هونه‌ری حه‌وته‌م(1/2)
بەشی یەكەم..
سینه‌ما، تازه‌ترین هونه‌ری مرۆڤایه‌تییه. ده‌سپێكی ئه‌م هونه‌ره بۆ 125 ساڵ به‌ر له ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه. له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، سینه‌ما بوو به هونه‌رێك به ملیۆنان مرۆڤ له هه‌موو وڵاتێكی سه‌رانسه‌ری جیهاندا هۆگری بوون. هه‌موو شارێك هۆڵی سینه‌مای تێدا كرایه‌وه. ڕۆژانه فیلمی هه‌مه‌جۆر له هۆڵه‌كان نمایش ده‌كران. هونه‌رێكی باڵا و كاریگه‌ر، نه‌خشی كارای له گه‌ڵاڵه كردنی ڕای گشتیدا هه‌بوو.
ئامادەكردنی/تاریق كارێزی
ساڵی 1895 (لویس و ئۆگێست لومیێر)ی جووته برا، به‌ردی بناغه‌ی هونه‌ری سینه‌مایان دانا، ئه‌وان له‌و ساڵه‌دا یه‌كه‌مین كامیرا و یه‌كه‌مین ئامێری نمایشی سینه‌ماییان له فه‌ره‌نسا دروست كرد. لومیێران 10 فیلمی ساده كۆمیدییان له پاریس نمایش كرد، ماوه‌ی هه‌ر فیلمێك 50 چركه بوو، ناوه‌رۆكی فیلمه‌كانیش خه‌ڵكی ساده‌ن بوون، له كارگه‌وه به‌ره‌و ماڵ ده‌گه‌ڕانه‌وه.
خه‌ڵك بۆ چیرۆك و ناوه‌رۆكی فیلم نه‌ده‌چوونه سینه‌ما، به‌ڵكوو ته‌نیا بۆ كات به‌سه‌ر بردن و دیتنی وێنه و ڤیدیۆی بێ ئامانج و بێ مه‌به‌ست. ئه‌م داهێندراوه هێنده‌ی نه‌برد، به تایبه‌تی له ویلایه‌ته‌كانی یه‌كگرتووی ئه‌مریكا، بره‌وی په‌یدا كرد. له ساڵی 1906دا نیكلۆدیۆن (Nickelodeon) واته (نیكله شانۆ، نمایشی میللی، هۆڵی نمایشی میللی) په‌یدا بوو. ئه‌مانه هۆڵی بچووكی سینه‌ما بوون له شێوه‌ی هۆڵی شانۆدا. له‌گه‌ڵ ڕۆژگاردا ئه‌و هۆڵانه‌ی نمایش هه‌ڕمێنی زۆریان په‌یدا كرد، پاش چه‌ند ساڵێك به ملیۆنان خه‌ڵك ڕۆژانه روویان له‌و هۆڵانه ده‌كرد. ئه‌مه‌ش پاڵی به كارگوزارانی ئه‌م هونه‌ره‌وه نا، زیاتر گه‌شه‌ی پێ بده‌ن.
ساڵی 1915 شۆڕشی فیلمسازی به ترۆپك ده‌گات، فیلمی (له دایك بوونی نه‌ته‌وه‌یه‌ك: The birth of a nation) له ده‌رهێنانی داڤید گریفیت، ده‌روازه‌یه‌كی نوێی به ڕووی ئه‌و پیشه‌سازییه‌دا كرده‌وه. له ساڵی 1927دا هۆلیوود به به‌رهه‌م هێنانی یه‌كه‌مین فیلمی قسه‌كه‌ر (سترانبێژی جاز: the jazz singer) جیهانی سه‌رسام كرد. له‌وه دوا ئیدی واز له فیلمی بێ ده‌نگ هێندرا. هۆلیوود له به‌رهه‌م هێنان و دابه‌ش كردنی فیلمه‌كانیدا تووشی كێشه بووه‌وه، كێشه‌كه په‌یوه‌ست بوو به ئه‌وانه‌ی زمانی ئینگلیزییان نه‌ده‌زانی. به دانانی ده‌نگ به زمانی دیكه له‌سه‌ر فیلمه‌كان (دۆبلاج)، ئه‌م كێشه‌یه چاره‌سه‌ر كرا.
ئیتالیا به بزووتنه‌وه‌ی كولتووریی (ڕیالیزمی نوێی ئیتالی) له ساڵانی (1942- 1961) ته‌وژمێكی گه‌وره‌ی به هونه‌ری سینه‌ما دا. وێنه‌ی ڕاستەوخۆ و ساده‌ی ئه‌شك و ناڕه‌حه‌تیی چینی هه‌ژاران، كه‌ره‌سته‌ی ئه‌م ڕه‌وته بوو. له شه‌قام و بازاڕ و گه‌ڕه‌كی هه‌ژاراندا، به شێوه‌ی نیمچه به‌ڵگه‌نامه‌یی وێنه‌ی ڕاسته‌وخۆ ده‌گیرا، پاڵه‌وانی فیلمه‌كانیش ئه‌كته‌ری ناپیشه‌گه‌ر بوون. هه‌ژاری و بێكاری كه له دوای دووه‌مین جیهانه جه‌نگه‌وه ڕووی له ئیتالیا كرد، ئه‌و هه‌ژاری و بێكارییه چاوگی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م ڕه‌وته بوو. ده‌رهێنه‌رانی ئیتالی مه‌به‌ستیان بوو سینه‌ما بكه‌ن به ده‌روازه‌یه‌ك بۆ پیشاندانی ڕواڵه‌تی كۆمه‌ڵ له پای جه‌نگ و چه‌رمه‌سه‌رییه‌كانی. له‌وه به دواوه، ده‌رهێنه‌ران له سه‌رانسه‌ری جیهاندا ستۆدیۆیان به‌جێ هێشت و كامیرایان برده نێو شه‌قام و ده‌ر و ده‌شت و شاره‌وه.
ته‌وژمی ئه‌م ڕه‌وته زۆری نه‌برد گه‌یشته فه‌ره‌نسا، له‌وێ به ناوی (تازه شه‌پۆلی فه‌ره‌نسی) ناسرا، كه ڕه‌وتێكه كاریگه‌رییه‌كی زۆری به‌سه‌ر مێژووی سینه‌ماوه هه‌بوو. ئه‌م ڕه‌وته له ساڵی 1958دا به ده‌م گۆڤاری (ده‌فته‌ری سینه‌ما)وه په‌یدا بوو، كه (بازان) سه‌رمه‌شقی ڕه‌وته‌كه بوو. پاشان كۆمه‌ڵێك لاوی ڕه‌خنه‌گر ڕاپه‌ڕینێكیان دژ به فۆرمی باوی سینه‌مای فه‌ره‌نسی به‌رپا كرد، كه‌وتنه گه‌ڕان به دوای شێواز و میتۆدی جیاواز، هه‌ر ئه‌و ڕه‌خنه‌گره لاوانه بوون، تازه شه‌پۆلی فه‌ره‌نسایان پێشكه‌ش به مێژووی سینه‌ما كرد.
له‌و په‌ڕی ڕۆژهه‌ڵاتیش، ده‌رهێنه‌ری ژاپۆن (ئه‌كیرا كوروساوا) به فیلمی (ڕوشومون) شێوازێكی ته‌واو تازه‌ی له ده‌رهێناندا پێشكه‌ش كرد، (كازۆ میاجاوا)ی وێنه‌گریش ئامانجی ئه‌كیرای ده‌رهێنه‌ری به‌دی هێنا، به تایبه‌تی له ڕووی ڕاسته‌وخۆ وێنه‌گرتنی خۆر و چۆنیه‌تی وێنه‌گرتنی بارانی ده‌سكرد. ئه‌مانه زیره‌كیی ژاپۆنیانی له ڕووی به‌رهه‌م هێنانی فیلم‌دا خسته ڕوو.
گرنگیی سینه‌ما له گه‌یاندنی ناوه‌رۆك و بیرۆكه‌ی ده‌قی وێژه و هونه‌ر و فه‌لسه‌فه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. هێزێكی ئابوورییه، هه‌ڵگری په‌یام و گوتارێكی به تینی ستاتیكایه. بۆیه‌ش پێی ده‌گوترێت هونه‌ری حه‌وته‌م، چونكه هه‌ڵگری ئایدیا و هه‌ستی به تین و ته‌وژمه، فیلمه‌كانی (تاركفۆسكی) و (ستانلی كۆبریك) و (بیرگمان) له ده‌قی هیچ نووسه‌ر و شاعیرێك كه‌متر نین. سه‌ره‌تای سینه‌ما كۆمیدیا بوو، كاتێك پێڕه‌وكه بوو، ئیدی بوو به ده‌روازه‌یه‌ك بۆ پیشاندانی هه‌مه‌جۆر بیر و بۆچوونی هونه‌رمه‌ندان و بوێژان. سینه‌ما ته‌نیا بۆ كات به‌سه‌ر بردن نییه، به‌ڵكوو هه‌ر فیلمێك هه‌ڵگری ئایدیا و په‌یامێكه.