شێوازی رەفتار و مامەڵەكردنت لەكاتی گەشتكردندا

شێوازی رەفتار و مامەڵەكردنت لەكاتی گەشتكردندا

گەشتكردن مافێكی هەمووانە و بە ئەنجامدانی ئەو نەریتە كەش و باری دەروونیت تەواو گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، بە خەڵكی وڵاتان و نەتەوەی دیكە و كلتووری جیاواز ئاشنا دەبیت، ئەتەكێتی گەشتكردن لەو كاتەی لە ماڵ دەردەچیت تاوەكو دەگەیتە شوێنی مەبەست، پێویستە ئاگاداری رەفتار و جووڵە و مامەڵەكردنت بیت، چونكە هەڵەكردن یان نەزانینی شێواز و ئەتەكێتی گەشت و نێو فرۆكەخانە دەبێتە مایەی شێواندنی جوانیت و لە كاتی هەڵەكانت دەوروبەر گاڵتەت پێ دەكەن، بۆیە پێویستە ئاگاداری ئەو رێوشوێنانە بیت كە لە كاتی گەشتدا لەسەرتە جێبەجێیان بكەیت، سەرەتا دوای ئەوەی لە ماڵەوە خۆت ئامادە دەكەیت، پاشان دەچیتە فرۆكەخانە، ئەو كاتەی دەگەیتە فرۆكەخانە چێك و پشكنین دەكرێت، كەرەستەی زیاد و جێگەی گومان و توند و تیژی لەگەڵ خۆت مەبە، بە تایبەت چەقۆ، دواتر لە رێگەی تۆماركردن پێویستە تێكیت و پاسپۆرتت تەواو بێت، رۆژێك پێشتر پشكنین بۆ پێداویستییەكانی گەشتەكەت بكە، پێویستە كەرەستەكانت بدەیت بە كارمەندی گواستنەوە، وەك جانتا و كەرەستەكانی دیكە، دوای ئەوەی چێك دەكرێت لەو لا وەری دەگریتەوە، بە تایبەت ئەگەر كەرەستەكانت زۆر بن، چونكە لە نێو فرۆكەدا جێگەیان نابێـتەوە، دوای پشكنینی ئەمنیی كارتی چوونە نێو فرۆكەت پێ دەدەرێت، تۆش دەبێت لەو پەڕی ئارامیدا بیت، تەنانەت ئەگەر گرفتێكیش هەبێت، بە هێواشی و بە بێ توڕەیی ددان بە خۆتدا بگرە، با ناسنامە و پاسپۆرتت لەلای خۆت بێت و مەیخەرە نێو جانتاكانت نەوەك ون بێت، دوای ئەوەی سەردەكەویت و پاشان دەگەیتە شوێنی مەبەست، ئەو كاتە چاوەڕوانی كەرەستەكانت لە شوێنی رەفەی كەرەستەكان دەكەیت، پاشان بۆ چوونە نێو ئەو شوێنە تاوەكو مۆری چوونە ژوورەوە وەربگریت، جوانترە جلێكی ئاسایی و ناسكت لەبەر بێت، پێویست ناكات جلی فەرمی بپۆشیت، چونكە دەبێتە مایەی بێزار بوونت.

Top