ئـەجــر و پــاداشـتـی لــە خۆگرتنی منداڵی نازدار (بێ باوك - یەتیم)

ئـەجــر و پــاداشـتـی لــە خۆگرتنی منداڵی نازدار (بێ باوك - یەتیم)

 

ناسناوی یەتیم بۆ ئەو منداڵە بەكار دێت كە باوكی لە ژیاندا نەماوە، خۆ ئەگەر دایكی وەفاتی كردبێ، ئەویش یەتیم دەبێ، بەڵام پێی ناگوترێت یەتیم، ئەمەش وا باوە لە ناو كۆمەڵگەمان .

گەورەیی كەفالەتكردنی نازداران (یەتیم)

پاداشتێكی زۆر گەورەی هەیە لە دونیا پێش قیامەت، یەكێك لەو پاداشتە گەورانە، هاوڕێیەتیكردنی پێغەمبەرمانە (د.خ) لە بەهەشت، كە دەفەرموێ: قال عليه الصلاة والسلام: (وَأنا وكافِلُ اليَتِيمِ في الجَنَّةِ هَكَذا وأَشارَ بالسَّبَّابَةِ والوُسْطَى، وفَرَّجَ بيْنَهُما شيئًا).

واتە: ئەمن و ئەو كەسەی كەفالەتی نازدارێك (یەتیم)ێكی كردبێ، ئەوهاین لە بەهەشت، دەفەرموون ئاماژەی بە پەنجەی شەهادە و پەنجە گەورەكەی تەنیشتی كردووە.

هاوڕێیەتیكردنی پێغەمبەر (د.خ) گەورەترین نیعمەتەكانی بەهەشتە.

بۆ بەدەستهێنانی سەدەقە و جێبەجێكردنی سیلەی ڕەحم، ئەگەر نازدارەكە (یەتیم) خزمی خۆی بوو، یان لە ڕووی خزمایەتی لێی نزیك بوو، ئەوە پیاوەتی و مەردایەتی و خزمایەتی و چاكە و سیلەی ڕەحم و ئەركی خۆی جێبەجێ كردووە. دەستی خۆش بێ . ئەگەر لە خزمان و كەسوكاری نەبوو، هاوكاری كردن و كەفالەتی كردن، ئەوە هەمووی بە چاكە و سەدەقە حیسابە.

 كەفالەتكردنی یەتیم، دەرخستنی بەرزیی ڕەوشت و بەخشندەییە و دڵی مرۆڤە ئارام دەكاتەوە، بەرەكەتیش دەكەوێتە ماڵیەوە و ماڵ و سەروەت و سامانیشی خاوێن دەبێتەوە و بەرەكەتی زیاتریشی تێ دەكەوێت.

 بە هاوكاریكردنی نازداران (یەتیم) دڵ ئاسوودە دەبێت

بێگومان هاوكاریكردنی دایكی خاوەن یەتیم خێر و پاداشتێكی ئێجگار زۆری هەیە. پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێ: قال النبي صلى الله عليه وسلم: (السَّاعِي علَى الأرْمَلَةِ والمِسْكِينِ كالْمُجاهِدِ في سَبيلِ اللَّهِ، أوْ: كالَّذِي يَصُومُ النَّهارَ ويقومُ اللَّيْلَ). واتە: ئەو كەسەی دەست باری (هاوكاری) دایكی منداڵی یەتیم (الارملة - بێوەژن) و هەژاران دەبێت، لە پاداشتدا وەكو ئەو كەسە وایە كە لە پێناو خودای گەورە دەجەنگێ، یان ئەو كەسەی كە بە شەو شەونوێژ دەكات و بە ڕۆژەكەشی بەڕۆژوو دەبێت.

یەكێكی دی لەو خاڵە گرنگانە، ئەوەیە كە دەبێت زۆر ئاگادار بین ماڵ و سەروەت و سامانی یەتیم نەخۆین. خودای گەورە دەفەرموێ: «فِي الدُّنْيَا وَالْآخِرَةِ ۗ وَيَسْأَلُونَكَ عَنِ الْيَتَامَىٰ ۖ قُلْ إِصْلَاحٌ لَّهُمْ خَيْرٌ ۖ وَإِن تُخَالِطُوهُمْ فَإِخْوَانُكُمْ ۚ وَاللَّهُ يَعْلَمُ الْمُفْسِدَ مِنَ الْمُصْلِحِ ۚ وَلَوْ شَاءَ اللَّهُ لَأَعْنَتَكُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَزِيزٌ حَكِيمٌ» البقرة:220.

واتە: ئەی محەمەد (صلی الله علیه وسلم) كاتێك دەر بارەی یەتیم لێت دەپرسن، پێیان بڵێ: چاكەكردن لەگەڵیان خێرە، ئەوانیش برای ئێوەن، خوا ئاگەداری خەراپە و چاكەكانە .

ئەوەی لەم ئایەتە تێبگەین، لەگەڵ یەتیم دەبێ تەنیا چاكە بكەین و خودا ئاگەداری چاكە و خەراپەكانمانە كە لەگەڵ یەتیمەكان دەیكەین .

ئینجا لە كاتی دابەشكردنی میرات خودای گەورە دەفەرموێ :

«إِنَّ ٱلَّذِينَ يَأْكُلُونَ أَمْوَٰلَ ٱلْيَتَٰمَىٰ ظُلْمًا إِنَّمَا يَأْكُلُونَ فِى بُطُونِهِمْ نَارًا ۖ وَسَيَصْلَوْنَ سَعِيرًا « سورة النساء (10)

واتە: ئەو كەسانەی ماڵ و سامانی یەتیم بە ستەم (بە زۆر، یان فرت و فێڵ) دەیخۆن و دەیدزن، ئەوە ئاگریان خواردووە و چووەتە زگیان و لە ڕۆژی دوایی سزایەكی قورسیان بۆ دانراوە .

 یەكێكی دی لەو ستەمانەی لە یەتیم دەكرێت:

كاتێك كەسێك لە ڕووداوێك گیان لەدەست دەدات و دەبێت كەسی بەرانبەر خوێن بدات (دیة الدم) فیدیەی خوێن، كەسانێك دێن بۆ ئاشتەوایی (صلح) بە ناوی (مەلا و شێخ و ئاغا و بەرپرس و ڕیش سپی و موختار و مام و خاڵ و باب و برا و هیتر)، دەكەنە پیاوەتی خۆیان و كەسی بەرانبەر عەفو دەكەن و سوڵح دەكەن، لەوە بێ ئاگان خوێنی مردووەكە میراتی ئەو كەسانەن كە لە دوای ئەو بەجێ ماون، میراتیش بە تایبەتی منداڵی یەتیم تا گەورە دەبن، هیج كەسێك ناتوانێ ماڵیان بەهەدەر بدات، دەبێ كاری پێ بكەن، یان بۆی هەڵبگرن و نابێ بەفیڕۆی بدەن و سەرفی بكەن، هیچ كەس تەنانەت دایكیشیان ئەو دەسەڵاتەی نییە ماف و ماڵی منداڵە یەتیمەكانی بە هەدەر بدات.

خۆشەویست دەفەرموێ: عَنِ النَّبِيِّ - صلي الله عليه وسلم - قَالَ (اجْتَنِبُوا السَّبْعَ الْمُوبِقَاتِ) قَالُوا: يَا رِسُولَ اللَّهِ وَمَا هُنَّ؟ قَالَ (الشِّرْكُ بِاللَّهِ وَالسِّحْرُ، وَقَتْلُ النَّفْسِ الَّتِي حَرَّمَ اللَّهُ إلا بِالحَقِّ، وَأَكْلُ الرِّبَا، وَأَكْلُ مَالِ اليتيم، وَالتَّوَلِّي يَوْمَ الزَّحْفِ، وَقَذْفُ المُحْصَنَاتِ الْمُؤْمِنَاتِ الغَافِلاَتِ) متفق عليه .

فەرمووی : لە حەوت شت خۆتان بپارێزن، یەكێك لەو شتانە (خواردنی ماڵی یەتیمە) كە ئەمە زۆر زۆر مەترسیی بۆ دونیا و قیامەت هەیە .

ئینجا یەكێك لەو دوعا و نزایانەی لە لای خودای گەورە ڕەتكردنەوەی نییە و ڕاستەوخۆ خودای گەورە گوێبیستی دەبێت و وەڵامی دەداتەوە، دوعا و نزا و پاڕانەوە و نووزەی یەتیمە، بۆیە ئاگەداری دوعای یەتیم بن و ئازاریان مەدەن، خودای باڵادەست لە سەریان بەجوابە .

 خاڵێكی دی كە زۆر گرنگە باسی بكەین:

وا باوە لە ناو خەڵكی كە نابێت نان و چا و ئاو لە ماڵی یەتیم بخۆی، یان نابێت لەژێر سێبەری دیواری ماڵەكەی دانیشی. ئەم بیركردنەوەیە هەڵەیە، بۆچی؟

ئەگەر نان و ئاو و چای ماڵی یەتیم نەخۆین و نەوێرین سەردانیان بكەین و لە ماڵیان دانەنیشین، ئەوە هەڵەیە، واتە دەبێت سەردانیان بكەین و نان و چاو ئاویشیان بخۆین، بەڵام لەگەڵ دەستی خۆمان خواردن و ئازوقە و دەست و دیارییان بۆ ببەین و دڵخۆشیان بكەین و نابێت هەست بە بێباوكی و بێكەسی بكەن، ئەمە قەرەبووی خواردن و سەردانەكە دەكاتەوە و بگرە دڵخۆشیش دەبن .

أتَى النَّبيَّ صلَّى اللهُ عليه وسلَّم رجلٌ يشكو قسوةَ قلبِه قال أتحِبُّ أن يلينَ قلبُك وتُدرِكُ حاجتَك ارحَمِ اليتيمَ وامسَحْ رأسَه وأطعِمه من طعامِك يلِنْ قلبُك وتُدرِكْ حاجتَك) .

واتە: پیاوێك دێتە خزمەتی پێغەمبەر (د. خ) سكاڵا لە دڵڕەقی خۆی دەكات، ئینجا خۆشەویست پێی فەرموو: دەتەوێ دڵنەرم بێت و پێداویستییەكانت جێبەجێ بێت؟ ڕەحم و بەزەییت بۆ یەتیم هەبێت، دەست بە سەریدا بێنە و خواردنی پێ ببەخشە لەو خواردنەی كە بە خۆت لێی دەخۆیت، دڵت نەرم دەبێت و پێداویستییەكانت جێبەجێ دەبێت .

سەبارەت بەو كەسانەی مووچە و هاوكاری بۆ یەتیمان دەبڕنەوە بە بەردەوامی كە پێی دەگوترێت كەفالەتكردنی یەتیم.

ئینجا خودای گەورە مەدحی مرۆڤی سەخی و ناندەر دەكات، بە تایبەتی هاوكاریی یەتیم بێت:

(وَيُطْعِمُونَ الطَّعَامَ عَلَىٰ حُبِّهِ مِسْكِينًا وَيَتِيماً وَأَسِيرًا) (الإنسان 8)

واتە: ئەوانەی خواردن دەبەخشنەوە لە پێناو خۆشەویستیی خودای گەورە، ئینجا دەیبەخشنەوە بە سەر هەژاران و یەتیم و ئەسیرەكان.

 

 

 

مەلا رەعد نووری ئۆمەربلی

بەڕێوەبەری مزگەوتەكان و پشكنین لە دیوان

Top