــاجــــی : پێویستە حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار كاری زیاتر بۆ پاراستنی بەهای خێزان بكەن
ئاوارە حاجی ڕاوێژكاری پەروەردەیی و خێزانی بۆ بابەتە كەسیی و خێزانییەكان، ماوەی چەندین ساڵە لە بواری پەروەردەی تاك كار دەكات و كار بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە خێزانییەكان دەكات و جگە لە ڕاوێژە تیۆرییەكانی، لە ڕێگەی سۆشیال میدیاشەوە تاك بە پرەنسیپ و ئاكارە جوانەكانی كۆمەڵگەی كوردی ئاشنا دەكات.
ئاوارە حاجی خانمە گەنجێكی بە ئەزموونی دانیشتووی شاری سلێمانییە و ساڵی 1991 لەدایكبووە، دەرچووی بەشی بەڕێوەبردنی پەیمانگەی دوكانە، وەك خۆی باسیدەكات ماوەی 12 ساڵە تێكەڵ بە كاری پەروەردەیی بووە و سەرەتا لە دایەنگە و باخچەی ساوایانەوە دەستیپێكردووە، دایكی دوو منداڵە و ئێستاش ڕاوێژكاری پەروەردەیی و خێزانی بۆ بابەتە كەسیی و خێزانییەكانە، لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان ئەزموونی كاركردنی بۆ خوێنەران باسدەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
لە دەستپێكدا بەمجۆرە هەنگاوەكانی كاركردنی بۆ خوێنەران باس دەكات» ساڵی 2012 تێكەڵ بە كاری پەروەردەیی بووم و سەرەتا لە سێكتەرەكانی دایەنگە و باخچەی ساوایانەوە دەستم پێكرد، دواتریش وەكو بەڕێوەبەر لە پەیمانگەی (هیوای تۆ) كارم كردووە كە لەلایەن د. بەختیار كەمال تاڵەبانی سەرپەرشتی دەكرێت، هاوكات لە چەندین خول بەشدار بووم و لە ناوخۆی كوردستانیش ڕاهێنانم كردووە، هەروەها چوار بڕوانامەم لە بواری(tot) بەدەستهێناوە، دوا ڕاهێنانم لەو بوارەدا ماوەكەی 100 سەعات بوو، كە لەلایەن شەش ڕاهێنەری نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو، زنجیرە ڕاوێژكارییە پەروەردەییەكانم ئەزموونی ڕاهێنانەكانمە و لەم بوارانەدا سەرچاوە دەگرن كە بریتین لە ڕاوێژكاری نەوجەوان و ڕاوێژكاری هاوسەران لەگەڵ ڕاوێژكاری ڕاستكردنەوەی ڕەفتار، لە ئێستاشدا ڕاوێژكاری پەروەردەیی و خێزانیم بۆ بابەتە كەسییەكان و خێزانییەكان.
ئاوارە حاجی سەبارەت بە هۆكاری دەستنیشانكردنی ئەو بوارە بۆ كاركردن دەڵێت: «ئەوەی هانیدام كە لەو بوارەدا كار بكەم پرۆسەی ژیانی هاوبەشی خۆم بوو، ساڵی 2014 كە چوومە ناو پرۆسەی هاوسەرگیری وەك هەر كەسێكی ئاسایی، كۆمەڵێك كێشە و گرفت ڕووبەڕووی پەیوەندی نێوان من و هاوسەرەكەم بووەوە، هەر لە بیروڕا دەربڕین، لە چارەسەركردنی كێشەكان، لە دەربڕینی هەستی خۆشەویستی و حەز و ویستەكانمان، لە جیاوازی ئامانج و تێڕوانینمان بۆ ژیان، هەموو ئەمانە وایانكرد جیاوازییەكان بەرەو گەورە بوون بچن، لە بەرانبەردا هەوڵی نزیكبوونەوە و كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكەم دەكرد، تەنانەت ڕاوێژم بە كەسانی شارەزای دەوروبەرم كرد، هەروەها بۆ ئەم ئامانجە ڕێگەی كتێب خوێندنەوە و وەرگرتنی كۆرسی ڕاوێژكاریشم تاقیكردەوە، مرۆڤیش كاتێك هەوڵی گۆڕانكاری دەدات و نیەت دەكات گۆڕانكاری دروست بكات، هەنگاو بە هەنگاو خوای گەورە كارەكانی بۆ ئاسان دەكات، لەم ڕوانگەیەوە هەنگاو بە هەنگاو ڕۆیشتم و توانیم كەسایەتی و بیركردنەوەكانم بەرەوپێش ببەم و تێڕوانینم بۆ ژیان فراوانتر بكەم، ئەویش بۆ ئەوەی دڵ و دەروونم فراوانتر بێت و بتوانم بەرگەی بەربەست و ناخۆشی و كێشەكان بگرم، دواجار ئەزموونی دووجار دایكایەتی وای كرد لەو بوارەدا زیاتر قوڵ ببمەوە».
ئەو ڕاوێژكارە سەبارەت بە هەڵكشانی كێشە خێزانییەكان و هۆكارەكانی هێما بۆ ئەوە دەكات كە« هۆكار زۆرن بەڵام بەشێوەیەكی گشتی دەتوانم بڵێم دووركەوتنەوەی كۆمەڵگە لە فیترەتی بارە كۆمەڵایەتی و ئایینییەكەی هۆكارێكە لەكاتێكدا مرۆڤ بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتییە كە وابەستەی دابونەریت و كلتوورییە نەتەوەیی و ئایینییەكەیەتی، دووركەوتنەوە لە بەها ئایینی و نەتەوەیی سەرهەڵدەدات بۆ یاخیبوون و بیردۆزی تاكڕەوی، پێویستە حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار كاری زیاتر لەسەر بەهای خێزان بكەن و ئەو كوڕ و كچانەی كە دەچنە ناو پرۆسەی هاوسەرگیری، حكومەت خولەكانی ڕاوێژكاری دەستگیرانداران و تازە هاوسەران پوخت تر و فراوان تر بكات، چونكە لە ڕابردوودا گەنجان بە پشت بەستن بە نەریتی كوردەواری دەچوونە ناو ئەو پرۆسەیە، بەڵام لە ئێستادا سۆشیال میدیا جێگەی هەموو ئەوانەی گرتووەتەوە كە ئایا كێ لە كێ بەناوبانگ تر و كەشخە ترە، بیر لەوە ناكرێتەوە كێ لە كێ بەختەوەر ترە، هەموو ئەوانە پێمان دەڵێن تاكەكان لە تایبەتمەنی پرۆسەی هاوسەرگیریدا ناهۆشیارن، تاك پێویستە بەرچاوڕوونی هەبێت بۆ یەكتر قبوڵكردن بەو شێوازەی كە هەن نەك ئەو شێوازە فەنتازیایەی كە وێنایان كردووە، هەروەها تاچەند توانای قبوڵكردنی كەسی بەرانبەری هەیە و كار بۆ ئامانجەكانی بكات و هەماهەنگ بن بۆ ئامانجەكانیان كە پەیوەندی بە ژینگەی هەردووكیان بێت».
سەبارەت بە چارەسەریش ئەو ڕاوێژكارە پێشنیاری ئەوە دەكات كە «ئەو كەسانەی كە لە پرۆسەی هاوسەرگیریدان زیاتر لەسەر ئەو پرۆسەیەی كە تێیدان بخوێننەوە جا خوێندنەوەكە بابەتی مومارەسەكردن بێت، یاخود ئەزموونكردنی ژیانی خۆیان بەرەو هەنگاونان بۆ ژیانكردنێكی باشتر بێت، یاخود كتێب خوێندنەوە و خۆڕۆشنبیر كردن لەو بوارەدا، ئەویش بە مەبەستی بەژداریكردن لە كۆڕ و سیمینار یاخود ئەو ڕاهێنانانەی كە كارامەییەكانی هاوسەرگیری بەرەوپێش دەبات. دەكرێ بۆ چارەسەری لایەنی پەیوەندیدار وەكو پەروەردە و خوێندنی باڵا جۆرێك لە دیراسەتكردن ئەنجام بدرێت و ساڵانە توێژینەوە بكرێ لەو دەرفەتانەی كە تایبەتن بەو بەشانە، لانیكەم بەشە پەروەردەەییەكان یاخود بەشە كۆمەڵناسی و دەروونییەكان كە زیاتر جەخت لەسەر پتەوكردنی پەیوەندی خێزان و كۆمەڵگە بكرێت، بە مەبەستی بەرهەمدار كردنی كۆمەڵگە و وڵات هەنگاو بۆ پتەوكردنی پەیوەندی خێزان و بەختەوەری تاك لە چوارچێوەی خێزاندا بنرێت.
وەك ئاماژەم پێدا حكومەت ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر لەلایەن ئەو دامەزراوانەی كە گرێبەستی هاوسەرگیری تێیدا ئەنجامدەدرێت، كە لە ڕێگەی كۆرس، سیمینار و ۆورك شۆپ پێشكەشی ئەو ئەو دەستگیراندارانە بكرێت كە دەچنە ناو پڕۆسەكەوە، ئەویش بە مەبەستی زیاتر ئاشناكردنیان بە ئەركەكانی خێزان و هۆشیاركردنەوەیان لەو هەڵە و ئەو ڕێگایانەی كە وادەكات پەیوەندییەكەیان یاخود هاوسەرگیرییەكەیان هەڵوەشێنێتەوە و ئەنجامی نەدەن».