پشووی هاوینەی قوتابیان و پەروەردەكاران ڕێنمایی تایبەت

پشووی هاوینەی قوتابیان و پەروەردەكاران ڕێنمایی تایبەت

 

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەڵسەنگاندنی قوتابیانی قۆناغی بنەڕەتی ئەنجام درا و لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە یەك ملیۆن قوتابی لە پشووی هاوینەدان، پەروەردەكاران لەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان، ڕێنمایی تایبەتیان بۆ پشووی هاوین و سوودوەرگرتنی قوتابی لە پشووەكە بە شێوەیەكی باش و تەندروست بۆ بەخێوكاران دەخەنەڕوو.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

دەروونناسان و شارەزایانی بواری پەروەردە، جەخت دەكەنەوە، دەبێت بەخێوكاران پلانێكیان هەبێت بۆ منداڵەكانیان سەبارەت بە چۆنیەتی بەسەربردنی پشووی هاوینە و فێریان بكەن، چۆن پلان بۆ كاتەكانیان دابنێن و هەموو كاتەكانیان بە خەو و بە بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەسەر نەبەن، بە شێوەیەك كە هیچ سوودی نەبێت و تەنیا بۆ كوشتنی كات بێت.

دكتۆر بەهزاد تاهیر سەلیم، مامۆستای زانكۆیە و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «ئەم سەردەمە سەردەمی تەكنەلۆجیا و داهێنان و سوودوەرگرتنە لە ئامراز و ئامێری دیجیتاڵیی بەردەست بۆ پەرەپێدانی كەسی و پێشكەوتنی كۆمەڵگەكان. دیارە هەموو شتێك لە خواردنەوەی ئاوەوە بگرە تا بەكارهێنانی ئامێری ئەلیكترۆنی زیاد لە ئەندازەی پێویست بەكارهێنانیان زیانی هەیە. واتە پێویستە بە گوێرەی پێویست و ئەندازەیەك بەكار بێن كە زیانی نەبێت و خۆمان و منداڵەكان وا لێی ڕابێنین، كە تەنیا لایەنە باشەكانی ئەو تەكنەلۆجیانە بەكار بێنین». جەختی لەوەش كردەوە كە «ئەم سەردەمە سەردەمی شاشەكانە و بە تەواوی بەكارنەهێنانیان بۆ ماوەیەكی درێژ واتای دابڕانە لە جیهان و بێئاگایی لە ڕەوتەكان و پێشكەوتنەكانی جیهان. بەڵام دەبێت ئێمە كۆنتڕۆڵی ئەو شاشانە بكەین و بە ئەندازەی پێویست و بە پلان بە كاریان بێنین، نەك ببینە ئامراز و بەكارمان بێنن».

ئەو مامۆستایە لە درێژەی وتەكانیدا گوتی: «لە دونیای دەرەوە و لە كوردستانیش شاشەكانی دیجیتاڵی بوون بە ئامرازی گرنگی دابینكردنی بژێوی ژیان بۆ بەشێك لە خەڵك و پێویستیان بە دامەزراندن لە كەرتی گشتی نییە. جا ئێمە ئەگەر بتوانین منداڵەكانمان وا ئاراستە بكەین، كە لایەنی ئەرێنیی ئەو تەكنەلۆجیانە بەكار بێنن و لە هەمان كات هاوسەنگییەك دروست بكەن لە نێوان ژیانی شاشەكان و ژیانی ئاسایی، ئەوە باشترین هەڵبژاردەیە». ئەوەشی دووپات كردەوە كە «بەكارهێنانی سۆشیال میدیاكان و كۆمەڵێك لە یارییە دیجیتاڵییەكان سوودێكی ئەوتۆیان نییە و تەنانەت خودی ئەو كەسانەی كە دروستكەری ئەو پلاتفۆرمانەن، خۆیان بەكاریان ناهێنن. بەڵام دونیایەك پلاتفۆرمی دیجیتاڵیی گرنگ هەیە، هەر لە فێربوونی زمان بگرە تاكو بەرنامە و وێبسایتی فێركاری لە بوارە جیاوازەكاندا كە دەتوانین دەستنیشانیان بكەین و بە پێی حەزو توانا و خواستی منداڵەكانمان بۆیان دابین بكەین، تاكو سوودی لێ ببینن، بۆ ئەوەی لە داهاتوو بتوانن وەك سەرچاوەیەكی باشی كار و دابینكردنی داهاتی خۆیان سوودی لێ ببینن».

دكتۆر بەهزاد تاهیر، باسی ئەوەشی كرد كە «گەشەی دەروونی و جەستەیی منداڵان زۆر گرنگە و بۆ ئەوەی منداڵان لە پشووی هاوینەدا لە ڕووی جەستەیی گەشە بكەن، زۆر گرنگە كە بەشدار بن لە ڕاهێنانەكانی وەرزشی و بوارێكی وەرزش هەڵبژێرن كە لەگەڵ سرووشت و حەزیان دەگونجێت. وەرزشكردن هۆكارێكی زۆر گرنگە كە وادەكات منداڵ بتوانێت بەشێك لە كاتەكانی لە شاشەكان دوور بكەوێتەوە و هاوسەنگییەك دروست بكات لە نێوان چالاكییەكانی ڕۆژانەی و لە ڕووی ڕۆحییەوە كەسێكی تەندروستتر بێت».

بێلان ڕۆژبەیانی چالاكی بواری كۆمەڵی مەدەنی، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «پێویستە دایك و باوكان سەرەتا سیستەمی ژیانی خۆیان چاك بكەن، واتە دەبێت كاتی ڕۆژانەیان لە كار و خەو و خۆراك ڕێكوپێك بێت، منداڵیش لەسەر سیستەمی ئەوان ڕادێت. منداڵ دەبێت ساز و ئامادە و رێنمایی بكرێت. ئەگەر منداڵ بە بەردەوام لەسەر شاشە و تۆڕەكان بێت، بێگومان بەهرە و تواناكانی دەمرێت. پێویستە لەسەر دایك و باوك سیستەمی خەڵاتكردن بەكار بهێنێت بۆ منداڵەكانیان لەكاتی فێربوونی هەر شتێكی تازە لە فێربوونی زمان، یان ئەنجامدانی چالاكییەكی سوودبەخش و پێویستە پاداشت بكرێت. پێویستە خێزان كاتی تایبەتی بۆ منداڵەكانی هەبێت، بۆ چیرۆك خوێندنەوە و یارمەتیدانی لە كاتی یارییە هزرییەكان و.. هتد، هەروەها هانیان بدەن لە خولەكانی هاوینە بەشداری بكەن كە زۆر بەسوودن بۆ قوتابیان». گوتیشی: «دایك و باوك پێویستە نموونەیەكی جوان بن بۆ منداڵەكانیان و خۆیان كەمتر ئامێر و شاشەكان بەكاربهێنن، ئەمەش وادەكات، منداڵەكانیش كەمتر ئامێرەكان بەكاربهێنن. دیارە پاراستنی هاوسەنگیی تەواو لەم بوارەدا دەبێتە هۆكارێكی زۆر گرنگ بۆ خوونەگرتنی منداڵەكانمان بە ئامێرە زیرەكەكان، هەروەها پێویستە دایك و باوكان سیستەمی پاداشت و سزا بۆ منداڵەكان دابنێن، ئەمە وا دەكات منداڵ پابەندبوونی زیاتر بێت، دەبێت مەترسییەكانی شاشە و مۆبایل بۆ منداڵ باس بكرێت و ڕێگە نەدرێت منداڵ لە خوارتەمەنی سێ ساڵ تەماشای شاشەی مۆبایل بكات و لە تەمەنی گونجاویشدا پێویستە هاوكاری بكرێت و تەماشای ئەو یارییانە بكات كە ڕێگە پێدراون و گونجاون بۆ تەمەنی».

مامۆستا ئاراس حەسەن، بەڕێوەبەری قوتابخانەی (ئاڵتون ستی)ـە لە هەولێر و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «پەروەردەكردنی منداڵ یەكێكە لە كارە هەرە قورسەكان بۆ بەخێوكاران، ئەگەر شارەزا نەبن و هۆشیارییەكی ئەوتۆیان لەسەر پەروەردە نەبێت، جا پەروەردە بە هەموو ڕووەكانیەوە. لێرەدا لەوانەیە ئەو پرسیارە بكرێت: پێشتر چۆن دایك و باوكان منداڵەكانیان بە جوانی پەروەردە كردووە، بەبێ ئەوەی هۆشیارییەكی زۆریان هەبێت؟ بۆ ئەم پرسیارە دوو وەڵام هەیە، یەكەمیان ئەو ژینگەیەی ئێستا هەمان ئەو ژینگەیەی پێشتر نییە و بەهۆی ئەو هەموو پێشكەوتنەوە كێشە و گیروگرفت زۆر بوون، هەروەها دایك و باوكانی پێشوو ڕاستە لە ڕووە زانستییەكەوە هۆشیارییان زۆر نەبووە، بەڵام ئەزموونی ژیانیان لە زۆربەی دایك و باوكانی ئێستا زیاتر بووە.

دەرونناسان دەڵێن: «منداڵ ئاوێنەی دایك و باوكیەتی، دەتەوێ منداڵەكەت چۆن بێت، پێش ئەو خۆت وابە». ئەمە تەنیا ڕستەیەك نییە، بەڵكو دەتوانرێت وەك بیردۆزێك ببیندرێت. ئەگەر بەخێوكارێك بیەوێت منداڵەكەی ڕێزی خەڵك بگرێت، دەبێ پێشتر خۆی ڕێزی خەڵك بگرێت. دەیەوێت منداڵەكەی گرنگی بە پاكوخاوێنی بدات، دەبێ پێشتر خۆی پاكوخاوێن بێت.

مامۆستا ئاراس حەسەن دەڵێت: «یەكێك لەو ڕێگایانەی كە بەخێوكاری منداڵان دەتوانن بەكاری بهێنن بۆ دوورخستنەوەی منداڵان لە شاشەكان، ئەوەیە كە خۆشیان لە شاشەكان دوور بن. بەكارهێنانی شاشەكان لەلایەن منداڵانەوە بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییانەیە كە منداڵ لە پشوودا دەستی دەكەوێت، بەخێوكاران دەتوانن بە دانانی بەرنامەیەكی گرینگ بۆ فێربوون ئەو بۆشاییانە پڕ بكەنەوە، ئیدی فێربوونی زمانێكی دیكە بێت، یان فێربوونی ئامێرێكی موزیك، یان فێربوونی وەرزشێك، یان خوێندنەوەی ئەو كتێبانە بێت كە لەگەڵ تەمەنی منداڵەكە دەگونجێت، بەتایبەتی زانیاری گشتی و ئەو بابەتانەی كە بۆ تەمەنی منداڵەكە گونجاوە و دەتوانێت وەری بگرێت. هەروەها دەتوانن كاتی تایبەت تەرخان بكەن بۆ منداڵەكانیان و بۆشاییەكانیان پڕ بكەنەوە و لە ڕێگای ڕەفتاری خۆیان منداڵەكانیان پەروەردە بكەن».

دوریا شێروانی مامۆستای قۆناغی بنەڕەتییە و ڕای وایە: «یاریی ئەلیكترۆنی، شاشەی تیڤییەكان، ئامێری ئەلیكترۆنی، ئەمڕۆ بەشێكی گەورەی ژیانمانی داگیر كردووە، بەتایبەت منداڵەكانمان وێڕای ئەوەی سوودێكی بەرچاویان هەیە، بە جۆرێك دوورترین ڕێگایان نزیك كردووەتەوە و شاراوەترین زانیارییان بۆ ئاشكرا كردووین، بەڵام بەدەر نییە لە كاریگەریی نەرێنی و گەیشتووەتە ڕاددەیەك لای منداڵان كە ڕێژەی ئۆتیزمی لەنێو منداڵان بە شێوەیەكی مەترسیدار بەرز كردووەتەوە». گوتیشی: «بۆ ئەوەی ئێمە كارئاسانی بكەین بۆ پاراستی منداڵەكانمان لە مەترسییەكانی شاشەكان پێویستە میكانیزمگەلێك بگرینەبەر، لەوانە بەشدارییان پێ بكەین لە خولە جیاوازەكانی هاوینە، گەشت و گەڕان بە نێو سرووشتدا، هاندانیان بۆ یارییە نائەلیكترۆنییەكان بە دابینكردنی یاریی جیاواز و نوێ و سەرنجڕاكێش بۆ منداڵەكانمان، بەڵام بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە هەنگاو بە هەنگاو كاری لەسەر بكەین، بەتایبەت لەگەڵ ئەو منداڵانەی كە ڕاهاتوون، یان خووگرتوون بە یاریی ئەلیكترۆنی، چونكە لەناكاو قەدەغەكردنی دەبێتە هۆی ئەوەی كاریگەریی نەرێنی و مەترسیدار لەسەر منداڵەكە دروست بكات».

 

Top