دیلان هوشیار: خەڵك بێ ئاگان لەوەی ئافرەتی جیابووەوە قوربانین و پێویستیان بە ڕیزگرتنی زیاترە نەك سەرزەنشتكردن و شكاندنەوە

دیلان هوشیار:  خەڵك بێ ئاگان لەوەی ئافرەتی جیابووەوە قوربانین و پێویستیان بە ڕیزگرتنی زیاترە نەك سەرزەنشتكردن و شكاندنەوە

 

دیلان هوشیار كچە گەنجێكی تەمەن 30 ساڵەی دانیشتووی شاری هەولێرە، خۆی و دایكی لە یەكێك لە گەڕەكە میللی و هەژارنشینەكان نیشتەجێن. لە نەخۆشخانەیەكی حكوومی وەكو یاریدەدەری پزیشك كار دەكات. وەك خۆی باسی دەكات، كاتێك تەمەنی چوار ساڵ بووە، دایك و باوكی لە یەكتر جیابوونەتەوە و بە هۆی جیابوونەوەی دایكی ڕووبەڕووی گرفت و ناخۆشیی زۆر بووەتەوە.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

دیلان بە دڵشكاوییەوە باسی خۆی و ئازارەكانی دەكات و خوازیارە دید و تێڕوانینی كۆمەڵگە لە هەمبەر تاكەكانی كۆمەڵگە بە تایبەت ئافرەتان بگۆڕدرێت. هەر لە مبارەیەوە دەڵێت: « لە تەمەنی منداڵییەوە تاوەكو ئەمڕۆ زۆر بە زەحمەت بەرانبەر بە سەختی و نادادییەكانی ژیان وەستامەوە. هەمیشە دراوسێكان و تەنانەت هاوڕێكانم لێیان دەپرسیم: بابت لە كوێیە؟ بۆچی بە تەنیا دەژین؟ بۆ ئەوەی لەناو خەڵك جێگەمان ببێتەوە، نەدەوێرام بڵیم: دایكم لە باوكم جیا بووەتەوە، بەڵكو دەمگوت: بابم سەفەری ئەوروپای كردووە و ئێمەش دەبات. ئاسان نەبوو، بەڵام بە بێ باوك و لە ژێر سێبەر و سایەی دایكە زەحمەتكێشەكەم هەموو قۆناغەكانی خوێندنم تەواو كرد».

دیلان بە دڵێكی شكاو و چاوی پڕ لە فرمێسك درێژەی بە قسەكانی دا و گوتی: «دوو ساڵ پێش ئێستا كوڕێكم ناسی و هاتنە داوام، بەڵام دوای ئەوەی خێزانەكەیان زانیبوویان دایكم جیا بووەتەوە، كشانەوە و جارێكی دی نەهاتنەوە، پاشان خەبەریان بە یەكێك لە هاوڕێكانمدا نارد و گوتیان ئێمە كچێك ناخوازین كە دایكی تەڵاق دراوە. چەند مانگێك پێش ئێستاش داخوازییەكی دیكەم هات، كوڕێكی باش و خێزانێكی تیگەیشتوو بوون، كوڕەكە داوای لێكردم پێش مارەبڕین بابم ببینێت، دایكم تەلەفۆنی بۆی كرد و پێی گوت دیلان داخوازی هاتووە و كوڕەكە حەز دەكات تۆ ببینێ لەبەر ئەوە وەرە ئێرە لەگەڵی دابنیشە، بابم لە وەڵامدا گوتی نایەمە ماڵەوە ئێمە جیابووینەتەوە و حەرامە. دایكم پێی گوتبوو كەواتە بابێتە ماڵی تۆ، گوتبووی ئەوە نابێ لەبەر ئەوەی ژنەكەی ڕێگەی پێ نادات، دواجار بابم گوتی: با كوڕە تەلەفۆنم بۆ بكات و لە كافیتریایەك یەكتر دەبینین. ئیدی بڕیارم دا، ئەو هاوسەرگیرییە نەكەم. بابم ئەمڕۆ ئامادە نەبێت بە تەرخانكردنی نیو سەعات قوربانیم بۆ بدات، دەبێ ئەو كات ماڵی خەزوورانم چەند بێڕێزیم پێ بكەن و چەند جار بیدەنەوە بە ناوچاومدا كە بابم لەسەر جادە هاوسەری داهاتووی كچەكەی ببینێت».

دیلان لە دوا قسەیدا بە هەناسەیەكی ساردەوە گوتی: «خەم بۆ ئەوە ناخۆم كە تا ئێستا هاوسەرگیریم نەكردووە، چونكە هەموو شت قسمەت و نسیبە، بەڵكو خەم بۆ ئەوە دەخۆم كە تاوەكو ئەمڕۆش خەڵك بە چاوی كەم لە ئافرەتی تەڵاقدراو دەڕوانن. بێ ئاگان لەوەی ئەو ئافرەتانە قوربانین و پێویستیان بە ڕیزگرتنی زیاترە نەك سەرزەنشتكردن و شكاندنەوە».

Top