ســـەرویـــن ئـیـسـمـــاعـیل : بەهۆی كارەكەم توانیومە لەسەر پێی خۆم بوەستم بژێوی ژیانی خۆم و چەند ئافرەتی دیكەیشی پێ پەیدا دەكەین
هەنگاوە سەخت و دژوارەكانی خانمان بۆ بە دەستهێنانی داهات و ئابووریی سەربەخۆ بەردەوامی هەیە. جێگەی پێزانینە لێرە و لەوێ ژمارەیەكی زۆری خانمان پێداگرانە بوونەتە خاوەنی بزنێس و پڕۆژەی جۆراوجۆر. بەشێك لەو خانمانە بە ئیرادە و هیممەتی خۆیان تێكەڵ بە بازاڕی كار دەبن و، لەو ڕێگاوە هەم دەبنە خاوەن داهاتی خۆیان و هەم بارگرانیی سەرشانی خێزانەكانیان كەم دەكەن، هاوكات كەسانی دیكەش سوود لە ئەزموون و كارەكەیان وەردەگرن. سەروین ئیسماعیل یەكێكە لەو خانمانە باسی چۆنیەتی كارەكەی و ژیانی خۆی بۆ گۆڤاری گوڵان دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
سەروین ئیسماعیل خانمە گەنجێكی دەست و پەنجە ڕەنگینی باڵەكایەتییە و لە ئێستادا دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە. دەرچووی ئامادەییە و لە ئێستادا خاوەنی پێشانگا و (حیجابی سەروین)ـە و بەمجۆرە باس لە دەستپێكی كارەكەی دەكات: «من ماوەی 15 ساڵە كاری دروومان دەكەم. ماوەی شەش ساڵ وەكو شاگردێك لە دووكانێكی پەردە كارم دەكرد، دوای واز هێنانم لەوێ، لە ماڵەوە بیرۆكەی ئەوەم بۆ هات كە لەپاڵ ئەوەی كاری دروومان دەزانم، ئەو شتەش هەڵبژێرم بۆ دروومان كە لە سۆران داواكاری زۆرە و بەرگدرووییەكی تایبەت بەو كارە نییە، ئەویش دروومانی جلوبەرگی حیجابە. ئەوە بوو هەر لە ماڵەوە دەستم پێ كرد و بەرە بەرە كارەكەم فراوان بوو، تا وای لێ هات، دووكانێكم كردەوە و چەند بەرگدرووی دیكەشم لای خۆم دانا. دواتر بەهۆی خواستی زۆر لەسەر بابەتەكان دووكانەكەم فراوانتر كرد و وەك پێشانگایەكم لێ كرد، بۆ ئەوەی بابەتی جیاوازتریش بفرۆشین، تەنیا جلوبەرگ نەبێت. سوپاس بۆ خوا من بەهۆی كارەكەم توانیومە لەسەر پێی خۆم بوەستم بژێوی ژیانی خۆم و چەند ئافرەتی دیكەیشی پێ بەڕێوە ببەین».
سەروین ئیسماعیل، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئایا كێ هاندەرتە لە كارەكانت و كێ پشتگیریت دەكات؟ گوتی: «ڕاستە بەتەنیا دەستم بەو كارە كرد و هەر بە تەنیاش بەردەوامم، چونكە زیاتر كارەكەم پەیوەندی بە ئافرەتانەوە هەیە، بەڵام براكانم و خانەوادەكەم گەورەترین هۆكاری سەركەوتنی منن و هەمیشە متمانەیان پێم بووە و لە بەردەم هیچ بیرۆكەیەكم ڕێگر نەبوون و هانم دەدەن بەردەوام بم».
دەربارەی جۆر و شێوازی بە بازاڕكردنی كارەكەشی دەڵێت: «ئیمە بە هەر دوو شێواز بابەتەكانمان دەفرۆشین، هەم ئۆنڵاین، هەمیش ڕاستەوخۆ لە دووكان، بەڵام زیاتر جەخت لەسەر ڕاستەوخۆ دەكەینەوە لەوەی ئۆنڵاین. جلی ئامادەشمان بۆ فرۆشتن هەیە و پیشانگایەكی خنجیلانەی جلوبەرگمان هەیە، لە هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستان سەردانمان دەكەن، تەنانەت جلوبەرگی ئامادەكراو بۆ دووكانەكانیش دەنێرین، هاوكات مانگانە تیروپشك لەناو كڕیارەكانمان دەكەین، هەر كەسێك بە بەهای پێنج هەزار دینار شتمان لێ بكڕێت، ناوی دەچێتە تیروپشكەوە و كەسی ڕاوە عەزی و لەچكێك بە دڵی خۆی وەردەگرێت».
سەروین ئیسماعیل لە درێژەی قسەكانیدا سەبارەت بە ڕەوتی كاركردنی خانمان دەڵێت: « بە خۆشحاڵییەوە ئێستا ئەگەر سەیر بكەین، دەبینین ڕێژەی ئافرەت زۆر بووە لە كاركردن بەهۆی ئەوەی ئاسانكاری هەیە كە ئافرەت بتوانێت كار بكات، چ لە ماڵەوە چ لە دەرەوە، بە حوكمی ئەوەی بارودۆخی ئێستاش گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، كە بۆ زۆرێك لە ئافرەتان كاركردن وەك ناچارییە تا بتوانن بژێوی ژیانی خۆیان دابین بكەن و شان بە شانی پیاوان كار بكەن. هەموو ئافرەتێكیش دەتوانێت سەركەوتوو بێت، بەو مەرجە پیشەیەك هەڵبژێرێت لەگەڵ ئافرەتبوونی خۆی بگونجێت. چونكە لە هەلومەرجی ئێستادا گرنگە ئافرەت خاوەن كاری خۆی بێت و پشت بە تواناكانی خۆی ببەستێت».